تێرپینەکان

له‌لایه‌ن: - مەبەست کوردە مەبەست کوردە - به‌روار: 2022-07-07-22:15:00 - کۆدی بابەت: 9319
تێرپینەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

تێرپینەکان (بە ئینگلیزی: Terpenes) کۆمەڵەیەکی گەورەی بەرهەمە سروشتییەکانن کە ئاوێتەکانی شێوگی (C5H8)nـیان بەناوی ئایزۆپرینەکان تێدایە کە نزیکەی ٣٠,٠٠٠ ئاوێتە دەگرنەوە. ئەمانە بەرهەمی لاوەکی یان زیندەگۆڕاوی لاوەکیی کردەی زیندەگۆڕان یان مێتابۆلیزمی ڕووەکەکان و هەندێک لە ئاژەڵ و وردەزیندەوەرەکانن لە سروشتدا. تێرپینەکان ئاوێتەی ناتێری هایدرۆکاربۆنەکانن کە ئاوێتەی ئەندامیی سروشتین.

تێرپینەکان جۆری جیاوازیان هەیە و مەودای کاریگەرییەکەیان فراوانە، ئەمانە لە توێنەرە پاککەرەوەکان، مێرووکوژەکان و بۆیەکاندا بەکاردێن، هەروەها هەندێکیان تایبەتمەندیی چارەسەرکردنیشیان هەیە.

بەشێوەیەکی گشتی نزیکەی زۆربەی ڕووەکەکان تێرپینەکان لە پێکهاتەیاندا هەیە، هەندێک لەم ڕووەکە باوانە بریتین لە درەختی سنۆبەر و مازوو، حەشیش، ڕووەکە بۆندارەکانی وەکوو جاترە و میوە ترشەکان. 

تێرپینەکان بەپێی ژمارەی کاربۆنەکانی ناویان بەسەر چەند پۆلێکدا دابەش دەبن، بۆ نموونە مۆنۆتێرپینەکان دە کاربۆنیان هەیە، سێسکویتێرپینەکان ١٥ کاربۆنیان هەیە و دایتێرپینەکان ٢٠ کاربۆنیان هەیە، یەکێک لە مۆنۆتێرپینە ناسراوەکان بریتییە لە ئەلفا-پاینین کە پێکهاتەیەکی سەرەکیی ڕۆنی تێرپەنتینە کە لە درەختەکانی مازوو و سنۆبەرەکاندا هەیە و ناوی کۆمەڵەی تێرپینەکانیش هەر لە ڕۆنی تێرپەنیتن وەرگیراوە.

لە ساڵی ١٩٣٩ زانا لیۆپۆڵد ڕۆزیکا خەڵاتی نۆبڵی لە بواری کیمیادا وەرگرت بۆ کارەکەی لەسەر پۆلیمەتیلینەکان و تێرپینە بەرزترەکان، کە باسی یەکەم ماددەی دەستکردی کیمیاییی کردبوو بۆ دروستکردنی هۆڕمۆنەکانی نێرینە.

تایبەتمەندیی فیزیایی و کیمیایی

هەرچەندە زۆرجار وشەی تێرپینەکان و تێرپینۆیدەکان (ئایزۆپرینۆیدەکان) بە هەمان شت دادەنرێن، بەڵام تێرپینۆیدەکان تێرپینی گۆڕاون کە کۆمەڵەی فەرمانی یان کۆمەڵەی کارای زیادەیان تێدایە کە بەزۆری کۆمەڵەی ئۆکسجینین.

تێرپینەکان بۆنێکی بەهێزیان هەیە و ئاوێتەی بێڕەنگن هەرچەندە نموونە ناپوختەکانیان کە هێشتا جیانەکراونەتەوە ڕەنگێکی زەردیان هەیە. پلەی کوڵانیان لەنێوان ١١٠ تا ٢٢٠ پلەی سیلیزیدایە و لەبەرئەوەی زۆر ناجەمسەرگرن لە ئاودا ناتوێنەوە، هەروەها لەبەر ئەوەی هایدرۆکاربۆنن بێگومان ئاوێتەی خێرا گڕگرتوون. بەگشتی تێرپینەکان تایبەتمەندیی هەراسانکەری ناوچەیییان هەیە و لەکاتی خواردنیان هەراسانیی گەدە دروست دەکەن.

