داڵاس

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2022-12-14-21:00:00 - کۆدی بابەت: 10658
داڵاس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

داڵاس (بە ئینگیزی: Dallas، بە عەرەبی: دالاس)، سێیەم گەورەترین شاری ویلایەتی تەکساس و گەورەترین شاری گەورەناوچەی داڵاس و فۆرت وۆرسە کە چوارەم گەورەترین گەورەناوچەیە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. شاری داڵاس دەکەوێتە ناوچەی باکووری تەکساس، ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٫٣٠٤٫٣٧٩ کەس بوو و نۆیەم قەرباڵغترین شاری وڵاتەکەی و سێیەم گەورەترین شاری تەکساسە لە دوای شارەکانی هاوستۆن و سان ئانتۆنیۆ. داڵاس کرۆکی سەرەکی گەورەترین گەورەناوچەی باشووری ئەمریکا و گەورەترین گەورەناوچەی دوور لە کەناری دەریاییە لە ئەمریکا.

مێژووی شارەکە

دانیشتووی بنەڕەتی تۆمارکراوی ناوچەی داڵاس خەڵکی کادۆ (Caddo) بوون، پێش ئەوەی کۆلۆنیالیستەکانی ئیسپانیا لە سەدەی ١٨ـدا ناوچەکە کەوتە ژێر دەستی ئیسپانیاکان و دواتر فەڕەنسا ناوچەکەی داگیر کرد، بەڵام جێگیرگەی زۆری تێدا دانەمەزراند. لە پێش و ماوەی مێژووی شارەکەدا، بەگشتی شەش ئاڵا بەسەر ئەو ناوچەیەدا شەکاوەتەوە، ئەوانیش، ئاڵای فەڕەنسا، ئیسپانیا، مەکسیک، کۆماری تەکساس، ئاڵای کۆنفیدڕاڵەکان و ئاڵای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکان. ناوچەی داڵاسی ئێستا لە ساڵی ١٨٣٩دا ڕووپێوی کرا و دوای دوو ساڵ جێگیرگەیەکی هەمیشەیی بە ناوی داڵاس دامەزرا. کۆماری تەکساس لە ساڵی ١٨٤٥ درا بەدەم ئەمریکاوە.

شارەکانی داڵاس و فۆرت وۆرسی نزیکی لە سەرەتادا بەهۆی دروستکردنی هێڵی شەمەندەفەر لە ناوچەکەدا گەشەیان پێدرا کە لە ڕێگەیەوە پەتاتە و ئاژەڵ و دواتر نەوت گەشتە باکوور و ڕۆژهەڵاتی تەکساس. دروستکردنی سیستمی ڕێگاوبانی نێوان ویلایەتەکان ناوبانگی داڵاسی وەک ناوەندێکی گواستنەوە بەهێزتر کرد. پاشان بەهۆی یەکگرتنی هێڵە سەرەکییەکانی هێڵی ئاسن و ڕێگا سەرەکییەکانی نێوان ویلایەتەکان و دروستکردنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی داڵاس/فۆرت وۆرس کە یەکێکە لە گەورەترین و قەرەباڵغترین فڕۆکەخانەکانی جیهان، داڵاس وەک ناوەندێکی پیشەسازی و دارایی بەهێز و بەندەرێکی سەرەکی ناوخۆیی گەشەی کرد.

لە جەنگی جیهانیی دووەمدا، داڵاس ناوەندێکی گەورەی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل و فڕۆکەی سەربازیی ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان بوو. زیاتر لە ٩٤ هەزار ئۆتۆمبێلی جێب و زیاتر لە ٦ هەزار بارهەڵگری سەربازی لە کارگەی فۆرد لە ڕۆژهەڵاتی داڵاس بەرهەم هێنران. کۆمپانیای فڕۆکەوانی ئەمریکای باکوور زیاتر لە ١٨ هەزار فڕۆکەی لە کارگەکەیان لە داڵاس بەرهەمهێنا.

