ڕێتینۆڵ

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-01-17-17:15:00 - کۆدی بابەت: 7620
ڕێتینۆڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێتینۆڵ (بە ئینگلیزی: Retinol) یەکێکە لە باشترین و ناسراوترین پێکهاتەکانی ناو بەرهەمەکانی گرنگیدان بە پێست، ئەو وەشانەی ڕێتینۆڵ کە بەبێ ڕەچەتەی پزیشک بەکاردێت، جۆرێکی دارێژراوی ڤیتامین Aیە، هەروەها بەکاردێت بۆ چارەسەری دەرکەوتەی ناڕوونی پێست و زیپکە.
وەک دەوترێت ڕێتینۆڵ جیاوازە لە ڕێتینۆدەکان چونکە ڕێتینۆدەکان بەهێزترن، بەڵام هەرچۆنێک بێت ڕێتینۆڵ بە بەراورد بە ڕێتین ئەڵدیهاید و چەند داڕێژراوێکی تری ڤیتامین A بەهێزترین وەشانی ئەو دەرمانانەیە کە پێویستیان بە ڕەچەتەی پزیشکی نییە بۆ بەکارهێنان.
ڕێتینۆڵ چەندین سوودی گرنگی هەیە بۆ پاراستنی پێست، بەڵام چەند کاریگەرییەکی لاوەکیشی هەیە کە دەبێت ڕەچاوبکرێن.

چۆنیەتی کارکردن

ڕێتینۆڵ جۆرێکی ڕێتینۆدەکانە کە لە ڤیتامین A یەوە دروست دەکرێت، بە پێچەوانەی زۆربەی بەرهەمەکانی گرنگیدان بە پێست خانە مردووەکانی پێست لانابات، بەڵکوو لەبری ئەوە گەردە بچووکەکانی ناو ڕێتینۆڵ دەچنە قووڵایی چینی ناوەوەی پێست، لەم چینەی پێستدا ڕێتینۆڵ تەنۆلکە سەربەستەکان بێلایەن دەکات، (تەنۆلکە سەربەستەکان تەنۆلکەی ناجێگیرن کە ئۆکسجینیان تێدایە بە ژمارەی تاکی ئەلیکترۆن، ژمارەی تاکی ئەلیکترۆن وا لە ئۆکسجین دەکات بە ئاسانی کارلێک بکات لەگەڵ گەردەکانی تردا، ئەم تەنۆلکانە کاتێک لەلایەن لەشەوە دەردەدرێن کە لەش کاردانەوەی دەبێت بۆ پەستانی ژینگەیی و پەستانەکانی دیکە، تەنۆلکەی سەربەست دەبێتە هۆی ڕوودانی چەند کارلکێکی کیمیاییی لە لەشدا و ئەم کارلێکانە ئەگەری هەیە سوودبەخش یاخود زیانبەخش بن)، بێلایەنکردنی ئەم تەنۆلکە سەربەستانە یارمەتیدەرە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی کۆلاجین و ئیلاستین لە پێستدا، ئەمەش توندی دەدات بە پێست و دەرکەوتنی چرچی و لۆچی و گەورەیی کونیلەکان کەم دەکاتەوە.
لە هەمان کاتدا هەندێک جار ڕێتینۆڵ وەک چارەسەری زیپکە و چاککەرەوەی برین بەکاردێت، زیپکەی زۆر زۆرجار بە وەرگرتنی چارەسەری ڕێتینۆد لەگەڵ چەند دەرمانێکی تردا چارەسەر دەکرێت، کە یارمەتی کەمکردنەوەی هەوکردن و بەکتریا دەدات.
هەروەها ڕێتینۆڵ کاریگەری لابەری پێستی مردووشی هەیە لەسەر پێست، چونکە دەتوانێت دەرکەوتە و یەکڕەنگی پێست باشتر بکات.

چی چارەسەر دەکات؟

ڕێتینۆڵ زۆربەی کات بەکاردێت بۆ چارەسەری ئەم کێشانەی پێست:

  • خەتی ناوچاو و دەوری چاو
  • چرچیی ڕووخسار
  • ئەو پەڵانەی بەهۆی خۆرەوە دروست بوون، یان هەر زیانێکی تر کە بەر پێست کەوتبێت بەهۆی خۆرەوە.
  • ناڕوونی پێست.
  • پەڵەی قاوەیی پێست.

بۆ ئەوەی باشترین ئەنجامی چاوەڕوانکراوی ڕێتینۆڵت دەست بکەوێت هەوڵبدە ڕۆژانە ئەو بەرهەمی گرنگیدان بە پێستە بەکار بهێنیت کە ڕێتینۆڵی تێدایە، بۆ ئەوەی کاریگەریی چاوەڕوانکراو ببینیت دەبێت چەند هەفتەیەک ئارام بگریت و بەردەوام بیت لە بەکارهێنان.

