چاندنی بەکتریا

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2022-08-09-17:41:00 - کۆدی بابەت: 9766
چاندنی بەکتریا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چاندنی بەکتریا (بە ئینگلیزی: bacterial culture بە عەرەبی: زراعة البكتيريا) پشکنینێکە بۆ دەستنیشانکردنی بەکتریا و جۆری بەکتریاکان لە لەشی نەخۆشدا بەکاردێت، لە هەڵبژاردنی چارەسەری گونجاودا یارمەتی پزیشکەکان دەدات. بۆ یەکەمجار ئەم پشکنینە لەلایەن لویس پاستۆر لە ساڵی ١٨٦٠ ئەنجامدرا، پێش ئەم هەنگاوەی لویس پاستۆر چاندنی بەکتریا لەسەر هەندێک کەرەستەی ڕۆژانەی وەک خواردن ئەنجام دەدرا.

ئەو نموونانەی دەتوانرێت چاندنی بەکتریایان بۆ ئەنجام بدرێت بریتین لە:

خوێن، میز، شلەی مێشک و دڕکەپەتک، پیسایی، بەڵغەم و ئەو نموونانەی لە برین، گوێ، گەروو، لووت و چاو وەردەگیرێن.

نیشانەکان

لە کاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی تووشبوونی میکرۆبی بەهۆی بەکتریاوە و لە کاتی دووچاربوون بەم حاڵەتانە پشکنینی چاندنی بەکتریا ئەنجام دەدرێت:

چۆنیەتی ئەنجامدانی پشکنینەکە

بۆ ئەنجامدانی ئەم پشکنینە نموونەیەک لە لەش وەردەگیرێت، وەرگرتنی شوێنی نموونەکە پشت بەو نیشانانەی لە نەخۆشەکەدا دەردەکەون دەبەستێت. دواتر نموونەکە بۆ تاقیگە دەنێردرێت تاوەکوو پشکنینەکە ئەنجام بدرێت، لە تاقیگەدا  ناوەند (media) بۆ هاندانی گەشەکردنی بەکتریاکان بەکاردەهێنرێت، ناوەندەکان ماددە خۆراکییەکان و هەموو ئەو پێداویستییانەیان تێدایە کە بەکتریاکان بۆ گەشەکردن پێویستییان پێی دەبێت.  ناوەندەکان بەپێی جۆری بەکتریاکان دەگۆڕێن و جیاوازییان هەیە. ئەو نموونانەی وەک خوێن، پیسایی، میز، شلەکانی لەش و نموونەکانی تر کە وەردەگیرێن لەسەر میدیاکان دادەنرێن بەم جۆرەش بەکتریاکان گەشە دەکەن و زۆر دەبن، کاتێک بەکتریاکان گەشە دەکەن ڕەنگی ناوەندەکانیان دەگۆڕێت، گۆڕانی ڕەنگی ناوەندەکانیش پشت بە جۆری بەکتریاکان دەبەستێت، ئەمەش لە دەستنیشانکردنی ئەو جۆرەی بەکتریا کە دەبێته هۆی نەخۆشییەکە یارمەتیدەر دەبێت. جگە لە گۆڕانی ڕەنگی ناوەندەکانیش بەشێکی زۆر کەم لەو بەکتریایەی گەشەی کردووە دەخرێتە سەر سڵاید (slide) و لەژێر مایکرۆسکۆپدا دەستنیشانی جۆرە جیاوازەکانی بەکتریا دەکرێت.

جۆرەکانی پشکنینی چاندنی بەکتریا

  1. چاندنی خوێن: بۆ دەستنیشانکردنی ئەو بەکتریایانەی دەبنە هۆی هەوکردنی سیستمەکانی جەستە بەکاردێت.
  2. چاندنی شلەی مێشک و دڕکەپەتک: بۆ ئەم جۆرەی چاندنی بەکتریا ئەو شلەیەی پارێزگاری لە بڕبڕەکان دەکات وەردەگیرێت.
  3. چاندنی پیسایی: بۆ دەستنیشانکردنی بەکتریاکان کە دەبنە هۆی هەوکردنی کۆئەندامی هەرس بەکاردێت.
  4. چاندنی بەڵغەم: بۆ دەستنیشانکردنی بەکتریاکان کە دەبنە هۆی هەوکردنی سییەکان بەکاردێت، بەڵغەم ماددەیەکی لینجە و لە قوڵایی سییەکاندا هەیە.
  5. چاندنی میز: بۆ دەستنیشانکردنی بەکتریاکانی دەبنە هۆی هەوکردنی کۆئەندامی میز و گورچیلەکان بەکاردێت.
  6. چاندنی بەکتریاکانی ناو برین: هەندێک کات برینەکان بەهۆی بەکتریاکانەوە تووشی هەوکردن دەبن، بەشێک لە برینەکە یان شلەی ناو برینەکە وەردەگیرێت و پشکنینی چاندنی بەکتریای بۆ دەکرێت.

سێ ڕۆژ پێش ئەنجامدانی ئەم پشکنینە پزیشک پێشنیازی وەستاندنی هەندێک دەرمان بۆ نەخۆش دەکات، ئەمەش لەبەر ئەوەی هەندێک دەرمان دەبنە هۆی کوشتنی بەکتریاکان و کاریگەری لەسەر گەشەی بەکتریاکان لە ناوەندەکانیان دروست دەکەن، ئەمەش دەبێتە هۆی هەڵە لە ئەنجامی پشکنینەکەدا.

سوودێکی تری ئەم پشکنینە بۆ دیاریکردنی دەرمانی گونجاو بۆ نەخۆش بەکاردێت، هەندێک کات بۆ ماوەیەکی زۆر نەخۆش دەرمان وەردەگرێت، بەڵام کاریگەری لەسەر باشترکردنی نەخۆشییەکەی نابێت، لەم کاتەدا پزیشک داوای ئەنجامدانی پشکنینی هەستیاری دژەزیندەیی Antibiotici) sensitivity test) دەکات،  سەرەتا لەسەر ناوەندی گونجاو بەکتریاکان گەشەیان پێدەکرێت و دواتر کۆمەڵێک دژەزیندەیی گونجاو لەسەر میدیاکە دادەنرێت، بەپێی ئەو کاریگەرییانەی دژەزیندەییەکان لەسەر بەکتریاکان دروستی دەکەن گونجاوترین دژەزیندەیی بۆ چارەسەرکردن دیاری دەکرێت. 


سەرچاوەکان



802 بینین