سەردەشت

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2022-07-24-15:05:00 - کۆدی بابەت: 9523
سەردەشت

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سەردەشت (بە فارسی: سردشت، بە ئینگلیزی: Sardasht) شارێکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەر بە وڵاتی ئێرانە، لە باشووری ڕۆژاوای پارێزگای ورمێ ھەڵکەوتووە. ناوەندی پارێزگای سەردەشتە و بە یەکێک لە شارەکانی ناوچەی موکریان ھەژمار دەکرێت. سەردەشت لە نێوان سنووری ئێران و عێراق ھەڵکەوتووە و لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھاوسنوورە.

دەربارەی شارەکە

سەردەشت لە قەراغی کێوی گردەسوور، لەسەر زنجیرەچیاکانی زاگرۆس و لە نزیکی سەرچاوەیەکی ئاوی ھەڵکەوتووە. بەشێکی زۆری ئاوی خواردنەوە و ئاوی کشتوکاڵ لەو سەرچاوەیە دابین دەبێت کە ئاوەکەی لە کێوی گردەسوور و کێوە سنوورییەکانەوە دێتە خوار. 

شارەکە بە کەشوھەوایەکی تاڕادەیەک سارد و فێنک بەناوبانگە، ساڵانە بەفر و بارانبارینێکی زۆر دەبارێت، سەردەشت خاوەنی مێژوویەکی کۆن و دێرینە کە کۆنترین شوينەواری دۆزراوە لەو شارە، مێژووکەی بۆ ٦٠٠٠ ساڵ پێش زایینی دەگەڕێتەوە.

شارەکە لە ساڵی ١٩٨٧ لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کیمیاباران کرا. شاری سەردەشت کەوتووەتە باشووری شارەکانی پیرانشار و مەھاباد و ھەروەھا دەکەوێتە ڕۆژاوای بانە و باشووری ڕۆژاوای بۆکان. سەردەشت دەکەوێتە ڕۆژھەڵاتی قەڵادزێ و پارێزگای سلێمانی لە ھەرێمی کوردستان.  شاری سەردەشت ١٢٠ کیلۆمەتر لە مەھاباد، ٢٢٥ کیلۆمەتر لە ورمێ، ٧٤٠ کیلۆمەتر لە تاران، ١٨٩ کیلۆمەتر لە ھەولێر و ٣٥ کیلۆمەتر لە قەڵادزێ دوورە.

مێژوو

سەردەشت لە سەردەمی پێش ئیسلامدا، لە باکووری ڕۆژاوای شوێنی ئێستای ھەڵکەوتبوو و نزیک بە سەرچاوەیەکی گەورە بوو. لە نزیکی سەردەشت قەڵایەکی لێیە کە مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئیمپراتۆریەتیی ئەشکانی دەگەڕێتەوە.

لە ساڵی ١٩٠٦ ھێزەکانی عوسمانی سەردەشتیان داگیرکرد، دوای داگیرکارییەکی شەش ساڵە لە شارەکە چوونە دەرەوە. خەڵکی سەردەشت ھەر وەک سەرجەم کوردەکان بەھۆی بیروڕای مەزھەبییەوە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ عوسمانییەکان ھەبووە، بەڵام پێیان خۆش نەبووە شارەکەیان بچێتە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی، بۆیە دژایەتیی خۆیان بۆ چوونە ژێر دەسەڵاتی عوسمانی دەردەبڕی.

لە دەستپێکی جەنگی جیھانیی یەکەم ئەگەرچی دەوڵەتی ئێران بێلایەنی خۆی ڕاگەیاند، بەڵام بەھۆی لاوازی سیستمی حوکمڕانی و ھێزی دەوڵەتەکەی دانیپێدانەنرا. لە دوای ڕێککەوتننامەی سەنت پیتەرزبورگ، ھێزەکانی ئیمپڕاتۆریەتی ڕووسیا و شانشینی یەکگرتوو وڵاتی ئێرانیان لە باکوور، باشوور و ڕۆژاواوە داگیرکرد.

