باشترین باری خەوتن

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی سروشت ناجی - به‌روار: 2022-08-17-22:25:00 - کۆدی بابەت: 9882
باشترین باری خەوتن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

باشترین باری خەوتن (بە ئینگلیزی: Best sleeping position، بە عەرەبی: أفضل وضعية للنومخەو بەشێکی گرنگی ژیانی ڕۆژانەی مرۆڤ دەگرێتەوە، هەروەک چۆن خواردن و خواردنەوە گرنگە بۆ زیندوو مانەوە و بەردەوامی، بە هەمان شێوە خەوتنیش گرنگە بۆ مانەوە لە ژیان. بوونی خەوێکی باش و ئارام کاریگەری دەبێت لەسەر بەڕێکردنی کارەکانی ڕۆژانە و باری دەروونی مرۆڤ، لەگەڵ ئەوەشدا باری خەوتن ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە باشێتی خەودا.
بارە جیاوازەکانی خەوتن سوودی جیاوازیان هەیە، ئەگەر ئەزموونی ئازار یان حاڵەتی تری تەندروستی دەکەیت، لەوانەیە پێویست بکات باری خەوتنەکەت بگۆڕیت و تێبینی کەمبوونەوەی ئازار و باشتربوونی تەندروستیت بکەیت. لە هەمان کاتدا چونکە شتێک نییە بتوانیت بە یەک شەو گۆڕانکاری تێدا بکەیت، گۆڕینی باری خەوت دەکرێت لەسەرەتادا کەمێک بێزارکەر بێت. کات بە خۆت بدە تاکوو وردە وردە خۆت ڕابهێنیت لەگەڵ باری نوێی خەوتنتدا. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر دوای ئەمەش هەر هەستت کرد کە ئاسوودە نیت لە کاتی خەوتندا، زۆر لە خۆت مەکە، چونکە دەتوانیت ئەو بارەی کە پێشتر لەسەری ڕاهاتوویت باشتری بکەیت و بەشێوەیەکی تەندروست لەسەری بەردەوام بیت.

بارەکانی خەوتن

باری کۆرپەلەیی

باری کۆرپەلەیی یان کۆکراوەیی بارێک دەگرێتەوە کە تیایدا کەسەکە لەسەر لایەک پاڵکەوتووە و قاچەکانی نوشتاندووەتەوە بۆ سەرەوە بەرەو لای سکی، هەروەک چۆن کۆرپەلە لە سکی دایکیدا دەوەستێت. باوترین باری خەوتنە و سوودی زۆری هەیە. ئەم بارە نەک تەنها بۆ ئازاری پشت و خانمانی دووگیان بەسوودە، بەڵکوو خەوتن بەم بارەدا دەکرێت پرخەکردنیش کەم بکاتەوە.
بەڵام لە هەمان کاتدا باری کۆرپەلەیی دەکرێت چەند لایەنێکی خراپیشی هەبێت. بۆیە دڵنیابە لەوەی کە باری خەوتنەکەت ئاسوودەکەرە، چونکە باری خەوتنی ئاسوودەکەر دەکرێت هەناسەی قووڵ سنووردار بکات لە کاتی پرخەکردندا.
لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر کێشەی تەندروستی وەکوو ئازاری جومگە و ڕەقبوونت هەیە، خەوتن لە بارێکی کۆرپەلەیی تونددا دەکرێت وات لێبکات کە بەیانییەکەی لە خەو هەستایت هەست بە ئازاری جومگەکان بکەیت.

