جەنگی لوبنان (١٩٨٢)

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2022-11-01-16:07:00 - کۆدی بابەت: 10386
جەنگی لوبنان (١٩٨٢)

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

جەنگی لوبنانی ساڵی ١٩٨٢، کە بە داگیرکردنی لوبنانیش ناودەبرێت (بە ئینگلیزی: 1982 Lebanon War، بە عەرەبی: حرب لبنان 1982)، یان ئەوەی ئیسرائیل ناوی لێنابوو ئۆپەراسیۆنی ئاشتی بۆ جەلیل و ئۆپەراسیۆنی سنەوبەر. شەڕێکە کە تێیدا لوبنان بووە مەیدانی جەنگی نێوان ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین و سووریا و ئیسرائیل. هۆکارەکانی ئەم شەڕە کۆمەڵێک ڕووداو بوون کە لە ماوەی ساڵانی پێشوودا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویاندابوو، هەر لە ڕێککەوتنی قاهیرە کە بوونی فراکسیۆنە چەکدارەکانی فەلەستین لە لوبنان ڕێکدەخات، تا دەگاتە شەڕی ناوخۆی لوبنان.

شەڕەکان لە ٦ی حوزەیرانی ١٩٨٢ دەستیپێکرد کاتێک حکوومەتی ئیسرائیل بڕیاریدا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی لە دژی رێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین دەستپێبکات دوای ئەوەی ڕێکخراوەکە هەوڵێکی دا بۆ تیرۆرکردنی باڵیۆزی ئیسرائیل لە شانشینی یەکگرتوو لەلایەن کەسێکەوە بەناوی ئەبو نیزاڵ. ئیسرائیل باشووری لوبنانی داگیرکرد دوای ئەوەی هێرشی کردە سەر رێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین و هێزەکانی سووریا و میلیشیا چەکدارە ئیسلامیەکانی لوبنان. لەوێ پێشڕەوی کرد تاوەکوو توانی ڕێکخراوەکە و بەشێک لە یەکەکانی سوپای سووریا لە بەیرووتی ڕۆژاوا گەمارۆ بدات.

بە هاوکاری نێردەی تایبەت، فیلیپ حەبیب و لە ژێر پاراستنی هێزەکانی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی، رێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین لە بەیرووت کشایەوە دوای ئەوەی کەوتە بەر بۆردمانێکی زۆر سەخت. ئەم شەڕە لە ساڵی ١٩٨٥دا کۆتایی هات، بەڵام کاریگەرییەکانی و پاشماوەکانی تا مانگی ئایاری ٢٠٠٠ کۆتایی نەهات، کە ئەوکات بە فەرمی سوپای ئیسرائیل و یاریدەدەرەکانی لە باشووری لوبنان کشانەوە.

زانیاریی گشتی

مێژوو

٦ی حوزەیرانی ١٩٨٢

شوێن

لوبنان، فەلەستین، ئیسرائیل، سووریا

ئەنجام

کشانەوەی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین لە باشوور
داگیرکردنی باشووری لوبنان لەلایەن ئیسرائیلەوە ١٩٨٢-١٩٨٥
مانەوەی سوپای سووریا لە لوبنان تا ساڵی ٢٠٠٥

شەڕکەرەکان

  • ئیسرائیل
  • سوپای لوبنانی باشوور

سەرکردەکان

ئاریێل شارۆن

هێز

  • ١٠٠ هەزار سەرباز
  • ١٢٥٠ تانک
  • ٤٠٠ فڕۆکەی جەنگی

ڕێکخراوی ڕزگاریخواز:

  • ٢٠ هەزار چەکدار
  • ١٠٠ تانک

هێزەکانی سووریا:

  • ٤٠ هەزار سەرباز
  • ٦٠٠ تانک
  • ٢٧٠ فڕۆکەی جەنگی

بزووتنەوەی هیوا:

  • لەو کاتەدا ١٤ هەزار چەکدار

حزب الله:

  • لەو کاتەدا نزیکەی ١٥٠٠ چەکدار.