کاریگەرییە لاوەکییەکان

لە کاتێکدا کە ڕێتینۆڵ لەلایەن ڕێکخراوی تایبەت بە خۆراک و دەرمانەوە سەلامەتی پشتڕاست کراوەتەوە، بەڵام ئەمە بە واتای ئەوە نایەت کە کاریگەری لاوەکی نەبێت، بەشێوەیەکی باو ئەو کەسانەی ڕێتینۆڵیان بەکارهێناوە ئەزموونی پێستێکی وشک و کزانەوەی پێستیان کردووە، بە تایبەت لەدوای بەکارهێنانی بەرهەمی نوێ، کاریگەرییە لاوەکییەکانی تر بریتیین لە:

  • سووربوونەوە.
  • خوران.
  • هەڵدانی پێست.

بۆ ئەوەی دووربیت لەم کاریگەرییە لاوەکییانە هەوڵبدە لە سەرەتای بەکارهێنانی ڕێتینۆڵدا شەوی نا شەوێک یان سێ شەو جارێک بەکاری بهێنیت، دوای ڕاهاتنی پێستت لەگەڵی زیادی بکە بۆ هەموو شەوێک.
ئەگەر کزانەوەی پێستت بەردەوام بوو، ئەوا پێویستە لەگەڵ پزیشکێکی بواری پێستدا قسە بکەیت، یان باشترە پێش بەکارهێنانی بەرهەمی تایبەت بە ڕێتینۆڵ پرس بە پزیشکەکەت بکەیت بۆ ئەوەی بزانیت کە ئایا گونجاوە بۆ پێستت یان نا.
کەمتر لە ١٠٪ ئەو کەسانەی کە ڕێتینۆڵیان بەکارهێناوە ئەزموونی کایگەری لاوەکی توندتریان کردووە وەک:

  • زیادکردنی زیپکە.
  • ئەگزیما.
  • بێڕەنگ بوونی پێست.
  • تەنک بوونی پێست و هەستیاربوون بۆ تیشکی UV
  • بڵقی پێست.
  • لیروو.

دەکرێت بەکارهێنانی ڕێتینۆڵ ٣٠ خولەک دوای شۆردنی ڕووخسار کزانەوە کەم بکاتەوە.
مەترسی تووشبوونت بەم کاریگەرییە لاوەکییانە زیاتر دەبێت ئەگەر لە هەمان کاتدا زیاتر لە یەک بەرهەم بەکاربهێنیت کە ڕێتینۆڵی تێدابێت، پێش بەکارهێنان زانیاری سەر بوتڵی بەرهەمەکە بە وریاییەوە بخوێنەوە، بەتایبەت ئەگەر چەند دانەیەک لەو بەرهەمانە بەکادەهێنیت کە لێیان نووسراوە دژەپیربوون یان ڕێگری زیپکە، کە ئەم بەرهەمان ئەگەری بوونی ڕێتینۆڵ تیایاندا زیاترە.
لەبەر هۆکاری تایبەتمەندی هەستیاری بە خۆر، باشترە ڕێتینۆڵ لە شەودا بەکاربێت.

ئەوەی دەبێت ئاگاداری بیت

بەرکەوتنی خۆر دەکرێت هەندێک کاریگەری ڕێتینۆڵی وەک وشکبوونەوەی پێست و کزانەوەی خراپتر بکات، هەروەها دەکرێت مەترسییەکانی تووشبوون بە پەڵە و چرچی تەمەن زیاد بکات لە کاتێکدا ڕێتینۆڵ بەکاردێت بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەترسییانە، بۆ کەمکردنەوەی مەترسی لەم جۆرە، کاتێک پلانت وایە تەواوی ڕۆژەکە لە دەرەوە بیت دژەخۆرێک بەکاربهێنە کە بنچینەکەی کانزابێت.
بەشێوەیەکی گشتی پێشنیازی ئەوە کراوە کە خانمانی دووگیان دووربن لە بەکارهێنانی ڕێتینۆڵ، ئەگەر دەتەوێت ڕێتینۆڵ بەکاربهێنیت و پلانت هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا دووگیان بیت، ئەوا قسە لەگەڵ پزیشکەکەتدا بکە پێش بەکارهێنانی.
بەکارهێنانی ڕێتینۆڵ دەکرێت نەگونجاو بێت بۆ نەخۆشییەکانی پێستی وەک ئەگزیما و ڕۆزەیشە، دووربە لە بەکارهێنانی ڕێتینۆڵ ئەگەر ئەو کێشانەت هەیە یان پێشتر هەتبووە.

