پشکنینی HIV

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-29-15:26:00 - کۆدی بابەت: 13043
پشکنینی HIV

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشکنینی HIV (بە ئینگلیزی: HIV test، بە عەرەبی: فحص HIV) ڕێگەیەکە بۆ دەستنیشانکردنی ڤایرۆسی HIV (ڤایرۆسی نەمانی بەرگری پەیداکراو) بەکاردێت، ڤایرۆسی HIV  ڤایرۆسێکە دەبێتە هۆی لەناوبردنی خانەکانی بەرگری.

خانەکانی بەرگری جەستە لە تووشبوون بە نەخۆشییەکان دەپارێزن. کاتێک ئەم خانانە لەناو دەچن ئەو کات لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکان بەهۆی بەکتریا، ڤایرۆس و کەڕووەکان جەستە تووشی نەخۆشیی دەبێت. ڤایرۆسی HIV  لە ڕێگەی خوێن و شلەکانی لەشەوە لە کەسی تووشبوو بۆ کەسێکی تر دەگوازرێتەوە. ئەم ڤایرۆسە دەبێتە هۆی نەخۆشیی ئایدز، کۆتا قۆناغ و قۆناغێکی مەترسیداری تووشبوونە بە ڤایرۆسی HIV.

سێ جۆری سەرەکی پشکنینی HIV هەیە. هەر سێ جۆری پشکنینەکە زۆر ڕاستن، بەڵام  قورسە بتوانرێت ڕاستەوخۆ لە دوای تووشبوون ڤایرۆسەکە دەستنیشان بکرێت. ئەمەش بەهۆی ئەوەیە ڕەنگە چەند هەفتەیەک بخایەنێت تاکوو نیشانەکانی نەخۆشیی ئایدز لە جەستەدا زیاد دەکات، تاکوو بتوانرێت لە پشکنینەکەدا دەستنیشان بکرێت. توانای دەستنیشانکردنی ڤایرۆسەکە پشت بە ماوەی نێوان هەوکردنەکە و جۆری پشکنینەکەی بەکاردەهێنرێت دەبەستێت:

پشکنینی دژەتەنی HIV، ئەم پشکنینە بۆ دژەتەنی HIV لە خوێن، لیکی دەم، میزدا دەگەڕێت. دژەتەنەکانی HIV  پڕۆتینن سیستمی بەرگری لەش دژی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە دروستییان دەکات. هەندێک کەس بە بەراورد بە کەسانی تر لەشیان زووتر ئەم دژەتەنە بەرهەم دەهێنێت. دەکرێت لە ٢٣ یەمین ڕۆژی سەرەتایی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە ئەم پشکنینە دژەتەنەکان بدۆزێتەوە، بەڵام دروستبوونی بڕێکی گونجاوی دژەتەن کە بتوانرێت لە ئەنجامی پشکنینەکەدا بەباشی دەربکەوێت بەنزیکەیی ٩٠ ڕۆژ دەخایەنێت.

پشکنینی دژەتەنی HIV  دەتوانرێت بە ڕێگەی جیاواز ئەنجام بدرێت

  • پشکنینی تاقیگە، لە ڕێگەی وەرگرتنی خوێن لە خوێنهێنەرەکان. بەشێوەیەکی گشتی پشکنینەکانی تاقیگە بەبەراورد بە پشکنینی تری ئەم ڤایرۆسە زووتر دژەتەنەکان دەستنیشان دەکەن.
  • پشکنینی خێرا (Rapid test)، بۆ ئەنجامدانی ئەم پشکنینە نموونە لە خوێن، لیک و میز وەردەگیرێت. پشکنینە خێراکان لە کلینیکەکان ئەنجام دەدرێن، دەتوانێت کەسەکە خۆشی لە ماڵەوە ئەنجامی بدات.

پشکنینی دژەتەن/دژەپەیداکەری ڤایرۆسی HIV

باوترین جۆری پشکنینیHIV  یە، بەدوای دژەتەن و دژەپەیداکەری ڤایرۆسی HIV  لە خوێندا دەگەڕێت. دژەپەیداکەر بەشێکە لە ڤایرۆسەکە کە سیستمی بەرگری هاندەدات تاکوو دژەتەن دژی دروست بکات. دوای تووشبوون بە ڤایرۆسەکە ڕێژەی دژەپەیداکەرەکان خێراتر لە دژەتەنەکان لە خوێندا بەرز دەبێتەوە. پشکنینی تاقیگە لەم جۆرە دەتوانێت ١٨-٤٥ ڕۆژ دوای تووشبوون هەوکردنەکە دەستنیشان بکات. لە ڕێگەی پشکنینی خێراوە دەتوانرێت دوای ١٨-٩٠ ڕۆژ هەوکردنەکە دەسنیشان بکرێت.

پشکنینی ناوکەترش، بەدوای ڤایرۆسی HIV لە سامپڵ یان نموونەکەدا دەگەڕێت. بەگشتی دەتوانێت هەوکردنەکە لە دە بۆ ٣٣ ڕۆژ دوای تووشبوون دەستنیشان بکات. بەڵام بەزۆری بۆ چاودێریکردنی نەخۆشەکان لە کاتی چارەسەردا بەکاردێت، وەک پشکنینێکی ڕۆتینی و باو بەکارنایەت ئەمەش لەبەر ئەوەی نرخی گرانە. پێویستە بەزووی ئەم پشکنینە ئەنجام بدەیت ئەگەر نیشانەکانی بەرکەوتن بە ڤایرۆسی HIV یت هەبوو کە بریتین لە:

  • سەرئێشە، تا و هەستکردن بە سەرمایەکی زۆر
  • هەستکردن بە ماندوویەتی زۆر
  • هەڵئاوسانی لیمفە گرێیەکان
  • سووربوونەوەی پێست
  • برین لەناو دەمدا

ئەگەر لە سەرەتای بەرکەوتن بە ڤایرۆسەکە پشکنینن ئەنجام بدرێت و ڕێگری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بکرێت، دەتوانرێت ڕێگەش لە تووشبوون بە نەخۆشیی ئایدز بگیرێت. ناوەندی ڕێگریکردن و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشییەکان (CDC)، پێشنیاز دەکات هەموو کەسێک لەنێوان تەمەنی ١٣ بۆ ٦٤ ساڵیدا پشکنینی HIV بکات بە پشکنینێکی ڕۆتینی و ئەنجامی بدات.


سەرچاوەکان



450 بینین