زیانەکان

١ هەزار و ٢١٦ کەس کوژراو

٩,٨٠٠ کوژراو

جەنگ

ئیسرائیل لە ٥-٦ی حوزەیرانی ١٩٨٢دا دەستی بە بۆردومانێکی بەرفراوانی ئاسمانی و تۆپخانە کرد بۆ سەر شاری سەیدا و گوندەکانی نەبتییە، داموور، تەبنین، عەرنوون و قەڵای ستراتژیکی شەقیف. دواتر سوپای ئیسرائیل لە ٦ی حوزەیرانی ١٩٨٢ چووە ناو خاکی لوبنان و ئەو پێگانەی کە ٧ هەزار سەربازی نەتەوە یەکگرتووەکان داگیریان کردبوو بە ئاسانی تێپەڕێنران. ئەوکات رۆناڵد ریگانی سەرۆکی ئەمریکا، بەرگی بۆ ئیسرائیل لە هێرشەکەیدا دابینکرد، گڵۆپی سەوزی بۆ ئیسرائیل هەڵکرد بۆ لەناوبردنی رێکخراوە فەلەستینییەکە، ئیسرائیلیش دڵنیایی دایە ئەمریکییەکان کە بۆ مەودای ٣٠ کیلۆمەتر زیاتر ناچێتە لوبنان بۆ بەدەستهێنانی ئاسایشی خۆی و بەرگریکردن لە خۆی. ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لەلایەن ئاریێل شارۆن وەزیری بەرگریی ئیسرائیلی ئەوکات سەرپەرشتی دەکرا. ئەو لەو کاتەدا ڕایگەیاندبوو کە هۆکارەکە بۆ پاڵنانی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین و دوورخستنەوەی مووشەکەکانی کاتیۆشا بووە بۆ دووری ٤٠ کیلۆمەتر لە سنوورەکانی ئیسرائیلەوە. دواتر دەستکاری ئامانجەکان کرا، چونکە وتەبێژی فەرمی حکوومەتی ئیسرائیل، ئاڤی بارنز، ڕایگەیاند کە ئامانجەکانی ئیسرائیل بریتین لە:

  • چۆڵکردنی سەرجەم هێزە بیانییەکان لە لوبنان بە سوپای سووریاشەوە.
  • لەناوبردنی ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین.
  • یارمەتیدانی هێزەکانی لوبنان بۆ کۆنترۆڵکردنی بەیرووت و دانانی وەک حکوومەتێکی لوبنانی خاوەن دەسەڵات و سەروەری بەسەر تەواوی خاکی لوبناندا.
  • واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی لەگەڵ حکوومەتی لوبنان و دەستەبەرکردنی ئاسایشی شارۆچکەکانی باکووری ئیسرائیل.

