دوورگە

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-03-22-20:55:00 - کۆدی بابەت: 8031
دوورگە

ناوه‌ڕۆك

دوورگە چییە؟

دوورگە (بە ئینگلیزی: island، بە عەرەبی: جزيرة)، پارچە ژینگەیەکی جیاکراوەیە کە بە ژینگەیەکی جیاواز دەورەدراوە، وەکوو ئاو. یان دەتواندرێت دوورگە بە "تەنێکی وشکانی دەورەدراو بە ئاو" پێناسە بکرێت. کیشوەرەکانیش بە ئاو دەورەدراون بەڵام لەبەر ئەوەی زۆر گەورەن بە دوورگە دانانرێن، ژمارەی دوورگەکانی ناو زەریا و دەریاچه و ڕووبارەکانی جیهان لە ژمارە نایەت، هەروەها دوورگەکان لەڕووی ڕووبەر و کەشوهەوا و ئەو جۆرە بوونەوەرانەی کە لێی نیشتەجێن جیاوازن.

زۆربەی دوورگەکان زۆر بچووکن و ڕووبەری کەمتر لە نیو هێکتار داگیر دەکەن. ئەم جۆرە دوورگانە پێیان دەگووترێت دوورگۆكە، لە هەمان کاتدا دوورگەمان هەیە زۆر گەورەیە، بۆ نموونە دوورگەی گرینلاند ڕووبەری 2,166,000 کیلۆمەتر دووجا داگیر دەکات. هەروەها کۆمەڵە دوورگەیەک کە بە شێوەیەکی جوگرافیایی یان جیۆلۆجی پێکەوە بەستراون بە ئەرخەبیل یان گەلەدوورگە ناو دەبرێت.

زۆربەی دوورگەکان زیاتر لە پارچە زەوییەکی بچووکن کە بەرد و چەند ڕووەکێکی کەم یان ئاژەڵی لێ نیشتەجێیە. لە هەمان کاتدا دوورگە هەیە لەنێو قەرەباڵغترین شوێنەکانی جیهاندایە، تۆکیۆ بە نموونە وەر دەگرین، کە یەکێکە لە گەورەترین شارەکانی جیهان و لەسەر دوورگەی (هۆنشو)ە لە وڵاتی ژاپۆن.

دوورگەکان بۆ ماوەی چەند سەدەیەک شوێنی ڕاگرتنی کەشتییەکان بوون، زۆربەی دوورگەکان بەهۆی لاپەڕییانەوە نیشتیمانی هەندێک لە نا ئاساییترین و سەرنجڕاکێشترین گیانەوەرە کێوییەکانی جیهان بوون.

دوورگەکان لەڕووی پێکهاتنەوە

شەش جۆری سەرەکی دوورگەمان هەیە ئەوانیش بریتین لە: دوورگەی کیشوەری، دوورگەی کشاوی یان تایداڵ، دوورگەی بەربەند، دوورگەی ئۆقیانووسی، دوورگەی کۆڕاڵ یان شیلانی و دوورگەی دەستکرد.

نزیکەی هەموو دوورگەکانی سەر زەوی سروشتین و بەهۆی هێزە تێکتۆنیکەکان یان هەڵچوونی گڕکانەکانەوە دروست بوون، لە کاتێکدا دوورگەی دەستکردیش بوونی هەیە و لەلایەن مرۆڤەکانەوە بە بەکارهێنانی کەرەستەی سروشتی دروست کراون.

زاناکان دەڵێن ملیۆنان ساڵ پێش ئێستا، تەنها یەک کیشوەری گەورە هەبوو، ئەم گەورەکیشوەرە پێی دەگووترێت (Pangaea)، لە ئەنجامدا، جووڵە هێواشەکانی توێکڵی زەوی گەورەکیشوەرەکەی شکاند بۆ چەند پارچەیەک، دوای ڕوودانی تێکشکاندنەکە، هەندێک پارچە زەوی گەورە دوولەت بوون. ئەم پارچە زەوییانە بوون بە دوورگەکان، نموونەی ئەم جۆرە دوورگە کیشوەرییە دوورگەی گرینلاندە.