ھێرشی ڕووسەکان ئازەربایجان و بەشێک لە کوردستانی گرتەوە کە یەکێک لەو شوێنانەی لەلایەن ڕووسەکانەوە داگیرکرا، سەردەشت بوو. ھێرش بۆ سەر ناوچەی سەردەشت لە دەوروبەری ساڵی ١٩١٦ ڕوویدا. 

لە سەرەتای حوکمڕانی ڕەزا شا، کاتێک کە ھۆزەکان تووشی بەڕێوەچوونی یاسای توند لەلایەن حکوومەتەوە بوون، دژایەتییان کرد و لە بەڕێوەبردنی یاساکان کشانەوە. ھەندێک لە ھۆزەکان لەبەر ڕاوەستان لە بەرانبەر حکوومەتدا، داوای یارمەتییان لە پشدەرییەکان ویست. لە ساڵی ١٩١٩، ژمارەیەک لە مەنگوڕەکان بە یارمەتی و پاڵپشتیی پشدەرییەکان بە بیانووی خاوەن قەرز لە ھەندێک کەس ھاتنە شاری سەردەشت.

لەو کاتدا ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی سەردەشت کوژران و برینداربوون و شارەکە بە تەواوی لە ئاگردا سووتا. فەرماندەی سەربازیی ئەو کاتی سەردەشت، عەلی ئەسغەرخانی پزیشکیان بوو کە نەیتوانی لە بەرانبەر پشدەرییەکاندا بەرگری بکات و ژمارەیەکی زۆر لە ھێزە سەربازییەکان کوژران و ئەوانەی زیندووش مانەوە ناچار بوون شارەکە بەجێ بهێڵن.

پشدەرییەکان نزیکی یەک مانگ سەردەشتیان لەژێر دەستدا بوو. دوای ماوەیەک ڕەزا شا ڕێگای دانوستانی ھەڵبژارد کە پشدەرییەکان قبووڵیان کرد و ڕەزا شاش جێنەراڵ سەرتیپ سەیف ئەفشاری بە نوێنەرایەتیی خۆی ناردە ناوچەکە.

لە سەردەمی کۆماری کوردستانیشدا ھۆزەکان و خەڵکی سەردەشت لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری کوردستان ئامادە بوون دەست بە شۆڕش بکەن و بچنە ناو ھێزەکانی دژی دەوڵەتی ناوەندی. زۆربەی گەورەکانی گەل و سەرکردەکانی ھۆزەکان بێجگە لە چەند بوارێکی تایبەت، وەفاداریی خۆیان بۆ قازی محەمەد ڕاگەیاند. خەڵکی سەردەشتیش بوونە ھاوڕای کۆمار، کە ئەو سەردەمە لە سەردەشت بە ساڵی دیموکرات ناسراوە. ساڵی ١٩٤٦ ساڵی سەرھەڵدانی خەڵکی شار لە دژی حکوومەتی پەھلەوی بوو. بارزانییەکان لە باشووری کوردستان لە دوای سەرنەکەوتن، لە ڕێگای سەردەشتەوە دەھاتنە ناو ڕۆژھەڵاتی کوردستان و پەیوەندییان بە قازی محەمەدەوە دەکرد. 

ھێزەکانی کۆماری کوردستان گەمارۆی سەردەشتیان دا و دواتر ئەو ناوچەیە چووە ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان. فەرماندەی ئەو شارە لە کۆماری کوردستاندا زێرۆبیگ ھەرکی بوو. سەردەشت ھەتا کاتی ڕووخانی کۆماری کوردستان لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٩٤٦، لەژێر دەسەڵاتی ئەو کۆمارەدا بوو، دواتر ھێزەکانی ئێران شارەکەیان داگیر کردەوە.

