هەڵاڵەی دەریا

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-06-26-22:26:00 - کۆدی بابەت: 9186
هەڵاڵەی دەریا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەڵاڵەی دەریا (بە ئینگلیزی: sea anemone)، گیانەوەرێکی ئاوییە و لە کۆمەڵەی بێ بڕبڕەکاندا پۆلێندەکرێت، یەکێکە لەو بوونەوەرانەی کە تایبەتمەندی هەردوو ڕووەک و گیانەوەرەکانی هەیە، نشینگەکەی دەکەوێتە زەریاکانەوە و لە قوڵاییدا دەژین، ئەم گیانەوەرە لە ئاوە سوێرەکاندا ژمارەیەکی زۆرتری هەیە وەک لە جێگەکانی تر، هەروەها زیاتر لە ١١٠٠ جۆری دۆزراوەتەوە و ناسراوە، دەکرێت هەر تاکێکی بە تەنها بژی و دەشتوانن تاکەکان پێکەوە کۆمەڵە پێکبهێنن، زۆرینەی جۆرەکان نابنە هۆی دروستکردنی مەترسی بۆسەر ژیانی مرۆڤەکان و ژەهراوی نین یاخود پلە و ڕادەی ژەهرەکەیان کەمە، بەڵام هەندێک لە جۆرەکانی ژەهراوین و دەبنە هۆی مەترسی و هەڕەشە، پێوەدانەکان لە زۆرینەی جارەکاندا وەک بەرکەوتنێکی بچووکە کە تەنها وەک لەزگە و لینجییەکە بۆ مرۆڤەکان، بەڵام ئەو جۆرانەی پێوەدانی بەهێزیان هەیە دەتوانن ببنە هۆی دروستکردنی برین و پاشان برینەکەش بە خێرایی بڵاودەبێتەوە، پێوەدانەکە بە ئەوە ناسراوە کە دەبێتە هۆی هەستیاری، بۆیە ئەگەر کەسەکە لە بنەڕەتدا خۆی هەستیاری هەبێت ئەوا وەڵامدانەوەی توند و کاریگەرتری دەبێت، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی زیانگەیاندنی گەورە بە کۆئەندامی هەناسەدان، هەروەها ناوی هەڵاڵەی دەریا لە ناوی گوڵی هەڵاڵەی سەر وشکانییەوە وەرگیراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ڕەنگی هەڵاڵەی دەریا هاوشێوەی گوڵی هەڵاڵەیە.  

شێوەی دەرەوەی

هەڵاڵەی دەریا بوونەوەرێکی نەرمە بەشێکی گیانەوەرە و بەشێکیشی ڕووەکە، دیارترین تایبەتمەندی ئەم بوونەوەرە ڕەنگەکەیەتی کە ژمارەیەکی زۆر ڕەنگی جیاواز و ئاڵ و کراوەی هەیە وەک، زەرد، سوور، شین، سەوز، پرتەقاڵی، مۆر، پەمەیی، لەگەڵ چەندین ڕەنگی جیاوازی تر، جەستەی لە قەد و بەشی سەری پێکهاتووە، قەدەکەی ستوونێکە کە سەرێکی خڕی لەسەر ڕاگیر بووە، سەری پێکهاتووە لە دەم و بەشەکانی پێوەدان و و گرتن، لە تەنیشتەکانی دەمییەوە دەرپەڕیوی هەیە کە وەک تۆڕێک وان بۆ گرتنی نێچیرەکانی سوودی دەبێت، هەروەها بەهۆی قەدەکەیەوە لەسەر ڕوویەکی پتەو جێگیر دەبێت و دەژی، بەڵام هەندێک لە جۆرەکان بەهۆی خۆگونجاندنەوە لەسەر ڕووی ئاوەکان بە هەڵواسراوی دەژین، هەندێکی تریشیان لە ناوچەی نیشتەنییە نەرمەکاندا جێگیرن، قەبارەی بە گوێرەی جۆرەکانی جیاوازی گەورەی دەبێت، بۆ نموونە هەندێکیان درێژییەکەیان کەمترە لە یەک سانتیمەتر لە کاتێکدا هەندێکی دیکە دەگەنە نزیکەی دوو مەتر، هەروەها لەبەر ئەوەی حەزیان لە تیشکی خۆر نییە بۆیە خۆیان دەنوسێنن بە بەردەکانەوە و لە جێگەی سێبەردا دەژین، جگە لە ئەمانەش هەڵاڵەی دەریا مێشکی نییە بۆیە هەست بە هێچ ئازارێک ناکات و هەستی دیاریکراوی لە بەشەکانی جەستەیەوە بۆ ناگوازرێتەوە.