هەندێک لە دوورگە کیشوەرییەکان بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ئاستی دەریاوە دروست بوون، لە ماوەی چاخی سەهۆڵییدا، نزیکەی 18,000 ساڵ پێش ئێستا، سەهۆڵ بەشێکی زۆری زەوی داپۆشیبوو و ئاستی دەریا لەوەی ئەمڕۆ‌‌‌ زۆر کەمتر بوو. کاتێک سەهۆڵەکان دەستیان بە توانەوە کرد، ئاستی دەریا بەرز بوویەوە. بەمەش ئاوی زەریاکە چەندین ناوچەی نزمی داگیرکرد و دوورگەکانی وەکوو دوورگە بچووکەکانی بەریتانیای دروست کرد کە بەشێک بوون لە خاکی سەرەکی ئەورووپا.

هەندێک لە دوورگە بەربەندەکان کاتێک پێکدێن کە تەوژمەکانی زەریا بڕێکی زۆر لم لەسەر ئاوەکە کۆ دەکەنەوە کە هاوتەریبە لەگەڵ هێڵە کەنارییەکان، لە ئەنجامدا ئەو بڕە زۆرە لمە لەسەر ئاوەکە وەکوو دوورگەیەک بەرز دەبێتەوە. هەروەها هەمان ئەو تەوژمانەی کە ئەم دوورگە بەربەندانەیان پێکهێناوە دەتوانن دوورگەکە تێکوپێک بدەن.

دوورگە ئۆقیانووسییەکان کە بە دوورگەی گڕکانیش ناسراون، بەهۆی تەقینەوەی بورکانەکان لە بنکی زەریاکاندا دروست دەبن. گرنگ نییە بەرزیی ئەم جۆرە دوورگانە چەندە، بەڵام بە دوورگەی بەرزەکان ناسراون، لە کاتێکدا دوورگەکانی کیشوەری و شیلانی یان کۆراڵ، کە ڕەنگە سەدان مەتر بەرزتر بن لە دوورگە بەرزەکان، پێیان دەگووترێت دوورگە نزمەکان.

پەیوەندی نێوان دوورگەکان و مرۆڤەکان

لە مێژووی مرۆڤایەتیدا سەرەتای دۆزینەوە و جێگیربوونی مرۆڤەکان لە دوورگە دوورەکاندا یەکێکە لە جوانترین چیرۆکەکان، لە ساڵی 1500کاندا و کاتێک ئەورووپییەکان بە دوورگەکانی زەریای هێمندا دەگەڕان و لێکۆڵینەوەیان دەکرد، بینیان خەڵکانێک لەوێ نیشتەجێن، لە ئێستادا بەم خەڵکانە دەگوترێت (خەڵکی پۆلینیزیا)، زۆربەی زانایان دەڵێن کە گوایە ڕەچەڵەکی ئەم دوورگەنشینانەی زەریای هێمن لە بنەڕەتتدا دەگەڕێتەوە بۆ باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، بەڵام زانای بەناوبانگ (ثۆر هایەرداڵ) پێی وابوو، پۆلینیزیاییەکان لە کەنارەکانی ڕۆژئاوای ئەمریکای باکوور و باشوورەوە کۆچیان کردووە بۆ دوورگەکانی زەریای هێمن.

نزیکەی سێ بۆ چوار هەزار ساڵ پێش ئێستا، گروپێک لە پۆلینیزیاییە کۆنەکان بە بەلەمێکی دەریاڕەوی گەورە دەستیان کرد بە گەشتێکی دەریایی هەزار کیلۆمەتری، بەبێ بەکارهێنانی پڕگال و نەخشەکان، ژمارەیەک دوورگەیان دۆزییەوە کە خۆشیان نەیانەزانی بوونیان هەیە. بەناوبانگترین گەشتی لێکۆڵینەوەییان بەرەو ڕۆژهەڵات بوو، هەتا دوورگەکانی هاوایی و دوورگەی ئیستەر.

شوێنەوارناسان لێکۆڵینەوە لە کولتووری پۆلینیزیاییەکان دەکەن و دەڵێن خەڵکی زەریای هێمن دەریاوانی نایاب بوون و بە بەکارهێنانی ئەستێرەکان ڕێدۆزیان کردووە، هەروەها پۆلینیزیاییە کۆنەکان دەیانزانی چۆن لێکدانەوە بۆ با و شەپۆلەکانی زەریاکە بکەن. هەندێک لە گەشتە دەریاییەکانیان بەڕێکەوت بووە و کاتێک ڕەشەبا هەڵی دەکرد بەلەمەکان بەرەو دوورگە نزیکەکان دەڕۆشتن نەک بەو ئاڕاستەی کە خۆیان دەیانویست، لە کاتێکدا گەشتەکانی تریان بە مەبەست بووە.