سەردەشت یەکێک لەو شوێنانەی نێوان جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق بوو کە شارەکە و دەوروبەری زیانێکی زۆری بەرکەوت و ھەتا ئێستاش شوێنەوارەکانی ماوەتەوە. ھەروەھا کیمیابارانکردنی سەردەشت لە درێژەی ئەو شەڕەدا ڕوویدا کە زیانێکی زۆری بە سەردەشت و خەڵکی شارەکە گەیاند.

لە ٢٨ـی حوزەیرانی ١٩٨٧ هێزە ئاسمانییەکانی ڕژێمی بەعس و فرۆکەوانەکانی ئەو سوپایە، بە گازی کیمیایی شاری سەردەشتیان کیمیاباران کرد. ئێستاش لەو شارەدا بەھۆی کیمیابارانەوە ژمارەیەکی زۆر تووشبووی نەخۆشییە کیمیاییەکانی هەیە.

سەردەشت لە سەدەی ٢١ چەندین ڕووداو و نائارامی بەخۆیەوە بینیوە. شارەکە بووەتە شوێنێک بۆ تێکھەڵچوون و پێکدادان لە نێوان پارتە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکان و چەکدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کە لەو چەند ساڵەدا چەندین تێکھەڵچوون لە سنووری سەردەشتدا ڕوویداوە.

جوگرافیای سەردەشت

سەردەشت لە تەنیشت کێوی گردەسوور و لەسەر زنجیرەچیاکانی زاگرۆس ھەڵکەوتووە. کێوەکانی قەندیل لە باکووری ڕۆژاوای ئەم شارەن. سەردەشت لە باکوور لەگەڵ پیرانشار و مەھاباد، لە ڕۆژھەڵات لەگەڵ بۆکان، لە باشووری ڕۆژھەڵات لەگەڵ بانە و لە ڕۆژاواوە لەگەڵ قەڵادزێ و پارێزگای سلێمانی ھاوسنوورە. ھەروەھا سەردەشت ١٠٠ کیلۆمەتر سنووری لەگەڵ ھەرێمی کوردستان ھەیە. ھەرێمی کوێستانی سەردەشت بە گەورەیی ١٦٦٠ کیلۆمەتری چوارگۆشە دەبێت.

ھەندێک لە کێوە بەرزەکانی سەردەشت:

  • بوڵفەت
  • ھەوینە ماڵ 
  • زەردکە
  • سەری گۆم
  • تەرخان
  • ئیبراھیم جەلال
  • کێوی نستان
  • لەندی شێخان
  • داشان قەڵا
  • کاسە بەردین
  • حاجی ئیبراھیم
  • بەردە سپیان

دانیشتووان

ژاک دێ مۆرگان، شوێنەوارناس و زەویناسی فەڕەنسی لە ساڵی ١٩٠٧ لە گەشتێکدا بۆ شاری سەردەشت، ئەو شارەی بە دانیشتووانی ١٬٥٠٠ کەسی ناساندووە. لە نوێترین سەرژمێری لە ساڵی ٢٠١٦، ژمارەی دانیشتووانی شاری سەردەشت بە ٤٦٬٤١٢ کەس لە ١٢٬٥٥١ خێزاندا خەمڵێندراوە.

زمان

زۆرینەی دانیشتووانی سەردەشت لە خەڵکی کورد پێکدێن، کە بە زمانی کوردی و شێوەزاری سۆرانی و زاری موکریانی دەدوێن. هەروەها خەڵکی سەردەشت بە شێوەزارێکی ھەندێک جیاوازی موکریانی دەدوێن، کە نزیکایەتی لەگەڵ سۆرانی ھەولێری و سۆرانی بابانی لە باشووری کوردستاندا ھەیە. ھەروەھا ناوچەکانی ڕانیە و قەڵادزێش بەپێی زمان و فەرھەنگ لە سەردەشت و موکریان نزیکن.