فەرمان

تێرپینەکان یەکەی بنیاتنەری سەرەکیی زیندەپێکهاتنی ڕووەکەکانن، بۆ نموونە ستیرۆیدەکان کە وەرگرتەی سیانەتێرپینی سکوالەینن. هەروەها تێرپین و تێرپینۆیدەکان پێکهاتەی سەرەکیی ڕۆنە بنچینەییەکانی زۆرێک لە جۆرەکانی ڕووەک و گوڵەکانن. لە ڕووەکدا تێرپینەکان ڕۆڵیان هەیە لە بەرگریی ڕووەکەکە دژی کەشوهەوای نالەبار، میکرۆب و ئاژەڵەکان. پێ دەچێت هەر ئەم تایبەتمەندییەش بێت وای کردبێت کە لە مرۆڤیشدا هەمان شت بکەن، هەرچەندە ئەمە تا ئێستا بە ئاڵۆزی ماوەتەوە.

شێوازی جیاکردنەوە

تێرپینەکان لە درەختەکاندا بە گشتی لەنێو کەتیرە یان جەویدا بوونیان هەیە و دەردەدرێن کە ماددەیەکی نیمچەڕەقی نابلوورییە و لە ئاودا ناتوێنەوە بەڵام لە ئیسەر و ڕۆنە فڕۆکەکاندا دەتوێنەوە. تێرپینەکانی ناو کەتیرەی درەخت یان تێرپینەکانی ڕووەک بە گشتی بە شێوازی دڵۆپاندن لە ڕووەکەکانیان جیادەکرێنەوە، کە شێوازی دڵۆپاندنی هەڵمی و دڵۆپاندنی ئاوی بەکاردێن.

پۆلێنکردن

تێرپینەکان بەپێی ژمارەی کاربۆن یاخوود بەپێی ژمارەی یەکەکانی ئایزۆپرین پۆلێن دەکرێن، ئەو پێشگرەی لەپێش ناوی تێرپینەکان هەیە ژمارەی یەکەکانی ئایزۆپرین لە ئاوێتەکەدا پیشان دەدات. 

یەکەتێرپینەکان (Monoterpenes): پێکهاتوون لە دوو یەکەی ئایزۆپرین و شێوگی گەردییان بریتییە لە C10H16، نموونەی ئەم پۆلە بریتییە لە لیمۆنین لە میوە ترشەکان، لینالوول لە لاڤێندەر و پاینین لە سنەوبەر. 

سێسکویتێرپینەکان (Sesquiterpenes): پێکهاتوون لە سێ یەکەی ئایزۆپرین و شێوگی گەردییان بریتییە لە C15H24، نموونەکان بریتین لە تێرپینی هیومیلین و جیۆسمین.

دووانەتێرپینەکان (Diterpenes): پێکهاتوون لە چوار یەکەی ئایزۆپرین، شێوگی گەردییان بریتییە لە C20H32، نموونەکان بریتین لە کافیستۆڵ و تاکزادایین. ئەم کۆمەڵەیە بنچینەی بەرهەمە گرنگەکانی وەکوو ڕێتینۆڵ (جۆرێکە لە ڤیتامین A) و ڕێتیناڵنن کە لەبواری جوانکاری، تەندروستیی چاو و تەواوکەری خۆراکیدا بەکاردێن. 

سێستێرتێرپینەکان (Sesterterpenes): پۆلێکی دەگمەنن کە پێکهاتوون لە پێنج یەکەی ئایزۆپرین و ٢٥ کاربۆن.

سیانەتێرپینەکان (Triterpenes): پێکهاتوون لە شەش یەکەی ئایزۆپرین و شێوگی گەردییان بریتییە لە C30H48، نموونەی ئەم پۆلە بریتییە لە سکواڵین کە پێکهاتەیەکی سەرەکیی ڕۆنی جگەری قرشە. سکواڵین لە دروستکردنی لانۆستیرۆڵ و سایکلۆئاڕتینۆڵ بەکاردێت کە دوو پێکهاتەی بنیاتنەری هەموو جۆرەکانی ستیرۆیدن. ستیرۆیدی لانۆستیرۆڵ لە بەرهەمەکانی چاودا بۆ ڕێگریکردن لە ئاوی سپیی چاو بەکاردێت. 

سێسکوارتێرپینەکان (Sesquarterpenes): پێکهاتوون لە حەوت یەکەی ئایزۆپرین و شێوگی گەردییان بریتییە لە C35H56 و لە بنچینەدا پێکهاتەی میکرۆبین.

