ماسیی گار

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-07-16-14:39:00 - کۆدی بابەت: 9425
ماسیی گار

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ماسی گار (بە ئینگلیزی: Gar fish)، جۆرێکی ماسییە بەڵام دانەیەک نییە کە لە بنەڕەتدا و بە سروشتی بوونی هەبووبێت، بەڵکو جۆرێکی ماسییە کە لە ڕەگەزێکی کۆنەوە پەرەیسەندووە و دروستبووە، نشینگەکەی دەکەوێتە ناوچە ئاوییەکانی ئەمریکای باکوور و ئەمریکای ناوەڕاستەوە، دەکرێت ئەندامەکانی بەتەنها بژین یاخود پێکەوەبن و کۆمەڵە دروستبکەن، ژمارەی تاکەکانی ئەم ماسییە بەهۆی ڕاوکردنەوە کەمدەبێتەوە و مەترسیان لەسەر دروستدەبێت، هەرچەندە لە لیستی ئەو گیانەوەرانەدا نین کە مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە واتە ڕێژەیەکی باشیان دەژی، بەڵام دەکرێت لە هەندێک لە جێگەکاندا بەهۆی زۆر ڕاوکردنیانەوە ژمارەیان کەمبێتەوە و بەکەمی ببینرێن، ڕاوکردنی ئەم ماسییە بە مەبەستی خواردنی زۆر باو نییە و ئەو کەسانەی کە دەیخۆن دەڵێن تامێکی سووکی هەیە کە جیاوازە لە تامی هەموو ماسییەکانی تر، ماسی گار لە بنەڕەتدا گۆشتەکەی زیانبەخش نییە، بەڵام ژەهر و پیسبوونی ژینگەکەی تێدا کۆدەبێتەوە و کەڵەکەدەبێت، بەهۆیەوە خواردنی بڕی دیاریکراو یاخود قەدەغەکردنی لە هەندێک لە جێگەکاندا هەیە.

شێوەی دەرەوەی

بەگشتی شێوەی وەک ئەوەیە کە بازدانێک بێت لە نێوان ماسی و خشۆکدا، سەرەکیترین جیاکەرەوەی هەبوونی لمۆزێکی درێژە لە بەشی پێشەوەی سەریدا، جەستەی ماسی گار بە پوولەکە داپۆشراوە و چەندین ڕەنگی هەیە وەک ڕەش، قاوەیی، ڕەساسی، زەرد، شین یاخود سەوز، پوولەکەکانی بەڕادەیەک ئەستوورە کە بە درێژایی مێژوو بەکارهێنراوە بۆ دروستکردنی کەلوپەل وەک خشڵی جوانکاری یاخود تیر و قەڵغانی بەرگری، هەروەها ئەم ماسییە قەبارەی گەورەیە و کێشی دەگاتە نزیکەی ١٥٩ کیلۆگرام درێژییەکەشی دەکرێت بگاتە سێ مەتر، لە هەندێک لە جۆرەکاندا قەبارەی مێینەکان گەورەترە بە بەراورد بە نێرینەکان، شێوەی جەستەی باریکە و کلکی وەک پەڕی باڵندەیە، هەبوونی لمۆزێکی درێژ کە چەندین ڕیز ددانی تیژ و باریکی وەک دەرزی تیایە هاوکاری دەکات لە ڕاوکردنی نێچیرەکانی بە شێوەیەکی گونجاو.  

خۆراک

ئەم ماسییە جۆرێک بوونەوەری هەموو شتخۆرە و دەتوانێت هەریەک لە ماسی، بۆق، توێکڵدار و مێرووەکانیش بخوات، لەکاتی ئاساییدا جووڵەیەکی هێواشی هەیە لەناو ئاودا بەڵام لە کاتی ڕاوکردندا خێراییەکی زۆری دەبێت، واتە ماسی گار هەلقۆزەرەوەیە و بەهێواشی لە نێچیرەکەی نزیک دەبێتەوە بەڵام دواتر لەماوەیەکی کورتدا و بەخێرایی ڕاویدەکات، خۆراکەکەشی زیندووبێت یاخود مردوو گرنگ نییە و دەیخوات، لەهەمان کاتدا ماسی گار خۆشی دەبێت بەخۆراک بۆ ماسییە گەورەکانی تر یاخود لەلایەن تیمساح و مرۆڤەکانیشەوە ڕاودەکرێت، جگە لە ئەمانەش پیسبوونی ئاو هۆکارێکی تری لەناوچوونیەتی.

