نەخۆشی هاشیمۆتۆ

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-03-23-00:51:00 - کۆدی بابەت: 12236
نەخۆشی هاشیمۆتۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

نەخۆشی هاشیمۆتۆ (بە ئینگلیزی; Hashimoto's disease، بە عەرەبی; مرض هاشيموتو) خۆییە بەرگرییە نەخۆشییەکە و ڕژێنی پەریزادە یاخود سایرۆید تێکدەشکێنێت. ڕژێنی پەریزادە ڕژێنێکی بچووکە لە بەشی پێشەوەی ملە کە هەڵدەستێت بە بەرهەمهێنان و دەردانی هۆرمۆنەکانی سایرۆید کە چەندین چالاکی جەستە ڕێک دەخەن. لەوانە خێرایی لێدانی دڵ هەروەها ڕێژەی سوتانی وزەی ڕۆژانە (کالۆری). لەو کەسانەی نەخۆشی هاشیمۆتۆیان هەیە، بەرگرییە کۆئەندام دژەتەن دروستدەکات کە دەبێتە هۆی تێکشکاندنی ڕژێنی پەریزادە و ئەمەش وادەکات بڕی پێویستی هۆرمۆنەکانی دروست نەکات. نەخۆشی هاشیمۆتۆ بەزۆری دەبێتە هۆی غودەی تەمبەڵ یاخود کەم چالاک، یاخود بڵێین سەرەکیترین هۆکارە بۆ تووشبوون بە غودەی تەمبەڵ. غودەی تەمبەڵ کاتێک تەشەنەیسەند دەبێتە هۆی ئەوەی چالاکییەکانی جەستە کەم ببنەوە، ئەمەش دەبێتە هۆکارێک  بۆ زیادبوونی کێش، لاوازی ماسولکە، قەبزی ساردبوونی دەستەکان، بێ هێری و نیشانەکانی تر.

کێن ئەوانەی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن؟

ئەم نەخۆشییە زیاتر تووشی ئافرەتان دەبێت بەراورد بە پیاوان، ئەو ئافرەتانەی تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن دەکرێت لە تەمەنی نێوجەوانی و گەنجیدابن بەڵام زیاترینیان لە تەمەنی نێوان چل بۆ شەست ساڵاندان. نەخۆشی هاشیمۆتۆ سەرەکیترین هۆکاری غودەی تەمبەڵ یاخود کەم چالاکە. غودەی تەمبەڵ دەکرێت چارەسەر بکرێت بە دەرمان. ئەگەر چارەسەرنەکرێت لەوانەیە کێشە دروست بکات بۆ ئەو ئافرەتانەی دەیانەوێت دووگیان ببن، یانیش لە ماوەی دووگیانیدا کێشەیان بۆ دروست بکات.

هەندێک ئافرەت لەدوای دووگیانی تووشی گرفتی سایرۆید ئەبن، بەڵام دوای ساڵێک بۆ ساڵ و نیوێک ڕێژەی هۆرمۆنەکانی سایرۆیدیان ئاسایی دەبێتەوە. ئەو ئافرەتانەی لە دوای دووگیانی تووشی گرفت و هەوکردنی سایرۆید بوون زیاتر ئەگەری ئەوەیان هەیە لەماوەی دووگیانیدا تووشی غودەی کەم چالاک ببن. مەترسی تووشبوون بە هاشیمۆتۆ زیاد دەکات ئەگەر نەخۆشییەکی تری خۆییە بەرگریت هەبێت وەک، هەوکردنی جومگەی ڕۆماتیدی، نەخۆشی سیلیاک، شەکرەی جۆری یەک، کەمخوێنی کوشندە یانیش نەخۆشی گورگەسوورە.

