١٥ باشترین شوێنی گەشتیاری لە ڕووسیا

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-06-13:28:00 - کۆدی بابەت: 12770
١٥ باشترین شوێنی گەشتیاری لە ڕووسیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

١٥ باشترین شوێنی گەشتیاری لە ڕووسیا (بە عەرەبی؛ ١٥ افضل الاماکن السیاحیة في روسیا، بە ئینگلیزی؛ 15 the best tourist destinations in Russia) وڵاتی ڕووسیا بە یەکێک لە وڵاتە دڵڕفێنەکانی کیشوەری ئاسیا دادەنرێت. خاوەنی چەندین جێگەی گەشتیاری نایابە لە سەرتاسەری خاکەکەیدا، کە هەر جێگەیەک و تایبەتمەندی خۆی هەیە. 

١٥ باشترین شوێنی گەشتیاری لە ڕووسیا

یەکەم: دەریاچەی بەیکاڵ 
دەریاچەی بەیکاڵ شوێنێکی دڵڕفێن و نایابی وڵاتی ڕووسیایە، بەیکاڵ قووڵترین دەریاچەی ئاوی سازگارە لە جیهاندا کە ڕێژەی قووڵییەکەی دەگاتە ١٦٤٢ مەتر، تەمەنی دەریاچەکە بە خەمڵێنراوی دەگاتە ٢٥ ملیۆن ساڵ. لە هەمان کاتدا دەریاچەی بەیکاڵ گەورەترین دەریاچەی ئاوی سازگارە کە ڕێژەی ٢٠٪ ئاوی سازگار لە جیهاندا دەکەوێتە ئەم دەریاچەیە. تایبەتمەندییەکی ئەم دەریاچەیە ئەوەیە کە ئاوێکی ڕوونی هەیە لە مەشیاندا پێوانەی هەیە کە ڕوونترین دەریاچەیە لە جیهاندا. لە وەرزی زستاندا سەرەڕای ئەوەی ڕووی ئاوەکە دەیبەستێت بەڵام دەتوانیت نزیک بە ٤٠ مەتر ژێر ئاوەکە ببینیت!. 

لە وەرزی سەرمادا ڕووی ئاوەکە بۆ ماوەی پێنج مانگ بە بەستوویی دەمێنێتەوە، لە مانگی ئابدا پلەی گەرمی دەریاچەکە بەرز دەبێتەوە بۆ ١٦ پلەی سلیزی. کە ئەمەش پلەیەکی گونجاوە بۆ ئەوەی بتوانیت مەلەی تێدا بکەیت یان لە ڕێگەی بەلەم و یاخت گوزەری تێدابکەیت. لە وەرزی هاویندا چالاکی جۆراوجۆر لە دەریاچەکەدا ئەنجام دەدرێن وەک پێشبڕکێی نێوان بەلەمەکان و کایاکینگ یاخود پێشبڕکێی نێوان مەلەوانان. کاتێکیش لە وەرزی زستاندا ڕووی ئاوەکە دەیبەستێت گەشتیاران بۆ چالاکی خلیسکێنەی سەر سەهۆڵ سەردانی ئەم دەریاچەیە دەکەن لە سەرتاسەری جیهان. 

دووەم: مۆسکۆ 
مۆسکۆ یەکێکە لە شارە دێرینەکانی ڕووسیا، شارێکە کە خاوەی تایبەتمەندی جۆراوجۆرە، چەندین شت وای کردووە گەشتیاران سەردانی ئەم شارە بکەن بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش یاخود بە مەبەستی تایبەت سەردانی بکەن. مۆسکۆ دەکرێت لە ڕووی مێژوو ببێتە شوێنێکی گەشتیاری چونکە چەندین کۆشک و تەلار و شەقام و پارک و بازاڕی تیدایە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای سەدەی ١٨ و دامەزراندنی ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیا. جگە لەوە دەیان مۆزەخانەی گرنگی تێدایە کە ئاسەواری سەردەمە کۆنەکانی تێدا هەڵگیراوە لەوانە (مۆزەخانەی کتێب، مۆزەخانەی قەیسەرەکان، مۆزەخانەی ناپلیۆنیک، مۆزەخانەی ئایینی شامانییەکان) هەروەها مۆسکۆ شارێکی گرنگە بۆ مەبەستی ئایینی چونکە مەڵبەندی مەزهەبی ئەرسۆدۆکسییەکانە و چەندین کڵێسای مێژوویی تێدایە.