ئایین

خەڵکی ئەم شارە موسڵمانن و لە ئیسلامی سوننە و مەزھەبی شافعی پەیڕەو دەکەن. ھەرچەندە ھەندێک پێیان وایە سەردەشت شوێنی لەدایکبوونی زەردەشتە، بەڵام لە ئێستادا شارەکە پەیڕەی ئەو ئایینە ناکەن.

ھەروەھا لە مێژوودا کەمینەیەک لە پەیڕەوانی جوویەتی لە سەردەشت ژیانیان بەسەر دەبرد، کە دواتر بوونە موسڵمان و یان لە دوای دامەزراندنی ئیسرائیل کۆچیان کردە ئەو وڵاتە. لە بەهاری ١٩٤٩، کۆمەڵێک لە جوولەکەکانی سەردەشت بەرەو ئیسرائیل کۆچیان کرد.

ئابووری سەردەشت

سەردەشت سێ دەروازەی چالاکی سنووریی قاسمەڕەش، کێلێ و بێژوێی لە ناوچەی ئالاندا ھەیە. ھەروەھا سەردەشت لە ڕێگای سنووری کێلێوە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان پەیوەندی ھەیە. سەردەشت بە ڕێگای ئاسفاڵتەوە ١٤ کیلۆمەتر و بە ڕێگای ئاسمانییەوە ٨ کیلۆمەتر لە ھێڵی سنووریی کێلێوە دوورە. بە کردنەوەی سنووری نێونەتەوەییی کێلێ، سەردەشت دەبێتە دەروازەی پەیوەندیی ئێران لە باکووری ڕۆژاوا و بە ھەرێمی کوردستان، تورکیا، سووریا و ھەرێمی دەریای ناوینەوە دەبەسترێتەوە، بوونی دەروازە سنوورییەکانیش داهات گل دەداتەوە و دەبێتە هۆی بوژاندنەوەی ئابوورییەکەی.

خەڵکی سەردەشت بە پیشە جۆراوجۆرەکانەوە سەرقاڵن، بەڵام ئەو شارە بە ٢٣٪ زۆرترین ڕێژەی بێکاری لە ئاستی پارێزگای ورمێدا ھەیە، کە داخستنی سنوورەکان بە یەکێک لە ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بێکاری لەو شارە دادەنرێت. بەھۆی نەبوونی ھەلی کار و کێشەکانی ئابووری، ژمارەیەکی بەرچاو لە خەڵکی سەردەشت بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچیان کردووە یان ڕوویان کردووەتە کۆڵبەری.

هەروەها سەردەشت خاوەنی بەرهەمی سروشتی وەک ترێ ڕەشە، ھەنگوین، ھەنجیر، گوێز، سماق، سێو و مێوژە, سەردەشت ناوەندی بەرھەمھێنانی ترێ ڕەشەیە، نزیکەی ٥ ھەزار و ٥٠٠ ھێکتار باخی ترێ لە شاری سەردەشت بوونیان ھەیە کە بەشێوەی سروشتی ڕواون. 

ترێ ڕەشەی سەردەشت جیا لەوەی بەشێوەی خاو بەکار دەھێندرێت، ھاوکات بەرھەمەکانی وەک مێوژ، شیرە، دۆشاو، باسووق، ئاوی ترێ، دروستکردنی ڕۆن لە ناوکەکەی و ھەروەھا بۆ بەرھەمی دیکەش بەکار دێت و سوودی لێ وەردەگیرێت.