نیشانەکانی نەخۆشی هاشیمۆتۆ چین؟

لەوانەیە بۆ ماوەی ساڵانێکیش هیچ نیشانەیەکی ئەم نەخۆشییەت تێدا دەرنەکەوێت. یەکەم نیشانەی نەخۆشی هاشیمۆتۆ بەزۆری گەورەبوونی ڕژێنی پەریزادە لە بەشی پێشەوەی مل، کە هەستی پێدەکەیت قوڕگت ئاوساوە یانیش قوتدانی خواردنت بۆ زەحمەت بووە. گەورەبوونی ڕژێنی پەریزادە لە زۆربەی نەخۆشەکاندا هیچ نیشانەیەکی نییە و بە دەگمەنی دەبێتە هۆی ئازار.

چۆن نەخۆشی هاشیمۆتۆ دەستنیشان دەکرێت؟

پشکنینی دژەتەنەکان، لە ڕێی خوێنەوە دەکرێت و وادەکات بوونی ئەو دژە تەنە تایبەتانە دیاری بکرێن کە لەگەڵ نەخۆشی هاشیمۆتۆ دەردەکەون. یەک لە دەی ئەو کەسانەی نەخۆشی هاشیمۆتۆیان هەیە هیچ نیشانەیەکی دیاریان نییە لەسەر تێکچوونی فەرمانەکانی ڕژێنی پەریزاد. لەگەڵ ئەوەش کاتێک پشکنینی دژەتەنەکانیان بۆ دەکرێت، پشکنینەکە ئەنجامی ئەرێنی بۆ بوونی دژەتەنەکان دەدات. ئەوەش دەبێ بزانین کە تەنها بوونی دژە تەنەکان نابێتە هۆی غودەی کەم چالاک. ئەگەر نیشانەی غودەی کەم چالاکت هەبوو، ئەوا پزیشک پشکنینی فرمانەکانی سایرۆیدت بۆ دەنووسێت. پشکنینێکی خوێنە و لەڕێیەوە بڕی هۆرمۆنی هاندەری سایرۆید TSH و هۆرمۆنەکانی سایرۆید (T3 و T4) دیاریدەکات.

ڕێژەی بەرزی هۆرمۆنی هاندەری سایرۆید نیشانەیەکە بۆ بوونی غودەی کەم چالاک. کاتێک ڕژێنی پەریزاد تێکدەشکێت پلی پێشەوەی ژێر مێشکە ڕژێن بڕێکی زیاتری TSH دروست دەکات بۆ ئەوەی ڕژێنی پەریزاد بڕێکی زیاتری هۆرمۆنەکانی سایرۆید T3 و T4 دروست بکات. کاتێک ڕژێنی تێکشکاوی پەریزاد ناتوانێت چیتر بڕی پێویستی هۆرمۆنەکان دروست بکات، ڕێژەی T3 و T4 دادەبەزن و ڕێژەی TSH زیاددەکات لە خوێندا. ئەگەر غودەی ناچالاکی نەخۆشی هاشیمۆتۆ چارەسەر نەکرا دەتوانێت ببێتە هۆی چەندین گرفتی تری تەندروستی لەوانە:

  • نەزۆکی
  • لەبارچوون
  • گرفت بۆ کۆرپەلە لە کاتی لەدایکبوون کە بەدەگمەنیش دەکرێت غودەی کەم چالاکی توند ببێتە هۆی
  • لەکارکەوتنی دڵ
  • پەرکەم 
  • لەهۆشخۆچوون 
  • مردن

چۆن نەخۆشی هاشیمۆتۆ چارەسەر دەکرێت؟

نەخۆشی هاشیمۆتۆ چارەسەر دەکرێت بە وەرگرتنی ڕۆژانەی دەرمانی لیڤۆسایرۆکسین، ئەمە لە ڕووی فەرمانەوە هاوشێوەی ئەو هۆرمۆنەیە کە ڕژێنەکە دروستی دەکات و وەک جێگرەوەیەک بۆ کەمیەکەی بەکاردێت. لەوانەیە پێویست بکات بۆ تەواوی تەمەنت حەپی هۆرمۆنی سایرۆید وەربگریت، هەروەها بۆ پشکنینی ڕێژەی هۆرمۆنی هاندەری سایرۆید TSH پێویستە چەندین جار سەردانی دکتۆر بکەیت.


سەرچاوەکان



111 بینین