پشکنینی ڤایرۆسی جگەری جۆری بی و سی

له‌لایه‌ن: - - به‌روار: 2024-07-22-14:51:00 - کۆدی بابەت: 13623
پشکنینی ڤایرۆسی جگەری جۆری بی و سی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی ڤایرۆسی جگەری جۆری بی و سی (بە ئینگلیزی: Hepatitis Virala and HBV and HCV، بە عەرەبی: فحص التهاب كبد الفيروسي نوع بي و سي) دوو جۆر ڤایرۆسن تووشی جگەری مرۆڤ دەبن و دەبنە هۆی لاوازکردن و لەناوبردنی شێوە و فرمانی ئەندامەکە، هەندێ جار تووشبووەکە هەڵگری هیچ نیشانەیەک نییە و دەبێتە هۆی توشبوونی کەسانی چواردەوریشی.

نیشانەکانی توشبوون بە ڤایرۆسەکان

هەندێک کەس ڤایرۆسی جگەریان هەیە و هیچ نیشانەیەکیان تێدا دەرنەکەوتووە، بەڵام دەکرێت تێبێنی ئەمانە بکەین:

  • زەردوویی Jaundice کە دەبێتە هۆی زەردبوونی چاو و پێست و تۆخ بوونی ڕەنگی میز.
  • ئازاری گەدە و دڵ تێکەڵاتن و ڕشانەوە.
  • ئازاری سەر و سک.
  • نەمانی ئارەزووی خواردن.
  • بەردەوام هەستکردن بە ماندوێتی.

چۆنییەتی گواستنەوەی ڤایرۆسەکان

  • .بڵاودەبنەوە لەڕێگەی بەرکەوتنی و گواستنەوەی خوێن یان بەرکەوتنی شلەیەکی لەشی کەسی توشبووەوە.
  • بەهۆی پەیوەندی سێکسی ئەگەر کەسێکیان توشبووبن.
  • لەڕێگەی بەکارهێنانی هەندێک پێداویستی کەسی توشبوو وەکو دەرزی، فڵچەی ددان، گوێزان، نینۆکبڕ، خاولی.
  • لە ڕێگەی تاتۆکردن کاتێک ئامێری تاتۆکە بۆ کەسانی توشبوو بەکارهاتبێت.
  • دایکی سکپڕی تووشبوو دەیگوازێتەوە بۆ منداڵەکەی، هەربۆیە زانستی پزیشکی نوێ ئاماژە بە ئەنجامدانی شیکاری ڤایرۆسی بۆ دایکانی سکپڕ دەکات.

تێبینی گرنگ

بەڵام ئەم دوو جۆرە لەڕێگەی خواردن و خواردنەوە و بەرکەوتن و تەوقەکردن و باوەش و کۆکە و پژمینەوە ناگوێزرێنەوە.

خۆپاراستن

  • باشترین ڕێگا بۆ خۆپاراستن لەڕێگەی وەرگرتنی ڤاکسینەوە دەبێت، بەڵام تا ئێستا ڤاکسین بۆ جۆری HCV نەدۆزراوەتەوە.
  • بەکارهێنانی دەستکێش و دەمامک لەکاتی مامەڵەکردن لەگەڵ توشبوودا.
  • بەکارنەهێنانی پێداویستی کەسی توشبوو وەکو دەرزی، فڵچەی ددان، گوێزان، نینۆکبڕ، خاوڵی.
  • دوورکەوتنەوە لە تاتۆکردن و بەکارنەهێنانی ئەو ئامێرانەی کە خوێنی کەسانی تری بەرکەوتووە.

مەترسی ڤایرۆسەکان

تووشبوو ئەگەر چارەسەری خێرا وەرنەگرێت ڕەنگە ببێتە نەخۆشی درێژخایەنی جگەر و بەمۆمبوونی جگەر و هەندێک جار شێرپەنجەی جگەر.

دەستنیشانکردنی

ڤایرۆسی جگەر لە ڕێگەی چەند ئامێرێکەوە دەستنیشان دەکرێت ,گرنگترین ئەو ئامێرانەش بریتین لە 411 e Cobas , Tosoh , Elisa , Vidas هەروەها لە ڕێگەی ستریپیشەوە دەستنیشان دەکرێت  لێرەدا باس لە شێوازی ئەنجامدانی پشکنینەکە دەکەین بە ڕێگەی ستریپ کە ڕێگەیەکی ئاسانە بەڵام زۆر دەقیق نییە بەم شێوەیە ئەنجامدەدرێت:

  • سەرەتا خوێن لە کەسەکە وەردەگرین و دەیکەینە ناو تیوبێکی سەر زەردەوە و پاشان Centerfuge دەکەین بۆ دەستکەوتنی (Serum ئاوگ).
  • دواتر درۆپێ لە serum دەکەینە ناو Stripـکەوە و لەگەڵ دوو درۆپ لە گیراوەی تایبەت بە پشکنینەکە بۆ ماوەی دە خولەک چاوەڕێ دەکەین تاکو ئەنجامەکەی دەردەکەوێت. ئەگەر تەنها هێڵی کۆنتڕۆڵ C دەرکەوتبوو ئەوا کەسەکە تووش نەبووە بە ڤایرۆسەکە. بەڵام ئەگەر هەردوو هێڵی تێست T و کۆنتڕۆڵ C  دەرکەوتن ئەوا کەسەکە تووش بووە بە ڤایرۆسەکە. پێویستە لە سەرجەم ئەو پشکنینانەی کە بە Strip دەکرێن هێڵی کۆنترۆڵ C دەرکەوێت.


سەرچاوەکان



137 بینین