هەستیاری بە سانتی

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-06-07-21:37:00 - کۆدی بابەت: 8930
هەستیاری بە سانتی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا 

سانتی (بە ئینگلیزی: Pad) پارچەیەکە خانمان لەماوەی سوڕی مانگانەدا بەکاری دەهێنن، بۆ ئەوەی خوێنەکەیان هەڵبمژێت و هەروەها  خانمەکە بپارێزێت لە پیسبوون. جەستەی خانمان جیاوازە و هەموو خانمێک ناتوانێت جۆرە سانتییەکی دیاریکراو بەکار بهێنێت. بەکارهێنانی سانتی دەبێت لەگەڵ جەستەی خانمەکەدا بگونجێت، چونکە کۆئەندامی زاوزێی ئافرەت ناوچەیەکی هەستیار و ناسکە و بە ئاسانترین شێوە دووچاری هەستیاری دەبێتەوە، بۆیە زۆر گرنگە بزانرێت بە پێی جەستە کام جۆری سانتی بەکاربهێنیت تاکوو دووربیت لە دروستبوونی هەستیاری.

نیشانەکان

  • خورانی زێ
  • هەستکردن بە سووتانەوە
  • هەوکردن و سووربوونەوەی پێستی زێ
  • ئاوسانی زێ
  • ئازار لەماوەی میزکردندا 
  • ئازار لە کاتی جووتبووندا
  • هەبوونی دەردراویی نائاسایی زێ، بەتایبەت دەردراوی سپی، کە لەوانەیە لەماوەی سوڕی مانگانەدا زیاتر ببێت

هۆکارەکان

لێکخشاندنی توند

کاتێک خانمان سانتی دادەنێن ڕاستەوخۆ دەدات له جەستەیان و ئەمەش لێکخشاندێک دروست دەکات، ٪٧٠ـی حاڵەتەکانی هەستیاری بەهۆی ئەم هۆکارەوە ڕوودەدات، بەتایبەت ئەو کاتانەی بە ڕێگادا دەڕۆن یاخود ڕادەکەن و کار دەکەن ئەم لێکخشاندنە زیاتر دەبێت، ئەمەش وادەکات ئەو ناوچەیە هەستیار ببێت و لە ئەنجامدا زیپکە دروست بکات.

هەستیاری پێست

جۆرە پێستێک هەیە کە پێی دەوترێت پێستی هەستیار، بەتایبەت ناوچەی زێ هەستیارترە بە بەراورد بە ناوچەکانی تر و هەر بۆیە لەم کەسانەدا کە خۆیان پێستیان هەستیارە، ئەمە زیاتر دەبێت. لەوانەیە خانمەکە هەستیاری هەبێت بە ماددەیەک یان زیاتری ناو پێکهاتەی سانتییەکە، لەم کاتەدا پێویستە ئەو جۆرە سانتییانە بەکاربهێنێت کە تایبەتن بە پێستی هەستیار و پێیان دەوترێت سانتی دژە هەستیاری. 

گەرما و شێداری

یەکێکی تر لە هۆکارەکان ئەو گەرما و شێدارییەیە کە لە ناوچەی زێدا هەیە، بەهۆی هاتنە خوارەوەی خوێن و هەبوونی جلێکی تەسکی ژێرەوە و دانانی سانتی، ئەو ناوچەیە گەرم و شێدار دەبێت، ئەمەش وادەکات پێست هەستیار ببێت.

بەکارهێنانی سانتی نەگونجاو

لەوانەیە هۆکاری هەستیارییەکەت هیچ کام لە ڕێگاکانی تر نەبێت، بەڵکوو بەکارهێنانی سانتی نەگونجاو بێت، جۆری جیاوازی سانتی هەیە، لە سانتی ناسک و ئەستوور یاخود سانتی بە ڕەنگ و بۆنی تایبەت یاخود بەبێ بۆن، هەموو ئەمانە کاریگەرییان هەیە، دەبێت پێستی خۆت بناسیت و بەپێی جۆری پێستت سانتییەکی گونجاو هەڵبژێریت.

نەگۆڕینی جلی ژێرەوە

لەوانەیە خانمان هەر چوار بۆ شەش کاتژمێر جارێکیش سانتییەکەیان بگۆڕن، بەڵام جلی ژێرەوەیان پیس بێت و نەیگۆڕن، کە ئەمە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر ناوچەی زێ دادەنێت و دەگوازرێتەوە بۆ ئەوێ.  دەبێت لەماوەی سوڕی مانگانەدا ڕۆژانە بەلایەنی کەمەوە جارێک جلی ژێرەوەت بگۆڕیت و جلی پاک لەبەربکەیت.

لەبەرکردنی جلی تەسک

نابێت جلی ژێرەوە ئەوەندە تەسک بێت هیچ ئاڵوگۆڕێکی هەوا بوونی نەمێنێت، ئەمە وادەکات خوێنەکە زیاتر بلکێت بە زێدا و هەستیارییەکی زۆر دروست دەکات.

چارەسەر

زۆر گرنگە هۆکاری هەستیارییەکە بەخێرایی دیاری بکرێت، تاکوو چارەسەری پێویست بۆ نەخۆشەکە دابنرێت، دروستبوونی هەستیاری پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە تاکوو حاڵەتەکە قوورس نەبێت و چارەسەرەکەی قوورستر نەبێت، کۆمەڵێک ڕێگاچارە بەکاردەهێنرێت بۆ نەهێشتنی هەستیاری کە ئەمانەن:

چارەسەری پزیشکی

  • دەرمانی دژەهەستیارییەکان
  • کرێمی دژەهەوکردن
  • بەکارهێنانی دەرمانی دژەبەکتریا لە ئەگەری بوونی تووشبوونی میکرۆبی

چارەسەر لە ماڵەوە

  • بەکارهێنانی شەڵتەی سارد و دانانی لەسەر زێ
  • شۆردنی زێ و پاککردنەوەی، بەڵام بەبێ بەکارهێنانی ماددەی پاککەرەوەی وەک سابوون و شامپۆ، پێویستە تەنها بە ئاو پاک بکرێتەوە و پاشانیش بەباشی وشک بکرێتەوە
  • ئەوانەی هەستیاریان هەیە واباشە هەموو شەوێک خۆیان بشۆن و پاشان بەباشی ناوچەی زێیان وشک بکەنەوە

ڕێگریکردن

بۆ ئەوەی ڕێگری بکەیت لەوەی تووشی هەستیاری ببیت بە سانتی دەبێت ڕەچاوی ئەم چەند خاڵە بکەیت:

  • لەماوەی سوڕی مانگانەدا کاری قوورس ئەنجام مەدە
  • سانتی باش و بە کوالێتی بکڕە و دڵنیابە لەوەی گونجاوە بۆت
  • ڕۆژانە هەر سێ بۆ چوار کاتژمێر جارێک سانتییەکەت بگۆڕە تەنانەت ئەگەریش وشک بێت و خوێنی کەمی پێوە بێت
  • ئاگاداری پاکوخاوێنی جلی ژێرەوەت بە و ڕۆژانە بیگۆڕە
  • لەبەرکردنی جلی ژێرەوەی گونجاو، پێویستە جلەکە پاک بێت، تەسک نەبێت و ماددەی نایلۆن لە پێکهاتەکەیدا نەبێت
  • بەکارنەهێنانی ئەو سانتیانەی ڕێژەیەکی زۆر ڕەنگ و بۆنی خۆشیان تێدا بەکارهاتووە
  • بەکارهێنانی سانتی دژەهەستیاری


سەرچاوەکان



1492 بینین