شاخی کەی2

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2022-01-28-12:15:00 - کۆدی بابەت: 7724
شاخی کەی2

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

شاخی کەی2 (بە ئینگلیزی: K2)، دووەم بەرزترین شاخی سەر زەوییە لە دوای چیای ئێڤێرێستەوە و8,611 مەتر بەرزە لەسەر ئاستی دەریا، ئەم شاخە دەکەوێتە زنجیرە چیای کاراکۆرامەوە، بەشێکی لە ناوچەی گلگت-بەلتستانە لە کشمیر کە وڵاتی پاکستان بەڕێوەی دەبات و بەشێکیشی لە ناوچەی کشمیری بەڕێوەبەری چینە لە هەرێمی خۆبەڕێوەبەری تاکسکۆرگان تاجیک لە سینکیانگ.

ناوی شاخی کەی2 لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟

کاتێک ئەفسەری بەریتانی تۆماس جۆرج مۆنتگۆمەر لە ساڵی 1856دا بەسەر کێوێکی بچووکی کشمیردا سەرکەوت، دوو لوتکەی دیاری دۆزییەوە کە زیاتر لە 200 کیلۆمەتر لە چیای کاراکۆرامەوە دوورن و ناوی لێنان K1 و K2، کە پیتی "K" هێمایەکە بۆ شاخی کاراکۆرام، کەی‌1 ناوی ناوخۆیی لێ نرایەوە (ماشێربروم)، بەڵام پێدەچێت کەی2 بەهۆی دووری و چەپەکی شاخەکەوە هیچ ناوێکی ناوخۆیی نەبێت.

هەروەها شاخی کەی2 بە شاخی دڕندە ناسراوە، دوای ئەوەی جۆرج بێڵی ئەمریکی ئەم زاراوەی بەکارهێنا و بە پەیامنێرەکانی وت: کەی2 شاخێکی دڕندەیە کە هەوڵ دەدات بتکوژێت، کەی2 کوشندەترین شاخی نێو پێنج بەرزترین شاخەکانی جیهانە، بەنزیکەیی لە هەر چوار کەسێک کە دەگاتە لوتکەی چیاکە، یەکێکیان گیان لەدەست دەدات، نازناوەکانی تری کەی2 بریتین لە (پاشای شاخەکان) و (شاخی شاخەوانان)، هەروەها شاخەوانی ئەفسانەیی ڕا‌ینهۆڵد مێسنەر دوای ئەوەی لە ساڵی 1979دا چوار جار بەسەر لووتکەی شاخی کەی2دا سەرکەوت، کەی2ی بە "شاخی شاخان" وەسفکرد، هەروەها بەردەوام بوو و گووتی ئەم شاخە جوانترینی هەموو لووتکە بەرزەکانە و هونەرمەندێک ئەم شاخەی ئافراندووه.

بۆ یەکەم جار شاخەوانانی ئیتالی (لینۆ لاچیدێلی) و (ئاکیلێ کۆمپانیۆنی) لە ساڵی 1954 بە ڕابەری (ئەردیتۆ دیسیۆ) گەیشتنە لووتکەی شاخەکە، هەروەها هەتا ئەم دوایانەش شاخی کەی2 تاکه شاخ بوو لەنێو ئەو 14 شاخەی کە بەرزییان زیاترە لە هەشت هەزار مەتر و شاخەوانان نەیان دەتوانی بە وەرزی زستاندا بەسەریدا سەربکەون و بگەنە لووتکەکەی، بەڵام لە کانوونی دووەمی 2021، کەی2 بوو بە کۆتا شاخی نێو 14 شاخەکە و لە وەرزی زستاندا شاخەوانان توانیان بگەنە لووتکە و مێژوو تۆماربکەن، ئەم چالاکییە گەورەی شاخەوانی لەلایەن تیمێکی شاخەوانی نیپاڵییەوە ئەنجامدرا کە نیرمال پورجا و مینگما گیالجی شێرپا ڕابەری ئەم تیمەیان کرد.