کەی دەبێت سەردانی پزیشک بکرێت؟

بەرهەمەکانی ڕێتینۆڵ پێویستیان بە ڕەچەتەی پزیشک نییە بۆ بەکارھێنان، بەڵام لەوانەیە بتەوێت ڕەچاوی ئەوە بکەیت کە قسە لەگەڵ پزیشکێکی پێستدا بکەیت پێش بەکارهێنانی بڕاندی تایبەت، چونکە پزیشک دەتوانێت یارمەتیت بدات بە نرخاندنی کێشە گشتییەکانی پێستت و بەپێی ئەوە پێشنیازی بەرهەمی گونجاوت بۆ بکات.
لەلایەکی دیکەوە ئەگەر بەکارهێنانی دەرمان و بەرهەمەکانی تایبەت بە گرنگیدان بە پێست سوودی نەبوو، دەکرێت پزیشک پێشنیازی بەکارهێنانی ڕەچەتەی ڕێتینۆڵ بکات، لە کاتێکدا کە پێکهاتەکانی ڕەچەتە بەهێزترن و ئەمەش مانای مەترسی زیاتری تووشبوونە بە زیانە لاوەکییەکان، بۆیە پێشنیازی پزیشکەکەت جێبەجێ بکە و هەموو ڕۆژێک دژەخۆر بەکاربهێنە.

دەرکەوتنی ئەنجامی خوازراوی ڕێتینۆڵ چەندی پێدەچێت؟

زۆربەی ئەو بەرهەمانەی ڕێتینۆڵ کە پێویستیان بە ڕەچەتەی پزیشکی نییە پێویستیان بە چەند هەفتەیەک بەکارهێنانی بەردەوامە بۆ دەرکەوتنی ئەنجام.
بە پشت بەستن بە توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٥ دا ئەنجامدراوە، ئەو کەسانەی بۆ ماوەی ١٢ هەفتە و بەشێوەیەکی بەردەوام ڕێتینۆڵیان بەکارهێناوە، بە شێوەیەکی سەرکەوتوو چرچی ڕووخساریان کەمی کردووە.
توێژینەوەیەکی تر کە لە ساڵی ٢٠١٩ ئەنجامدراوە ئەوەی دۆزیوەتەوە کە ئەو کەسانەی بۆ ماوەی ٨ هەفتە ڕێتینۆڵیان بەکارهێناوە چرچی دەوری چاو و ملیان کەمتر بووەتەوە.

سوودەکانی ڕێتینۆڵ چین؟

  • زیپکەی مامناوەند چارەسەر دەکات
  • زیانەکانی تیشکی خۆر لەسەر پێست کەم دەکاتەوە.
  • نیشانەکانی پیربوون کەم دەکاتەوە.
  • دەرکەوتەی گشتی پێست جوان دەکات.

دەکرێت دوای بەکارهێنانی ڕێتینۆڵ شێدارکەرەوە بەکاربێت؟

بەڵێ دەتوانرێت، ئەگەر ڕێتینۆڵ بەکار دەهێنیت دەبێت لە ڕۆتینی شەوانەتدا بێت، بەم شێوەیە:

  • ڕووخسارت بە پاککەرەوەی تایبەت بە ڕووخسار بشۆ.
  • وشکی بکەرەوە.
  • ڕێتینۆڵی لێبدە.
  • چەند خولەکێک بوەستە، پاشان شێدارکەرەوە بەکاربهێنە.

پوختە

ڕێتینۆدەکان بە کاریگەرییەکانیان لەسەر نیشانەکانی پیربوون و زیپکە ناسراون، ڕێتینۆڵ یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی ڕێتینۆدەکان، هەروەها باشترین هەڵبژاردەیە بۆ پێستی زۆربەی کەسەکان.
بەڵام هەرچۆنێک بێت چەند مانگێکی دەوێت بۆ دڵنیابوونەوە لە سوودەکانی و جێگیربوون لەسەر بەکارهێنانی ئەو بەرهەمە.
بیرت بێت پێش بەکارهێنانی هەر بەرهەمێکی تایبەتی ڕێتینۆڵ باشترە پرس بە پزیشکی بواری پێست بکەیت، چونکە دەکرێت ئەوان پێشنیازی باشترینت بۆ بکەن بەتایبەت ئەگەر پزیشکی تایبەت بە خۆت بێت و شارەزای کێشەکانی پێستت بێت.


سەرچاوەکان



991 بینین