مووچڕکە

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-01-21:36:00 - کۆدی بابەت: 10112
مووچڕکە

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

مووچوڕکە یان مووچڕکە (بە ئینگلیزی: Goosebumps، بە عەرەبی: القشعريرة)، حاڵەتێکە تووشی پێست دەبێت، کە تیایدا مووەکانی جەستە بەرز دەبنەوە. هەموو کەس ڕۆژێک لە ڕۆژان مووچڕکەی پێدا هاتووە بە تایبەتی کاتێک هەست بە سەرما دەکەیت. کاتێک مووچڕکە ڕوودەدات، مووەکانی قۆڵ و قاچ بەڕێکی دەوەستن، واتە بەرز دەبنەوە. کاتێک مووەکە بەرز دەبێتەوە لەگەڵ خۆیدا سەلکە مووش ڕادەکێشێت. ماسولکەیەک بە ناوی ڕەپکەری موو (Arrector pili) لە سەلکە موودا هەیە، هەڵدەستێت بە ڕاکێشانی مووەکە و بەرزی دەکاتەوە، واتە ئەم ماسولکەیە لە ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە بەرپرسە. 

چۆن مووچڕکە دروست دەبێت؟

لەوانەیە سەرنجی ئەوەت دابێت، مووچڕکە بە زۆری لە کاتی هەستکردن بە سەرما دروست دەبێت، هەروەها لەو کاتانەی هەستێکی بەهێزت بۆ دروست دەبێت وەک هەستکردن بە ترس، خەم، دڵخۆشی و لە کاتی وروژاندنی سێکسیدا. هەروەها دەکرێت مووچڕکە لە کاتی ئەنجامدانی چالاکییە جەستەییەکاندا ڕووبدات، تەنانەت ئەگەر چالاکییەکی بچووکیش بێت، بۆ نموونە لە کاتی پیساییکردن لەبەرئەوەی لەم حاڵەتەدا کۆئەندامی دەمار چالاک دەبێت. هەندێک جار دەکرێت مووچڕکە بەبێ بوونی هیچ هۆکارێک و هەڕەمەکییانە ڕووبدات. یەکێک لە زانیارییە سەرسوڕهێنەرەکان ئەوەیە بێجگە لەوەی مرۆڤ دەتوانێت تووشی مووچڕکە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەشێت هەندێک لە ئاژەڵەکانی وەک سەگ و ژیشک دووچاری هەمان حاڵەت ببنەوە، واتە دەکرێت لە ئاژەڵەکانیشدا ڕووبدات. 

هۆکارەکانی مووچڕکە چین؟ 

مووچڕکە یارمەتی گەرمبوونی لەش دەدات. کاتێک هەست بە سەرما دەکەیت، جووڵەی ئەو ماسولکانەی دەبنە هۆی مووچڕکەکە جەستە گەرم دەکەنەوە و وا دەکەن هەست بە گەرمیی بکەیت. بەڵام هۆکاری مووچڕکە لە ئاژەڵاندا بۆ مەبەستێکی جیاوازە. لە ئاژەڵاندا بە هەمان شێوە مووەکە بەرز دەبێتەوە، بەم شێوەیە هەوا ڕادەکێشێتە ناوەوە بۆ ئەوەی بەرگێکی پارێزەر دروست بکات. ئەم پڕۆسەیە لە لەشی مرۆڤدا نییە لەبەرئەوەی مووی مرۆڤ بە بەراورد بە مووی ئاژەڵ زۆر کەمترە. دوای ئەوەی لەشت گەرم دەبێت، وردە وردە مووچڕکەکە نامێنێت و ئەو ماسولکەیەی لەم ئەرکە بەرپرسبووە خاو دەبێتەوە و لە ئەنجامدا مووەکان دەگەڕێنەوە شێوە ئاساییەکەی خۆیان. 

مووچڕکە بەهۆی هەستەوە ڕوودەدات

کاتێک دووچاری هەستێکی بەهێز دەبیتەوە، لەشی مرۆڤ بە چەند ڕێگایەکی جیاواز وەڵامی دەبێت. دوو باوترین کاردانەوە یان وەڵام لەلایەن لەشی مرۆڤەوە بریتییە لە زیادبوونی چالاکی ئەو ماسولکانەی دەکەونە ژێر پێستەوە، لەگەڵ ئەوەشدا قووڵی و قورسی هەناسەدان زیاد دەکات. ئەم دوو گۆڕانکارییە ڕوودەدات، تاکوو وا لە لەش بکەن ماسولکەکانی ژێر پێست چالاک بکات و مووچڕکە دروست بێت. لەم کاتانەدا لەوانەیە هەست بە ئارەقکردنەوە و زیادبوونی لێدانی دڵ بکەیت. دروستبوونی ئەم هەستە بەهێزانە پەیوەندییان هەیە بەوەی بیر لە چی دەکەیتەوە، هەروەها ئەو شتانەی گوێت لێ دەبێت، دەیبینیت، بۆن و تامی دەکەیت، یان دەستی لێ دەدەیت. لێکۆڵینەوەیەک باسی لەوە کردووە تەماشاکردنی گفتوگۆی هەستبزوێنی ناو فیلمەکانیش دەبێتە هۆی دروستبوونی مووچڕکە.


سەرچاوەکان



903 بینین