کینگستۆن ئەپۆن هاڵ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-08-10-23:19:00 - کۆدی بابەت: 9784
کینگستۆن ئەپۆن هاڵ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کینگستۆن ئەپۆن هاڵ (بە ئینگلیزی: Kingston upon Hull، بە عەرەبی: كينغستون أبون هُل)، ناوەکەی کورتکراوەتەوە بۆ شاری هاڵ، شارێکی بەندەرییە لە کەرتی ڕۆژهەڵاتی یۆرکشایەر لە ئینگلتەرا. ئەم شارە درێژ دەبێتەوە بۆ سەر ڕووباری هاڵ و ٤٠ کیلۆمەتر لە دەریای باکوور، ٨٠ کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی لیدز، ٥٥ کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی یۆرک و ٨٧ کیلۆمەتر لە باکووری ڕۆژهەڵاتی شێفیڵدەوە دوورە. ژمارەی دانیشتووانی شارەکه لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٩ـدا ٢٥٩٫٧٧٨ کەس بوو، هەروەها چوارەم گەورەترین شاری یۆرکشایەر و هەرێمی هەمبەرە.

مێژوو

مێژووی دامەزراندنی هاڵ دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی ١٢، ئەم شارە دەکەوێتە سەر ڕووباری هاڵ کە شوێنێکی زۆر نایاب بوو بۆ کەشتیگێڕی، بەتایبەتی هەناردەکردنی خوری. لە ساڵی ١٤٤٠ـدا حکوومەتێکی ناوخۆیی لە هاڵدا دامەزرا، حکوومەتەکە لە سەرۆکی پۆلیس، سەرۆکی شارەوانی و ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانی پێکهاتبوو. شارەکە وەک بنکەیەک لە کاتی جەنگی یەکەمی سەربەخۆیی سکۆتلەندا بەکارهات و دواتر بە هەناردەکردنی خوری و قوماش ناسرا. هاڵ بوو بە ناوەندێک بۆ کڕین و فرۆشتنی کەناری بۆ هەموو شانشینی یەکگرتوو. شارۆچکەکە بە درێژایی سەدەی ١٧ بەردەوام بوو لە گەشەکردن.

لە کاتی جەنگی جیهانیی دووەمدا، لە دوای شاری لەندەنەوە، شاری هاڵ زۆر بۆمبڕێژکرا و نزیکەی تەواوی خانووەکانی زیانیان بەرکەوت، پاشان شارەکە دووبارە دروستکرایەوە و بەردەوامە لە بوون بە یەکێک لە سەرقاڵترین بەندەرەکانی شانشینی یەکگرتوو. جگە لە بەندەرەکەی، شارەکە خاوەنی چەند پیشەسازییەکی گەشەسەندووە لەوانە چاودێری کیمیایی و تەندروستی.

دانیشتووان

لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١٦ـدا ژمارەی دانیشتووانی شاری هاڵ بە ٢٦٠٫٢٠٠ کەس خەمڵێندرا، چڕی دانیشتووانیش ٩٫٠٣٠ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. ڕووبەری ڕووی شارەکە بەنزیکەیی ٢٧٫٥٩ کیلۆمەتر دووجایە. هەروەها ڕێژەی بێکاری لە شارەکەدا بەرزە، وەک لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١دا ڕاپۆرت کراوە. نزیکەی نیوەی ئەو دانیشتووانەی لە شارەکەدا دەژین، لە خانووی کرێدان و ڕێژەی کرێچییەکانی شارەکە لە تێکڕای نیشتیمانی بەرزترە.

نەژاد

هەر بەپێی هەمان سەرژمێری ساڵی ٢٠١١، ژمارەی دانیشتووانی هاڵ بەزۆری سپی پێستی بەریتانی بوون، کە بە ڕێژە ٨٩٫٧٪ـی دانیشتووان پێکهێنابوو. لە کاتێکدا ٤٫١٪ـی دانیشتووان سپی پێستی نەتەوەکانی تر بوون، هەروەها ٢٫٣٪ چینی و ڕەگەزی دیکە، ١٫٣٪ ڕەگەزی تێکەڵ، ١٫٢٪ ڕەش پێست، ١٫١٪ باشووری ئاسیا، و ٠٫٣٪ سپی پێستی ئێرلەندی بوون. هەروەها لە سەرژمێرییەکەدا دەرکەوتووە کە تەنها ٣٪ـی دانیشتووانی شاری هاڵ لە دەرەوەی شانشینی یەکگرتوو لەدایکبوون.