ئەورووپییەکان لە ساڵی 1500کاندا دوورگەکانیان داگیرکرد و هەندێک جار دەبوونە هۆی زیان گەیاندن بە دوورگەنشینەکان، لەوانە گواستنەوەی نەخۆشییە لەنێوبەرەکان بۆ دانیشتوانی دوورگەکە کە هیچ بەرگرییەکیان بەرامبەر نەخۆشییەکان نەبوو، هەروەها ژمارەیەکی زۆر دوورگەنشین بەهۆی ئـەم نەخۆشییانەوە گیانیان لەدەستدا، وەکوو سوورێژە.

هەروەها ئەورووپییەکان بە کەشتییەکانیان چەندن جۆر ئاژەڵیان هێنایە دوورگەکەوە، لەوانە پشیلە، سەگ، مشک، مار و بزن. ئەم جۆرە زیندەوەرە پەلاماردانە چەندین ڕووەک و ئاژەڵی ڕەسەنی ناوچەکەیان دەکرد بە نێچیر. لەگەڵ ئەوەشدا چەندین جۆری ژینگەییان گرت و هاوسەنگی ژینگەیی سروشتی دوورگەکەیان تێکدا. ئەو جۆرە مەیموونەی کە پێی دەگوترێت مەیموونی جامائیکایی لە بنەڕەتدا کاریبییە، بەڵام پاش ئەوەی ئەورووپییەکان ناوچەکەیان داگیر کرد قڕیان تێ کەوت و لەناوچوون.

گرنگی دوورگەکان

دوورگەکان لە کاتەکانی زووەوە گرنگی خۆیانیان هەبووە، لەوانە ڕاگرتنی کەشتییەکان و شوێنی پشوودانی دەستە و گروپەکان، پاشان دوورگەکان بوون بە بەشێک لە ڕێگاکانی بازرگانی ئۆقیانووس و بەشە دوورەکانی جیهانی پێکەوە بەستەوە، هەروەها دوورگەکان گرنگی تایبەتی بۆ چەتەکانی دەریا هەبووە، وەکوو بنکەی چەتەکان بەکار دەهێنران، لە ئێستادا، ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری جیهاندا لە دوورگەکاندا دەژین، تەنانەت هەندێک کەس خاوەنی دوورگەن، دوورگەکانیش وەکوو هەر زەوییەکی تر کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت و بەردەستن.

گیانەوەرە کێوییەکانی دوورگەکان

ئەو جۆرە زیندەوەرانەی کە لەسەر و دەوروبەری دوورگەیەک دەژین پشت بەوە دەبەستن کە چۆن ئەو دوورگەیە دروست بووە و کەوتۆتە چی شوێنێکەوە. پێ دەچێت ڕووەک و ئاژەڵانی دوورگە ئۆقیانوسییەکان و دوورگەی کۆڕاڵ لە شوێنە دوورەکانەوە و لەڕێگەی ئاوەوە هاتبێتنە دوورگەکانەوە، هەندێک لە تۆوی ڕووەکەکان لەڕێی زەریاوە دەگەنە دوورگەکانەوە، هەندێکی تریان لە‌ ڕێگەی باوە دێن، لە کاتێکدا هەندێکی تریان لە ڕێگەی باڵندەکانەوە دەگوازرێنەوە بۆ ناوچەکە و لە دوورگەکاندا دەڕوێن، باڵندەکان، مێرووله فڕیووەکان و شەمشەمەکوێرەکان هەموویان لە ڕێگەی هەواوە دەگەنە دوورگەکان، زۆریان بەهۆی هەڵکردنی ڕەشەباوە لە ناوچە دوورەکانەوە دێنە دوورگەکانەوە.

لەوانەیە گەشتنی گیانەوەرەکانی تر بە دوورگەکان بەهۆی تۆپەڵە ڕووەکێکی سەرئاوکەوتوو، لقەکان و خۆڵەوە بێت کە هەندێک جار درەختیشیان بەسەرەوەیە. کە پێی دەگووترێت دوورگەی سەرئاوکەوتوو، ئەم دوورگانە زۆرجار بەهۆی دابڕانیان لە کەنارەکان، ڕەشەبا، تەقینەوەی گڕکانەکان، بوومەلەرزە و لافاوەوە دروست دەبن.

