هەندێک خۆراکی بەسوود بۆ ژانە سەر

له‌لایه‌ن: - ڕێزدار ئەحمەد - به‌روار: 2021-05-03-09:29:00 - کۆدی بابەت: 5132
هەندێک خۆراکی بەسوود بۆ ژانە سەر
زانیاری هەمەڕەنگی تەندروستی

هەندێک چارەسەرەی ژانە سەر بە خۆراک ، هەندێک خۆراکی بەسوود بۆ ژانە سەر ، ئینسکلۆپیدیای زانیاری ، هۆکارەکانی سەر ئێشە و چارەسەری

ناوه‌ڕۆك

هەندێک چارەسەرەی ژانەسەر بە خۆراک

بۆ ژانەسەر بەگشتی ئەوانە باشن: (قۆخ - کەلەرم - بەهێ - گوڵەبەڕۆژە - قاوە - بەیبوون - بادەم - تاڵیشکە - سرکە و زەیتی زەیتوون - کولەکە - جۆ - گێزەر - مێخەک - نۆک - زەیتوون - ڕێحانە - زەعفەران - پونگە و ئاوەکەی - پیاز - تووس - چای کێویلە - ناعناع و ئاوەکەی - سیرهەنجیر - گوڵی زمانە گا - لیمۆ و ئاوەکەی - ڕەشکە - پەتاتە - مێکوک - شەربەتی نارنج -ماش - خاکشیر -کوزەڵە - سپێناغ - گەڵای گوێزی تازە و خەنە لەسەر بدرێت - سەرشوردن).

ئەم گیراوەیەش بەسوودە (گیای جلگرە (٣٠)گرام + گیای کلکە ڕێوی (٤٠)گرام + ڕەشە ڕێحانە (٤٠)گرام، دوای وورد کردن و لێکدان پڕ کەوچکێک لە پەرداخێک ئاوی کوڵاودا دەم دەکرێت و ڕۆژی سێ فنجانی لێ دەخورێتەوە بۆ ژانە سەر و دەمار و فێ و گەشکە و تەشەنوج و کەم خوێنی و گورچیلە بەکاردێت یان (گوڵی گاوزبان + زەنجەفیل + گوڵی سوور + لیمۆی وشک + وەنەوشە) هەریەکەیان (٢٠)گرام لەگەڵ (٥)گرام زەعفەران تێکەڵ بەیەک بکرێت بهاڕدرێت و ڕۆژی دووجار هەر جارێک یەک کەوچک بخورێت.

هۆکارەکانی سەر ئێشە و چارەسەری

ژانەسەر کە لە زۆری خوێنەوە بێت

دەبێت گەدە بە خواردنی ئاڵوباڵو و تەمرهیندی و هەویری وشتر خۆرکە نەرم بکات و خواردنە نەرمەکانی وەک سپێناغ بە ترش و کولەکە و ماش و پرپرە و ئاشی جۆ بە سرکە و هەناری ترش و ئاوی بەرسیلە و ئەوانەی کە لەگەڵ مەزاجی ڕێکن، وە هەروەها ئارەقی پەلکە بی و سرکە سەری پێ چەور بکات، وە خواردنی سوک و سەوزە و میوەی بۆ باشە.

بۆ ژانەسەرێک کە بەهۆی زیادبوونی تێکچوونی گەدەوە بێت

دەبێت گەدە نەرم ڕابگرێت بەهۆی خواردنە نەرمەکانەوە و ئەوانەی بۆ باشن: (سۆی گەنم - گوڵە هێرۆ - وەنەوشە - شوتی - کاهوو - لیمۆی شیرین - عەناب - ئاشی سپێناغ بە گژنیژ - نیسک بە ئاوی مریشک - ئاوی لیمۆ و هەنار و تەمرهیندی و ئاڵوباڵو و هەڵوژەی سەوز و بەهێی برژاو یان کوڵاو، هەر خواردنێک کە مەزاج سارد و تەڕبێت بۆی باشە ئەوەی گەرم و وشک بێت خراپە یان ئەم تێکەڵە (بەیبوون - گوڵی سوور - ناعناع) بە یەکەوە دەم دەکرێت و دەخورێتەوە.

بۆ ژانەسەرێک کە بەهۆی زیادبوونی بەڵغەمەوە بێت

دەبێت پارێز بکات لە سارد و تەڕەکانی وەکو ماست و دۆ و خەیار و شوتی و برنج و کاهوو و تەماتە، وە ئەوانەشی بۆی باشن: (نۆکاو و مریشکی ماڵی و کەو و سوێسکە و گۆشتاوی ئەوانەش بە دارچین و زیرە و بیبەری سەوزەوە بخورێن، وە مەستەکی و گوڵ بە هەنگوین بەسوودن، وە هەر دوو کاتژمێر جارێک پەرداخێک شەربەتی هەنگوین بخواتەوە، بە ئاوی ناعناع لوتی چەور بکات هەر دوو کاتژمێر جارێک.

