هەوکردنی چاو لە ماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-09-17-21:48:00 - کۆدی بابەت: 6612
هەوکردنی چاو لە ماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

کێشەکانی چاو لە ماوەی دووگیانیدا

لە ماوەی دووگیانیدا کێشەکانی چاو باوە و جێگای مەترسی نییە، دووگیانی ماوەیەکە کە تێیدا خانمان گۆڕانکاری زۆریان بەسەردا دێت، هەڵبەتە زۆرینەی کێشەکانی چاو لە ماوەی دووگیانیدا کاتین و دوای منداڵبوون کۆتاییان پێ دێت، هەوکردنی چاو بە هۆی گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان و زیادبوونی وروژمی خوێنەوەیە لە ماوەی دووگیانیدا.

جۆرەکانی هەوکردنی چاو لە ماوەی دووگیانیدا

وشکبوونەوەی چاو

زۆرینەی خانمان بە هۆی گۆڕانی هۆڕمۆنەکانیانەوە لە ماوەی دووگیانیدا چاویان کەمتر ئاو بەرهەم دەهێنێت و وشک دەبێتەوە، لەوانەیە چاوەکان سوور ببنەوە و زۆر جاریش بسوتێنەوە و زۆرینەی خانمان بە هۆی ئەمەوە هەستیاریش دەبن بە تشکی خۆر.

نیشانە باوەکانی بریتییە لە:

  • ئازاری چاو و سووربوونەوە.
  • تاریکی چاوەکان لە کاتی چاوترووکاندندا.
  • سووتانەوەی چاوەکان.

چارەسەر

پزیشک لەوانەیە شێدارکەرەوەی تایبەت بە چاو یاخود دەرمانی فرمێسکڕێژت پێ بدات تاکوو چاوت شێدار بێتەوە، مەساج کردنی پێڵووی چاو بە هێواشی و بە سەری پەنجەت دەکرێت پێڵووی چاو بووروژێنێت و فرمێسکی لێ بێت، چاوەکانت بە ئاوی پاکی شلەتێن پاکبکەرەوە، هەروەها دانانی گەرمی لەسەر چاوەکان هۆکارێکی دیکەیە بۆ وروژاندنی پێڵووی چاو.

کزبوونی چاو

ئەم حاڵەتە لەوانەیە لە سێ مانگی دووەمدا ڕووبدات، لەوکاتەدا ئیتر هەست دەکەیت کە چاوەکانت کزبوون و بە باشی شتەکان نابینیت، دەتوانیت سەردانی پزیشک بکەیت و چاویلکەی تایبەت بەکاربهێنیت.

ئاوسان یاخود چاوی پەمەیی

ئاوسانی چاو لە ماوەی دووگیانیدا لەوانە بە هۆی هەستیاری یاخود هەوکردنی ڤایرۆسی و بەکتریاییەوە بێت، ئاوسان کاتێک ڕوودەدات کە لەناو چاودا پەردەیەکی تەنک کە بەرپرسە لە چاو تروکاندن و پارێزگاری دەکات لە بەشی پێشەوەی چاو تووشی هەوکردن دەبێت، چاو لەوانەیە بە هۆی ئەمەوە تووشی خوێن بەربوون ببێت یاخود سوور ببێتەوە، چونکە دەمارەکانی خوێن خوێن دەگەیەننە ناوەوەی چاو.

نیشانە باوەکانی بریتییە لە:

  • ئازاری چاو.
  • سووتانەوە و خورانی چاو.
  • ئاوسانی چاو.
  • ڕژانی فرمێسک.

ئاوسانی چاو نەخۆشییەکی درێژخایەنە و بۆیە گرنگە کە خانمەکە کە تووش بوو بە زووترین کات سەدانی پزیشک بکات بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

پەڵە خوێن لە ناو چاودا

زۆر جار لەناو چاودا پەڵە خوێن دروست دەبێت کە یەکێکە لە هۆکارەکان کە خانمەکە بە ڕەشی ببینێت، ئەم کێشەیە دوای منداڵبوون چارەسەر دەبێت، بەڵام هەر گرنگە خانمەکە سەردانی پزشک بکات لەم کاتەدا کە ئەم حاڵەتەی بەسەردا هات.

