تەنگەنەفەسی

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-04-14-16:42:00 - کۆدی بابەت: 12506
تەنگەنەفەسی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

تەنگەنەفەسی (بە ئینگلیزی: Dyspnea، بە عەرەبی: ضیق في التنفس) بە شێوەیەکی گشتی بە هەناسە کورتی ناسراوە. بریتییە لە هەستکردن بە ناڕەحەتی لە کاتی هەناسەداندا. بارودۆخێکی باوە و کاریگەری لەسەر ملیۆنان خەڵک هەیە. دەکرێت نیشانەی سەرەکی کەموکوڕی سیستمی هەناسە، دڵ، دەمار و ماسولکەکان بێت. دەکرێت تەنگەنەفەسی کاریگەرییەکی کەم یان زۆری لەسەر کەسەکە هەبێت ئەمەش بەپێی خێرایی دەست پێ کردن و ماوەی بەردەوامی نیشانەکان دەگۆڕێت. ئەگەر بەشێوەیەکی ئاسان بێت، ماوەکەی چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێک دەخایەنێت. بەڵام لە کاتی تەنگەنەفەسی سەختدا نیشانەکەکان بۆ چوار تا هەشت هەفتە درێژە دەکێشن. تەنگە نەفەسی نیشانەیەکە بۆ نەخۆشی نەک خۆی جۆرێک لە نەخۆشی بێت. هەروەک نەخۆشییەکانی دڵ و سییەکان. هەروەها دەکرێت نیشانەی  نەخۆشییەکانی وەک حەساسییەت یان ڕەبۆ بێت.

ئەو کەسانەی تووشی تەنگەنەفەسی دەبن

هۆکارەکانی تووشبوون بە تەنگەنەفەسی زۆرن، بەڵام باوترینیان بریتییە لە باش ئەنجام نەدانی ڕاهێنان یان هەبوونی ئەم کێشانە:

  • کەمخوێنی (کەمی ڕێژەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن)
  • بێتاقەتی
  • هەبوونی کێشە لە دڵ، سییەکان، یان کێشەی هەناسەدان
  • جگەرەکێشان لە پێشوودا یان لە ماوەی تووشبوون بە حاڵەتەکەدا
  • هەوکردن
  • زیادبوونی کێش لە ڕادەی ئاسایی خۆی

نیشانەکانی تەنگەنەفەسی

هەناسە کورتی یان تەنگەنەفەسی لە کەسێک بۆ کەسێکی تر بەپێی ئەو هۆکارەی بۆتە هۆی حاڵەتەکە جیاوازە. هەندێک لە نیشانەکان

  • هەستکردن بە ناڕەحەتی لە سنگدا
  • هەستکردن بەوەی پێویستە زۆر هەوڵبدەیت تاکوو بتوانیت بە قوڵی هەناسە بدەیت.
  • خێرا هەناسەدان یان خێرا لێدانی دڵ
  • خیزەی سنگ

هۆکاری ڕوودانی هەناسەتەنگی

ڕاهێنانکردن، نەخۆشی و بارودۆخی تەندروستی دەتوانێت ببێتە هۆکار. باوترین هۆکارەکان بریتییە لە نەخۆشیی دڵ و سییەکان. دڵ و سییەکان پێکەوە کاردەکەن، تاکوو بتوانن ئۆکسجین بۆ خوێن و شانەکان بگوازنەوە هەروەها دوانەئۆکسیدی کاربۆنیش لە لەش دەکەنە دەرەوە. ئەگەر هەر یەکێکیان بەباشی کار نەکەن، دەبێتە هۆی کەمی ئۆکسجین و کۆبوونەوەی بڕێکی زۆر لە دوانەئۆکسیدی کاربۆن لە خوێندا. کاتێک ئەمە ڕوودەدات جەستە نیشانە دەنێرێت تاکوو کەسەکە بە شێوازێکی قوڵترهەناسە بدات، تاکوو بڕێکی زیاتر ئۆکسجین وەربگرێت و دوانەئۆکسیدی کاربۆنیش بکاتە دەرەوە. هەروەها کاتێک سییەکان بەباشی کار ناکەن مێشکیش نیشانە وەردەگرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەست بکەیت پێویستە بە قوڵی هەناسە بدەیت یان هەست بە توندی سنگ بکەیت.

بۆ ئەوەی دەستنیشانی هۆکاری ڕوودانی حاڵەتەکە بکرێت، پزیشک پشکنینی فیزیایی ئەنجام دەدات کە بریتین لە پشکنینی سییەکان لە ڕێگەی بیستۆک Stethoscope و پێوانی پەستانی خوێن. یان دەکرێت لە ڕێگەی پەنجەوە دەستنیشانی ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێندا بکەن. هەروەها دەکرێت ئەم پشکنینانەش ئەنجام بدەن:

  • تیشکی ئێکس
  • پشکنینی خوێن، بۆ دەستنیشانکردنی کەمخوێنی یان هەر کەموکوڕییەکی تری خوێن.
  • پشکنینی فرمانی سییەکان

چارەسەر

چارەسەری ئەم حاڵەتە لەسەر چارەسەرکردنی هۆکارەکان بەندە. ئەگەر هۆکارەکەی بارودۆخێکی تەندروستی بێت، پێویستە ئەو هۆکارانە چارەسەر بکرێت تاکوو ڕێگری لە دەرکەوتنی نیشانەکان بکرێت. هەندێک لە چارەسەرەکان بریتین لە:

ڕەنگە پزیشک پێشنیازی چەند تەکنیکێکی هەناسەدان بکات، ئەمەش لە باشترکردنی شێوازی هەناسەداندا سوودی دەبێت.

  • دەرمان

دەرمانی فراوانکردنی بۆری هەوا دەبێتە هۆی خاوکردنەوەی بۆری هەوا، بەزۆری لە چارەسەرکردنی نەخۆشیی ڕەبۆدا بەکاردەهێنرێت.

  • چارەسەر بە ئۆکسجین

لە کاتی کەمی ڕێژەی ئۆکسجین لە خوێندا پزیشک پێشنیازی ئەم چارەسەرە دەکات.

ئایا تەنگەنەفەسی چارەسەر دەکرێت؟

چارەسەرکردن لە ڕێگەی چارەسەرکردنی هۆکارەکانی ڕوودانی حاڵەتەکەوە دەبێت، ڕەنگە لە دوای نەمانی نیشانەکان دووبارە ئەزموونی تەنگەنەفەسی بکەیتەوە ئەگەر بارودۆخێکی تەندروستیت هەبێت و چارەسەر نەکرابێت.

ڕێگریکردن

  • دوورکەوتنەوە لەو ماددە کیمیاییانەی زیان بە سییەکان دەگەیەنێت. وەک دوکەڵی ئۆتۆمبێل.
  • ئەنجامدانی تەکنیکی هەناسە دان و پشوودان
  • دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان
  • هێشتنەوەی کێش بە شێوەیەکی گونجاو
  • ئەنجام نەدانی چالاکی زۆر لە کاتی هەبوونی پلەی گەرمای بەرز یان ساردی زۆر و کاتێک ڕێژەی شێ بەرزە.
  • نەچوونە دەرەوە بە ڕێژەیەکی زۆر کاتێک پیسبوونی ژینگە لە ئاستێکی بەرزدایە. 


سەرچاوەکان



85 بینین