بۆ ژانەسەرێک کە لە زۆر ماندووبوونەوە بێت

پشوودان و پاڵکەوتن لەسەر کەلەکەی چەپ وە ئارامی دەروونی و بیرکردنەوەی باش بەسوودن لەگەڵ ئەو خواردنانەدا: (نۆکاو و گۆشتاوی مریشکی ماڵی و هێلکەی دەڵەمە و مرەبای بەهێ و بەهار نارنج).

بۆ ژانەسەرێک کەبەهۆی سەرماوە پەیدا بووبێت

ئەوانەی باشن: پارێز لە سەرما و تەڕی وە خواردنی گۆشتی مریشکی ماڵی و کەو و نۆکاو کە دارچین و زیرە و چاشنی تێ بکرێت.

ژانەسەر بەهۆی با کردنەوە بێت

دەبێت پارێز لەوانە بکات کە دەبنە هۆی با کردنی سک وەکو باینجان و لۆبیا و نیسک و کەلەرم و توور وە گەدەی بە نەرم کەرەوەکان ساف بکات وە خواردنە نەرم مەزاجەکان بخوات و ڕازیانە و گژنیژ و با دەرکەرەکانی تر بەکاربهێنێت.

ژانەسەر بەهۆی کاری جنسی و لاوازی مێشکەوە بێت

نابێت جووت بوون ئەنجام بدات تاوەکو بە تەواوی ئارەزوو و ئامادەی پەیدا دەبێت وە مێشک و دڵی ئاسوودەبێت جا ئەو کارە بکات، وە ئەوانە بخوات کەوا مێشک و دڵ و جەرگ و گورچیلە بەهێز دەکەن، هاڕاوەی تۆوی کاڵەک و تۆوی کولەکەی کوتراو وە فستەق و بندوق و مریشکی ماڵی و شیری مانگا، چەور کردنی کونە لوت بە ڕۆنی وەنەوشە، حەمام کردن بە ئاوی شلەتێن بەسوودن.

ژانەسەر بەهۆی گەرماوە بێت

دەبێت لە هەوای فێنک دابنیشێت و بە ئاوی فێنک سەری بشوات وە خواردنە مەزاج ساردەکان بخوات وە خواردنەوەی ئاوی لیمۆ و ڕێواس و سرکە و دۆ و ماستاو و ئەوانەی هاوشێوەن باشن.

ژانەسەر کە بەهۆی لێدانەوە بێت

گیایی شاپنگ (٣)گرام لەگەڵ کەوچکێک هەنگوین لەیەک بدە وەک چوکلێتی لێ بکە و لەناو دەم ڕای بگرە تاوەکو خۆی تەواو دەبێت ڕۆژی سێ جار، ئاردی جۆ بە ئاوی پنگ بشێلە و لەسەری دابنێت، خواردنەوەی چایی و زەعفەران و گوڵی زمانە گا، گژنیژ و ڕازیانە و نەبات هەریەکێک بەشێک دوای هاڕین و لێکدان سێ ژەمە کەوچکێکی لێ دەخورێت.

ژانەسەری لایەکی سەر

ئەوانە بەسوودن: سەر شوشتن بە ئاوی شویت و خوێ، سەرچەورکردن بە زەعفەران و گوڵاو، چەورکردنی سەر بە ئاوی گژنیژ، خواردنی ڕێحانە و پونگە و شاڕێحان و شاپونگە و گوڵەباخ و وەنەوشە وە گیا پێ قەلە وە کەنێرە و گژنیژ و بەیبوون و گۆیژ و گەڵای گۆیژ و کلۆکی نارنج و گوڵی خوناو، وە ئەم تێکەڵانە (گیا شا پونگە + گیا بنێشتە + مەرزنجۆش + وەنەوشە + جاترە + گوڵەباخ + مریەم نخودی) لە هەریەکیان (١٠)گرام وورد دەکرێت و لێکدەدرێن وە پڕی کەوچکێک دەم دەکرێت وە سێ ژەمە پەرداخێک دەخورێتەوە.

(گوڵی نیلۆفەر + پەلکی هێرۆ + وەنەوشە + کاهوو + گوڵەباخ) بەیەکەوە بکوڵێت بۆ ماوەی (١٥)خولەک و بە ئاوەکەی سەر چەور دەکرێت، ڕۆژی چەند جارێک.

(گیا بنێشتە (٢٥٠)گرام + جاترە(١٠٠)گرام + گیای کلکە ڕێوی (١٠٠)گرام) دوای هاڕین و لێکدان پڕی کەوچکێک دەم دەکرێت و ڕۆژی سێ پەرداخ دەخورێتەوە کە بۆ جیوب و قورگ و بەڵغەم و دەنگ نوسان و گورچیلە باشە، یان (زیرە و ئەفتیمون و بادرنجبوویە و بەیبوون و مەرزنجۆش و ئەسفەنتین) بەیەکەوە.


سەرچاوەکان



838 بینین