خەوتن لەسەر لا

خەوتن لەسەر لایەک وەکوو باری خەوتنی کۆرپەلەییە، بەڵام قاچەکان بۆلای سک بەرز نەکراونەتەوە، هەروەک باری کۆرپەلەیی ئەم بارەش بارێکی باشە بۆ تەندروستی مرۆڤ، هەروەها بۆ کەمکردنەوەی پرخە و کرداری هەرسکردن و تەنانەت کەمکردنەوەی دڵەکزەش بەسوودە.
سەرەڕای ئەم سوودانە، بەڵام خەوتن لەسەر لا هەموو کات بەسوود نییە. چونکە نەک تەنها دەکرێت ببێتە هۆی ڕەقبوونی شانەکان، بەڵکوو دەکرێت ببێتە هۆی توندبوونی شەویلگەی ئەو لایەی لەسەری خەوتوویت.
دانانی سەرینێک لەنێوان بەشی خوارەوەی قاچەکاندا دەکرێت یارمەتیدەربێت بۆ باشتر جووتبوونی ڕانەکان تاکوو دووربیت لە ئازاری بەشی خوارەوەی پشت.

خەوتن لەسەر چی لایەک باشترە؟

بە پشت بەستن بە باری تەندروستیت، دەکرێت خەوتن لەسەر لای چەپ بەسوودتر بێت لە خەوتن لەسەر لای ڕاست.
توێژینەوەیەکی بچووک کە چاودێری دە کەسی دەکرد لەماوەی دوو ڕۆژدا. لە ڕۆژی یەکەمدا بەشداربووان دوای خواردنی ژەمێکی قورس و چەور لەسەر لای ڕاستیان پاڵکەوتن و پشوویان دا. لە ڕۆژی دووەمدا، بارەکەیان گۆڕی بۆ لای چەپ. لە ئەنجامیشدا توێژەران بۆیان دەرکەوت کە خەوتن لەسەر لای ڕاست پەیوەستکراوە بە زیادبوونی دڵەکزە و گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە، کەواتە خەوتن لەسەر لای چەپ دەکرێت سوودی زیاتربێت.
خەوتن لەسەر لای چەپ دەکرێت بۆ جووڵەی ڕێکوپێکی ڕیخۆڵەش بەسوود بێت، ڕیخۆڵە باریکە لەڕێگەی زمانەی نێوان ڕیخۆڵە باریکە و ڕیخۆڵە ئەستوورەوە پاشماوەکان پاڵدەنێت بۆ ڕیخۆڵە ئەستوورە، کە لە بەشی خوارەوەی لای ڕاستی سکدایە. خەوتن لەسەر لای چەپ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت تاکوو پاشماوە خۆراکییەکان ئاسانتر بە بەم زمانەیەدا دا تێپەڕ ببن.

خەوتن لەسەر سک

ئەگەر بارەکانی خەوتن ڕیز بکرێن، ئەوا خەوتن لەسەر سک لە خوارەوەی ڕیزبەندییەکە دەبێت، لە کاتێکدا کە بارێکی باشە بۆ ئەو کەسانەی پرخە دەکەن یان تووشی هەناسەتوندی کاتی خەوتن دەبن، بەڵام سوودەکانی لەوە زیاتر نین و دەکرێت ئەم سوودانەشی نەبێت.
بەداخەوە کە خەوتن لەسەر سک دەکرێت ببێتە هۆی ئازاری مل و پشتیش. هەروەها دەبێتە هۆی کشانی زیاد لە پێویستی ماسولکەکان و جومگەکان، کە ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی کاتێک هەستایت لە خەو هەست بە ئازار و ماندووێتی بکەیت.
دانانی سەرینێک لەژێر بەشی خوارەوەی سک دەکرێت یارمەتیدەربێت بۆ کەمکردنەوەی ئازاری پشت.

خەوتن لەسەر پشت

خەوتن لەسەر پشت زۆرترین سوودی تەندروستی هەیە، بڕبڕەی پشت دەپارێزێت، هەروەها یارمەتی کەمکردنەوەی ئازاری ئەژنۆ و جومگەی ڕان دەدات.

