وشکبوونەوەی زێ

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-01-05-20:45:00 - کۆدی بابەت: 7505
وشکبوونەوەی زێ

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

یەکێکە لە نەخۆشییە باوەکانی تەمەنی نائومێدی و دوای تەمەنی نائومێدی، کە بە چەند هۆکارێکی جیاواز لە چەند تەمەنێکی تریشدا ڕوودەدات لە خانماندا، وشکبوونەوەی زێ کاتێک ڕوودەدات کە دیواری زێ ناسک دەبێت و تووشی هەوکردن دەبێت بەهۆی کەمبوونەوەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین یاخود توشبوون بە کۆمەڵێک نەخۆشی و هەوکردنی ژنانە.
بە شێوەیەکی سروشتی زێ دەردراوێکی ئاوی و لیق دەردەدات کە دەبێتە هۆی شێداریی زێ، ئەم دەردراوە بەشێکی ناسک دروست دەکات لە دیواری زێدا کە بە هاوکاری هۆڕمۆنی ئیسترۆجین هۆکارە بۆ پاراستن و دروستکردنی ئەستووری و هێزی کێشهاتن دروست دەکات، هەروەها شێداری ناوچەی زاوزێی خانمان کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر جووتبوون و نەبوونی ئەو شێدارییە دەبێتە هۆی ئازار و هەستکردن بە نائارامی.

وشکبوونەوەی زێ چۆن ڕوودەدات؟

هۆڕمۆنی ئیسترۆجین کاریگەرییەکی زۆری هەیە بۆ دروستبوونی سوڕی مانگانە و توانای ژنان بۆ دووگیانی و منداڵبوون، فەرمانی گەشەکردنی بەشێک لە جەستەی خانمانە لە تەمەنی هەرزەکاریدا وەک مەمک، ئەم هۆڕمۆنە بە گەورەبوونی تەمەن و ڕۆشتن بەرەو تەمەنی نائومێدی کەم دەکات کە ئەمەش دەتوانێت ببێتە هۆی وشکبوونەوەی زێ، بە وشکبوونەوەی زێش، زێ شێداری لە دەست دەدات و دیوارەکەی ناسک و وشک دەبێتەوە و لە ئەنجامدا تایبەتمەندی کێشهاتنی لەدەست دەدات و ڕەنگی دەگۆڕێت.

هۆکار

تەنها کەمبوونەوەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین هۆکاری وشکبوونەوەی زێ نییە بەڵکوو کۆمەڵێک هۆکاری دیکەش بوونی هەیە وەک:

کۆنیشانەی شۆوگرین (Sjogren's)

جۆرێکە لە خۆییە بەرگرییە نەخۆشییەکان کە دەبێتە هۆی هەوکردنی لیکە ڕژێنەکان و تەقینی فرمێسکە ڕژێن، کە لە کۆتاییدا کار دەکاتە سەر کۆئەندامی زاوزێ و وشکبوونەوەی زێی خانمەکە.

بەکارهێنانی کۆمەڵێک دەرمان

بەکارهێنانی کۆمەڵێک دەرمان دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی زێ، وەک هەندێک دەرمانی دژەهەڵامەت و پەتای وەرزی و دەرمانەکانی دژەخەمۆکی.

دووکەڵ

جگەرەکێشان و نێرگەلەکێشان و نزیکبوونەوە لە هەر دووکەڵێک بۆ خانمان وادەکات کە تەمەنی نائومێدی زووتر ڕووبدات و لە ئەنجامیشدا وشکبوونەوەی زێ ڕووبدات.

فشاری دەروونی

فشاری دەروونی هۆکاری زۆرینەی نەخۆشییەکانە، فشاری دەروونی ئارەزووی سێکسی کەم دەکاتەوە و لە ئەنجامدا وشکبوونەوەی زێ ڕوودەدات.

هۆکارەکانی تر

  • منداڵبوون و شیردان.
  • چارەسەری شێرپەنجە بە چارەسەری کیمیایی و تیشک.
  • لابردنی هێلکەدانەکان.
  • نزیک بوونەوە لە تەمەنی نائومێدی و تەمەنی نائومێدی.
  • ئەنجامدانی کار و وەرزشی قورس.
  • زۆر شۆردنی زێ.
  • لاوازی کۆئەندامی بەرگری جەستە.
  • بەکارهێنانی کۆمەڵێک دەرمانی دژ بە ئیسترۆجین.

نیشانەکان

  • خوران و کزانەوەی زێ.
  • هەوکردنی زێ.
  • بوونی دەردراوی نائاسایی لە زێدا.
  • ئازار و خوێنبەربوون لە کاتی جووتبووندا.
  • زۆر میزکردن.
  • هەستکردن بە برینداربوونی زێ و ئازار.
  • کەمبوونەوەی حەزی سێکسی
  • هەوکردنی کۆئەندامی میز و میزەڕۆ.
  • هەستکردن بە تەسکبوونەوەی زێ.

دیاریکردن

  • پشکنینی میز.
  • پشکنین و بەدواداچوون بۆ هۆڕمۆنەکانەکان.
  • نموونە وەرگرتن لە زێی خانمەکە.

چارەسەر

بەکارهێنانی چەورکەر

یەکەمین ڕێگا چارەسەر بۆ وشکبوونەوەی زێ بەکارهێنانی چەورکەرە کە ئەویش دەبێت پزیشک بینووسێت و ڕۆژانە بەکاربهێنرێت بە تایبەت لە کاتی ئەنجامدانی پەیوەندی سێکسیدا.