گرێی پێڵووی چاو

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی گرێی پێڵووەکان گۆڕانی هۆڕمۆنەکانە، کە خۆشبەختانە ئەم گرێیانە پاکن و تەنها لە ڕوانگەی جوانییەوە کێشە بۆ خانمەکە دروست دەکات، خانمان لەم حاڵەتەدا سەردانی پزیشک بکەن چونکە هەندێک جار ئەگەری هەیە ئەمە بە هۆی هەستیاری یاخود بەرزی پەستانی خوێنەوە بێت، کە پێویستی بە چارەسەری خێرایە تاکوو زیان بە دایک و منداڵەکە نەگەیەنێت، بۆ کەمکردنەوەی گرێی چاو باشترین کار زۆر خواردنەوەی ئاو و کەم خواردنی خوێیە.

هاتنە خوارەوەی پێڵووەکان

شلبوونەوەی ماسولکەکانی پێڵووەکان حاڵەتێکی دیکە و کە هەندێک کات زۆر زیاد دەکات بە جۆرێک پێڵووی سەرەوە زۆر دێتە خوارەوە و بەمەش کێشە بۆ بینین دروست دەکات.

خورانی چاو

هەستیاری هۆکاری سەرەکی خورانی چاوە، کۆبوونەوەی ئاو لە جەستەدا بە هەمان شێوە دەتوانێت کاریگەری بخاتە سەر کۆرنییەی چاو و لە ئەنجامدا کێشە بۆ بینین دروست بکات و چاو کز ببێت.

چەند ڕێنماییەک بۆ ڕێگریکردن لە هەوکردنی چاو

دەستەکانت بشۆ

پێش ئەوەی کە دەست بدەیت لە ڕووخسار و چاوت دەستەکانت بە پاکی بشۆ بە تایبەت دوای هاتنەوەت لە دەرەوە و کاتێک دەستەکانت بە هۆکارێک پیس بووە.

چاوەکانت پاک ڕابگرە

ئاوی سارد بکە چاوەکانتەوە تاکوو تەنی دەرەکی لە چاوتەوە بێتە دەرەوە هەروەها دەمارەکانی خوێنیش هێور دەکاتەوە، بەڵام زۆر دەستت مەهێنە بە چاوتدا با تووشی کوتراوی نەبێت.

بە ورییایەوە میکیاج بەکاربهێنە بۆ چاوت

میکیاج بۆ چاو بەکتریا و هەوکردنەکانی چاو زیاتر دەکات، سووراو و سەرجەم میکیاجەکانی چاو زیانیان هەیە بە تایبەت لەو ماوەیەدا بۆیە بەکاری مەهێنن، ئەگەریش بەکارتان هێنا بە هیچ شێوەیەک پێوەی مەخەون و پێش خەوتن پاکی بکەنەوە.

کۆنتڕۆڵکردنی پەستانی دەروونی

پەستانی دەروونی بە هۆی کەمخەوی و کاری زیاد و خۆراکی ناتەندروستەوە و خەفەت و دڵەڕاوکێ کار دەکاتە سەر کۆئەندامی بەرگری جەستە و مەترسی توشبوون بە هەر هەوکردنێک زیاد دەبێت وەک هەوکردنەکانی چاو.

بەکارهێنانی چاویلکە

ئەگەر پزیشک چاویلکەی بۆ داناویت دەبێت هەمیشە لە چاوی بکەیت و کەمتەرخەم نەبیت، هەروەها پاک ڕاگرتنی چاویلکەکەش زۆر گرنگە.

دانانی گەرمی لەسەر چاو

دانانی گەرمی لەسەر چاو یارمەتیدەرە بۆ کەمبوونەوەی ئازار و کەمکردنەوەی هەوکردن، پارچە خاولییەکی بچووک بە ئاو گەرم بکە و بیخەرە سەر چاوتەوە و با ماوەیەک بەسەرییەوە بێت.

بەکارهێنانی دەرمان

ئەگەر پزیشک قەترە و دەرمانی تایبەتی بۆ نوسیوویت دەبێت لەکاتی خۆیدا بەکاری بهێنیت.

پارێزگاری لە چاو لە کاتی چوونە دەرەوەدا

گرنگە کاتی چوونە دەرەوە بە هۆی تیشکی خۆر و تەپ و تۆزەوە چاویلکەی ڕەش بەکاربهێنیت.


سەرچاوەکان



861 بینین