ڕۆیشتن لە خەودا

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2021-10-27-23:26:00 - کۆدی بابەت: 7013
ڕۆیشتن لە خەودا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕۆیشتن لە خەودا یان شەوڕەوی (بە ئینگلیزی: sleepwalking یان somnambulism)، حاڵەتێکە کە تێیدا کەسێک وەک ئەوەی بە ئاگابێت بە ڕێگادا دەڕوات یان بە دەوری خۆیدا دەسوڕێتەوە لە کاتێکدا کە نووستووە، ئەو کەسانەی لە خەودا بە ڕێگادا دەڕۆن و چەندین چالاکی وەک: جل لەبەرکردن و ڕۆشتن بۆ گەرماو و خواردن و جوڵاندنی کەلوپەل ئەنجام دەدەن لە کاتێکدا کە نووستوون، ئەم حاڵەتە زیاتر لە منداڵاندا باوە.

چونکە ڕۆیشتن لە خەودا دەتوانێت ببێتە هۆی کەوتن و برینداربوون، بۆیە پێویستە بە ئاگادارییەوە کەلوپەلی ناوماڵ دابنرێت و ڕێوشوێنی گونجاو بگیرێتە بەر لەو ماڵانەی کە کەسێکیان تووشبووی ئەم حاڵەتەیە.

چی دەبێتە هۆی ڕۆیشتن لە خەودا؟

ڕۆیشتن لە خەودا هۆکارە بۆ بوونی چەندین کێشەی تەندروستی وەک ئازاری بەردەوامی قاچەکان، هەناسەتوندی لە کاتی خەودا، زیادبوونی ترشەڵۆکی گەدە، ئازاری لایەکی سەر، کە بەپێی پشکنین و تاقیکردنەوەی پزیشک دەزانرێت هۆکارەکەی چییە.
ڕۆیشتن لە خەودا دەکرێت هۆکارەکەی بۆ ماوەیی بێت، ئەگەر کەسێک باوانی کێشەی خەوڕەویان هەبێت، ئەوا ئەگەری تووشبوونی بە کێشەی خەوڕەوی زیاترە، لە هەندێک حاڵەتی دەگمەنیشدا بەکارهێنانی هەندێک چارەسەری پزیشکی دەبێتە هۆی توشبوون بە شەوڕەوی.

نیشانەکانی شەوڕەوی

شەوڕەوی زیاتر لە منداڵانی تەمەن ٤ بۆ ٨ ساڵاندا باوە، زیاتر کاتێک ڕوودەدات کە مرۆڤ دەچێتە خەوی قووڵەوە لە درەنگانێکی شەودا، بە نزیکەیی ١ بۆ ٢ کاتژمێر دوای نووستن.
نیشانەکانی ئەم حاڵەتە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، بەڵام بەزۆری بریتیە لە دانیشتن لەسەر جێگا و کردنەوە و داخستنی چاوەکان، زەقبوونی چاوەکان، سوڕانەوە بەناو ماڵدا و جێبەجێکردنی کاری ئاسایی ڕۆژانەی وەک کردنەوە و کوژاندنەوەی گڵۆپەکان یان قسەکردن و جووڵەی بێ مانا.
دەتوانرێت کەسێک کە خەریکی شەوڕەویە خەبەر بکرێتەوە، بەڵام دەبێت بە هێواشی بە ئاگا بهێنرێتەوە و نابێت بترسێنرێت، هەرچەند بەئاگا هێنانەوەی ئەو کەسەی کە لە خەودا دەڕوات قورسە و لە یەکەم ساتی بەئاگا هاتنەوەیدا سەرسام و سەرلێشێواو دەبێت بەهۆی ئەوەی لەسەر جێگاکەی نییە و لە شوێنێکی دیکەیە، بۆیە دەبێت بەئارامی و بەهێواشی ڕێنموونی بکرێت بۆ جێگای نووستنەکەی.

