با

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2024-04-17-00:42:00 - کۆدی بابەت: 12546
با

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

با (بە ئینگلیزی: wind، بە عەرەبی: ریح) بریتییە لە جووڵەی سروشتی هەوا یان گازەکانی تر کە پەیوەندی بە ڕووی هەسارەکەوە هەیە. با لەسەر مەودایەکی پێوانەیی ڕوودەدات، لە لێشاوی ڕەشەباوە کە دەیان خولەک دەخایەنێت بۆ بای ناوخۆیی کە بەهۆی گەرمکردنی ڕووی وشکانیەوە دروست دەبێت و چەند کاتژمێرێک دەخایەنێت و بۆ بای جیهانی کە لە ئەنجامی جیاوازی هەڵمژینی وزەی خۆر لە نێوان ناوچەکانی کەشوهەوا لەسەر زەوی دروست دەبێت. هۆکارە سەرەکییەکانی هەبوونی سووڕانەوەی بەرگەهەوای گەورە، جیاوازی گەرمبوونی نێوان ھێڵی یەکسانبوون و جەمسەرەکانە، هەروەها شێوازی  خولانەوەی هەسارەکەیە (کاریگەری کۆریۆلیس). با لێشاوی بڕێکی زۆرە لە هەوا، لە ناوچەیەکی پەستانی بەرزەوە بۆ ناوچەی پەستانی نزم دەگوازرێتەوە.

ئەو جووڵەیە بەهۆی گەرمبوونی نایەکسان لەسەر ڕووی زەوی لەلایەن خۆرەوە بەرهەم دەهێنرێت. کاتێک ڕووی زەوی لە خاک و ئاو پێکهاتووە، تیشکدانەوەی خۆر بە شێوەیەکی نایەکسان دەمژێت. لە بۆشایی ئاسماندا، بای خۆر (بە ئینگلیزی: Solar Wind) بریتییە لە جووڵەی گازەکان یان تەنۆلکەی بارگاوی لە خۆرەوە بەناو بۆشایی ئاسماندا، لە کاتێکدا بای هەسارەیی بریتییە لە دەرچوونی توخمە کیمیاییە ڕووناکییەکان لە بەرگەهەوای هەسارەکەوە بۆ بۆشایی ئاسمان. بەهێزترین بای تێبینیکراو لەسەر هەسارەیەک لە کۆمەڵەی خۆر لە نیپتۆن و زوحاک بووە.

هۆکاری دروستبوونی

با بەهۆی جیاوازی پەستانی هەواوە دروست دەبێت، کە جیاوازی پەستانیش بە زۆری بەهۆی جیاوازی پلەی گەرمیەوەیە. کاتێک جیاوازی لە پەستانی بەرگەهەوادا هەیە، هەوا لە پەستانی بەرزترەوە دەجوڵێت بۆ ناوچەی پەستانی نزم، کە لە ئەنجامدا بایەکی خێرایی جۆراوجۆر دروست دەبێت، هەتا جیاوازی نێوان پەستانەکان زیاتر بێت بایەکی بەهێزتر دروست دەبێت. لەسەر هەسارەیەکی خولاوە هەوا بە کاریگەری کۆریۆلیس توشی لادان دەبێت، جگە لەسەر ھێڵی یەکسانبوونی هەسارەکە. لەسەر ئاستی جیهانی، دوو هۆکاری سەرەکی پاڵنەری شێوازەکانی بای پێوەری گەورەن (سووڕانەوەی بەرگەهەوا) کە ئەوانیش جیاوازی گەرمبوون  لەنێوان ھێڵی یەکسانبوون و جەمسەرەکان (جیاوازی لە هەڵمژینی وزەی خۆر کە دەبێتە ھۆی ھێزی هەستانەوە و سەرئاوکەوتن)، هەروەها خولانەوەی هەسارەکە خۆی. لە نزیک ڕووی زەوی، لێکخشاندن دەبێتە هۆی ئەوەی با هێواشتر ببێتەوە. لێکخشاندنی ڕووی زەوی هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی با زیاتر بڕوات بۆ ناوەوە واتا بۆ ناوچەکانی پەستانیان نزمە.

پێوانەکردنی

خێرایی با و ئاڕاستەی با دوو فاکتەری سەرەکین کە ئێمە بەکاری دەهێنین لە پێوانی بادا. خێرایی با بە ئەنیمۆمیتەر پێوانەدەکرێت. وشەی ئەنیمۆمێتەر لە ئەنێمۆسی یۆنانیەوە هاتووە کە بە واتای با دێت، لەگەڵ مەتر دەبێتە "ئەنیمۆمێتەر." پێوانەکردنی خێرایی با یەکێکە لە گرنگترین بەشەکانی پێشبینیکردنی کەشوهەوا. ئاراستەی با بە گشتی لە ڕووی ئەو ئاڕاستەیەوە دەربڕدراوە کە باکەی لێوە سەرچاوە دەگرێت هەروەها لە ئاراستەی باکووری ڕاستییەوە پێوانەدەکرێت. بۆ نموونە، بایەکی باکوور لە باکوورەوە بۆ باشوور دەڕوات. لە کەشوهەوادا ئاماژە بە ئاڕاستەی با دەکرێت. لە فڕۆکەخانەکاندا، پێوەری ئاڕاستەی بایەکان هەیە کە پێی دەوترێ (windsocks) کە ئاڕاستەی با نیشان دەدەن، هەروەها دەتوانرێن بەکاربهێنرێن بۆ خەمڵاندنی خێرایی با بەهۆی گۆشەی هەڵواسینەکەیەوە.

خێرایی با بە ئەنیمۆمێتەرەکان پێوانە دەکرێت، بەزۆری بە بەکارهێنانی کوپی خولانەوە یان پەروانە. کاتێک ڕێژەی پێوانەکردنێکی بەرز پێویستە (وەک لە توێژینەوەکاندا)، با دەتوانرێت پێوانە بکرێت بە خێرایی بڵاوبوونەوەی ئاماژەکانی شەپۆلی دەنگیی زۆر بەرز یان بە کاریگەری هەواگۆڕکێ لەسەر بەرگری وایەرێکی گەرمکراو. جۆرێکی تر لە ئەنیمۆمیتەر بۆری پیتۆت بەکاردێنێت، کە سوود لە جیاوازی پەستان وەردەگرێت لە نێوان بۆری ناوەکی و بۆریەکی دەرەکی، کە بەرکەوتوو دەبێت بە با بۆ دیاریکردنی پەستانی داینامیکی، کە دواتر بەکاردێت بۆ هەژمارکردنی خێرایی با. جگە لە بەکارهێنانی وەک بەشێک لە وێستگەی چاودێریکردنی کەشوهەوا چەندین بارودۆخی دیکە هەیە کە پێوانەکردن و زانینی بارودۆخی با یارمەتیدەر دەبێت لە بڕیاردان. وەک کۆنترۆڵکردنی پیسبوون، سەلامەتی پێکهاتە بەرزەکان، کۆنترۆڵکردنی تۆڕبینی با، لێکۆڵینەوە لەسەر کاریگەری با لەسەر دانەوێڵە، کەشتی و سیستەمی نیشتنەوەی فڕۆکە.


سەرچاوەکان



79 بینین