خواردنی گۆشتی سوور لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار مونا ڕزگار - به‌روار: 2022-06-14-16:34:00 - کۆدی بابەت: 9013
خواردنی گۆشتی سوور لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

گۆشتی سوور سەرچاوەیەکی باشی خۆراکییە کە چەندین سوودی گرنگی هەیە و خواردنی زۆر گرنگە بۆ جەستە، لەبەرئەوەی ماوەی دووگیانی ماوەیەکی زۆر هەستیارە و لە هەموو ڕوویەکەوە خانمان دەبێت ئاگاداری خۆیانبن، بەتایبەت خواردن و خواردنەوەکان، خواردنی گۆشتی سوور لەماوەی دووگیانیدا (بە ئینگلیزی: Eating Red Meat During Pregnancy) سوودێکی زۆری هەیە و لەهەمان کاتدا دەکرێت زیانیشی هەبێت.

خواردنی گۆشتی سوور لەماوەی دووگیانیدا

خواردنی گۆشتی سوور بەگشتی گۆشتەکانی مانگا، گوێرەکە، بەرخ، مەڕ دەگرێتەوە، کە سوودێکی زۆریان هەیە بۆ دایک و کۆرپەکەی و زۆرباشە کە خانمان لەماوەی دووگیانیدا گۆشت بخۆن، بەڵام نابێت بڕەکەی بە ڕێژەیەک بێت کە زیادەڕەوی تێدا بکرێت. خانمان نابێت هەموو ڕۆژێک گۆشتی سوور بخۆن واباشە لەگەڵ ماددە خۆراکییەکانی تردا تێکەڵی بکەن و گرنگی پێ بدەن بەتایبەت لە سێ مانگی کۆتاییدا کە ڕێژەی خوێن دەگاتە بەرزترین ئاستی خۆی، پڕۆتین لە خڕۆکە سوورەکاندا ئەرکیان ئەوەیە کە ئۆکسجین بگەیەنن بە خانەکانی لەشی دایک و کۆرپەکە، دایکەکە دەبێت ئاگاداری خواردنی بێت و ئەو ماددە خۆراکیانە بخوات کە ڕێژەیەکی باش ئاسنیان تێدایە، چونکە ئاسن پێکهاتەیەکەی سەرەکی خڕۆکە سوورەکانە.
سەنتەری کۆنتڕۆڵ و ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکان دەڵێت خانمانی دووگیان دەبێت ڕۆژانە نزیکەی ٢٧ میلیگرام ئاسن بە جەستەیان بگات، پارچە گۆشتێکی مانگا بەبێ چەوری نزیکەی سێ میلیگرام ئاسنی تێدایە، بەڵام پارچە گۆشتێکی مریشک یاخود ماسی تەنها یەک میلیگرام ئاسنی تێدایە. هەربۆیە بۆ خواردنی گۆشتی سوور لەماوەی دووگیانیدا دەبێت ڕەچاوی ئەو خۆراکانەی تر بکرێت کە لە ڕۆژەکەدا خووراوە وەک، پاقلەمەنییەکان، سڵق، هەنجیری وشک، توی وشک، کشمیش تاکوو زیادەڕەوی نەکرێت لە دەستکەوتنی ئاسندا، چونکە هەموو ئەمانەش بڕێکی باش ئاسنیان تێدایە.

خواردنی گۆشتی سوور لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا

ڕاستە کە دایکانی دووگیان لە سێ مانگی کۆتاییدا دەبێت خواردنی باش بخۆن چونکە سێ مانگی کێشگرتنی کۆرپەکەیە و ڕۆژانە ٣٠ گرام لە کێشی زیاد دەکات. 
دایکان دەبێت دوورکەونەوە لە خواردنی زیانبەخش وەک خواردنەوە گازییەکان و چپس بەناوی ئەوەی کە ئارەزووی دەکەن، چونکە ئەمانە نەک سوودیان نییە بۆ گەشەی منداڵەکە بەڵکوو زیانێکی زۆر دەدەن لە جەستەی دایکەکە و تووشی زیادبوونی کێشی دەکەن، و دەبنە هۆی ناڕێکی پەستانی خوێن.
خانمان دەتوانن لەم سێ مانگەدا زیاتر لە جاران گۆشتی سوور بخۆن، ١٠٠ گرام گۆشتی ڕانی مەڕ ٢٠٦ کیلۆ کالۆری، و ١٧ گرام پڕۆتین لەخۆدەگرێت. بەڵام خانمان دەبێت ئاگاداری چەورییەکەی بن و ڕۆژانە وەرزش بکەن و بجووڵێن. 

سوودەکانی گۆشتی  سوور

ئاسن

خانمان لەماوەی دووگیانیدا زۆر پێویستیان بە ماددەی ئاسنە، گۆشتی سوور سەرچاوەیەکی زۆر باشی ئاسنە، خواردنی ٨٠ گرام گۆشتی گوێرەکە لە ڕۆژێکدا ٪١٧ـی ئاسنی ڕۆژانەی خانمێکی دووگیان دابین دەکات. 