ئابووری و گرنگی شارەکە

کەرتی ئابووریی شارەکە جۆراوجۆرە و بریتییە لە بەرگری، خزمەتگوزارییە داراییەکان، تەکنەلۆجیای زانیاری، پەیوەندییەکان و گواستنەوە. گەورەترین گەورەناوچەی داڵاس-فۆرت وۆرس میوانداری ٢٣ کۆمپانیای فۆرچن ٥٠٠ دەکات، خاوەنی دووەم زۆرترین کۆمپانیایە لە تەکساس و چوارەم زۆرترین کۆمپانیا لە ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەشدا ١١ کۆمپانیایان لە سنووری شاری داڵاسدان. سەرەڕای ئەوەش زیاتر لە ٤١ کۆلێج و زانکۆ لەناو گەورەشارەکەیدا هەڵکەوتوون. شارەکە ژمارەیەکی زۆر دانیشتووی هەمەجۆری لە نەتەوە و ئایینە جۆراوجۆرەکان لەخۆ گرتووە و یەکێکە لەو شارانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە گەورەترین کۆمەڵگەی ئێڵ جی بی تی (LGBT)ـی تێدایە. واڵێت هەب لە ساڵی ٢٠١٨ـدا شاری داڵاسی وەک پێنجەم هەمەچەشنترین شاری ئەمریکا دەستنیشان کرد.

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شاری داڵاس لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٫٣٢٥٫٦٩١ کەسە و سێیەم گەورەترین شاری ویلایەتی تەکساس و نۆیەم گەورەترین شاری ئەمریکایە. ساڵانە ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بە ڕێژەی ٠٫٨١٪ گەشە دەکات بەڵام ژمارەی دانیشتووانەکەی لە دوایین سەرژمێرییەوە بە ڕێژەی ٠٫٩٨-٪ کەمیکردووە. ڕووبەری شارەکە ٩٩٩٫٢ کیلۆمەتر دووجایە و چڕی دانیشتووانەکەی ١٫٤٨٢٫٩٩ کەسە لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا. هەروەها ڕێژەی هەژاری ١٨٫١١٪ و تەمەنی مامناوەندی دانیشتووان لە شاری داڵاس ٣٢٫٧ ساڵییە، نێرەکان ٣٢٫٣ ساڵی و مێیەکان ٣٣٫٢ ساڵییە.

شاری داڵاس لەم دواییانەدا وەک شارێکی جیهانی "بێتا پڵەس" هەڵسەنگێندرا. ناوچەی گەورەشاری داڵاس زۆر گەورەترە و یەکێکە لە خێرا گەشەسەندووترین ناوچەکانی وڵاتەکەی. گەورەناوچەی داڵاس-فۆرت وۆرس-ئارلینگتۆن کە ١٣ پارێزگایە و ژمارەی دانیشتووانەکەی ٦٫٨ ملیۆن کەسە، حەوتەم گەورەناوچەیە لە ئەمریکا.

هەمەجۆریی داڵاس

لە نێو دانیشتووانی هیسپانیدا، دانیشتووانی داڵاس لە ٣٦٫٨٪ مەکسیکی، ٠٫٣٪ پورتوگالی، ٠٫٢٪ کوبا و ٤٫٣٪ لاتینی یان هیسپانی دیکە پێکدێن. لەڕووی مێژووییەوە کۆمەڵگەی داڵاس زۆربەیان سپی پێست بوون، لەگەڵ ئەوەشدا سپی پێستەکانی ناهیسپانییەکان لە ساڵی ١٩٣٠ـدا ٨٣٪ـی دانیشتووانیان پێکهێنابوو. بەهۆی ئەوەی شارەکە هەم لە قەبارە و هەم لە گرنگیدا گەشەی کردووە بۆیە ژمارەی دانیشتووانەکەی هەمەچەشن بووە، لە ئێستادا سپی پێستە ناهیسپانییەکان نوێنەرایەتی کەمتر لە سێیەکی دانیشتووانی داڵاس دەکەن. هەروەها زیاتر لە چارەکێکی خەڵکی داڵاس لەدایکبووی بیانین.

