تەکەڵی گڕکانی

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-04-16-22:30:00 - کۆدی بابەت: 8278
تەکەڵی گڕکانی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تەکەڵی گڕکانی (بە ئینگلیزی: Vog) جۆرێکی پیسبوونی هەوایە کاتێک دوانەئۆکسیدی گۆگرد، گاز و تەنۆلکە هەڵواسراوەکانی تر کە لەلایەن گڕکانێکی هەڵچووەوە دەردەدرێن و بە بوونی تیشکی خۆر کارلێک لەگەڵ ئۆکسجین و شێی هەوا دەکەن، دروست دەبێت. وشەی (vog)ـی ئینگلیزی لە هەردوو وشەی تەکەڵ (smog) و گڕکان (volcanic) وەرگیراوە، بەکارهێنانی وشەکە لە دوورگەکانی هاوای لە ئەمریکا زۆر باوە کە گڕکانی کیلاوێیا لە دوورگەی هاوای لە نێوان ساڵانی ١٩٨٣ تاوەکوو ٢٠١٨ بەبەردەوامی هەڵدەچوو، بەگوێرەی پێوانەکانی ساڵی ٢٠٠٨ گڕکانی کیلاوێیا ڕۆژانە ٣٠٠٠ بۆ ٤٠٠٠ تەن لە دوانەئۆکسیدی گۆگرد دەردەدات.

چۆنیەتی دروستبوون

کاتێک گڕکانێک هەڵدەچێت گڕتاوەکەی سووتوو دروست دەکات و ئەم سوتووە دەتوانێت چەندەها کیلۆمەتر بەهەوادا بڵاو ببێتەوە، هەروەها چەند گازێک لەلایەن گڕکانەکەوە دەردەدرێن بەتایبەتی ئۆکسیدەکانی گۆگرد کە بە هەبوونی تیشکی خۆر لەگەڵ ئۆکسجین و شێی هەوا کارلێک دەکەن و لە ئەنجامدا ترشی گۆگردیک و گۆگرداتەکانی تر دروست دەبن، تەکەڵی گڕکانی تێکەڵەیەکە لە گاز و ئەیرۆسۆڵەکانی بەرگەهەوا (تەنۆلکە هەڵواسراوەکانی ناو هەوا)  کە وا دەکات لێکۆڵینەوە لێیان زەحمەت بێت. تەکەڵی گڕکانی لە هەر یەکێک لە پێکهاتەکانی بە تەنیا زۆر زیانبەخشترە.

مەترسییەکان

زۆربەی توێژینەوەکان لەسەر تەکەڵی گڕکانی لەو ناوچانە بوون کە تەکەڵی گڕکانی بە سروشتی بوونی هەیە، تەکەڵی گڕکانی ئەو ماددە کیمیایییانەی تێدایە کە بۆ ژینگە و ڕووەکەکان، مرۆڤ و گیانەوەرانی تر زیانبەخشن. زۆربەی تەنۆلکە هەڵواسراوەکانی ناو هەواکە ترشن و قەبارەکەیان جۆرێک بچووکە کە دەتوانن لەناو سییەکاندا بمێننەوە و زیان بە فرمانەکانی بگەیەنن، سەرئێشە، فرمێسکی چاو، قوڕگ ئێشە، کێشە لە هەناسەدان و شەکەتی تێبینی کراون بەتایبەتیش لە منداڵان و ئەو کەسانەی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەیان هەیە. هەروەها تەکەڵی گڕکانی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ڕوونبینی و کێشە لە ڕێگەکاندا. تا ئێستا زیان و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی تەکەڵی گڕکانی نەزانراون.


سەرچاوەکان



685 بینین