چوارینەتێرپینەکان (Tetraterpenes): پێکهاتوون لە هەشت یەکەی ئایزۆپرین و شێوگی گەردییان بریتییە لە C40H64، نموونە گرنگەکانی ئەم کۆمەڵەیە بریتین لە ئەلفا-کارۆتین، بێتا-کارۆتین، گاما-کارۆتین و لایکۆپین کە کۆمەڵەیەکی سەربەخۆ بە ناوی کارۆتینۆیدەکان (Carotinoids) پێکدەهێنن کە لە ڕووەک و هەندێک گیانەوەردا هەن و ڕەنگەکانی زەرد، پرتەقاڵی و سوور بە ماسیی سەلەمون و میوەکانی کوولەکە، گێزەر و تەماتە و چەندانی تر دەبەخشن، هەروەها بەرپرسن لە ڕەنگە سوور و زەردەکەی باڵندەکان. ئەم ئاوێتانە لە پیشەسازیی دروستکردنی ڕەنگە دەستکردەکانی خۆراک و پیشەسازیی دروستکردنی بۆندا بەکاردێن. 

فرەتێرپینەکان (Polyterpenes): پێکهاتوون لە زنجیرەیەکی درێژ لە چەندان یەکەی ئایزۆپرین، وەکوو لاستیکی سروشتی (Natural rubber) کە ئەم ئاوێتانەیان تێدایە. 

نۆرئایزۆپرینۆیدەکان (Norisoprenoids): کۆمەڵەیەکی ترن کە گۆڕانکاری بەسەر پێکهاتەکەیاندا هاتووە.

بەکارهێنان

یەکێک لەو تێرپینانەی کە بەکارهێنانێکی فراوانی هەیە بریتییە لە لاستیکی سروشتی کە لە زۆر بواردا بەکار دەهێنرێت.

تێرپینەکان بەشێوەیەکی فراوان لە پیشەسازیی بۆن و ڕەنگ و تام لە عەتر و بەرهەمە جوانکارییەکان، لە ڕەنگ و تامی بەرهەمەکانی خواردن و خواردنەوە، هەروەها لە بەرهەمەکانی پاککردنەوەدا بەکاردێن.

تێرپینەکانی وەکوو ڕۆنی تێرپەنتین کە لە دڵۆپاندنی کەتیرەی درەختی سنەوبەر وەردەگیرێن وەکوو توێنەری ئەندامی و ماددەی خاوی کیمیایی بەکاردێن.

ڕۆزین کە بەرهەمی کەتیرەی درەختی مازووە پێکهاتەی زۆرێک لە بەرهەمە پیشەسازییەکانە، وەکوو مەرەکەب، ڕووپۆشی بریقەدار (ڤارنیش) و لکێنەرەکانی وەکوو پلاستەر. هەروەها بەهۆی ڕۆڵی بەرگریکردنیان لە ڕووەک تێرپینەکان وەک پێکهاتەی چالاکی دەرمانە مێرووکوژەکان لە بواری کشتوکاڵدا بەکاردێن.

زۆرێک لە تێرپینەکان کاریگەریی دەرمانزانییان تێدا بەدی کراوە، هەرچەندە زۆربەی توێژینەکەوەکانی ئەم بوارە تەنیا توێژینەوەی تاقیگەیین و توێژینەوە کلینیکییەکان هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدان. چەند جۆرێک لە تێرپینەکان لە بەرهەمەکانی جوانکاری و پاراستنی تەندروستیی چاودا بەکاردێن. هەوەها تێرپینەکان پێکهاتەی چارەسەرییە نەریتییەکانن کە لە کۆندا بەکارهاتوون وەک چارەسەر بە بۆن (Aromatherapy).

بەکارهێنان وەک ماددەی هۆشبەر

تێرپین و تێرپینۆیدەکان بەڕێژەیەکی زۆر لە ڕووەکی حەشیش (Cannabis)ـدا هەن کە زۆرجار پێی دەوترێت ماریوانا (Marijuana) و وەک ماددەی هۆشبەر بەکاردێت، ڕووەکی حەشیش سەدان جۆری تێرپینەکانی تێدایە بەڵام کاریگەریی هۆشبەرییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ دوو پێکهاتە سەرەکییەکەی تێتراهایدرۆکانابینۆڵ (Tetrahydrocannabinol THC) و کانابیدیۆڵ (Cannabidiol CBD)، ئەم دوو ئاوێتەیە نزیکەی ٪٤٠ـی پێکهاتەی پوختەکراوی ڕووەکی حەشیش پێکدەهێنن و بەرپرسن لە کاریگەرییە دەروونییەکان، هاوکات ڕووەکی حەشیش چەندان جۆری تری تێرپینەکانی تێدایە کە دەکرێت بەیەکەوە لەگەڵ ئەم دوو پێکهاتەیە هاوکار بن و سوودی تەندروستییان هەبێت، بەڵام توێژینەوەکان لەم بوارەدا پشتڕاست نەکراونەتەوە و پێویستە داتای کلینکیی زیاتر هەبن بۆ پشتگیریکردن لەم گریمانەیە.


سەرچاوەکان



532 بینین