تووشبوونی میکرۆبی مەمک

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-05-11:55:00 - کۆدی بابەت: 7500
تووشبوونی میکرۆبی مەمک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تووشبوونی میکرۆبی مەمک (به ئینگلیزی: mastitis) باوترین جۆری نەخۆشی مەمکە کە زیاتر تووشی خانمانی شیردەر دەبێت، ئەم تووشبوونە کاتێک ڕوودەدات کە بەکتریاکان لە ڕێگەی دەمی منداڵەکەوە دەچنە جۆگەی شیر لە مەمکی دایکەکەدا کە ئەمە دەبێتە هۆی تووشبوونی میکرۆبی و هەوکردنی مەمک، نەخۆشییەکە لە یەک بۆ سێ مانگ دوای منداڵبوون ڕوودەدات، بەڵام دەشکرێت لەو خانمانەشدا ڕووبدات کە تاکوو ئێستا منداڵیان نەبووە یاخود لە تەمەنی نائومێدیدان، هۆکارێکی دیکەی ئەم تووشبوونە جۆرێکی دەگمەنی شێرپەنجەیە کە پێی دەوترێت شێرپەنجەی هەوکردنی مەمک.

نیشانەکان

  • ئازار، سووربوونەوە، بەرزی پلەی گەرمی مەمک.
  • ئاوسان، ئازار لە کاتی دەست لێداندا، ئازاری جەستە، ماندوویەتی، تا و لەرز، ڕەقبوونی مەمک.
  • هەندێک جار دڵتێکچوون و ڕشانەوە.

جۆرەکانی تووشبوونی میکرۆبی مەمک

تووشبوونی سەنتەر و گۆی مەمک

ئەم تووشبوونە کاتێک ڕوودەدات کە جۆگەکانی شیر تووشی هەوکردن ببن و کێمیان تێدا کۆببێتەوە و بئاوسێن، ئەم جۆرە تووشبوونەیان زیاتر لەو خانمانەدا دەبینرێت کە جگەرەکێشن نیشانەکانی بریتیین لە بوونی دەردراوی نائاسایی لە هەردوو مەمکدا.

هەوکردنی گرێی مەمک (گرێی ناشێرپەنجەیی) - Granulomatous Mastitis

ئەم جۆرەشیان کە دەبێتە هۆی ئازاری مەمک و بەڵام گرێی ناشێرپەنجەیین و پاکن کە لە مەمکدا گەشە دەکەن، ئەو کەسانەی کە تووشی ئەم جۆرەیان دەبن دەرمانی دژەبەکتریا سوودێکی وای نابێت بۆیان.

تووشبوونی میکرۆبی لەو ژنانەدا کە شیردەر نین

ئەم جۆرە تووشبوونە زیاتر ئەو ژنانەن کە نەخۆشی شەکرە و ڕۆماتیزم و هەوکردنی جومگەکانیان هەیە و یاخود دەرمانی سترۆیدی بەکاردەهێنن، ئەم جۆرەیان لە زۆربەی کاتەکاندا دەگۆڕێت بۆ کۆبوونەوەی کێم و هەوکردن.

هۆکارەکانی تووشبوون لە ژنانێکدا کە شیردەر نین

تووشبوونی میکرۆبی مەمک بەزۆری لە خانمانی شیردەردا ڕوودەدات،  لەو ژنانەی کە شیردەر نین زۆرجار ئەو ژنانەن کە منداڵیان نەبووە یاخود لە تەمەنی نائومێدیدان، لەم خانمانەدا تووشبوونی میکرۆبی مەمک بە هەوکردنێکی درێژخایەنی جۆگەی شیر ڕوودەدات، گۆڕانکاری هۆڕمۆنەکان گەورەترین هۆکاری ئەم تووشبوونەیە لەو ژنانەدا کە شیردەر نین ئەویش بەهۆی بوونی خانەی مردوو و پاشماوەی پێست کە دەبێتە هۆی گیرانی جۆگەی شیر.

هەوکردنی پێستی مەمک

هەوکردنی پێستی مەمک بۆ نموونە وەک هەوکردنی خانە و شانەکانی پێست ئەو کیسانەن کە لە ڕژێنی بەرهەمهێنانی چەورییەوە دەست دەکەن بە گەشەکردن، ئەو کەسانەی کە مەمکیان گەورەیە یان ئەوانەی کە پێشینەی نەشتەرکاری مەمکیان هەیە یاخود چارەسەر بە تیشک وەردەگرن ئەگەری زیاترە تووشی ئەم جۆرە تووشبوونە میکرۆبییە ببن.