گەشتیاری

بەھۆی ژینگە و سروشتی سەردەشت، ئەو شارە لەگەڵ دەوروبەری بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە ناوچەکانی تری ئێران و هەرێمی کوردستان ڕووی تێدەکەن، هەندێک دیارترین ئەو شوێنانەی گەشتیار ڕووی تيدەکەن:

تاڤگەی شەڵماش

تاڤگەی شەڵماش یەکێک لە گرنگترین تاڤگەکانی پارێزگای ورمێیە کە لە سەردەشت ھەڵکەوتووە. ئەم تاڤگەیە کە لە دۆڵێکی ئاوەدان بە گژوگیا و لە ناو دارستانێکی پڕ و سەوزە، نزیک شاری سەردەشتە، بە یەکێک لە لقەکانی ڕووباری زێی بچووک ھەژمار دەکرێت.

ئەم تاڤگەیە کە لە ڕاستیدا لە سێ تاڤگە پێکھاتووە، ئێستا وەکوو ھاوینەھەوار و سەیرانگای لێھاتووە کە لە وەرزی گەرمادا ھەزاران کەس ڕووی تێدەکەن. سێ تاڤگەکە لە دوای یەکن و یەکەمیان نزیکی ڕێگای سەرەکییە، بەڵام دووانی تر مەودایەکی زۆرتریان ھەیە و دەبێت بۆ بینینیان بەرەو خوارەوە بەڕێکەویت. لە ساڵی ٢٠١٨ تاڤگەی شەڵماش خرایە ناو ڕیزی شوێنەوارە سروشتییەکانی ئێران و وەکوو ٥ـەمین شوێنەواری نیشتمانیی پارێزگای ورمێ تۆمارکرا. ساڵانە گەشتیارانێکی زۆر لە کوردستان، ئێران و تەنانەت جیھانیش ڕووی تێدەکەن.

تاڤگەی ڕەزگە

تاڤگەی ڕەزگە لە ناوچەی ئالان لە ١٣ کیلۆمەتری باشووری شاری سەردەشت و لە قەراخ شەقامی نێوان سەردەشت و ڕەزگە ھەڵکەوتووە. ئەم تاڤگەیە لە بەرزایی ھەڵکەوتووە. لە وەرزی بەھاردا لە پڕئاوترین کاتدایە، بەڵام بەھۆی ساردی ھەوا باشترین کات بۆ سەردانکردنی، کۆتایییەکانی بەھار ھەتا ناوەندەکانی پاییزە.

چۆمی کەڵوێ

چۆمی کەڵوێ بەشێک لە زێی بچووکە بە درێژیی ٤٠٠ ھەتا ٤٤٠ کیلۆمەتر، کە لە باشووری کوردستان بەرەو ڕۆژھەڵاتی کوردستان دەڕوات و دواتر دەڕژێتە ناو بەنداوی دوکان و لەوێشەوە لەگەڵ ڕووباری دیجلە و کەنداوی فارس تێکەڵ دەبێت. بەشێک لە سەرچاوەی ئاوی چۆمی کەڵوێ لە کێوەکانی باکووری ڕۆژاوای پیرانشار دەست پێدەکات، ھەروەھا دواتر ئاوی ھەندێک سەرچاوەی دیکە وەکوو شەڵماش و ڕەزگە دەڕژێنە ناو ڕووبارەکە و دوای پێکھێنانی بەشێک لە ھێڵی سنووری ئێران و عێراق لە ناوچەی ئالاندا، دەچێتە ناو خاکی ھەرێمی کوردستان و لەگەڵ ئاوی بەنداوی دوکان تێکەڵ دەبێت. ئەم ڕووبارە بەھۆی ژینگە و سروشتی دەوروبەرییەوە بووەتە یەکێک لە ناوچە گەشتیارییەکانی سەردەشت. هەروەها بەنداوی سەردەشت لەسەر ئەم ڕووبارە دروستکراوە.

