ئۆپەراسیۆنی چڕنووک قوفڵ

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-04-21-07:44:00 - کۆدی بابەت: 8339
ئۆپەراسیۆنی چڕنووک قوفڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئۆپەراسیۆنی چڕنووک قوفڵ، چڕنووکی قوفڵکردن یان شەڕی تورکیا و پەکەکە لە نیسانی ٢٠٢٢ (بە ئینگلیزی: Operation Claw-Lock، بە عەرەبی: عملية قفل المخلب) هێرشێکی ئاسمانی و زەمینی هێزە چەکدارەکانی تورکیایە بۆ سەر هەرێمی کوردستان و چیای گارە دژی ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان و بنکەکانیان لەو ناوچانە. ڕۆژی ٢٠٢٢/٤/١٨ خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی لە ڕێگەی وشکانی و ئاسمانییەوە ئۆپەراسۆسیۆنی "کلیل چنگ" یان "چڕنووک-قوفڵ"ـی بۆ سەر ئامانجەکانی پەکەکە لە ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤەشین- باسیان دەستی پێکردووە. هەروەها هێزەکانیان پێگەکانی پەکەکەیان لە ناوچەکانی مەتینا، زاپ و ئاڤاشین-باسیان کردووەتە ئامانج، کە ژمارەیەک حەشارگە، ئەشکەوت، تونێل، کۆگای جبەخانەی پەکەکەیان تێدا بووە. 

هێرشەکە ڕووبەری ٧,٠٠٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە لەخۆی دەگرێت و بە قووڵی ٢٥ بۆ ٣٠ کیلۆمەتر دەڕواتە نێو خاکی هەرێم. لە یەکەم هێرشدا هێزی کۆماندۆ بە پاڵپشتی ھێلیکۆپتەرەکانی جۆری "ATAK"، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی چەکھەڵگر چوونە ناوچەکە.

پاشخان

تورکیا چەندین جار لە ساڵانی پێشووتردا هێرشی ئاسمانی و زەمینیشی کردبووە سەر ناوچەکانی هەرێم و ئەو ناوچانەی پارتی کرێکاران تێیدا باڵادەستە. ئەم ئۆپەراسیۆنەش لەدوای ئۆپەراسیۆنەکانی "چنگی پڵنگ" و "چنگی هەڵۆ" دێت کە لە ساڵی ٢٠٢٠ تورکیا لە هەرێم ئەنجامی دان.

ڕۆژی یەکشەممە، 17ـی نیسانی 2022، ڕەفعەت ساڵح، موختاری گوندی راڤینا لە ناوچەی بەرواری باڵا وتی کە ناوچەکە تۆپباران کراوەە و گوللە تۆپەکان لە هەردوو بەشی سەرەوە و خوارەوەی گوندەکە کەوتوونەتە خوارەوە، نزیکەی کیلۆمەترێک نزیکبووە لە ماڵەکانی نێو گوندەکە، بەڵام زیانی گیانی نەبووە. هەر لەو ماوەیەدا هەشت جار چیای کورەژار لە سنووری ناحیەی شیلادزێ و گەلی رەشاڤە لە سنووری ناحیەی دێرەلووک بۆردمانکران و خانوویەک لە شیلادزێ زیانی بەرکەوت. کە هێرشە ئاسمانییەکان پێش سێ هەفتە دەستی پێکردبوو.

لە ساڵی 1991 تاوەکو ساڵی 2022 لە سنووری پارێزگای دهۆک کە شوێنی یەکەمی هێرشەکان بوو 380 گوند بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکە چۆڵکراون. ٣٤ کەسی سڤیلیش گیانیان لەدەستداوە. پەکەکە تاوەکوو ساڵی ٢٠٢١ دەسەڵاتی بەسەر ٨٠٠ گونددا هەبووە.

جەنگ

ڕۆژی ١٨ـی مانگ لەگەڵ دەستپێکی دابەزاندنی سەربازانی هێزی کۆماندۆی تایبەتی تورکیا بۆ ناوچە دیاریکراوەکان شەڕ دەستی پێکرد. هەمان ڕۆژ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە وتیان لە ناوچەکانی ئاڤاشین و زاپ 28 سەربازی تورکیا کوژراون و نۆی دیکەش بریندارن. هەروەها دوو هەلیکۆپتەریشیان پێکاوە. ئەمەش دوای ئەوەی لە ٤:٢٠ خولەکی بەرەبەیانەوە هێزەکانی لە چیای وەرخەلێ چڕکردبوویەوە.

لە دوای خوانی ئێوارە و بانگهێشتکردنی باڵیۆزی وڵاتان بۆ خوانەکە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا لە وتارێکدا وتی: لە پاککردنەوەی سووریا و باکووری عێراق لە تیرۆر بێ سڵکردنەوە، هەنگاو دەنێین. هەتا ئەو کاتەی تیرۆر هەڕەشە بێت لەسەر وڵات و ناوچەکەمان و جیهان، بەردەوامدەبین لە هەنگاوەکانمان. بەرەنگاری هەموو ڕێکخراوەکانی تیرۆرستی دەبینەوە. بۆ ئەمەش یارمەتییەکی زۆری دۆستەکانمان دەوێت.