تووشبوونی میکرۆبی مەمک لە ژنانی شیردەردا 

ئەم جۆرەیان باوترین جۆری تووشبوونی میکرۆبی مەمکە و لەو خانمانەدا زیاتر ڕوودەدات کە شیر دەدەن.

هۆکارەکانی تووشبوون لە ژنانی شیردەردا

  • یەکێک لە هۆکارەکان بریتییە لەوەی کە لە ڕێگەی دەمی منداڵەکەوە دەگوازرێتەوە بۆ دایکەکە ئەویش میکرۆبێکە و لە دەمی منداڵەکەدایە و دەگات بە جۆگەی شیری دایکەکە و ڕێگایەک نادۆززێتەوە بۆ هاتنە دەرەوەیی و کۆدەبێتەوە و دەبێتە هۆێ تووشبوونی میکرۆبی.
  • تووشبوونی جۆرێک لە شێرپەنجە بە ناوی شێرپەنجەی هەوکردنی مەمک (بە ئینگلیزی: Inflammatory breast cancer
  • تووشبوونی دایکەکە بە شەکرە یاخود نەخۆشی درێژخایەن وەک ئایدز و یاخود لاوازی کۆئەندامی بەرگری جەستەی.
  • شیر نەدانی تەواو بە منداڵەکە کە دەبێتە هۆی گیرانی جۆگەی شیر.
  • بوونی درز لە گۆی مەمکدا کە ڕێگا خۆشکەرە بۆ چوونە ناوەوەی میکرۆب.

لێکەوتەکانی تووشبوونی میکرۆبی مەمک

کۆبوونەوەی کێم (بە ئینگلیزی: abscess) جۆرێکی تووشبوونی میکرۆبی توندی مەمکە کە ئەگەر بێت و تووشبوونی میکرۆبی بە زووی چارەسەر نەکرێت دوای ئەوە دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەم حاڵەتە کە ئەویش میکرۆبەکان تەشەنە دەسەنن لەناو مەمکدا و کێم دروست دەکەن.

نیشانەکانی کۆبوونەوەی کێم لە مەمکدا

  • گرێیەکی هەستیار بە دەست لێدان لەناو مەمکدا دروست دەبێت کە ئەگەر لە ناوەڕاستی مەمکدا بێت لەوانەیە نەتوانیت هەستی پێ بکەیت.
  • هاتنە دەرەوەی کێم لە گۆی مەمکەوە.
  • تا.
  • لانەچوونی نیشانەکان لەماوەی ٤٨ بۆ ٧٢ کاتژمێردا.

چی کاتێک دەبێت سەردانی پزیشک بکرێت؟

  • ئەگەر هەستت بە گرێکە کرد لەماوەی شیرداندا یان هەر کاتێکی دیکە.
  • هاتنەدەرەوەی دەردراوی نائاسایی لە گۆی مەمکەوە.
  • ئازاری مەمک بە جۆرێک کە کار بکاتە سەر ژیانی ڕۆژانەت.
  • ئازاری درێژخایەن و توند لە مەمکدا.
  • سووربوونەوە.
  • بوونی تاییەک بەرزتر بێت لە ٣٨.٦ پلە.
  • دڵتێکچوون و ڕشانەوە.
  • گێژبوون و بوورانەوە و سەرگێژخواردن.

دیاریکردن

سۆنەرکردن بۆ مەمک چی تووشبوونێکی میکرۆبی سادە بێت و چی بووبێتە هۆی دروستبوونی کێم.

  • وەرگرتنی نموونەیەک لە دەردراوەکانی گۆی مەمکەوە بۆ پشکنین.
  • زۆرینەی کات بەکتریای ستافیلۆکۆکەس ئۆرییەس (بە ئینگلیزی: Staphylococcus aureus) دەبێتە هۆی ئەم تووشبوونەوە و لە ئەنجامدا بە دەرمانی دژەبەکتریا چارەسەر دەکرێت.
  • ئەو خانمانەی کە لەماوەی شیرداندا نین و تووشی ئەم تووشبوونە میکرۆبییە بوون یاخود جەستەیان هیچ وەڵامدانەوەیەکی نییە بۆ دەرمانەکان، لەوانەیە پێویست بکات کە مەمۆگرافی یاخود پشکنینی نموونەیی شانەی جەستە (بە ئینگلیزی: Biopsy)، ئەم پشکنینانە پێویستن چونکە هەندێک جۆری دەگمەنی شێرپەنجەی مەمک دەکرێت ئەم نیشانانەی تووشبوونی میکرۆبی مەمکی هەبێت.

