ڕۆژژمێری زایینی

له‌لایه‌ن: - ئیسڕا بورهان - به‌روار: 2021-12-15-20:08:00 - کۆدی بابەت: 7252
ڕۆژژمێری زایینی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕۆژژمێری زایینی یاخود ڕۆژژمێری گریگۆری یان ساڵنامەی کریستیانەکان (بە عەرەبی: التقویم المیلادي) ئەو ساڵنامەیەیە کە لە هەموو وڵاتانی دوونیادا کاری پێدەکرێت، لەدایکبوونی عیسای کوڕی مەریەم وەکوو سەرەتای ئەم ڕۆژژمێرە دەستنیشان کراوە، ساڵنامەی گریگۆریشی پێدەوترێت چونکە پاپا گریگۆریوسی سیازدەیەم لە ڕۆما چەند گۆڕانکارییەکی تێدا کرد و لە جێگای ڕۆژژمێری یۆلیانی پەسەندی کرد، ڕۆژژمێری زایینی ڕۆژژمێرێکە پەیوەستە بە خۆرەوە واتا سوڕێکی تەواوی خۆر لە ماوەی 12 مانگ 365 ڕۆژ دەخایەنێت.

مێژووی ڕۆژژمێری زایینی

زۆرێک لە ئیمپڕاتۆرییە جیهانییەکانی ئەورووپا بۆ ماوەی 1500 ساڵ ڕۆژژمێری جولیان یاخود یولیان Julian Calindar بەکاردەهێنا کە لەلایەن ئیمپڕاتۆر و قەیسەڕی ڕۆما بە ناوی جولیۆس قەیسەر Julius Caesar پەسەند کرا بوو، ڕۆژەکانی ساڵ بەپێی ئەم ڕۆژژمێرە 365.25 ڕۆژ بوو، بەپێی ڕۆژژمێری خولگەیی 365.24217 ڕۆژ بوو، واتا جیاوازی نێوانیان 11 خولەک و 14 چرکە بووە، جیاوازی ئەم ماوەیە بەپێی کات درێژ دەبووەوە، هەر بۆیە بووە هۆکاری دواکەوتنی ڕۆژژمێری یۆلیانی لەگەڵ ڕۆژژمێری خولگەیی، ئەم دواکەوتنە بووە هۆی دروستبوونی کۆمەڵێک کێشە لە ئاینی کریستیانەکان کە لە دیارییکردنی بۆنە و جەژنە ئاینییەکانیان پشتیان بەو ڕۆژژمێرە بەستبوو، نموونەی جەژنی هەستانەوە (Easter) کە لە دوای یەکسانبوونی ماوەی شەو و ڕۆژ لە بەهار و کامڵبوونی مانگ، یەکەم ڕۆژی یەکشەمە وەکوو جەژن دیاری دەکرا، بەڵام بەهۆی ئەم جیاوازییەوە لە سەدەی هەشتەمەوە ماوەکە درێژ دەبووەوە، سەرباری ئەم کێشەیە تاکوو کۆتایی سەدەی 16 هەر کار بە ساڵنامەی یولیانی دەکرا، دواتر له دوای ئەوەی لەلایەن دوو زانای گەردوون ناسەوە بە ناوەکانی "لویجی لیلۆ" و "کریستۆفەر کلافیۆس" چەند گۆڕانکارییەکی گرنگ لە ڕۆژژمێری یولیان کران، لە ساڵی 1582 پاپا گریگۆریۆسی سیازدەهەم Gregory Xlll لە ڕۆما بە نووسراوی فەرمی دوای گۆڕانکارییەکان لە ڕۆژمێری یولیانی، لە هەموو مامەڵە فەرمییەکان و بۆنە ئاینییەکاند پەسەندی کرد و بەکاریهێنا، ناویشی لێنا ڕۆژژمێری گریگۆری کە تاکوو ئێستا لە هەموو جیهاندا بەکاردەهێنرێت و باوەڕپێکراوە.

بەکارهێنانی ساڵنامەی زایینی لە جیهاندا

هەموو جیهان لە یەک کاتدا ئەم ساڵنامەیەیان بەکارنەهێنا، لە هەریەک لە وڵاتانی ئیسپانیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، پورتوگال و فەڕەنسا بڕیارەکەی پاپا جێبەجێ کرا، بەڵام بە هۆکاری سیاسی و ئاینی بڕیارەکە لەو وڵاتانەی کە لەسەر ڕێبازی پرۆتستانتی و ئۆرتۆدۆکس بوون (دوو ڕێبازی تایبەتی و جیاواز و سەرەکیین لە ئاینی مەسیحیدا) جێبەجێ نەکران، بەریتانیا و وڵاتانی تری پرۆتستانت تاکوو سەدەی 18 ڕۆژژمێرەکەیان بەکارنەهێنا و لەلایەن کڵێساوە دانیپێدا نەنرا، دواتر کە پەسەند کرا بەریتانیا ئەم ڕۆژژمێرەی بۆ هەموو وڵاتە داگیرکراوەکانی ژێردەسەڵاتی خۆی گواستەوە، وڵاتانی ئۆرتۆدۆکس نموونەی ڕووسیا تاکوو سەرەتای سەدەی بیستەم ساڵنامەی زایینیان بەکارنەهێنا، تاكوو ئێستاش کڵێسای ئۆرتۆدۆکس ئەم ڕۆژژمێرە بەکار ناهێنێت بۆیە کاتی بۆنە و جەژنەکانیان لەگەڵ ڕێبازەکانی تری ئاینی مەسیحی جیاوازە و بە یەکەوە جەژن و ئاهەنگ ناگێڕن.