ئیسترۆجینی زێ

یەکێک لە کاریگەرترین ڕێگاکانی چارەسەر بەکارهێنانی ئیسترۆجینی زێیە، کە ئەم ڕێگایە یارمەتیدەرە لە کەمبوونەوەی ڕێژەی ئیسترۆجین و ڕێژەکەی زیاد دەکات، لەم ڕێگەیەدا ئیسترۆجین تا ڕادەیەک دەگاتە خوێن و کە بڕێکی زۆر کەمە بەڵام سوودی هەیە و لە سێ ڕێگاوە ئیسەرۆجینەکە وەردەگیرێت:

ئەڵقەی دەزوو

دەزوویەکی زۆر نەرمە و کە بە شێوەیەکی ئەڵقەیی دەخرێتە ناو زێوە و هۆڕمۆنی ئیسترۆجین دەردەداتە ناو خوێن.

حەپی (Vagifem)

ئەم حەپەش دوو جار لە هەفتەیەکدا دەخرێتە ناو زێوە و خانمەکە هەڵیدەگرێت بە خۆی لە ڕێگەی سرنجی تایبەتەوە.

کرێمی ئیسترۆجین

کرێمی ئیسترۆجین بە هەمان شێوە لە ڕێگەی سرنجی تایبەت بە زێوە دەکرێتە ناو زێ هەفتانە.

لێکەوتە خراپەکانی بەکارهێنانی ئەم چارەسەرە چین؟

  • ئازاری مەمک.
  • خوێنبەربوونی زێ.

هەروەها ئەو کەسانەی کە ئەم حاڵەتانەیان هەیە نابێت بەکاری بهێنن:

چارەسەری کاربۆکسی

چارەسەری کاربۆکسی ڕێگایەکە کە تێیدا گازی دوانەئۆکسیدی کاربۆن بەکاردێت کە بۆ چارەسەری زۆرێک لە نەخۆشی بەکاردێت یەکێک لەوانە وشکبوونەوەی زێیە.

چارەسەر بە گازی ئۆزۆن

ڕێگایەکی زۆر کاریگەرە و کەمترین زیان و لێکەوتی خراپی هەیە کە چارەسەری وشکبوونەوەی زێی پێ دەکرێت.

چارەسەر بە لێزەر

لێزەر بۆ چارەسەر و جوانکاری بەکاردێت و یەکێک لە ڕێگاکان بۆ چارەسەری وشکبوونەوەی زێ چارەسەرە بە لێزەر.

جووتبوون

جووتبوون لە کاتی وشکبوونەوەی زێدا قورسە بۆ خانمەکە و ئازاربەخشە بەڵام جووتبوونێکی گونجاوو و بەردەوام دەتوانێت یارمەتیدەر بێت کە شێداری زێ زیاد بکات و دووبارە زێ دەبێتەوە بە ئەندامێکی کێشهاتوو.

ڕێگریکردن لە وشکبوونەوەی زێ

دوورکەوتنەوە لە ماددە پاککەرەوەکان

ئاوی سادە بەسە بۆ پاککردنەوی زێ و پێویست ناکات دەرمانی پاککەرەوە بەکاربهێنیت وەک سابوون و شامپۆ بە بەردەوامی و هەروەها دوورکەویتەوە لە بردنە ناوەوەی ئاو بۆ ناو زێ و پاککردنەوەی چونکە ئەمە زیاتر دەبێتە هۆی وشکبوونەوەی، هەروەها هەرگیز لە کاتی خۆشۆردندا ئەو شامپۆ و سابوونانە بەکارمەهێنە کە بۆنیان زۆر تیژە.

جەستەت بە شێداری بهێڵەوە

زۆر خواردنەوەی ئاو و بە شێداری هێشتنەوەی جەستە وادەکات کە جەستەت بە شێداری بمێنێتەوە و دووربێت لە وشکبوونەوەی ناوچەکانی جەستە بە تایبەت زێ.

نەچوونە ناو ئاوی زۆر گەرم

خۆشۆردن و مەلەکردن لە ئاوی زۆر گەرمدا هۆکارێکە بۆ وشکبوونەوەی زێ باشترە ئاوی شلەتێن یاخود سارد بەکاربهێنرێت.

زیادکردنی وروژاندنی سێکسی

بوونی جووتبوونێک کە سەرەتاکەی بە وروژاندن دەست پێ نەکات هۆکارێکە تاکوو خوێن لە ناوچەی زاوزێدا بەباشی هاتوچۆ نەکات و وشکبوونەوە ڕووبدات.

بەکارنەهێنانی کۆمەڵێک دەرمان

کۆمەڵێک دەرمانی وەک دەرمانەکانی دژەخەمۆکی و دەرمانی دژەهەستیاری هۆکارن بۆ وشکبوونەوەی زێ.

خواردنی چەوری گونجاو و سۆیا

ئۆمێگا-3 و سۆیا و ڕۆنی تۆوی کەتان هۆکارێکن بۆ ڕێگریکردن لە وشکبوونەوەی زێ.

وەرزشی گونجاو

باشترین جۆری وەرزشکردن ئەو جۆرەیە کە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ و بڕی هەناسەدان، ئەنجامدانی وەرزش ڕۆژانە بە شێوەیەکی دروست و گونجاو هۆکارە تاکوو پارێزراوبیت هەروەها دوورکەوتنەوە لە دووکەڵ و ماددە کحولییەکان بەتایبەت نیکۆتین.


سەرچاوەکان



3564 بینین