کانیاوی گڕاوان

کانیاوی گڕاوان سەرچاوەیەکی ئاوی لە ناوچەی ڕەبەت لە سەردەشتە کە بەھۆی تایبەتمەندیی دەرمانی و سروشتی ناوبانگی ھەیە. گڕاوان لە دەشتێکی سەوز و سەرنجڕاکێش لە نزیک گوندی کانی گوێز لە مەودای دوو کیلۆمەتریی شاری ڕەبەت و لە ١٢ کیلۆمەتری باکووری ڕۆژھەڵاتی شاری سەردەشت ھەڵکەوتووە کە خاوەن ئاوی کانیاوییە. ڕووباری زێی بچووک لە تەنیشتییەوە تێدەپەڕێت کە لە وەرزی بەھاردا یەکێک لە پڕئاوترین ڕووبارەکانی ناوچەیە. ئاوی ئەو کانیاوە دەڕژێتە ناو ڕووباری کەڵوێ کە بە بەشێک لە زێی بچووک هەژمار دەکرێت. ھەروەھا گڕاوان کانیاوێکە ئاوەکەی کانزانییە و ھەڵگری خوێیە. ١٢٠٦ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریا بەرزە، ڕۆژانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە شارەکانی ئێران، ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ھەروەھا باشووری کوردستان سەردانی دەکەن.

پردی قەڵاتاسیان

پردی قەڵاتاسیان پردێکی مێژووییە، لە نەبیاوە لە ناوچەی وەزنێیە کە لە سەردەمی قاجارەکاندا دروستکراوە. ئەو پردە لەسەر ڕێگای کۆنی میراوە و مەھاباد لە بەشی باکووری ڕووباری زێی بچووک جێی گرتووە. ناوی ئەو پردە لە گوندی قەڵاتاسیانەوە وەرگیراوە. پردی قەڵاتاسیان لە ١٠ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٠، وەکوو یەکێک لە شوێنەوارە نیشتمانییەکانی ئێران ناسێندرا. ئەو پردە بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی سەردەشت ھەژمار دەکرێت.

حەمامی کۆن

حەمامی کۆن یان حەمامی بێستوون حەمامێکی مێژووییە کە لە نزیک پارکی شار لە ناوەندی ئەو شارەدا ھەڵکەوتووە. عەزیزخان موکری لە سەردەمی قاجارەکاندا فەرمانی دروستکردنی ئەو حەمامەی دەرکرد. حەمامی کۆن لە ٢٠ـی تەممووزی ١٩٨٨، وەکوو یەکێک لە شوێنەوارە نیشتمانییەکانی ئێران ناسێندرا. ئەو حەمامە وەک شوێنێکی گەشتیاریی سەردەشت دادەنرێت و بڕیار وایە بکرێتە مۆزەخانەی مرۆڤناسی.

گەڕەکەکانی شاری سەردەشت

بەشێک لە گەڕەکانی شاری سەردەشت بریتین لە:

  • کانی مەڕێ
  • بەردەقووچێ
  • دۆڵتانچک
  • بەری کەریزەی
  • ئاشان
  • ژێروو
  • بیمارستان
  • پادگان
  • سەرچاوێ
  • حەسارێ
  • داربەڕوو
  • سەر قەبران
  • گردەسوور
  • کوورپە
  • سابڵاغیان
  • نێزەڕۆ
  • مزگەوتی حاجی ڕەسووڵ شێخانی
  • تێرمیناڵ
  • مزگەوتی سوور
  • بەری کەوەنەی
  • خانەی فەقیران
  • شیرکەتی نەوت
  • سەر سەدێ
  • ئاشی موباشیری
  • کانی ساردێ
  • حەمامی کەوسەر
  • سەر سازمانێ
  • خانی حوسێن کەتیرە
  • شێر و خوورشید
  • فەرمانداری
  • ڕەزی جۆڵای
  • فەتعەلی زادە
  • چاکە چکۆلە
  • کانی خانی
  • کوورەخانەی میرزا وەھاب
  • شەبەکەی دوو
  • تەکیەی مەلامینە
  • جانبازان
  • فەدەک
  • ئازادەگان
  • فەرھەنگیان
  • شێوەبرایمە


سەرچاوەکان



1251 بینین