پشکنینی ئەلبۆمین

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-29-22:18:00 - کۆدی بابەت: 13054
پشکنینی ئەلبۆمین

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

پشکنینی ئەلبۆمین (بە ئینگلیزی: Albumin test، بە عەرەبی: فحص الألبومین) بۆ پێوان و دیاریکردنی ڕێژەی ئەلبۆمین لە خوێندا بەکاردێت. کەمی ڕێژەی ئەلبۆمین ڕەنگە نیشانەی نەخۆشیی جگەر، گورچیلە یان کێشەی تەندروستی تر بێت. زۆری ڕێژەکەشی ڕەنگە نیشانەی وشکبوونەوە بێت. ئەلبۆمین پڕۆتینێکە لەلایەن جگەرەوە دروست دەکرێت و ٪٦٠ ی پڕۆتینی جەستە پێک دەهێنێت. ئەم پڕۆتینە هۆڕمۆن، ئەنزیم و ڤیتامینەکان لە جەستەدا هەڵدەگرێت و ڕۆڵی لە گواستەوەی گەرد و ئایۆنەکاندا هەیە. بەبێ ڕێژەی ئەلبۆمینی پێویست شلەکان لە خوێنەوە دەچنە دەرەوە و لەناو سییەکان، سک و بەشەکانی تری جەستەدا کۆدەبنەوە.

ئەم پشکنینە بۆ دڵنیابوون لە تەندروستی و باش ئیشکردنی جگەر و گورچیلەکان بەکاردێت. کاتێک کێشە لە جگەردا هەبێت، بڕی ئەلبۆمینی پێوسیت دروست نابێت کاتێکیش گورچیلەکان بەباشی کار نەکەن بڕێکی زۆر لە ئەلبۆمین جەستە جێ دەهێڵێت و دەچێتە میزەوە واتە ڕێژەی ئەلبۆمین لە میزدا بەرز دەبێتەوە. ئەم پشکنینە زۆر کات بەشێکە لە پشکنینی ئەنزیم و پڕۆتینەکانی جگەر کە پێی دەوترێت پشکنینەکانی فرمانی جگەر (Liver function tests).

پێش ئەنجامدانی ئەم پشکنینە پێویست بە ئەنجامدانی شتێکی تایبەت ناکات. ئەگەر لەگەڵ ئەم پشکنینە پێویستت بە ئەنجامدانی پشکنینی تر هەبوو ئەو کات ڕەنگە پێویست بکات ماوەیەک پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە خواردن و خواردنەوە نەخۆیتەوە. ئەگەر پێویست بە هەر ڕێنماییەکی تایبەت بکات پزیشک ئاگادارت دەکاتەوە، هەندێک دەرمان کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی پشکنینەکە دەبێت دەربارەی ئەو دەرمانانەی بەکاری دەهێنیت، لەگەڵ پزیشکەکەت گفتوگۆ بکە. بەڵام بەبێ ڕێنمایی پزیشکەکەت دەرمانەکانت مەوەستێنە.

ئەنجامی پشکنینەکە

ڕێژەی ئاسایی ئەلبۆمین لە خوێندا بۆ کەسێکی پێگەیشتوو ٣.٥ بۆ ٥.٥ گرام/ دێسیلیترە.

کەمی ڕێژەی ئەلبۆمین دەکرێت نیشانەی ئەم بارودۆخانە بێت:

  • نەخۆشی جگەر وەک نەخۆشیی چەوری جگەر یان هەوکردنی جگەر.
  • نەخۆشیی گورچیلە
  • بەدخۆراکی
  • هەوکردن بەهۆی نەشتەرکاری یان بارودۆخی ترەوە
  • نەخۆشیی هەرس
  • نەخۆشیی سایرۆید

بەرزی ڕێژەی ئەلبۆمین نیشانەی وشکبوونەوەیە کە بەهۆی سکچوونێکی زۆرەوە ڕوودەدات.

ئەگەر ڕێژەی ئەلبۆمین لە خوێندا ئاسایی نەبوو ئەوە هەمیشە مانای ئەوە نییە کە کەموکوڕی و ناتەواوییەکی تەندروستی هەیە، هەندێک دەرمانەکان وەک ئەنسۆلین و هۆڕمۆنەکان دەبنەهۆی بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئەلبۆمین. نەخواردنی خۆراک دوای ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێر، دەبێتە هۆی دابەزینی زۆری ڕێژەی ئەلبۆمین. دەرمانەکانی تری وەک حەبی ڕێگری لە منداڵبوون دەبنە هۆی دابەزینی ڕێژەی ئەلبۆمین. هەروەها لە ماوەی دووگیانیشدا ڕێژەکەی دادەبەزێت.

لە کاتی هەبوونی ئەم نیشانانەدا پيویست بە ئەنجامدانی ئەم پشکنینە دەکات:

  • زەردبوونی ڕەنگی پێست
  • ماندوویەتی زۆر
  • دابەزینی کێش
  • تا
  • سکچوون و ڕشانەوە
  • گۆڕانی ڕەنگی میز بۆ زەردێکی تاریک یان ڕەساسی
  • ئازار لە ناوچەی گەدەدا
  • ئاوسانی گەدە، قاچ یان چاوەکان
  • هەناسە کورتی
  • زۆر میزکردن لە شەواندا
  • دڵتێکەڵهاتن
  • خورانی پێست
  • هەبوونی کێشەی خەوتن

هەروەها لە کاتی پڕۆسەی پاککردنەوەی خوێن، کاتێک گورچیلەکان ناتوانن بەباشی خوێن بپاڵێون بۆ چاودێریکردنی چۆنیەتی کاریگەری چارەسەرەکان لەسەر نەخۆشەکان پزیشک داوای ئەنجامدانی ئەم پشکنینە دەکات. لە ماوەی دووگیانیشدا بۆ دەستیشانکردنی نەخۆشیی بەکاردێت و وەک سەرچاوەیەکیش بۆ دیاریکردنی کاتی منداڵبوون بەکاردێت .

ئایا دەکرێت لە ماڵەوە ئەم پشکنیەنە ئەنجام بدەیت؟

ئەنجامدانی پشکنینی ئەلبۆمین لە ماڵەوە زۆر باو نییە، هەندێک پشکنین هەیە کە لە ماڵەوە ئەنجام دەدرێن ئەم پشکنینانە ڕێژەی ئەلبۆمینەکە لە میزدا دیاری دەکات یان لە ڕێگەی وەرگرتنی خوێن لە پەنجەوە ئەنجام دەدرێت.


سەرچاوەکان



191 بینین