سەرەتای پرۆسەکە

بەپێی چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنی لەگەڵ تەیموور گۆکسێل، وتەبێژی هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لەو کاتەدا لەسەر سنوورەکانی لوبنان و ئیسرائیل بڵاوەیان پێکرابوو، کاتژمێر ١٠:٣٥ خولەکی بەرەبەیانی ڕۆژی ٦ی حوزەیرانی ١٩٨٢، ١٣ تانکی مێرکاڤا لە پردی حەمرا نزیک بوونەتەوە و لە یەکتر جیابوونەوە و ٦ سەربازی هۆڵەندی لە بازگەی پشکنینەکەدا هەوڵیانداوە ڕێگری لە پێشڕەوی تانکەکان بکەن بە دانانی بەربەست لەسەر ڕێگاکە، بەڵام سەربازانی سوپای ئیسرائیل بەردەوام بوون لە پێشڕەوی و هاواریان کردووە "ببورن، ئەمە لەشکرکێشییە"، شەش سەربازەکە هیچ توانایەکیان نەبوو بۆ پاراستنی ئەو سنوورە، چونکە دوای ١٣ تانکەکە، زیاتر لە هەزار تانک هاتنە نێو سنوورەکە. هێزەکانی ئیسرائیل بە چەند میحوەرێک بەرەو بەیرووتی پایتەخت پێشڕەوییان کرد، بەڵام ڕووبەڕووی بەرخۆدانی توندوتیژ بوونەوە لەلایەن کەمپەکانی پەنابەرانی فەلەستین لە باشووری لوبنان، هەروەها ڕووبەڕووی بەرخۆدانێکی توند بووەوە کاتێک هەوڵی داگیرکردنی قەڵای ستراتژیکی شەقیفی دا. دوای داگیرکردنی قەڵای شەقیف قەڵاکە ڕادەستی سەعد حەداد فەرماندەی سوپای لوبنانی باشووری لایەنگری ئیسرائیل کرا و چەند ڕۆژێک دواتر سەیدا و سوور و دامووریش کەوتن. مۆڵگەکانی ڕێکخراوی ڕزگاریخواز، یەک لە دوای یەک ڕووبەڕووی پێشڕەوی ئیسرائیل بوونەوە و سوپای ئیسرائیل دەستی کرد بە پێشڕەوی بەرەو ڕێگای سەرەکی نێوان بەیرووت و دیمەشق و دزەی کردە ناوچەی شووف لە بەشی باشووری چیای لوبنان. لە ٨ی حوزەیرانی ١٩٨٢، بۆ یەکەمجار سوپای سووریا لەگەڵ سوپای ئیسرائیل تووشی پێکدادان بوونەوە. تەنها ٥ ڕۆژ دوای لەشکرکێشییەکە، هێزەکانی ئیسرائیل توانیان کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر یەک لەسەر سێی خاکی لوبنان بکەن و لە ٩ی حوزەیرانی ١٩٨٢ سوپای ئیسرائیل گەیشتە نزیکی بەیرووت. هەر لەو ڕۆژەدا هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل توانی چەند شوێنێکی بەرگریی ئاسمانیی سووریا وێران بکات، جگە لەوەی فڕۆکەیەکی شەڕکەری میگ-٢١ی سووریای خستەخوارەوە لە پێکدادانێکی ئاسمانی بەرفراوانی نێوان ٩٠ چەکداری ئیسرائیلی و ٦٠ چەکداری سووریا. لە ١٤ی حوزەیرانی ١٩٨٢، سوپای ئیسرائیل چووە ناو ڕۆژهەڵاتی بەیرووت کە زۆرینەی مەسیحییە و بەشی ڕۆژاوای بەیرووتیان گەمارۆ دا كە مۆڵگەیەكی سەرەكی میلیشیا فەلەستینییەكان بوو. لە کۆتایی مانگی حوزەیران، ١٠٠ هەزار سەربازی ئیسرائیلی لە لوبنان هەبوون، لە کاتێکدا ژمارەی هێزەکانی سووریا گەیشتبووە ٤٠ هەزار کەس، هەروەها ١١ هەزار چەکداری فەلەستینی لەگەڵ یاسر عەرەفاتی سەرۆکی بزووتنەوەکە لە ڕۆژاوای بەیروت گیریان خواردبوو. لە سەرەتای مانگی تەممووزدا سوپای ئیسرائیل گەمارۆیەکی بەسەر بەیرووتی ڕۆژاوا سەپاند و ڕێگەی خۆراک و ئاوی بۆ ئەو ناوچەیە پچڕاند، ڕێگری لە جموجۆڵی نێوان هەردوو پارچەی بەیرووت کرد و بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر ڕۆژاوای بەیرووت بە پلەی جیاواز لە سەرتاسەری مانگی تەممووز بەردەوام بوو.

لە ١٢ی ئابی ١٩٨٢، بە رێککەوتنێکی نزیک لەسەر میکانیزمی ڕۆیشتنی چەکدارانی فەلەستینی لە بەیرووت، ئیسرائیل هەنگاوێکی سەرسوڕهێنەری ئەنجامدا کە وایکرد جیهان تووشی سەرسڕمان ببێت و بووە هۆی تووڕەیی ڕۆناڵد ریگان سەرۆکی ئەمریکا، کە تێیدا هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل قورسترین بۆردومانی ئاسمانی و تۆپخانە و دەریایی بۆ سەر بەیرووت ئەنجامدا، کە بۆ ماوەی دە کاتژمێری بەردەوام بەردەوام بوو، هەردوولا لە ١٨ی ئابدا بە ناوبژیوانی فیلیپ حەبیب نوێنەری ئەمریکی گەیشتنە ڕێککەوتنی ئاگربەست و لە ١٩ی ئابدا ئیسرائیل گەمارۆکانی بۆ سەر ڕۆژاوای بەیرووت سووک کرد و ڕێگەی بە کەلوپەلی ڕێکخراوی خاچی سوور دا بچنە ڕۆژاوای بەیرووت.

ناوچەکانی جەنگ

  • سوپای لوبنان: بەهیچ شێوەیەک دەستوەردانی لە ململانێکان نەکرد و بێلایەن مایەوە.
  • سوپای سووریا: هێزەکانی سووریا بە تەواوی نەچوونە ناو شەڕەکەوە تا ئەو کاتەی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل چەند پاترییەکی جۆری سام ٢ و ٣ و ٦ی دروستکراوی ڕووسیای بۆردومان کرد کە سووریا لە لوبنان داینابوو. دوای دوو شەڕی خێرای زەمینی، پێکدادانێک لە ئاسمان لە نێوان نزیکەی ٢٠٠ فڕۆکەی سووری و نزیک لە ئیسرائیل ڕوویدا.
  • چەكدارانی فەلەستین: زۆربەی چەكدارانی فەلەستین سووك چەكدار بوون، ئەمەش وایكرد میتۆدی بەرخۆدان و شەڕی گەریلا بەكاربهێنن.

