میخائیل کالینین

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-08-15-11:50:00 - کۆدی بابەت: 9844
میخائیل کالینین

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

میخائیل ئیڤانۆڤیچ کالینین یان کالینیچ (بە ئینگلیزی: Mikhail Kalinin، بە عەرەبی: ميخائيل كالينين) سیاسەتمەدارێکی سۆڤیەت و شۆڕشگێڕێکی کۆنی بەلشەڤی بوو. لە ساڵی ١٩١٩ تا ١٩٤٦ وەک سەرۆکی کۆماری سۆسیالیستی فیدراڵی سۆڤیەتی ڕووسیا و دواتر لە یەکێتیی سۆڤیەت کاری کردووە. لە ساڵی ١٩٢٦ـەوە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی شیوعیی یەکێتیی سۆڤیەت بووە.

کالینین لە بنەماڵەیەکی جووتیار لەدایکبووە، لە شاری سانت پترسبۆرگ وەک کرێکاری کانزا کاری کردووە و وەک ئەندامێکی سەرەتایی بەلشەڤیکەکان بەشداری لە شۆڕشی ساڵی ١٩٠٥ی ڕووسیادا کردووە. لە ماوەی شۆڕشی ئۆکتۆبەر و دوای شۆڕشی ئۆکتۆبەر، وەک سەرۆکی شارەوانی پترۆگراد (سان پترسبۆرگ) کاری کردووە. دوای شۆڕش، کالینین بوو بە سەرۆکی دەوڵەتی نوێی سۆڤیەت، هەروەها ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی شیوعی و مەکتەبی سیاسی بوو.

کالینین دوای سەرهەڵدانی جۆزێف ستالین وەک سەرۆکی دەوڵەتی ناونیشانی یەکێتیی سۆڤیەت مایەوە، بەڵام دەسەڵات و کاریگەری ڕاستەقینەی کەمی هەبوو. ساڵی ١٩٤٦ خانەنشین بوو و لە هەمان ساڵدا کۆچی دوایی کردووە. شاری کۆنیگسبێرگی پێشووی ڕۆژهەڵاتی پرۆس، بەناوی کالینینەوە گۆڕا بۆ ناوی کالینینگراد و تا ئێستاش بەوشێوەیە ماوەتەوە. شاری تڤێریش تا ساڵی ١٩٩٠ بە ساڵێک پێش ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت بە کالینین ناسرابوو.

ژیان

میخائیل ئیڤانۆڤیچ کالینین لە ١٩ی تشرینی دووەمی ١٨٧٥ لە بنەماڵەیەکی کۆڵبەری بە ڕەچەڵەک ڕووسی نەتەوەیی لە گوندی ڤێرخنیای ترۆیتسا (Верхняя Троица)، پارێزگای تڤێر لە ڕووسیا لەدایکبووە. کالینین لە ساڵی ١٨٨٩ لە قوتابخانەیەکی ناوچەکە خوێندنی تەواو کردووە و بۆ ماوەیەک لە کێڵگەیەکدا کاری کردووە. ڕووی لە شاری سانت پترسبۆرگ کردووە و لەوێ لە ساڵی ١٨٩٥دا کاری وەک کرێکاری کانزا دۆزییەوە. هەروەها وەک خزمەتکار و دواتر وەک کرێکاری هێڵی ئاسن لە کۆگای تفلیس کاری کردووە، لەوێش سێرگی ئەلیلویڤی باوکی هاوسەری دووەمی ستالینی ناسی.

لە ساڵی ١٩٠٦ لەگەڵ ئیکاتێرینا لۆربێرگ (Yekaterina Ivanovna Lorberg) هاوسەرگیری کردووە. 

پیشەی سیاسی

میخائیل ئیڤانۆڤیچ کالینین لە ساڵی ١٨٩٨ کە ساڵی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی سۆسیال دیموکراتی ڕووسیایە پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی سۆسیال دیموکراتی ڕووسیاوە کردووە. لە ڕێگەی بنەماڵەی ئەلیلویڤەوە ستالینی ناسی. لە سەردەمی شۆڕشی ڕووسیا لە ساڵی ١٩٠٥، کالینین لە ڕێکخراوی RSDLP و لە ستافی سەندیکای ناوەندی کرێکارانی کانزادا کاری کردووە.