جگە لەمانە مۆسکۆ بە کتێبخانەکانی بەناوبانگە کە کتێبی سەردەمە کۆنەکانی تێدا هەڵگیراوە کە بەشێکیان لە مۆزەخانەدا هەڵگیراون و بەشێکی تریان لە کتێبخانەی گشتیدا پارێزراون. لە هەمووی گرنگتر شەقامی سوور کە ساڵانە مانۆڕی سەربازی لێ ئەنجام دەدرێت، کۆشکی کرملین، کڵێسای قەشە باسێل، مۆڵی GUM، هۆڵی شانۆیی بۆلشۆی، شەقامی ئەربات، ڕووباری مۆسکڤا.  

سێیەم: سەینت پیتەربۆرگ 
هاوشێوەی مۆسکۆ، پیتەربۆرگ شارێکی مێژوویی ڕووسیایە، کە زیاتر بە هۆکاری ئایینی گەشتیاران سەردانی دەکەن چونکە زۆربەی کڵێسا ئەرسەدۆکسییەکان لەم شارەدان. ئەم شارە زیاتر مۆرکی ئەورووپای پێوە دیارە وەک لە ئاسیا. بەڵام کەسانێکیش هەن بۆ بینینی شوێنە مێژووییەکان سەردانی دەکەن. نموونە کۆشکی مۆیکا، کە تیایدا قەشە ڕاسپوتین لە سێدارەدراوە. کڵێسای قەشە ئیزاک کە کراوە بە مۆزەخانەی مەزهەبی ئەرسەدۆکسی. مۆزەخانەی هێرمیتەیج کە سەرنجڕاکێشترین مۆزەخانەی هونەری ڕووسیا و دووەمی جیهانە کە تیایدا سێ ملیۆن کاری هونەری نمایش کراوە بۆ گەشتیاران. هەر لە بابەتی پێش مێژوو تا دەگاتە سەردەمی مۆدێرن. شوێنێکی تری سەرنجڕاکێشی شارەکە کۆشکی یتەرهوفە کە کۆشکی هاوینەی قەیسەرەکان بووە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٧٠٠ کان. 

چوارەم: ئەڵتای 
ئەڵتای ناوچەیەکە دەکەوێتە چیاکانی  سیبیریا لە نێوان هەر سێ وڵاتی "چین، مەنگۆلیا، کازاخستان" کە شوێنێکی سەوزایی و شوێنی ئەسپە کێویەکانە. دیمەنێکی جوان و ئارام بەخشە بە دڵ و دەروونی مرۆڤ. لە ئەڵتای ساڵانە چالاکی پاراگلایدینگ دەکرێت کە خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکەن بۆ بینینی چالاکییەکان. جگە لەوە لە ئەڵتایدا شوێنی مێژوویی هەن وەک ئەشکەوت کە ناوبانگترینیان "ئەشکەوتی دێنیسۆڤا"یە کە تەمەنی ٥٠ هەزار ساڵە. جگە لەمە هاوینەهەواری "بێلۆکوریخا" کە یەکەم خاڵی سەردان کردنە لای گەشتیاران. 

پێجەم: هاوینە هەواری سوچی 
سوچی کۆمەڵگەیەکی گەشتیاری دەستکردە لەسەر دەریای ڕەش کە وەک دوورگەیەک دەردەکەوێت و نرخی چوونە ژوورەوەی ئەم شوێنە ١٩ دۆلارە پاش پێدانی پارە هەموو چالاکییەکانی ئەم شوێنە دەتوانیت ئەنجام بدەیت بێ پێدانی هیچ بڕە پارەیەکی تر. ساڵی ٢٠١٤ ئۆڵۆمپیادی زستانە لە سوچی ئەنجامدرا. بە گوێرەی گەشتیاران سوچی شاری خەونەکانە!.