بەیرووتی گەمارۆدراو

یاسر عەرەفات بە هاتنی تەلەگرامێک لە باشوورەوە سەری سوڕما و پێشبینی نەکردبوو کە هێزەکانی ئیسرائیل بە خێرایی دەستدرێژییان کردبێتە سەر سوور لە باکوور. جۆرج حاوی لە زاری عەرەفاتەوە دەڵێت: "ناکرێت، مەحاڵە"، بۆیە عەرەفات پەیوەندی بە حاجی ئیسماعیلەوە کرد بۆ ئەوەی پرسیار لە دۆخەکە بکات، بەڵام ئیسماعیل سەرقاڵی دوورخستنەوەی ئەو هێزانە بوو لە سەیدا بەهۆی گەمارۆدانی ئیسرائیل گیریان خواردبوو. هەمووان بە قەبارەی لەشکرکێشییەکە سەریان سوڕما، هەرچەندە بەشیر جەمیل زیاتر لە جارێک پشتڕاستی کردبووەوە کە هێزەکانی ئیسرائیل دێن. ڕەنگە ئەمەش بگەڕێنرێتەوە بۆ وتارەکەی ڕیگان کە تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە چوونە ژوورەوە بۆ سی کیلۆمەتر سنووردار دەبێت. لە ١٤ی حوزەیرانی ١٩٨٢، فەرماندەیی هاوبەشی هێزەکانی فەلەستین و بزووتنەوەی نیشتمانی لوبنان یاخود کۆمیتەی رزگارکردنی نیشتمانی، لەسەر بانگهێشتی ئیلیاس سەرکیس، سەرۆکی لوبنان لە بەیرووت پێکهێنرا، کە سەرکردەی مەزهەبە سەرەکییەکانی لوبنانیان لەخۆگرتبوو لەگەڵ دوو لیوای سووری کە بەردەوام بوون لە شەڕ. ئامانجی ئەو دەزگای فریاگوزارییە ڕێگریکردن بوو لە توندبوونەوەی قەیرانی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری نێوان ئیسرائیل و ڕێکخراوی ڕزگاریخوازی فەلەستین، بەڵام وردە وردە دەرکەوت کە ناتوانێت هیچ ئەنجامێکی بەرجەستە بەدەست بهێنێت.

لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی ئیلیاس سەرکیس سەرۆکی لوبنان، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە بەیرووت ڕێکخرا، لە ٢٣ی ئابی ١٩٨٢ پەرلەمانی لوبنان بە کۆدەنگی ٥٧ دەنگ و ٥ بێلایەن و بایکۆتی زۆرینەی موسڵمانان بەشیر جەمیلی وەک سەرۆکی لوبنان هەڵبژارد، لایەنە ئیسلامییەکان پێیان وابوو بەشیر هاوپەیمانی ئیسرائیلە. ٩ ڕۆژ پێش ئەوەی جەمیل دەست بە ئەرکی سەرۆکایەتی بکات و لە ١٤ی ئەیلوولی ١٩٨٢ بە بۆمبێکی کاتی تیرۆرکرا. دوای هەفتەیەک و لە ٢١ی ئەیلوولی ١٩٨٢ پەرلەمانی لوبنان براکەی بە ناوی ئەمین جەمیل بە سەرۆک کۆمار هەڵبژارد، ئەویش بانگهێشتی سەرۆکی بەرەی موسڵمانان و سەرۆکوەزیرانی لوبنان شەفیق وەزان کرد بۆ ئەوەی لە پۆستەکەیدا وەک سەرۆک وەزیران بمێننەوە، ئەمەش هەوڵێکی جەمیل بوو بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکە و یەکخستنی ڕیزەکان.