دواتر وەک نوێنەری RSDLP لە شاری تیفلیسی جۆرجیا و ریڤاڵی ئیستۆنیا و مۆسکۆ چالاک بووە. لە نیسانی ١٩٠٦ وەک نوێنەر لە چوارەمین کۆنگرەی پارتی کرێکارانی سۆسیال دیموکراتی ڕووسیا کاری کردووە. کالینین لایەنگرێکی سەرەتایی و دڵسۆزی کوتلەی بەلشەڤیکی RSDLP بوو کە ڤلادیمێر لینین سەرۆکایەتی دەکرد. نوێنەری کۆنفرانسی حیزبی بەلشەفی بووە لە ساڵی ١٩١٢ کە لە پراگ بەڕێوەچوو، لەوێ بە ئەندامی جێگرەوەی کۆمیتەی ناوەندی حوکمڕان هەڵبژێردرا و ڕەوانەی ناوخۆی ڕووسیا کرا بۆ کارکردن.

کالینین بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانی ساڵی ١٩١٦ دەستگیرکرا و لە کاتی شۆڕشی شوباتی ساڵی ١٩١٧ ئازاد کرا کە دەوڵەتی تزاری ڕووخاند.

شۆڕشەکانی ڕووسیا

کالینین پەیوەندی بە کۆمیتەی بەلشەفیەکانی پترۆگرادەوە کرد و هاوکاری کردن لە ڕێکخستنی ڕۆژنامەی حیزبی پراڤدا. لە نیسانی ١٩١٧ کالینین وەک زۆرێک لە بەلشەڤیکەکانی تر بانگەشەی بۆ پشتیوانی مەرجدار بۆ حکوومەتی کاتی بە هاوکاری لەگەڵ فراکسیۆنی مێنشێڤییەکانی RSDLP کرد، ئەمەش لەگەڵ هەڵوێستی لینین ناکۆک بوو. بە درێژایی ئەو هاوینە بەردەوام بوو لە دژایەتیکردنی ڕاپەڕینێکی چەکداری بۆ ڕووخاندنی حکوومەتی ئەلێکساندەر کیرێنسکی.

لە هەڵبژاردنەکاندا کە بۆ دومای شاری پترۆگراد لە پاییزی ساڵی ١٩١٧ بەڕێوەچوو، کالینین وەک سەرۆکی شارەوانی شارەکە هەڵبژێردرا، کە لە کاتی شۆڕشی بەلشەفی لە ٧ی تشرینی دووەم و دوای شۆڕشی بەلشەفی بەڕێوەی دەبرد. لە ساڵی ١٩١٩ کالینین بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حوکمڕانی حیزبی شیوعیی ڕووسیا و هەروەها وەک ئەندامی کاندیدی مەکتەبی سیاسی هەڵبژێردرا. لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٢٦ پلەی بەرزکرایەوە بۆ ئەندامێتی تەواو لە مەکتەبی سیاسی، کە تاوەکوو مردنی لە ساڵی ١٩٤٦دا لەو پۆستەدا مایەوە.

کاتێک یاکۆڤ میخایلۆڤیچ سڤێردلۆڤ لە ئازاری ١٩١٩ کۆچی دوایی کرد، کالینین جێگەی گرتەوە وەک سەرۆکی کۆمیتەی بەڕێوەبەری ناوەندی سەرتاسەری ڕووسیا و ناسناوی سەرۆکی دەوڵەتی ڕووسیای سۆڤیەتی وەرگرت. کالینین بەبێ پچڕان بەردەوام بوو لە دەستبەسەرداگرتنی ئەو پۆستە تا لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەمدا خانەنشین بوو.

کالینین لە ساڵی ١٩٢٠ لە چوارچێوەی شاندی ڕووسیا بەشداری لە دووهەمین کۆنگرەی جیهانی ئینتەرناسیۆنالی کۆمۆنیستی لە مۆسکۆ کرد. لەوێ لە مینبەری سەرۆکایەتی دانیشتبوو و بەشدارییەکی چالاکانەی لە دیبەیتەکاندا دەکرد. 