لە مێژە کۆچبەرانی یاسایی و نایاسایی مەکسیکی ڕوو لە شاری داڵاسی ئەمریکا دەکەن. بەگشتی دانیشتووانی ناوچەکانی باشووری ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژهەڵاتی شارەکە ڕەش پێست و هیسپانیین و دانیشتووانی ناوچەی باشوور زۆربەیان ڕەش پێستن. دانیشتووانی بەشی ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات زۆربەیان هیسپانین و دانیشتووانی باکووری داڵاس بە پلەی یەکەم سپی پێستن. هەروەها دانیشتووانی ناوچەکانی دەوروبەری داڵاس ژمارەیەکی زۆر خەڵکی ئاسیای تێدایە، لەوانە کۆری، تایوانی، چینی، ڤێتنامی، تایلەندی، هیندی، پاکستانی و سریلانکای. سەرەڕای ئەوەش داڵاس دانیشتووانێکی زۆری خەڵکی نیمچەدوورگەی سۆماڵی تێدایە، لەنێویاندا کۆچبەرانی سۆماڵ و ئەريتريا و ئەسیوبیا.

ناوچەی داڵاس-فۆرت وۆرس نیشتیمانی ٧٠ هەزار کۆچبەرە کە بە زمانی ڕووسی قسە دەکەن و زۆربەیان خەڵکی بلۆکی پێشووی سۆڤیەتن. ئەمەش ڕووسەکان، جوولەکە ڕووسەکان، ئۆزبەکییەکان و ئۆکرانییەکان دەگرێتەوە. هەروەها شارەکە شوێنی ژمارەیەکی گەورەی دانیشتووی هاوڕەگەزباز و ڕەگەزگۆڕە لە ئەمریکا. بەپێی نوێترین ACS، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی شارەکە بریتین لە:

  • سپی پێست: ٥٧٫٧٥٪
  • ئەمریکی ڕەش پێست یان ئەفریقی: ٢٤٫٣٠٪
  • ڕەگەزەکانی تر: ٧٫٦٠٪
  • ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە: ٦٫٣٧٪
  • ئاسیایی: ٣٫٦١٪
  • ئەمریکی ڕەسەن: ٠٫٣٣٪
  • هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن: ٠٫٠٤٪

گەشەی دانیشتووانی داڵاس

تەکساس بەگشتی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لەڕووی گەشەی دانیشتووانەوە پێشەنگی ئەمریکا بووە و داڵاسیش یەکێکە لە شارە خێرا گەشەسەندووەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ناوچەی داڵاس-فۆرت وۆرس زۆرترین گەشەی دانیشتووانی لە ویلایەتی تەکساس بەخۆیەوە بینیوە. لەنێو شارە خێرا گەشەسەندووەکانی ساڵی ٢٠١٤، داڵاس لە پلەی چوارەمدایە بە ڕێژەی گەشەکردنی نزیکەی ٢٪. هەروەها لە ٣٠ ساڵی ڕابردوودا ژمارەی دانیشتووانی ناوچەی داڵاس-فۆرت وۆرس بۆ زیاتر لە دوو هێندە زیادی کردووە.

کەشوهەوا

کەشوهەوای شاری داڵاس نیمچە خولگەییە، کەشی شارەکە لە مانگەکانی وەرزی زستاندا مامناوەندە و مانگەکانی وەرزی هاوین زۆر گەرم و شێدارە. شارەکە دەکەوێتە باکووری ویلایەتی تەکساس، لە بەشی ڕۆژهەڵات. ساڵانە بە تێکڕایی نزیکەی ٢٫٨٥٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە.

وەرزی زستان لە مانگی کانوونی یەکەمەوە دەست پێ دەکات و تا مانگی شوبات بەردەوام دەبێت، کەشی شارەکە لەم وەرزەدا مامناوەندە، زۆرجار تیشکی خۆر بەسەر شارەکەوە دەدرەوشێتەوە، تەنانەت لە ناوەڕاستی زستانیشدا دەکرێت پلەی گەرمی بەرز بێتەوە و بگاتە ٢٥ پلەی سەدی یان زیاتر. هەروەها لە مانگی تشرینی دووەمەوە تا مانگی ئازار دەشێت کەشی شارەکە لە کاتەکانی ڕۆژدا مامناوەند بێت، بەڵام لە شەودا زۆرجار سارد دەکات و دەشێت پلەی گەرمی بۆ خوار پلەی بەستن دابەزێت. تێکڕای پلەی گەرمی ساردترین مانگی ساڵدا کە مانگی کانوونی دووەمە ٧٫٩ پلەی سەدییە، لەگەڵ ئەوەشدا جاروبار لەوانەیە شەپۆلەکانی سەرما هەڵ بکات، کە چەند ڕۆژێک دەخایەنێت، لەو ماوەیەدا پلەی گەرمی دەتوانێت بۆ ١٠- پلەی سەدی یان بۆ نزمتر لە پلەیەش دابەزێت. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ١٨٫٩- پلەی سەدی بوو کە لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠٢١ـدا تۆمارکرا.

