بۆچی زنجیرە یاری Assassin´s creed بە ئیتاڵیا دەناسرێتەوە؟

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-03-30-21:17:00 - کۆدی بابەت: 12398
بۆچی زنجیرە یاری Assassin´s creed بە ئیتاڵیا دەناسرێتەوە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆچی زنجیرە یاری Assassin´s creed بە ئیتاڵیا دەناسرێتەوە؟ (بە عەرەبی؛ لماذا لعبة فيديو Assassin's Creed المعترف بها من قبل إيطاليا؟ و بە ئینگلیزی؛ why  Assassin´s creed video game recognized by italy?) یارییەکانی Assassin´s creed بەستراو نین بە جوگرافیا و شوێنێکی دیاریکراو، هەر بەشێک لەم زنجیرە یارییە گێڕانەوەی چیرۆکی ڕێبازی بکوژانە لە مێژوودا. هەروەها گێڕانەوەی چیرۆکی ئەو ڕێکخراو و دامەزراوە نهێنییانەیە کە هەوڵی کۆنترۆڵ کردنی جیهان دەدەن. 

یەکەم بەشی زنجیرە یارییەکە لە ساڵی ٢٠٠٧ دەرچوو، کە چیرۆکەکەی لە شام (سوریا و فەڵەستین)ــە. بەڵام بەشی دووەم و سێیەم چیرۆکی یارییەکە گەیشتە ئیتاڵیا و لە هەموو بەشەکان زیاتر ناوبانگی پەیداکردووە، تەنانەت خودی پەرەپێدەرانی یارییەکەش درک بەو ڕاستییە دەکەن. ئەو سەردەمەی Assassin´s creed 2 تێدایە ١٤٧٦-١٤٩٩ یە کە یەکێکە لە گرنگترین سەردەمەکانی ئەورووپا بەگشتی و ئیتاڵیا بە تایبەتی، هۆکارەکەشی بوونی شۆڕشێکە بەناوی شۆڕشی "ڕێنیسانس" کە وشەیەکی فەڕەنسییە و بە واتای ژیانەوە و بنیات نانەوە دێت. 

بە دەر لەمەش ئیتاڵیا نغرۆ ببوو لە گەندەڵی و خوێن ڕشتن، هەر ڕۆژە و بەرپرسێکی ئەو وڵاتە بە تۆمەتی خیانەت و گەندەڵی یاخود ئەندامییەتی لە ڕێکخراوێک لە گۆڕەپانەکانی شارە جیاوازەکان لە بەردەم ئاپۆرای جەماوەردا لە سێدارە دەدران. 

بۆئەوەی ئەم ناکۆکی و گەندەڵییە کۆتابێت دەیان کەس هەوڵیان دەدا لە ڕێگەی نووسینەکانییانەوە کاریگەری دروست بکەن لەسەر حکوومەت و جەماوەر، یەکێک لەو کەسایەتییانە "نیکۆلۆ ماکیاڤیلی" بوو کە لە خێزانێکی خانەدانی توسکانسی بوو و باو و باپیرانی لە حکومەتی فلۆرەنسیا پۆستی گرنگیان هەبووە، خۆشی "ماکیاڤیلی" ڕاوێژکاری بنەماڵەی دەسەڵاتداری فلۆرەنسیا مێدیچی بوو. 

ناوەڕۆک

کۆمپانیای Ubisoft بلیمەتی نواند لە هەڵبژاردنی ئەم سەردەمە کە لەنێو هەرێم و حکوومەتە جیاوازەکانی ئیتاڵیادا ڕەوتێکی یاخیگەرانەی هەبوو. 

جگە لەمانە، هەبوونی بنەماڵەی "بۆرجوا" کە لەلایەن ڕۆدریگۆ بۆرجیا کە دواتر بووە پاپا " ئەلیکساندەری شەشەم " یەکێک بوو لە گەندەڵترین و خراپەکارترین بوو هەروەها زۆربەی کارە نەگریس و چەپەڵەکانی خۆی بە "سیزار بۆرجیا" دەکرد. لە هیچ شوێنێکی ئایینی مەسیحی نەهاتووە کە پاپا دەبێت هاوسەرگیری بکات و کەیف و سەما بکات، بەڵام پاپا ئەلیکساندەری شەشەم هەرچی خودا پێی ناخۆشە کردوویەتی لە ژێر ناوی مەسیحی و پاپادا. 

لە یارییەکەشدا بە ڕوونی چیرۆکەکە لە نێوان کارەکتەری سەرەکی "ئێزیۆ ئاودیتۆرێ" و "ڕۆدریگۆ بۆرجیا" یە هەروەها لادانی مێدیچییەکان لە دەسەڵات لە کۆتاییەکانی ١٤٩٩ لە ڕێگەی شۆڕشێکەوە دیارە. هەروەها پەیوەندی نزیکی ئێزیۆ لەگەڵ نیکۆلۆ ماکیاڤیلی کە وەک کەسایەتییەکی ڕۆشنبیر و یاخیگەر هاوکاری ئێزیۆ دەکات لە گەیشتن بە پلەی Assassin و لەناوبردنی "تێمپلارەکان". 

ئەوانەی شارەزاییان لە ڕووداوەکانی مێژوو هەیە درک بەوە دەکەن کە ئەم دوو بەشەی زنجیرە ڕێبازی بکوژان کە تەواوکەری یەکترن یەکێکن لە باشترین بەشەکانی یارییەکە چونکە بە جۆرێک ڕووداوەکان گێڕدراونەتەوە کە پشت بە دەقی مێژوویی تەواو ڕاست و دروست بەستراوە لە داڕشتنەوەی چیرۆکەکە و دروستکردنەوەی جیهانی یارییەکە کە ئیتاڵیای سەدەکانی ناوەڕاستە، کە هەر شەقامێکی شارەکانی ڤێنیسیا و فلۆرەنسیا و ڕۆما چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی تایبەت بەخۆیان هەیە و شاکارێکن بۆ خۆیان.

جگە لەم خاڵانە لە نێو ئەم دوو بەشەی یارییەکەدا موزیک و ئاوازەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دانراونەتەوە کە لە کاتی ئەرکە سەرەکییەکان یان لاوەکییەکان بەر گوێمان دەکەون و چێژی زیاتر بە یاریزانان دەبەخشێت. 


سەرچاوەکان



95 بینین