گرنگی خواردنی ژەمی بەیانیان 

له‌لایه‌ن: - سایە مستەفا - به‌روار: 2021-07-24-16:57:00 - کۆدی بابەت: 6026
گرنگی خواردنی ژەمی بەیانیان 

ناوه‌ڕۆك

سوودەکانی ژەمی بەیانیان

ژەمی بەیانیان چەندین سوودی تەندروستی بۆ جەستەی مرۆڤ ھەیە، بۆ پاراستنی تەندروستیمان پێویستە ژەمی بەیانیان بخۆین، ئەمانە ھەندێک لە سوودەکانی ژەمی بەیانیانە

ئاستی شەکری خوێن ئاسایی دەکاتەوە

خواردنی ژەمی بەیانیان ئاستی شەکری خوێن ئاسایی دەکاتەوە، و وزەی جەستە زیاتر دەکات و ھۆرمۆنی گلایکۆجینی جگەر و ماسولکەکان زیاتر دەکات، ھەروەھا ڕێژەی پێویست لە کاربۆھیدرات و پێکھاتەی خۆراکی بۆ جەستە دابین دەکات، کە پێویستە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی شەکری خوێن، بۆیە دابەزینی ئاستی کاربۆھیدرات لە خوێندا دەبێتە ھۆی لاوازیی جەستە، و زوو ماندووبوون لە کاتی ئەنجامدانی ڕاھێنان یان ھەر چالاکییەکەی جەستەیی، خواردنی ژەمی بەیانیان پێش ئەنجامدانی ڕاھێنان کاریگەریی ڕاھێنانەکە دیاریی دەکات، و گەر ئەم ژەمە نەخورێت ئەوە کاریگەری نەرێنی دەبێت، ھەروەھا ڕاھێنانەکان قورستر دەبن لەگەڵ دابەزینی ئاستی شەکری خوێن و گلایکۆجین لە جەستەدا، بۆیە خواردنی ژەمی بەیانیان پێویستە بۆ دەستەبەر کردنی ڕاھێنانێکی پڕ وزە و چالاکی.

کەمکردنەوەی ھۆرمۆنی ماندوێتی (کۆرتیزۆڵ) لە خوێندا 

لە بەیانیاندا  ئاستی ھۆرمۆنی ماندوێتی (کۆرتیزۆڵ) لە خوێندا بەرز دەبێتەوە، و ژەمی بەیانیان ئاستی ئەم ھۆرمۆنە نزم دەکاتەوە، لە گۆشەنیگایەکی دەروونییەوە وا دادەنرێت خەوتن ھیچ ھەوڵ و ماندوبوونێکی تێدا نییە، بەڵام لە لایەنی فیسیۆلۆجییەوە جەستە پێویستی بە پاراستنی زیندەچالاکییەکان و فەرمانە فیسیۆلۆجییەکانە بۆ مانەوە لە ژیان ھەیە، و باشتر کردنی گەشەی شانەکان، کرداری زیندە چالاکی لە ماوەی خەودا بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە، وزەی پێویست لە ترشی چەوری سەربەخۆ و گلایکۆجینی جگەر و گلۆکۆزی خوێنەوە دەست دەکەوێت. 

زیادکردنی تەرکیز و توانای فێربوون

لە چەند لێکۆڵینەوەیەکدا دەرکەوتووە ئەو قوتابیانەی ژەمی بەیانیان دەخۆن تەرکیز و توانای فێربوونیان زیاترە، و تەرکیزێکی باشتریان دەبێت لە وانەکان و ھۆڵی کۆبوونەوەکاندا، ھەروەھا تاقیکردنەوەکاندا باشتر دەبن و  بیرەوەریان بەھێزتر دەبێت، و باری دەروونیان باشتر دەبێت و کێشە لە ڕەفتاریاندا کەمتر دەبێتەوە. 
دواکەوتنیان لە قوتابخانە کەمتر دەبێت، و ئەمە بە زۆری لە کوڕان و ھەرزەکاراندا دیارترە، ئەمەش لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە.

کەمبوونەوەی کێشی جەستە 

لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە خواردنی ژەمی بەیانیان دەبێتە ھۆی کەمردنەوەی کێشی جەستە، و لەم چەند ڕێگەیەوە دەبێت: 

١- ھەستی برسێتی کەمتر دەبێتەوە لەو ڕۆژانەی ژەمی بەیانیان دەخورێت، و لە دواییدا خواردنی کەمتر دەخورێت، بۆیە نەخواردنی ژەمی بەیانیان بە درێژایی ڕۆژ ھەستی برسێتی زیاتر دەکات، و زۆربەی پەنا دەبەنە بەر خواردنی کێک و شیرینی بۆ نەھێشتنی ھەستی برسێتیان.
نەخواردنی ژەمی بەیانیان ڕێژەی ئەنسۆلین لە جەستەدا زیاتر دەکات، ئەمەش دەبێتە ھۆی کۆبوونەوەی چەوری کە ھۆکارە بۆ قەڵەویی جەستە.

٢- ڕێنوێنی کردن بۆ ھەڵبژاردەی تەندروست بە درێژایی ڕۆژ، ئەو کەسانەی ژەمی بەیانیان دەخۆن سیستمی خۆراکییان تەندروستترە، چونکە ڕێژەیەکی کەم چەوری تێدایە و دەوڵەمەندە بە پێکھاتەی خۆراکی، لەگەڵ سەوزەوات و میوەدا.

٣-  زیادکردنی وزەی جەستە، و ژەمی بەیانیان وزەی پێویست بۆ جەستە دابین دەکات، و کەمی گلایکۆجین لە خوێندا قەرەبوو دەکاتەوە، کە وزە بە ماسولکەکانی جەستە دەبەخشێت، و گرنگی نەدان بە ژەمی بەیانیان دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی چالاکی جەستەیی.

ژەمێکی سروشتی بەیانیان

ژەمێکی سروشتی بەیانیان چەندین خۆراک لەخۆ دەگرێت وەک:

  1. ھێلکە
  2. بەرھەمە شیرەمەنییەکان
  3. سەوزەوات 
  4. میوە
  5. چەرەس


سەرچاوەکان



874 بینین