له‌ بواری ئابووریشدا، به‌های لیرەی لوبنانی بۆ ئاستێكی نزم دابه‌زی، هه‌روه‌ها نیشانه‌كانی بێتوانایی حكوومه‌تی لوبنان له‌ سه‌پاندنی باج ده‌ركه‌وت، ڕێژه‌ی هه‌ڵاوسان گەیشتە نێوان ٢٠ بۆ ٣٠% و ژێرخانی لوبنان به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان لەناوچوو. لە ١٣ی حوزەیراندا هێزەکانی ئیسرائیل و میلیشیاکانی بەشیر جەمیل گەمارۆی بەیروتیان دا و ئەم گەمارۆیە تا ٢٨ی ئاب بەردەوام بوو. بە درێژایی گەمارۆکە، هێزەکانی ئیسرائیل لە زەوی و بە بەکارهێنانی تۆپ و لە ئاسمان و دەریاوە بەیرووتیان بۆردومان دەکرد. زۆربەی شارەکە لەگەڵ زەوی یەکسان بوو، زیاتر لە ٣٠ هەزار هاوڵاتی مەدەنی لوبنانی کوژران و زیاتر لە ٤٠ هەزار کەسیش برینداربوون، زیاتر لە نیو ملیۆن کەس لە بەیرووت ئاوارە بوون، لە ماوەی ئەو حەفتا و شەش ڕۆژەدا ئیسرائیل بەردەوام بوو لە ڕێگری لە یارمەتی نێودەوڵەتی و مرۆیی بۆ شارەکە. ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەرپرسیارێتی ئەو کوژراوانە و وێرانبوونی ژێرخان و زیانەکانی مرۆیی بریتییە لە بەکارهێنانی خەڵکی سڤیل لەلایەن ڕێکخراوە فەلەستینییەکە وەک قەڵغانی مرۆیی و بەکارهێنانی ماڵی مەدەنی وەک مۆڵگەی شەڕ، ئەمەش وایکردووە ئیسرائیل بەناچاری بۆردومانی ئەو ژێرخانانە بکات کە دەکرا شەڕکەرەکان بەکاری بهێنن. لە هێرشەکەیدا بۆ سەر بەیرووت، ئیسرائیل چەکی قەدەغەکراوی نێودەوڵەتی بەکارهێنا، بە بۆمبی کلاستەر و فسفۆڕ دەستی پێکرد، دواتریش بە ناپاڵم و یاری منداڵانی فریودەری تەقێنراوە و بە بۆمبی هەڵمی سووتەمەنی کۆتایی هات. گەمارۆکە بە سڕینەوەی یەک لەسەر سێی بەیرووت لە نەخشەی زەوی کۆتایی هات، ٦٧٥ سەربازی ئیسرائیلی لەگەڵ خەڵکی سڤیلی لوبنانی کوژران.

ئەنجامەکان

ڕۆناڵد ڕیگان گەرەنتییەکی بە چەکدارە فەلەستینییەکان دا کە خێزانەکانیان سەلامەت دەبن ئەگەر بەرەو توونس بڕۆن، ئیسرائیل ناچار بوو ڕازی بێت بە دەرچوونی چەکدارەکان لە ژێر پاراستنی نێودەوڵەتیدا، کە پێکهاتبوو لە ٨٠٠ مارینی ئەمریکی و ٨٠٠ سەربازی فەرەنسی و ٤٠٠ سەربازی ئیتاڵی. لە کۆتاییدا ١٤ هەزار و ٦١٤ چەكداری فەلەستینی لەژێر پاراستنی نێودەوڵەتی بەیروت بەرەو تونس بەڕێكەوتن. لە لایەکی دیکەوە لە نێوان ٥ی حوزەیرانی ١٩٨٢ تا ٣١ی ئایاری ١٩٨٥، هەزار و ٢١٦ سەربازی ئیسرائیل کوژران. نەخشەی سیاسی لوبنان دوای لەشکرکێشی ئیسرائیل گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەسەردا هات، هەرچەندە لە ڕاستیدا میلیشیا مەسیحییەکانی لوبنان شانبەشانی سوپای ئیسرائیل بەشدارییان لە شەڕەکەدا نەکرد، بەڵام لەو ناوچانە بڵاوبوونەوە و دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەی کە لەژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیلدا بوون گرت، بەتایبەتی لە باشووری لوبنان، کە حیزبی کەتائیبی لوبنانی دەستی بەسەردا گرتبوو.

ڕێکخراوی فەتح توانی شەش سەربازی ئیسرائیلی بگرێت، کە دواتر بە پێنج هەزار دەستگیرکراوی لوبنانی و فەلەستینی ئاڵوگۆڕ کران کە لە کەمپی دەستبەسەرکردنی ئەنسار لە باشووری لوبنان دەستبەسەر بوون. بە پشت بەستن بە ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دابەشکردنی چەکدارانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بەم شێوەیەیە:


سەرچاوەکان



486 بینین