ئایین

بەپێی دوایین سەرژمێری زۆربەی دانیشتووانی شاری هاڵ خۆیان بە مەسیحی دا لە قەڵەم کە ٧١٫٧٪ـی دانیشتووان پێک دەهێنن. هەروەها ١٨٪ـی دانیشتووان بێ ئایینن. لە کاتی ڕاپرسییەکەدا، ژمارەی کڵێساکانی شارەکە بە بەراورد بە هەموو شانشینی یەکگرتوو کەمترین بوو.

گەشەی دانیشتووانی هاڵ

ڕۆڵی شارەکە وەک ناوەندێکی گواستنەوە، شەقام و ناوەندە بازرگانییە سەرەکییەکانی، گەشەپێدانی بازرگانی و دیمەنی هونەر و کولتوورەکانی، هاڵ دەکەنە شوێنێکی بەناوبانگ بۆ ژیان. ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ساڵانی ١٨٠٠ـکانەوە بە شێوەیەکی بەردەوام گەشەی کردووە، ژمارەی دانیشتووانەکەی لە ساڵی ١٨٠١ـدا کەمێک زیاتر لە ٢١٫٠٠٠ کەس بوو و دوای حەفتا ساڵ بەرزبوویەوە بۆ ١٣٠٫٤٢٦ کەس. هەروەها ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ١٩٣١ـدا گەیشتە لووتکە و بە ٣٠٠٫٠٠٠ کەس خەمڵێندرا. ژمارەی دانیشتووان لە سەرژمێریی ساڵی ٢٠٠١ـدا گەیشتە نزمترین خاڵ، کە تەنیا ٢٤٣٫٥٩٥ دانیشتووی تێدابوو. بەڵام لە سەرژمێری ساڵی ٢٠١١دا، ژمارەی دانیشتووان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٣١ـەوە دەستی بە بەرزبوونەوە کردەوە.

کەشوهەوا

بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، کەشوهەوای شارەکە ئۆقیانوسییە، بەگشتی کەشی شارەکە خۆشە، گەرم و مامناوەندە. هەروەها بەشێوەیەکی بەرچاو باران لە شارەکەدا دەبارێت، تەنانەت لە وشکترین مانگی ساڵیشدا باران دەبارێت. تێکڕای پلەی گەرمی ساڵانە ۱۰ پلەی سەدییە. ساڵانە نزیکەی ٧٤٧ مللیمەتر باران دەبارێت.

کینگستۆن ئەپۆن هاڵ لە نیوەگۆی باکوورە، هاوینی ئەم شارە لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە دەست پێدەکات و لە مانگی ئەیلوول کۆتایی دێت. مانگەکانی وەرزی هاوین بریتین لە، حوزەیران، تەممووز، ئاب و ئەیلوول. ڕێژەی شێ لە مانگی کانوونی دووەمدا بەرزترینە ٨٤٫٢٧٪ـە، لە کاتێکدا ڕێژەی شێ لە مانگی تەممووزدا نزمترینە ٧٦٫١٢٪ـە. هەروەها

ڕێژەی دابارین لە مانگی شوباتدا نزمترینە و بە تێکڕایی ٤٩ مللیمەتر باران دەبارێت، لە مانگی حوزەیراندا ڕێژەی دابارین دەگاتە لووتکە و بە تێکڕایی ٧٢ مللیمەتر باران دەبارێت.

مانگی تەممووز گەرمترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی ١٦٫٢ پلەی سەدییە، مانگی کانوونی دووەم ساردترین مانگی ساڵە و تێکڕای پلەی گەرمی شارەکە ٤٫٨ پلەی سەدییە.

هەندێک لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی شارەکە

١. پردی هەمبەر

۲. پێشەنگای زیندەوەری ئاویی زە دیپ

٣. شارۆچکەی کۆنی هاڵ

٤. پارکی خۆرهەڵات

٥. مۆزەخانەی دەریایی هاڵ

٦. بەندەری هاڵ

۷. کڵێسای هاڵ

٨. پێشەنگای نیگارکێشی فێرینز


سەرچاوەکان



201 بینین