واتا و ڕیزبەندیی مانگەکان

ساڵە ڕۆمانییەکان لە بنەڕەتدا لە ساڵنامە کۆنەکەی ڕۆما لە دە مانگ پێکهاتبوون، کۆی ڕۆژەکانی 304 ڕۆژ بوون، لە مانگی مارس دەستیپێدەکرد تاکوو مانگی دیسەمبەر، پاشان گۆڕانکاری تێدا کرا هەردوو مانگی کانوونی دووەم و شوباتی بۆ زیادکران، واتای ناوی مانگەکان هەندێکیان لە ناوی خوداوەندە ڕۆمانییەکان و بەشێکیان لە ناوی پاشا و ئیمپڕاتۆرەکانی ڕۆما وەرگیراون، هەروەها هەندێکیشیان بە واتای ژمارەی لاتینین.
January: لە وشەی لاتینی ianuarius یان januarius وەرگیراوە و لە ناوی خوداوەندی ڕۆمانی جانۆسەوە هاتووە کە هێما بووە بۆ دەرگا و دەروازەکان و سەرەتاکانی ئەفسانە بووە.
February: کورتترین مانگی ساڵە، بە مانگی پاککردنەوە لە گوناح دانراوە، ناوی لە وشەی لاتینی februarius یان februare وەرگیراوە، واتە پاککردنەوە، و Februa لای ڕۆمانییەکان خوداوەندی پاککەرەوە بووە.
Mars: مارس خوداوەندی جەنگ بووە، لەم مانگە کەش و هەوا دەگۆڕێت و بەهار دەستپێدەکات، و بەهۆی لەباری کەش و هەواوە جەنگەکان دەستیان پێدەکرد بۆیە ئەو ناوەیان لێنا.
April: لە زمانی لاتینی ئەپرل واتا کرانەوە، لەم مانگەدا گوڵەکان دەکرێنەوە و دارەکان دەپشکن.
May: لە وشەی لاتینی Maius وەرگیراوە کە خوداوەندی زەوی و بەهار بووە.
June: لە وشەی جونیۆس وەرگیراوە کە خوداوەندی هاوسەرگیری بووە.
July: یۆلیۆ ئەم مانگە وەکوو ڕێزلینانێک بۆ یولیوس سیزار، ڕاستکەرەوەی ساڵنامەی ڕۆمانی، کە لەم مانگەدا لەدایکبووە ناونراوە. 
Aughust: ئۆگۆست یان ئۆگۆستۆس بە ناوی ئیمپڕاتۆرییەتی ڕۆمانییەوە ناونراوە.
September: لە زمانی لاتینیدا سێپتەمبەر بە واتای ژمارە حەوت دێت، ئەم مانگە لە ڕۆژژمێرە کۆنە ڕۆمانییەکە حەوتەم مانگ بوو، کاتێک گۆڕانکاری لە ڕۆژژمێرەکە کرا ناوەکەی نەگۆڕدرا.
10ـ October: لە زمانی لاتینیدا وشەی دی ئۆکتۆ بە واتای ژمارە هەشت دێت، ئەم مانگە لە ڕۆژژمێرە کۆنە ڕۆمانییەکە هەشتەم مانگ بوو، کاتێک گۆڕانکاری لە ڕۆژژمێرەکە کرا ناوەکەی نەگۆڕدرا.
11ـ November: لە زمانی لاتینیدا وشەی Novem بە واتای ژمارە نۆ دێت، ئەم مانگە لە ڕۆژژمێرە کۆنە ڕۆمانییەکە نۆیەم مانگ بوو، کاتێک گۆڕانکاری لە ڕۆژژمێرەکە کرا ناوەکەی نەگۆڕدرا. 
12ـ Desember: لە زمانی لاتینیدا وشەی دیسەمبەر بە واتای ژمارە دە دێت، ئەم مانگە لە ڕۆژژمێرە کۆنە ڕۆمانییەکە دەیەمین مانگ بوو، کاتێک گۆڕانکاری لە ڕۆژژمێرەکە کرا ناوەکەی نەگۆڕدرا. 


سەرچاوەکان



3047 بینین