ئایا شیردانی دایکی تووشبوو بە منداڵ ئاساییە؟

هیچ هۆکارێک نییە ڕێگر بێت لەوەی کە شیر نەدەیت بە منداڵەکەت، شیردان لەم کاتەدا سەلامەتە بۆ منداڵەکەو هیچ زیانێکی لێ نادات هەرچەندە دایکەکە لەم کاتەدا کە شیر دەدات بە منداڵەکە ئازارێکی زۆر دەچێژێت بەڵام سوودی هەیە بۆ زوو چاکبوونەوەی چونکە بە هاتنە دەرەوەی شیر لە مەمکەوە ئەم نەخۆشییە وردە وردە نامێنێت.

چارەسەر

چارەسەری پزیشکی

ئەو تووشبوونانەی کە هۆکارەکەیان بەکتریایە دەرمانی دژەبەکتریایان بۆ بەکاردێت و بەنزیکەیی لەماوەی چەند ڕۆژێکدا باش دەبنەوە و نیشانەکانیان نامێنێت و ئەوانەشی کە نیشانەیان زۆرە پزیشک کۆرسی دەرمانیان بۆ دادەنێت پێویستە کۆرسەکە تەواو بکەن، لە حاڵەتێکدا ئەگەر تووشبوونەکە تەشەنەی سەندبێت و بووبێت بە کۆبوونەوەی کێم پزیشک کێمەکە دەردەهێنێت و پاکی دەکاتەوە، لە حاڵەتی دەگمنەنیشدا کە کۆتا ڕێگایە بۆ چارەسەر پزیشک پەنا دەباتە بەر نەشتەرکاری کە تێیدا ئەو جۆگەیەی شیر کە زیانی لێکەوتووە دەردەهێنرێت تاکوو تووشبوونەکە دووبارە سەر هەڵنەداتەوە و بڵاونەبێتەوە.

چارەسەر لە ماڵەوە

  • خواردنەوەی بڕێکی زۆر ئاو و شلەمەنی و پشوودانی بەردەوام، چونکەخواردنەوەی ئاوی زۆر دەبێتە هۆی ئەوەی کە زۆر میز بکەیت و لەو ڕێیەشەوە بەکتریا زیانبەخشەکان کە بوونەتە هۆی نەخۆشییەکە دەکرێنە دەرەوە.
  • لەبەرنەکردنی ستیانی توند کە ئازار و ئاوسانەکە زیاتر بکات.
  • دانانی جەوەنەی گەرم لەسەر مەمکەکە.
  • لەکاتی شیردان بە منداڵەکەت هەموو جارێک بە تەواوی شیری ناو مەمکت خاڵی بکەرەوە و مەهێڵە شیری تێدا بمێنێتەوە تەنانەت ئەگەریش منداڵەکە نەیخواردەوە هەر حاڵی بکە و بیڕژە.
  • دانانی مەمکەکانت لەناو ئاوێکی گەرمدا.
  • بەردەوام مەمکت بە ئاو و سابوون بشۆ تاکوو ئەو میکرۆبانەی دێنە دەرەوە لەناوبچن.

ڕێگریکردن لە تووشبوونی میکرۆبی مەمک

دوای چاکبوونەوەش هەندێک جار ئەگەری ئەوەیە هەیه کە دووبارە تووشی تووشبوونی میکرۆبی مەمک ببیتەوە بۆیە باشترە کە ئەم ڕێنمونیانە جێبەجێ بکرێت:

  • بەردەوام مەمکت بگۆڕە بۆ منداڵەکەت تاکوو کاتی شیر خواردنی هەردووکیان بەتەواوی خاڵی ببنەوە.
  • منداڵەکەت لە شیر مەبڕەوە و بەردەوام شیری پێ بدە.
  • کاتژمێرەکانی نێوان شیردانەکانی منداڵەکە درێژ مەکەوە.
  • پێش شیردان مەمکت بە ئاوی گەرم بشۆ تاکوو وروژمی شیر لە کاتی شیرداندا ئاسانتر ببێت.


سەرچاوەکان



1928 بینین