دیاریکردنی شەوڕەوی

شەوڕەوی هەمیشە حاڵەتێکی مایەی نیگەرانی نییە، هەندێک منداڵ کە گەورە دەبن ئەو حاڵەتەیان نامێنێت، بەڵام ئەگەر کەسێک شەوڕەوییەکەی بووە هۆی ئەوەی کە بریندار ببێت یان چەندین جار دووبارە بوویەوە بە چەندین شێوەی جیاواز، ئەوا لەوانەیە پێویست بە سەردانی پزیشک بکات بۆ ئەوەی هۆکاری شەوڕەوییەکە دیاری بکرێت.
چونکە کەسێک کە تووشی شەوڕەوی بووە بێ ئاگایە لەوەی دەیکات و نیشانەکانی چین، بۆیە ئەگەر کەسێکیت کە بە تەنها دەژیت و گومان دەکەیت تووشی شەوڕەوی بووبیت، ئەوا لیستێک ئامادەبکە و تێیدا ئاماژە بەوە بدە کە پێش نووستن چیت خواردووە و خواردووەتەوە و چەندێک خەوتوویت و هەر نیشانەیەکی دیکە کە هەست دەکەیت لەکاتی شەوڕەویدا لێت ڕوودەدات بینووسە.
هەروەها ئەگەر لەگەڵ خێزانەکەتدا دەژیت لێیان بپرسە کە لە کاتی شەوڕەویدا چیت کردووە و چیت وتوە و نیشانەکانت چین، وەڵامەکان لە لیستەکەتدا تۆمار بکە و نیشانی پزیشکەکەتی بدە، ئەگەر پزیشک هەستی کرد کە تۆ کێشەی نووستنت هەیە، ئەوا چەند پشکینێکی تایبەتت بۆ دەکات و دەتوانێت هۆکاری تووشبونت بە شەوڕەوی دیاری بکات.

چارەسەرە هەڵبژاردەکانی شەوڕەوی

چارەسەر بە دەرمان و چارەسەری پزیشکی بۆ شەوڕەوی بە شێوەیەکی گشتی پێویست نییە، ئەگەر منداڵێک تووشبووی شەوڕەوی بێت دەتوانرێت زۆر بەئاسانی ڕێنموونی بکرێت بۆ جێگای نووستنەکەی، چونکە زۆربەی حاڵەتەکانی شەوڕەوی تەنها لە تەمەنێکی کەمی منداڵیدا بوونیان هەیە و بەپێی زیادبوونی تەمەن نامێنن، بەڵام چارەسەری هەندێک حاڵەتی تەندروستی وەک ئازاری بەردەوامی قاچەکان کە دەبنە هۆی تووشبوون بە شەوڕەوی یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنەوەی ڕۆیشتن لە خەودا، بۆیە پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت ئەگەر هەستت کرد شەوڕەوییەکەت حاڵەتێکی بەردەوامە، پێویستە دڵنیابیت کە هیچ کێشەیەکی دیکەی تەندروستیت هۆکار نییە بۆ شەوڕەوی.
چونکە کاتێک لە خەودایت ئاگاداری دەوروبەرت نیت، ئەگەری هەیە بەهۆی توند ڕۆیشتن یان کەوتنەوە خۆت بریندار بکەیت یان زیان بە خۆت بگەیەنیت، بۆیە پێویستە ماڵەکەت ڕێکبخەیت و ئامادەبێت بۆ هەر مەرسییەکی کەوتن و پێداکێشان، ئامادەکارییەکان وەک: توندکردنی وایەری کارەبایی بە دیوارەوە، کلیلکردنی دەرگا و داخستنی پەنجەرە پێش نووستن، لابردنی کەلوپەل لەبەر دەستدا، ئەگەر ژوورەکەت لە قاتی سەرەوەیە پێویستە دەرگایەک بۆ پلیکانەکان دروست بکرێت و کلیل بکرێت پێش نووستن بۆ ڕێگریکردن لە کەوتنە خوارەوە.

دەرمان

ئەگەر شەوڕەوییەکەت بەردەوام بوو، هەندێک دەرمانی وەک Benzodiazepines و دژەخەمۆکی یارمەتیدەرن بۆ کەم کردنەوەی شەوڕەوی، چونکە ئەم دەرمانانە چارەسەری دوودڵی و دڵەڕاوکێ دەکەن کە هۆکارێکن بۆ زیادکردنی شەوڕەوی، دەرمانەکانی Benzodiazepin بە شێوەیەک باو بەکاردێن بۆ چارەسەرکردنی دڵەڕاوکێ، بەڵام سەلمێنراوە کە بە سوودن بۆ چارەسەری کێشەکانی خەو، حەبەکانی کلۆنۆپین (Clonazepam) و ڤالیوم (diazepam) بە هەمان شێوە بەسوودن بۆ کەمکردنەوەی شەوڕەوی.

خەواندنی موگناتیس 

خەواندنی موگناتیسی چارەسەرێکی دیکەی جێگرەوەیە بۆ شەوڕەوی، بۆ چارەسەری هەندێک تووشبووی شەوڕەوی بەسوودە، خەواندنی موگناتیسی مێشک دەخاتە دۆخێکی زۆر چڕی ئارامییەوە، پاشان چەندین پێشنیاری تەندروست دەکرێت بۆ نەخۆشەکە تاکوو یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەری دۆخەکەی.


سەرچاوەکان



2721 بینین