شەشەم: هەرێمی تەندرا 
تەندرا هەرێمێکە دەکەوێتە باکووری ڕووسیا شوێنێکی سارد و بەستەڵەکە. بەڵام لە وەرزی گەرما و سەرەتای پاییزدا دیمەنێکی دڵڕفێنی هەیە ئەویش بەوەی گەڵای درەختەکان و گژ و گیاکانی ئەم هەرێمە ڕەنگیان بەرەو زەرد و پرتەقاڵی دەگۆڕێت. جگە لەمە گەشتیاران دەتوانن ورچی جەمسەری و پەنگوینەکان ببینن و سەردانی زەریای ئارەکتیک "بەستەڵەکی باکوور" بکەن.

حەوتەم: کۆشکی پیتەرهوف 
کۆشکی پیتەرهوف یەکێکە لە کۆشکە سەرنجڕاکێشەکانی ڕووسیا کە بە کۆشکی هاوینەی قەیسەرەکان ناسراوە ڕووبەرەکەی ٤٠٠٠ هێکتارە و زۆربەی شوێنەکە سەوزایی و نافورەیە کە ژمارەیان ١٧٣ نافورەیە و هەر یەکەیان تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەوەی سەرنجڕاکێشە لەم نافورانە تا نزیکتربیتەوە ئاوی زیاتر تەوژم دەکات. 

هەشتەم: دوورگەی ئۆلخۆن 
دوورگەی ئۆلخۆن گەورەترین دوورگەی جیهانە کە لە نێو دەریاچەدا بێت. دوورگەکە لە چیا و دارستان پێکهاتووە و دەوێتە ڕۆژهەڵاتی سیبیریا. لە دوورگەکەدا ڕێژەیەک کەس دەژین کە لە کاتی هاتنی گەشتیاراندا میوانداریان دەکەن بە کردنەوەی شوێنەکانیان و فرۆشتنی پێداویستییەکانی گەشتیاران. دارستانی دوورگەکە بە شێوازێکی جوان ڕازێنراوەتەوە کە لە هەندێک جێگە تابلۆ دانراوە و نووسراوە " یادگارییەک تۆمار بکە" واتا شوێنێکی تایبەتە بە وێنە تۆمارکردن. 

نۆیەم: پیترۆپاڤلۆڤسکامچاتسکی 
دەکەوێتە ئەوپەڕی ڕۆژهەڵاتی ڕووسیا، کە جێگەکە شارۆچکەیەکە بەڵام ئەوەی پێی ناسراوە بڵێسەی گڕکانەکانی ئەو جێگەیە بەڵام ئەوەی جیاوازە لە گڕکانەکانی تر لەم شوێنەدا گڕکانەکان لە بری ئاگر، بەفر بڵێسە دەکات و بە هەوادا بڵاو دەبێتەوە! وەک گڕکانی بەفری کۆریاکسکایا سۆپکا. 

دەیەم: ڤلادیڤۆستۆک 
دەکەوێتە نزیک سنووری ڕووسیا و چین لەگەڵ کۆریای باکوور. ئەم ناوچەیە گەورەترین بەندەری بازرگانی ڕووسیایە. ئەم شوێنە هەر لەسەردەمی قەیسەرەکانەوە جێگەی لەنگەرگرتنی کەشتییە چارۆکەدارەکان بووە. لە ڤلادیڤۆستۆک میوانخانەیەک هەیە بەناوی سپۆرتیڤانیا کە پێی دەوترێت کەناری جوان. چونکە لەسەر گردێک دروستکراوە، میوانخانەکە تاوەرێکی بۆ دروستکراوە کە کراوە بە هۆتێل و لە کۆندا کە دەریاوانەکان هاتوون لەم ژوورانەدا ماونەتەوە کە ڕاستەوخۆ دەڕوانێت بەسەر بەندەرەکەدا و زۆر بەجوانی دەتوانیت دیمەنی خۆرئاوا بوون ببینیت. ئەم میوانخانەیە هێشتا پێشوازی دەکات لە گەشایارە تایبەتەکان ئەوانەی دەیانەوێت لە هۆتێلی مێژووییدا بمێننەوە کە هەڵگری چیرۆکن. 

ناوبانگترین جێگەی ئەم ناوچەیە پردی "ڕووسکی"یە کە درێژییەکەی ١٨٨٥ مەترە و گەورەترین پردی جیهان بوو تا ٢٠١٦ پردی عوسمان غازی لە تورکیا کرایەوە کە درێژییەکەی زیاتر لە ٤٠٠٠ مەتر بوو. مۆزەخانەی ڤلادیڤۆستۆک جێگەیەکی تری گەشتیارییە، ئەم مۆزەخانەیە شوێنی پاراستنی چەک و کەلوپەلی جەنگی دووەمی جیهانییە.