شاخی کەی2 تاکە لووتکەیە کە بەرزییەکەی زیاتر لە 8000 مەترە و هەرگیز لە ڕووی ڕۆژهەڵاتییەوە هیچ شاخەوانێک بەسەریدا سەرنەکەوتووە، سەرکەوتن و هەڵگەڕان بەسەر چیاکەدا هەمیشە لە مانگەکانی تەمموز و ئابدا ئەنجام دەدرێت، کە زۆربەی کات گەرمترین کاتەکانی ساڵن، ئەو شوێنەی چیاکە کە زیاتر باکوورین و کەشوهەوایان ساردترە وا دەکەن سەرکەوتن بەسەر شاخەکەدا سەختتر بێت، شاخەوانان لە ئێستادا بەنزیکەیی توانیویانه لە هەموو لایەکی شاخەکەوە سەربکەون، هەرچەندە لووتکەی ئێڤێرێست لە بەرزایییەکی بەرزتردایە، بەڵام سەرکەوتن بەسەر کەی2 دا قورستر و مەترسیدارترە، کە بەشێکی بەهۆی توندی کەشوهەواوەیە، هەتا مانگی شوباتی ساڵی 2021، تەنیا 377 کەس بەتەواوی بەسەر شاخەکەدا سەرکەوتوون و گەشتوونەتە لووتکە، هەروەها 91 حاڵەتی مردنیش لەکاتی سەرکەوتن بەسەر شاخەکەدا هەبووە.

ئەو فیلمانەی بە ناوی شاخی کەی2 وەوە دەرکراون

  • K2 (1991)
  • Vertical Limit (2000)
  • K2: Siren of the Himalayas (2012)
  • The Summit (2012)
  • K2: The Impossible Descent (2020)

سێ کارەساتی دڵتەزێن لەم شاخەدا ڕوویدا

  • کارەساتەکەی ساڵی 1986، کە ناخۆشترین وەرزی شاخەوانی سەر چیای کەی2 بوو، لە چەند ڕووداوێکی جیا و لە ماوەی دوو هەفتەدا 13 شاخەوان گیانیان لەدەستدا.
  • کارەساتێک لە 13ی ئابی ساڵی 1995 بەهۆی خراپی کەشوهەوا و ڕەشەبای توندەوە بووە هۆی گیان لەدەستدانی شەش کەس.
  • کارەساتەکەی ساڵی 2008، کە مەرگاویترین‌ ڕۆژی شاخەوانانی کەی2 بوو لە مێژوودا و 11 شاخەوان لە زنجیرە ڕووداوێکدا و لە ئەنجامی هەرەسی بەفر و سەهۆڵی چیاکەوە گیانیان لەدەستدا.

چەند ڕاستییەکی سەرنجڕاکێش دەربارەی شاخی کەی2

  • لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 1986، یەکەم ئافرەت کە شاخەوانێکی پۆڵەندی بوو بە ناوی واندا ڕوتکیڤیچ گەیشتە لووتکەی کەی2، پاشان لە ساڵی 1992 کۆچی دوایی کرد لە هەوڵێکدا بۆ سەرکەوتن بەسەر لووتکەی چیای كانچانجونگا بۆئەوەی ببێت بە یەکەم ئافرەت کە سەرکەوتبێت بەسەر هەر 14 شاخەکەدا کە بەرزیایان لە 8000 مەتر زیاترە، لە تشرینی یەکەمی 2019دا لە گوگڵ دوودڵدا هێڵکاری وێنەکەی بڵاوکرایەوە.
  • لە ساڵی 2004دا، شاخەوانێکی ئیسپانی 65 ساڵ بە ناوی کارلۆس سۆریا بوو بە بەتەمەنترین کەس کە گەشتە لووتکەی شاخی کەی2.
  • هەروەها شاخی کەی2 ئەندامی حەوت لووتکە دووەمەکانە، کە دووەم بەرزترین شاخەکانی هەر کیشوەرێکن، هەروەها بە شێوەیەکی گشتی دان بەوەدا نراوە کە سەرکەوتن بەسەر دووەم بەرزترین لووتکەی هەر کیشوەرێدا سەختتره وەک لە بەرزترین لووتکە.
  • 611 مەترەکەی کۆتایی شاخی کەی2 بە "ناوچەی مەرگ" ناسراوە، لە سەرووی 8000 مەترەوە پەستانی هەوا نزم دەبێتەوە و ئۆکسجین کەم دەکات و بەشی پێویستی مرۆڤەکان ناکات بۆیە شاخەوانەکان بەبێ ئۆکسجینی سەربار ناتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر لەوێدا بمێننەوە.
  • لووتکەی کەی2 دەکەوێتە سەر سنووری نێوان چین و پاکستان، پاکستان دەکەوێتە بەشی باشوورییەوە و چینیش لە بەشی باکوور.
  • یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین ڕاستییەکان دەربارەی شاخی کەی2 ئەوەیە کە بە تەنیشت پێنج لە 17 بەرزترین شاخەکانی جیهانەوەیە.
  • شاخی کەی2 یەکێکە لەو 14 شاخەی کە بەرزییان زیاترە لە هەشت هەزار مەتر، ئەم 14 شاخە تاکە شاخن لە جیهاندا کە بەرزییان زیاترە لە هەشت هەزار مەتر (26,247 پێ).


سەرچاوەکان



427 بینین