خۆراک

هەڵاڵەی دەریا بوونەوەرێکی گۆشتخۆرە، ژەمی سەرەکی بریتییە لە ماسییە بچووکەکان و جۆری دیاریکراو لە توێکڵدارەکان لەگەڵ هەڵواسراوەکان، بەڵام خۆشی  دەبێت بە نێچیر بۆ ژەمە خۆراکییەکانی کیسەڵەکان لەگەڵ هێلکە شەیتانۆکە دەریاییەکان، جگە لە ئەمانەش هیچ گیانەوەرێکی تری ئاوی نایانخوات و مرۆڤەکانیش تەنها بۆ مەبەستی جوانکاری حەوزی ماسییەکان بەکاریان دەهێنن، بۆیە ژمارەیان کەم نییە و مەترسی لەناوچوونیشیان لەسەر نییە، سەرەڕای ئەوەی ژمارەی تاکەکانی بە نەزانراوی ماوەتەوە بەڵام لە لیستی ئەو گیانەوەرانەدا نییە کە هەڕەشەی لەناوچوونیان لەسەرە.  

زۆربوون

جۆرەکانی هەڵاڵەی دەریا بە ڕێگەی ناتوخمانە زۆردەبن کە چەند شێوەیەکی هەیە، یەکێکیان بریتییە لە گۆپکە کردن، لە ئەم زۆربوونەدا لە ئەنجامی گۆپکە کردن وبەرزبوونەوەی بەشێکی جەستەیەوە هەڵاڵەی دەریای نوێ دروست دەبێت، هەندێکی تریان بە دووکەرتبوون زۆردەبن، ئەمانەیان لە بنچینەوە و لە ناوەڕاستدا دەبن بە دوو کەرتەوە و بەمەش تاکێکی نوێ دروستدەبێت کە بە تەواوەتی هاوشێوەی هەڵاڵە دەریاییە بنەڕەتییەکەیە، جۆرەکانی تریش کاتێک پارچەی بچووک و ورد لە هەڵاڵەی دەریاکەوە لێ دەبێتەوە بە هەر هۆکارێک بێت، ئەوا تاکی نوێ گەشە دەکات و دروست دەبێت لێیەوە، هەروەها ماوەی تەمەنی ئەم بوونەوەرە زۆر درێژخایەنە و ئەگەر لەلایەن گیانەوەری ئاوییەوە نەخورێت یاخود تووشی نەخۆشی نەبێت، ئەوا ناوەندە ڕێژەی تەمەنی بە نزیکەی دەگاتە ٦٠-٨٠ ساڵ، لە تۆمارەکانیشدا باسی هەڵاڵەی دەریای تر کراوە کە توانیویەتی بۆ ماوەی ١٠٠ ساڵ بژی.

جۆرە سەرەکییەکان

ژمارەیەکی زۆر جۆری جیاواز لە هەڵاڵەی دەریا بوونی هەیە و لە چوارچێوەی چەندین خێزاندا پۆلێنکراون، نموونەی سەرەکیترین ئەو خێزانانەش بریتین لە خێزانی دەریایی، خێزانی سەر بەرد و کەڤرەکان لەگەڵ خێزانی خانە خوێ یاخود خێزانی ستوونەکان، ئەمانەی خوارەوەش نموونەی هەندێک لە جۆرەکانن:

  • هەڵاڵەی دەریای هەستیار
  • هەڵاڵەی دەریای مووروودار
  • هەڵاڵەی دەریای زین
  • هەڵاڵەی دەریای شوشەی قاوەیی
  • هەڵاڵەی دەریای بوق
  • هەڵاڵەی دەریای کریسمس
  • هەڵاڵەی دەریای سەوزی زەبەلاح


سەرچاوەکان



462 بینین