یانزەیەم: ئەنەپا 
ئەنەپا دەکەوێتە بەرانبەر دەریای ڕەش. هاوینەهەوارێکی زۆر گرنگی ڕووسیایە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە ناوی لە لیستی باشترین شوێنی گەشتیاری جیهاندا هەبووە. ناوبانگترین جێگەکانی ئەنەپا بریتین لە منارەی دەریایی، کەناری لمین، زەوی تاشە بەرد کە ئاسەواری مێژوویی لێ دۆزراوەتەوە. مۆزەخانەی شوێنەوارناسی ئەنەپا. دۆڵی سوکۆ، باخچەی پاراستنی ئاژەڵە کێوییەکان بەناوی بۆلشۆی ئوتریش. 

دوانزەیەم: نۆڤۆسیبیرسک 
کەوتووەتە سەر ڕووباری ئۆب. سێیەم گەورەترین شاری ڕووسیایە. پایتەختی نافەرمی سیبیریایە. ئەم شارە بەوە ناسراوە هاوینی گەرم نییە و دانیشتوان و گەشتیاران پێویستە جلوبەرگی زستانە لەبەربکەن بۆ ئەوەی سەرما کاریان لێ نەکات. ناوبانگترین شوێنی گەشتیاری ئەم شارە هۆڵی ئۆپێرا و شانۆیی "بالێت"ــە. هەروەها ژمارەیەک زانکۆ و ژمارەیەک مۆزەخانەی تێدایە کە سەرنجی گەشتیارانیان ڕاکێشاوە. گرنگترین مۆزەخانەش "مۆزەخانەی تەکنەلۆجی هێڵی ئاسنین" کە مۆدێلە کۆنەکانی شەمەندەفەری تێدا کۆکراوەتەوە لەگەڵ نوێترین مۆدێلەکانی شەمەندەفەر. 

سیانزەیەم: دارستانی تایگا 
دارستانەکانی ڕووسیا جیاوازن لە یەکتر. بۆ نموونە تایگا سیستمێکی ژینگەیی جیاوازی هەیە چونکە لە نێوان دوو سیستمی ژینگەییدایە، لە باکوور هەرێمی تەندرا و لە باشووریش دارستانە گەڵا وەریوەکانن. ئەم دارستانە پلەی گەرمییەکەی دادەبەزێت بۆ ٢٠- ژێر سفر لە ڕۆژدا و لە شەویشدا ٥٠ - پلەی ژێر سفر. گەشتیاران لە ڕێگەی ئۆتۆمبیلی تایبەت گوزەریان پێ دەکرێت لە شەو و ڕۆژدا تا ئاژەڵەکان و باڵندەکانی ئەم دارستانە ببینن. 

چواردەیەم: دارگاڤس 
باشترین پێناسە بۆ ئەم شوێنە بریتییە لە شاری مردوو! شارەکە نزیک بە ١٥٠ کەسی تێدا دەژی بەڵام هۆکای ئەوەی پێی دەوترێت شاری مردوو دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ژمارەی گۆڕەکان لە ژمارەی دانیشتوان زیاترە. شارەکە دەکەوێتە سنووری وڵاتی جۆرجیا. ئەوەی سەرنجڕاکێشە لە بارەی ئەم شارە شێوازی بنیادنانی خانوو و باڵەخانەکانن کە لە هیچ وڵاتێکی تر ئەم شێوازی نەخشەسازی تەلارسازییە نییە و تەنها لە دارگاڤس هەیە.

پانزەیەم: دوورگەی کیژی 
دەکەوێتە ئۆنێگا لە باکووری ڕۆژاوای ڕووسیا. دوورگەیەکی بچووک کە شەش کیلۆمەتر درێژە. لە سەدەی ١٥ یەم بە دواوە هیچ کەسێک لەم دوورگەیەدا ناژی. دوورگەکە زیاتر وەک مۆزەخانەیەک نمایش کراوە کە مۆدێلی پەرەستگا و ٨٠ کەلوپەلی لە دار دروستکراوی سەدەی ١٨ی لێ نمایش کراوە.


سەرچاوەکان



32 بینین