بارینی بەفر لە شاری داڵاس زۆر دەگمەنە. ساڵانە بە تێکڕایی چوار سانتیمەتر بەفر دەبارێت، لە شوباتی ساڵی ٢٠١١ـدا ٢٨ سانتیمەتر بەفر باری و لە شوباتی ٢٠٢١ـدا هەشت سانتیمەتر بەفر باری و بۆ ماوەی نۆ ڕۆژ پلەی گەرمی لە نزیکی پلەی بەستن مایەوە.

هاوینی داڵاس لە مانگی حوزەیران تا ئەیلوول دەخایەنێت، بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و دروستبوونی شێ کەشێکی گەرمی زۆر ناخۆش دروست دەکات. لە گەرمترین ڕۆژەکانی ساڵدا، پلەکانی گەرما دەگەنە ٤٠ پلەی سەدی و دەکرێت ئەو پلەیەش تێ بپەڕێنن. بەرزترین پلەی گەرمی تۆمارکراو ٤٥ پلەی سەدییە، کە لە كۆتایی مانگی حوزەیرانی ١٩٨٠ـدا تۆمارکرا. هەندێکجار زریان لە کەنداوی مەکسیک یان زەریای هێمنەوە دەگاتە شارەکە. بەگشتی زریانەکان لاوازن بەڵام هێشتا دەتوانن بارانێکی زۆر بهێنن. وەرزی زریانەکان لە مانگی حوزەیرانەوە تا تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت. شاری داڵاس دەکەوێتە ناوەندی ئەمریکاوە لە ناوچەیەک کە پێی دەوترێت "ڕێڕەوی گەردەلوول یان کۆڵانی گەردەلوول"، بۆیە گەردەلوول دەتوانێت ناوبەناو لە ماوەی مانگەکانی نیسان-حوزەیراندا هەڵ بکات و بە دەگمەنتر لە وەرزی پاییزدا هەڵ دەکات.

ساڵانە ٩٤٠ مللیمەتر باران لە شارەکەدا دەبارێت، ئەم ڕێژەیەش ئاستێکی مامناوەندە. بەهۆی پێکدادانی بارستە هەواییەکانەوە وەرزەکانی بەهار و پاییز باراناویترین وەرزەکانی ساڵن.

باشترین کات بۆ سەردانکردنی

باشترین کات بۆ سەردانکردنی داڵاس وەرزەکانی بەهار و پاییزە بەتایبەتی لە ناوەڕاستی مانگی ئازارەوە تا ناوەڕاستی نیسان و لە ناوەڕاستی مانگی تشرینی یەکەم تا ناوەڕاستی تشرینی دووەم، چونکە لەم ماوەیدا لە گەرمای هاوین و سەرمای زستان بەدوور دەبیت.

شوێنە سەرنجڕاکێشەکانی شارەکە

هەندێک لە شوێنە سەرنجڕاکێشە گەشتیارییەکانی شارەکە بریتین لە:

  1. مۆزەخانە شەش نهۆمییەکەی دێلی پلازا
  2. باخی پڕ لە دار و درەختی داڵاس و باخچەی گوڵ و ڕووەک
  3. تاوەری یەکگرتنەوە
  4. مۆزەخانە و پەرتووکخانەی سەرۆکایەتی جۆرج دەبلیوو بوش
  5. مۆزەخانەی هونەری داڵاس
  6. باخچەی ئاژەڵانی داڵاس
  7. ناوەندی هێڵی ئاسمانی ئەمریکی
  8. مۆزەخانەی ئەفریقی ئەمریکی


سەرچاوەکان



340 بینین