بەرەبەیانی سێشەممە 19ی نیسانی 2022، ئەفسەرێکی سوپای تورکیا بە ناوی عومەر دەلیباش بە پلەی جێداری یەکەم، کە ڕۆژی 18ی نیسان بریندار ببوو، درەنگانی شەوی سێشەممە گیانی لەدەستدا.

ڕۆژی ٢٠ـی نیسانی ٢٠٢٢، هەریەک لە چیای گامێرک و چیای زەردک، ناوچەکانی گەلی فەقیر، چەلێ، کورێ زێڕ، سەری ریتیا، ناوچەکانی نێروە و رێکان و چەند گوندێکی دەڤەری بەرواری باڵا لەلایەن فڕۆکەکانی تورکیاوە بۆردمان کران. بەپێی ئامارەکانی تورکیاش ٢٦ گەریلای پەکەکە کوژراون.

کاردانەوەکان

د.عەلی تەمیمی شارەزا لە بواری یاسا: "تورکیا بە هێرشەکانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان یاسای نێودەوڵەتی پێشێل دەکات، ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتی تورکیا پێچەوانەی مادەکانی (1 و 2 و 3)ی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە هەموو وڵاتانی پابەند کردووە رێز لەسەروەری وڵاتانی تر بگرن".

عەمار حەکیم: لەشکرکێشیی تورکیا بۆ سەر هەرێمى کوردستان قبوڵکراو نییە، داوا لە وڵاتانى دراوسێ دەکەین ڕێز لە سەروەریى عێراق بگرن و لە ناو خاکەکەى ئۆپەراسیۆنى سەربازیى نەکەن.

موقتەدا سەدر: تورکیای دراوسێ بەبێ پاساو بۆردمانی خاکی عێراق دەکات و ئەو مافەشی نییە. ئەگەر مەترسییەک هەبێت لەنێو خاکی عێراقەوە بۆ سەر تورکیا، دەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حکومەتی عێراق کۆتایی پێبهێنرێت، هێزە ئاسایشییەکانی عێراقیش توانای کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانیان هەیە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق: حکومەتی عێراق ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی هێزەکانی تورکیا و بۆردمانکردنی خاکی عێراق لە ناوچەکانی مەتین، زاپ و ئاڤاشین لە باکووری عێراق، لە رێگەی هەلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بە توندی سەرکۆنە دەکەین. ئەنجامدانی ئەم ئۆپەراسیۆنە پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە و پێچەوانەی یاسا نێودەوڵەتییەکانە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات ڕێکدەخات. عێراق ڕەتیدەکاتەوە خاکەکەی ببێتە مەیدانێک بۆ ململانێ و یەکلاکردنەوەی کێشە دەرەکییەکان.

حەیدەر عەبادی: بەردەوام پێشێلکردنی سەرەوەیی عێراق لەلایەن تورکیاوە کارێکی مەترسیدارە و پەیوەندییەکانی هەردوولا بەرەو ئاقاری نادیار دەبات، ئێمە لەو بێدەنگییە سەیرەی لەسەر ئەو پێشێلکارییانە هەیە سەرمان سڕماوە. ئەو بێدەنگییە هەڵوێستگەلێکن پرسیار دەوروژێنن لەبارەی بەرپرسیارێتیی دەوڵەت و هێزە سیاسییەکان بۆ پاراستنی وڵات و سەرەوەرییەکەی، داوا دەکەین تورکیا بە مافی دراوسێیەتی و وڵاتانی دیکەش چاو بە سیاسەتەکانییان بەرامبەر بە عێراقدا بخشێننەوە.

دوران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە: ئەگەر عێراق و هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی هێرش بکەنە سەر هێزەکانیان، ئەوا شەڕەکە فراوانتر دەبێت و باشووری کوردستانیش دەگرێتەوە. زوڵم و زۆرداری حکوومەتەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گەیشتووەتە لوتکە، شەڕ و خۆڕاگری گەریلاکانمان ئاڕاستەی دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپەی بەرەو داڕمان خێراتر کردووە. ئەم شەڕە تەنیا سنووردار نابێت بە ناوچەکانی پاراستنی میدیا، شەڕ لە باکووری کوردستان دەبێت لە تورکیا دەبێت. شەڕ دەگوازرێتەوە بۆ تورکیا و لە گەورە شارەکاندا شەڕێکی کاریگەرتر بەڕێوەدەبەین.

بەڕێوەبەری شوێنەواری پارێزگای دهۆک: بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە 79 شوێنەوار لە سنووری پاریزگای دهۆک لەژێر هەڕەشەی تێکدان و لەناوچووندان و پێشتر چەندین ڕێکخراوی جیهانیمان ئاگادارکردووەتەوە، وەک یونسکۆ.


سەرچاوەکان



943 بینین