ڕێگاکانی چارەسەرکردنی سووتانی زمان

له‌لایه‌ن: - زیلان ئازاد زیلان ئازاد - به‌روار: 2022-07-08-15:29:00 - کۆدی بابەت: 9326
ڕێگاکانی چارەسەرکردنی سووتانی زمان

ناوه‌ڕۆك

چەند ڕێگایەک بۆ چارەسەری سووتانی زمان

خواردنەوەی ئاوی سارد

ئەگەر تەنها بەشێکی کەمی زمانت سووتابێت، ئەوا خواردنەوەی ئاوی سارد دەتوانێت ئازار و کاریگەری سووتانەکە کەمبکاتەوە، چونکە بە شێوەیەکی گشتی خواردنەوەی پەرداخێک ئاوی سارد پاش سووتانی زمان دەتوانێت پلەی گەرمی سووتانەکە کەم بکاتەوە، بەم شێوەیەش، ناو دەمت بە شێداری دەمێنێتەوە، تەواوی لێشاوی بەکتریاکان دووردەکەونەوە کە ئەمە ئەوە دەردەخات کە بەکتریاکان ناتوانن زیانی زیاتر بە ناوچەی سووتاوییەکە بگەیەنن، هەروەها باشتر وایە بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە خواردنەوەی خواردنەوەکانی وەک (چا، قاوە) و خۆراکە گەرمەکان دووربکەویتەوە، تاکوو سووتاوی زمانت چاک دەبێتەوە.

خواردنی نەرم و سارد بخۆ

پاش ٣-٤ ڕۆژ لە سووتاوییەکە، لە کاتێکدا هەست بە نەرمی زمانت دەکەیت، تەنها ئەو خواردن و خواردنەوانە بخۆ کە سارد و نەرمن تاکوو ئازارەکەت کەمتر دەبێتەوە، هەمیشە لەو کاتانەدا بەشوێن خۆراک و خواردنەوەی سارددا بگەڕێ لەناو بەفرگردا بەتایبەت ماست، دوای نان خواردن دڵنیابە لە خواردنەوەی ئاو بۆ لابردنی ئەو پاشماوەی خۆراکە گیرخواردووانەی کە دەتوانن زیان بە زمانە سوتاوەکەت بگەیەنن، هەروەها ئەگەر لە بارودۆخێکدا ویستت خواردن و خواردنەوەی گەرم بەکاربهێنیت پێش ئەوەی چاک ببیتەوە، ئەوا دەبێت بزانیت کە تەنها پێویستە چەند پارویەکی بچووک و چەند قومێکی کەم بخۆیتەوە.

شۆرینی ناو دەم بە خوێواو

کاتێک هەست دەکەیت کە ناو دەمت وردە وردە سارد دەبێتەوە، ئەوا بە کەمێک ئاوی شلەتێن و کەمێک خوێ بە هێواشی ناو دەمت بشۆرەوە، یەک کەوچکی چا خوێ بکەرە ناو پەرداخێک ئاوی شلەتێن و پاشان ناو دەمتی پێ بشۆرەوە (غەرغەرەی پێ بکە)، بەڵام دەبێت زۆر بە وریایی و لەسەر خۆیی ئەنجامی بدەیت، ئەم گیراوەیە بەسوودە چونکە خوێیاو (ئاو و خوێ) ماددە پاککەرەوەکانی تێدایە و دەتوانێت ئازار و هەوکردن کەمبکاتەوە.

بەکارهێنانی هەنگوین

هەنگوین یەکێکی ترە لە ڕێگا کاریگەرەکانی چارەسەرکردنی سووتانی زمان، چونکە هەنگوین دژە میکرۆبی تێدایە و بە شێوەیەکی خێراتر یارمەتی چاکبوونەوەی سووتاوی دەدات، هەروەها لە کۆندا بۆ ماوەی چەندین دەیە هەنگوین وەک چارەسەری سەرەکی برینەکانی سووتاوی بەکارهاتووە، پاش ئەوەی هەنگوینەکەت خستە سەر زمانت، دەبێت ئاگاداربیت کە پێش خەوتن دەم و ددانت بشۆیت تاکوو دووربیت لە کلۆربوون بەهۆی شیرینی هەنگوینەکەوە.

دوورکەوتنەوە لە خواردن و خواردنەوە بێزارکەرەکان

خواردنی هەندێک جۆری خواردن و خواردنەوە دەتوانێت زمانێکی سوتاو زیاتر ئازاربدات، ئەوانیش وەک خواردنە تیژ و ترشەکان، خواردنەوە گەرمەکان، خواردنەوە کحولییەکان، هەموو ئەم خواردن و خواردنەوانە دەتوانن ببنە هۆی زیاتر ئازاردانی زمان، بەتایبەت خواردنەوە کحولییەکان کە چاکبوونەوەی زمانی سووتاو دوادەخات.

بەکارهێنانی دەرمانەکانی ئازارشکێن

ئەگەر ئازاری سووتاوی زمان بە هیچ کام لە ڕێگا سروشتییەکان چارەسەر نەبوون، ئەوا دەکرێت ئازارشکێن بەکاربهێندرێت بۆ کەمکردنەوە و نەهێشتنی ئازارەکە، هەروەها ئەگەر دڵنیا نیت کە چی بووەتە هۆی سوتانی زمانت یان ئازارەکەی کەم ناکات، ئەوا دەتوانیت سەردانی نزیکترین پزیشکی ددان بکەیت، تاکوو باشترین چارەسەرت بۆ دەستنیشان بکات.


سەرچاوەکان



674 بینین