دوورگە سەرئاوکەوتووەکان دەتوانن بە سەدان کیلۆمەتر ئاژەڵانی بچووک هەڵبگرن بۆ نیشتیمانە نوێیەکانیان لەسەر دوورگەکان. لق یان گەڵای درەختەکان پەناگەی مارەکان، کیسەڵەکان، مێرووەکان و ئاژەڵە قرتێنەرەکانن. باشترین گیانەوەری گەشتیاریی دوورگەکان شەوگەردەکانن کە دەتوانن تەنیا بە کەمێک ئاوی شیرین زیاتر لە ناوچەکەدا بمێننەوە و بەردەوامی بە ژیانیان بدەن.

بەهۆی نەبوونی ئاژەڵە دڕندەکانەوە هەندێک لە گیانەوەرەکانی سەر دوورگەکان قەبارەیان زۆر زیاد دەکات، بەم جۆرە گیانەوەرانەش دەگووترێت ئاژەڵە کەتەکانی دوورگە. بۆ نموونە، کیسەڵە کەتەکانی دوورگەی گالاپاگۆس بەدرێژایی ملیۆنەها ساڵ و لە باوباپیرانی بچووکترەوە گەشەیان کردووە. لە ئەنجامدا قەبارەی جەستەیان زۆر زیادی کرد، چونکە پێشبڕکێکارێکی کەم هەبوو بۆ ئەو ڕووەکانەی کیسەڵەکان دەیانخوارد. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە ڕووەکەکانیش وردە وردە گەورەتر دەبوون بەهۆی کەمی مێرووەکانەوە کە گوڵی ڕووەکەکانیان دەخوارد. هەروەها پێ دەچێت نیشتەجێبوانی ئەم دوورگە دوورەدەستانە بەهۆی بچووکی شوێن و نێچیرەوە لەڕووی قەبارەوە بچووکتر ببنەوە لە ئاستی ئاسایی خۆیان.

لەوانەیە لاپەڕیی زۆربەی دوورگاکان هەندێک لە ئاژەڵانی دوورگەکان لە ئاژەڵە دڕندەکانی سەر وشکانی بپارێزێت. هەندێک لەو جۆرە ئاژەڵانەی کە لە تەواوی جیهاندا نەماون و قڕیان تێکەوتووە هێشتا لەسەر دوورگەکان بەردەوامی بە ژیانیان دەدەن.

کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دوورگەکان

گۆڕانی کەشوهەوا دەتوانێت هەڕەشە بێت بۆ سەر دوورگەکان. گەرمبوونی زەوی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا، لە کاتێکدا بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەبێتە هۆی لەناوچوونی شیلانەکانی دوورگەی شیلانەی کە زۆربەی دوورگەکەی پێکهێناوە. زانایان پێیان وایە بەرزبوونەوەی ئاستی دەریا مەترسییەکی زۆری لەسەر لەناوبردنی دوورگەکان هەیە کە بەهۆی تسونامی، لافاو و گەردەلوولی خولگەییەوە ڕوو دەدات.

هەروەها گۆڕانی کەشوهەوا دەتوانێت سەرچاوە ئابوورییەکانی دوورگەکە بخاتە مەترسییەوە، گەشتیاری بازرگانییەکی گرنگی زۆربەی نەتەوەکانە، دوورگەنشینان بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان پشت بە داهاتی گەشتیاری دەبەستن، بە گۆڕانی کوالێتی ئاوەکەی، سیستمی ژینگەیی گردی دەریایی شیلانی و نەمانی ڕەنگە گەشەکەی و سپیبوونەوەی شیلانەکان ژمارەی گەشتیاران بۆ ناوچەکە کەم دەکات و بژێوی ژیانی دوورگەنشینان وێران دەبێت.

لە ئێستادا دوورگەکان بەهایان لای خەڵکی هەیە، چونکە نیشتیمانی ئاژەڵە کێوییە دەگمەن و هەڕەشەلەسەرەکانن. زۆربەی ئەو دوورگانەی کە خەڵکی بە ڕاوکردنی ئاژەڵە ڕەسەنەکانیان یان تێکدانی شوێنی نیشتەجێ بوونیان وێرانیان کردووە ئێستا وەکوو پارکی نەتەوەیی و پەناگاکانی ئاژەڵە کێوییەکان ماونەتەوە.


سەرچاوەکان



1007 بینین