خەوتن لەسەر پشت هێزی کێشکردن بەکاردەهێنێت بۆ پاراستنی لەش بەڕێکی لەسەر بڕبڕەی پشت. ئەمەش یارمەتی کەمکردنەوەی هەر پەستانێکی نەویستراوی سەر پشت و جومگەکان دەدات، دانانی سەرینێک لە پشت ئەژنۆکانەوە دەتوانێت چەماوەی سروشتی پشت ڕێکبخات.
هەروەها ئەگەر کەسێکیت کە گرنگی بە پاراستنی پێستت دەدەیت، خەوتن لەسەر پشت پێست لە چرچبوون دەپارێزێت.
لە هەمان کاتدا خەوتن لەسەر پشت دەکرێت بۆ ئەو کەسانە قورس بێت کە ئەزموونی پرخەکردن و هەناسەتوندی کاتی خەو دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت قورس بێت بۆ ئەو کەسانەی کە ئازاری پشتیان هەیە، لەبەر ئەم هۆیانەش دەبێت دڵنیابیت کە خەوتن لەسەر پشت ئەم کێشە تەندروستیانەت خراپتر ناکات.

چۆن بزانیت کام باری خەوتنە بۆ تۆ گونجاوە؟

ناکرێت تەنها بەیەک جار و یەک تاقیکردنەوەی بۆت دەربکەوێت کام باری خەوتنە بۆ لەشت گونجاوە، کەواتە دەبێت ئەزموونی چەند بارێکی جیاوازی خەوتن بکەیت تاکوو بزانیت لە کام بارەدا ئاسوودەیت و هەست بە پشوودانی تەواو دەکەیت (هیچ ئازارێکت نییە) کاتێک لە خەو هەڵدەستیت.
ئەم خشتەیەی خوارەوە چەن پێشنیارێکی تێدایە، بەڵام مەرج نییە بۆ هەموو کەسێک ئەمە ڕاست و دروست بێت. کاتێک گومانت لە باری خەوتنی گونجاوی خۆت کرد، گوێ بۆ لەشت بگرە، ئەگەر لە بارێکی خەوتنی جیاوازدا هەستت بە ئاسوودەیی نەکرد، زۆر لە لەشت مەکە.

کێشەی تەندروستی ئەو بارانەی گونجاون تێبینی
ئازاری خوارەوەی پشت خەوتن لەسەر لا، لەسەر پشت یان باری کۆرپەلەیی کاتێک لەسەر لا دەخەویت هەوڵ بدە پشتییەک لەنێوان ئەژنۆکانتدا دابنێیت تاکوو هێڵی بڕبڕەی پشتت بپارێزیت.
ئازاری مل خەوتن لەسەر پشت یان لەسەر لا ئەگەر لەسەر لا خەوتیت پشتییەکی بەرزتر بەکاربهێنە، ئەگەر لەسەر پشت خەوتیت پشتییەکی نزمتر بەکاربهێنە.
پەرخەکردن و هەناسەتوندی لە کاتی خەودا خەوتن لە باری کۆرپەلەیی، لەسەر لا یان لەسەر سک ئەگەر لەسەر سک خەوتیت هەوڵ بدە پشتییەک بخەیتە ژێر حەوزت، هەروەها ڕەچاوی ئەوە بکە کە پشتییەی نزمتری بۆ ژێر سەرت بەکاربهێنیت.
گەڕانەوەی ترشەڵۆکی گەدە خەوتن لەسەر لا خەوتن لەسەر لای چەپ دەکرێت زیاتر کاریگەر بێت بەبەراورد بە خەوتن لەسەر لای ڕاست.
خانمانی دووگیان خەوتن لەسەر لا یان باری کۆرپەلەیی لەگەڵ بەکارهێنانی سەرینێک بۆ لەشت یان سەرینێکی پان بۆ ئاسوودەبوونی زیاتر تاقی بکەرەوە.

گیرانی لووت

خەوتن لەسەر پشت سەرت بەرز بکەرەوە بەبەکارهێنانی پشتییەکی زیادە.
ئازاری ئەژنۆ یان بنی ڕان خەوتن لەسەر پشت دانانی پشتییەک لەژێر ئەژنۆکانتدا تاقی بکەرەوە بۆ ئەوەی پەستان لەسەر بڕبڕەی پشتت نەهێڵیت.


سەرچاوەکان



397 بینین