پڕۆتین

گۆشتی سوور سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندە بە پڕۆتین، جەستە پێویستی بە ترشە ئەمینییەکانی ناو پڕۆتین هەیە بۆ پتەوی ماسولکەکانی جەستە و ئەنزیم و هۆڕمۆنەکانی جەستە، هەروەها جەستە دەتوانێت خۆی بڕێک لە ترشە ئەمینییەکان دروست بکات بەڵام تەنها ئەمە پێویستی جەستە دابین ناکات و هەر بۆیە دەبێت پڕۆتینەکانی تری لە خواردنەوە وەربگرێت. گۆشتی مانگا بڕێکی باشی ترشی ئەمینی تێدایە و هەروەها پڕۆتینی گۆشتی مانگا زۆر بە ئاسانی هەرس دەکرێت و هەڵدەمژرێت.

زینک

زینک زۆر گرنگە بۆ بەهێزبوونی کۆئەندامی بەرگریی لەش، هەروەها یارمەتی دەمارە خانەکان دەدات و زۆر گرنگە بۆ پاراستنی یادگاری و بیرەوەری مرۆڤ. ڕۆژانە خواردنی ٨٠ گرام لە گۆشتی گوێرەکە یان بەرخ بەنزیکەیی ٪٤٠ـی زینکی جەستە دابین دەکات.
زینک یارمەتی جەستە دەدات کە بۆ کەمکردنەوەی ئەگەری ڕوودانی منداڵبوونی پێش وەختە، هەروەها ڕێگری دەکات لە کەمی کێشی منداڵ.

ڤیتامین B12

ڤیتامین B12 کە بەشێوەیەکی سروشتی لە گۆشتی ئاژەڵدا دەست دەکەوێت، زۆر بەسوودە بۆ خانەکانی خوێن و خانە دەمارییەکان، کەمی بڕی ئەم ڤیتامینە لە جەستەدا دەبێتە هۆی، ماندوویەتی و بێ‌هێزی، کەمخوێنی، باش کارنەکردنی خانە دەمارییەکان. گۆشتی سوور سەرچاوەیەکی زۆر باشە بۆ دەستکەوتنی ئەم ڤیتامینە، تێکەڵەی ڤیتامین B12 و فۆلیک ئەسید دەتوانێت ڕێگری بکەت لە دانەخرانی بڕبڕەی پشت (spina bifida) حاڵەتێکە لە منداڵانی تازە لەدایکبوودا ڕوودەدات. هەروەها ڕێگری دەکات لە دروستبوونی کێشە زگماکییەکانی تر بۆ کۆرپەکە.

زیانە لاوەکییەکان

زیادەڕەوی کردن لە خواردنی گۆشتی سوور مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ، شێرپەنجەی ڕیخۆڵە ئەستوورە، شەکرەی جۆری دووەم زیاد دەکات، مەترسی تووشبوون بە شەکرەی جۆری دووەم لە کەسانێک کە ڕۆژانە ١١٠ گرام گۆشتی سوور دەخۆن ٪٢٠ـە.

هەروەها ٪٥٠ـی ئەوانەی تووشی شەکرەی جۆری دووەم بوون گۆشتی ئامادەکراویان خواردووە، گۆشتی ئامادەکراو ئەو گۆشتەیە کە پێشتر لێنراوە و ماددەی پارێزەری تێ کراوە و لە بازاڕدا دەفرۆشرێت وەک گۆشتەکانی:

  • هات دۆگ
  • کاڵباس
  • سۆسەیج

گۆشتی سووری ئامادەکراو

خواردنی ئەم گۆشتانە تەندروست نییە بۆ خانمان و واباشە دوورکەونەوە لێی، ئەم جۆرە گۆشتانە پاک نین بەهۆی نەکوڵانی گۆشتەکە بەباشی و زۆر مانەوەی و هەبوونی ماددەی پارێزەر تێیدا، خواردنیان ئەگەری تووشبوون بە بەکتریای تۆکسۆپلازما زیاد دەکات. هەروەها بڕێکی زۆر لە سۆدیۆمیان تێدایە.
هەروەها گۆشتی سوور ئەگەر پاک نەبێت و بەباشی نەکوڵێت لەوانەیە ببێتە هۆی تووشبوون بە لیستریۆسیس (listeriosis) کە بەهۆی بەکتریای لیستریاوە دروست دەبێت و هۆکارێکە بۆ ژەهراویبوونی خۆراکی، ئەمە لەوانەیە لە کەسانی ئاساییدا ئەگەر خواردنێکی ئالوودەبوو بە لیستریاش بخۆن تووشی ئەمە نەبن، بەڵام بۆ خانمانی دووگیان ئەمە جیاوازە و ئەگەری هەیە تووشببن و لەو ڕێگەشەوە بگوازرێتەوە بۆ کۆرپەکەیان. دوای ئەوەی لیستریۆسیس گوازرایەوە بۆ منداڵەکە دەبێتە هۆی لەبارچوون، لەدایکبوونی منداڵ بە مردوویی، منداڵبوونی پێش وەختە، کەمی کێشی منداڵ، تووشبوونی میکرۆبی.


سەرچاوەکان



1539 بینین