یەکێتیی سۆڤیێت

کالینین هاوپەیمانێکی ستالین بوو بۆ گەیشتنی بە دەسەڵات دوای مردنی لینین ١٩٢٤، لە ساڵی ١٩٢٤ ڕاپۆرتێکی لەبارەی لینین و کۆمینتەرن پێشکەش بە پێنجەمین کۆنگرەی جیهانی کرد. هەرچەندە ئەندامی مەکتەبی سیاسی بوو کە دەسەڵاتی جێبەجێکاری دیفاکتۆی یەکێتی سۆڤیەت بوو و بە ناو دووەم بەرزترین پۆستی دەوڵەتی لە یەکێتیی سۆڤیەتدا هەبوو، بەڵام کالینین دەسەڵات و کاریگەرییەکی کەمی هەبوو. 

ڕۆڵی ئەو زیاتر لە وەرگرتنی نامەی دیپلۆماسی بوو لە دەرەوە. خرۆشۆڤ دەڵێت نازانم لە سەردەمی لینیندا کالینین کاری چیبوو، بەڵام لە سەردەمی ستالیندا واژۆکەری ناوەکی هەموو فەرمانەکان بوو، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا بە دەگمەن بەشداری لە کاروباری حکوومەتدا دەکرد. هەندێک جار دەکرا بە ئەندامی کۆمیسیۆنێک، بەڵام خەڵک زۆر بۆچوونی ئەویان لەبەرچاو نەدەگرت.

لە ٥ی ئازاری ١٩٤٠دا، شەش ئەندامی مەکتەبی سیاسی، ستالین، ڤیاچێسلاڤ مۆلۆتۆڤ، لازار کاگانۆڤیچ، کلیمنت ڤۆرۆشیلۆڤ، ئەناستاس میکۆیان و میخائیل کالینین، فەرمانێکیان واژۆ کرد بۆ لە سێدارەدانی ٢٥ هەزار و ٧٠٠ "ناسیۆنالیست و دژە شۆڕش"ـی پۆڵەندی کە لە کەمپ و زیندانەکانی ڕۆژاوای داگیرکراوی ئۆکرانیا و بیلاڕووسدا ڕاگیرابوون، ئەمەش بەشێک بوو لە کۆمەڵکوژی کاتین.

کالینین نەیتوانی تەنانەت هاوسەرەکەی خۆی بە ناوی ئیکاتێرینا کالینینا بپارێزێت کە ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ستالین دەگرت و لە ٢٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٨ بە تۆمەتی "ترۆتسکیست" دەستگیرکرا. هەرچەندە لەوکاتەدا کالینین سەرۆکی سەرۆکایەتی سۆڤیەتی باڵا بوو (١٩٣٨-١٩٤٦)، بەڵام هاوسەرەکەی لە زیندانی لێفۆرتۆڤۆ ئەشکەنجە درا و لە ٢٢ی نیسانی ١٩٣٩دا سزای پازدە ساڵ زیندانی لە ئۆردوگایەکی کاردا سەپێندرا و کەمێک پێش مردنی هاوسەرەکەی لە ساڵی ١٩٤٦ ئازادکرا.

کۆچی دوایی

کالینین لە ساڵی ١٩٤٦ خانەنشین بوو و لە ٣ی حوزەیرانی هەمان ساڵ لە مۆسکۆ بە نەخۆشیی شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد. بە پرسەیەکی گەورەی دەوڵەتی ڕێزی لێگیرا و لە نەکرۆپۆلیسی دیواری کرێملین، لە یەکێک لە دوانزە گۆڕی تاکەکەسی کە دەکەوێتە نێوان گۆڕستانی لینین و دیواری کرێملین بە خاک سپێردرا

سێ شاری گەورە (تڤێر، کۆرۆلیۆڤ و کۆنیگسبێرگ) ناویان گۆڕدرا بۆ ڕێزلێنان لە ئەو. تەنها دواهەمین لەو سێ شارە ئەمڕۆ کە بە کالینینگراد ناسراوە، دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت ناوەکەی پاراستووە.


سەرچاوەکان



675 بینین