زۆربوون

جگە لە ماسی گاری لووت درێژ هەموو جۆرەکانی تر ئارەزوو دەکەن کە لە وەرزی بەهاردا زۆرببن، مێینەکان دەچنە جێگەی ئاوی تەنک و هەزاران هێلکە دەکەن و لەسەر ڕووەکە ئاوییەکان جێگیریان دەکەن، ئەم هێلکانە بۆ زۆرینەی گیانەوەر و تەنانەت مرۆڤەکانیش ژەهراوین، کە دەکرێت ببنە هۆی دروستبوونی ئازار، ماوەی هەڵهاتنی بێچووەکان تەنها چەند ڕۆژێکی کەم دەخایەنێت، دواتر بەهۆی ئەندامێکیانەوە دەنووسێن بەپێکهاتە ڕووەکییەکانەوە، هەرچەندە مێینەکە هەزاران هێلکە دادەنێت، بەڵام ناوەندە ڕێژەی ژمارەی بێچووە ڕزگاربووەکان دەگاتە ١٠ دانە، لە سەرەتادا بەهۆی پاشماوەی هێلکەکەیانەوە گەشەدەکەن دواتر بە خواردنی کرمۆکەکانی ماسییەکانی تر، پاش چەند ساڵێکیش گەشەیان تەواو دەبێت و دەگەنە قۆناغی پێگەیشتنی تەواو کە توانای زۆربوونیان دەبێت، ماوەی سوڕی ژیانی هەندێک لە جۆرەکانی ئەم ماسییە لە نێوان ١٠-٢٠ ساڵ دەبێت، لە کاتێکدا ماسی گاری تیمساح دەتوانێت ٥٠ ساڵ یاخود زیاتریش بژی، هەروەها لە زۆرینەی جۆرەکاندا تەمەنی مێینەکان لە نێرینەکان زیاترە. 

جۆرە سەرەکییەکان

  • ماسی گاری تیمساح: گەورەترین جۆری ئەم ماسییەیە، کە تەنانەت هەندێکجار خەڵکی لەگەڵ تیمساحدا لێیان ئاڵۆز دەبێت و هەڵەدەکەن لە ناسینەوەیدا.
  • ماسی گاری کوبا: ئەم جۆرەیان لە ئاوی سازگاری ڕووبار و دەریاچەکانی ڕۆژئاوای کوبا دەژی.
  • ماسی گاری خولگەیی: یەکێکە لە جۆرە کەمەکانی ناوچە خولگەییەکان، خۆراکی ئەم جۆرە ئەو ماسییە جیاوازانەیە کە لە ناوچەکەدا هەن.
  • ماسی گاری فلۆریدا: تەنها لە ناوچەکانی فلۆریدا و جۆرجیا دەژی، جێگەی ژیانکردنیشی لە قوڕ و لیتاوی قووڵایی ڕووبار و دەریاچەکاندایە.
  • ماسی گاری خاڵدار: ئەم جۆرەیان تایبەتە بە ئەوەی جەستەیەکی ڕەشی خاڵداری هەیە.
  • ماسی گاری لووت کورت: ئەم جۆرە لە ڕووباری میسیسیپی و جۆگەلە ئاوییەکانی ناوچەکە دەژی.
  • ماسی گاری لووت درێژ: تایبەتمەندە بە هەبوونی لمۆزێکی درێژ و گەورە، کە لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا دەژی.


سەرچاوەکان



740 بینین