ئایا دەتوانرێت نەخۆشی شەکرە لە منداڵان چارەسەر بکرێت؟

له‌لایه‌ن: - بەنان ئەحمەد بەنان ئەحمەد - به‌روار: 2022-12-15-05:44:00 - کۆدی بابەت: 10667
ئایا دەتوانرێت نەخۆشی شەکرە لە منداڵان چارەسەر بکرێت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئایا دەتوانرێت نەخۆشی شەکرە لە منداڵان چارەسەر بکرێت؟ (بە ئینگلیزی: ?Can diabetes in children be treated، بە عەرەبی: هل يمكن علاج مرض السكري عند الأطفال؟نەخۆشی شەکرە لە منداڵاندا نەخۆشییەک نییە کە بتەوێت پشتگوێی بخەیت. نەخۆشی شەکرە نەخۆشییەکی بێدەنگە کە لەناکاو هەستی پێدەکەیت. بۆ نموونە لەوانەیە هەست بکەیت کە منداڵەکەت وزەی پێویستی بۆ یاریکردن نییە. ڕەنگە پێت وابێت زۆر ماندووە. لەم دواییانەدا منداڵان تووشی ڕاگیرنەكردنی میز دەبن لە شەوانەدا، لە کاتێکدا پێشتر ڕووبەڕووی کێشەیەکی لەو شێوەیە نەبووەتەوە. ئەگەر هەوڵ بدەیت بەتەنها مامەڵە لەگەڵ نەخۆشی شەکرەی منداڵاندا بکەیت، لەوانەیە نەخۆشییەکە بەهێزتر بێت. لە کاتێکدا بە هاوکاری پزیشکی پسپۆڕ ڕێژەی سەرکەوتنەکانت زۆر زیاترە. 

نەخۆشی شەکرەی منداڵان چییە؟

بەرزبوونەوەی شەکری خوێن لە منداڵاندا کاتێک ڕوودەدات کە ئاستی گلوکۆز لە خوێندا زۆر زیاد دەکات. گلوکۆز شەکرێکە کە جەستە پێویستی پێیەتی بۆ وزە. ئەم نەخۆشییە بەگشتی بەسەر دوو بەشی سەرەکییدا دابەش دەکرێت، جۆری یەکەم و جۆری دووەم.

نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەم بەزۆری بەهۆی تێکچوونی بۆماوەییەوە ڕوودەدات. ئەم نەخۆشی شەکرە زیاتر لە منداڵاندا هەیە. لەو ماوەیەدا پەنکریاس کە بەشێکە لە کۆئەندامی هەرس، توانای بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی ئەنسۆلینی نییە. ئەم هۆرمۆنە بەرپرسە لە ئاڕاستەکردنی گلوکۆز بۆ خانەکانی لەش. کاتێک ئەنسۆلین لە لەشدا نەبێت، گلوکۆز بەردەست نابێت بۆ خانەکان و لە خوێندا کۆدەبێتەوە. بەم شێوەیە نەخۆشی شەکرە لە منداڵدا هەر لە لەدایکبوونەوە دەردەکەوێت.

جۆری دووەمی شەکرە ئەو جۆرە شەکرەیە کە ڕەنگە وەک شەکرەی گەورەساڵانیش بیبیستیت. ڕەنگە ناوی ئەم نەخۆشییە کەمێک چەواشەکارانە بێت. لەگەڵ زیادبوونی قەڵەوی, كەم چالاكی و ناچالاکی لە منداڵان و هەرزەکاراندا، ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو لەم گرووپە تەمەنییەدا زیادی کردووە و لە ڕاستیدا دەبێ بڵێین زەنگی مەترسی لێدراوە. بەگشتی ڕێژەی نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم زۆر زیاترە لە جۆری یەکەم. جۆری دووەمی نەخۆشی بەهۆی نادروستی خۆراک و شێوازی ژیانەوە ڕوودەدات، هەر بۆیە دەتوانرێت ڕێگری لێبکرێت.

هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە لە منداڵدا چییە؟

ئەگەر نەخۆشی شەکرەی منداڵان جۆری یەکەم بێت، ئەوا بە نەخۆشییەکی بۆماوەیی و بەرگری خۆکار ناودەبرێت. لەم دۆخەدا ئەو جینانەی هۆکاری نەخۆشییەکە دەبن لە دایک و باوکەوە بۆ منداڵ دەگوازرێنەوە. لە نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەمدا سیستمی بەرگری لەش هێرش دەکاتە سەر ئەو خانانەی ناو پەنکریاس کە بەرپرسن لە بەرهەمهێنانی ئەنسۆلین و لەناویان دەبات. بەم شێوەیە لەش ناتوانێت ئەم هۆرمۆنە بەرهەم بهێنێت. گلوکۆز کە لە خۆراکەوە بەرهەم دێت لە خوێندا کۆدەبێتەوە و بەمشێوەیە بەرزبوونەوەی شەکری خوێن ڕوودەدات. بێگومان هەندێکجار تووشبوون بە هەندێک هەوکردن دەتوانێت ببێتە هۆی ئەم جۆرە نەخۆشی شەکرەش. نیشانەکانی دوای چەند هەفتەیەک دەردەکەون.

نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم بەهۆی خووی هەڵەی خواردن و نەبوونی بەرنامەی وەرزشی دروستەوە ڕوودەدات. بێگومان بۆماوەیی یەکێکە لە هۆكارەكانی مەترسی. بەڵام ئەگەر خۆراک و شێوازی ژیانێکی تەندروستت هەبێت، ئەوا بە ئاسانی دەتوانیت ڕێگری لە نەخۆشیەکە بکەیت و کۆنتڕۆڵی بکەیت. نیشانەکانی نەخۆشییەکە بە ماوەیەکی زۆر دەردەکەون. لەوانەیە منداڵەکەت تووشی ئەم نەخۆشییە ببێت، بەڵام نیشانەکانی بەرزبوونەوەی شەکر لە خوێندا نابینیت تێیدا. هەر لەبەر ئەم هۆکارە ئەگەر منداڵەكە مەترسی لەسەرە، پێویستە پشکنینی خوێن بە جددی وەربگریت، چونكە هەندێکجار نەخۆشییەکە ئەوەندە بەرەوپێش دەچێت کە زیان بە ئەندامە گرنگەکانی تری جەستە دەگەیەنێت، وەک گورچیلە.

نیشانەکانی نەخۆشی شەکرە لە منداڵدا

میزبەخۆداكردن

هەندێک لە منداڵان تووشی ڕانەگرتنی میز دەبن لە شەواندا. ئەم کێشەیە دەتوانێت چەندین هۆکاری هەبێت وەکوو فشاری دەروونی یان نەخۆشیەکانی بۆری میز. بەگشتی، لەوانەیە ئەم کێشەیە لە منداڵەکەتدا ببینیت تا تەمەنی چوار ساڵی. ئەگەر ئەم کێشەیە بەردەوام بوو، پێویستە هەستیار بیت بەرامبەری، چونکە میزبەخۆداكردن دەتوانێت بەهۆی نەخۆشی شەکرە بێت لە منداڵاندا. بەتایبەت ئەگەر منداڵەکە پێشتر ڕووبەڕووی کێشەیەکی لەو شێوەیە نەبووبێتەوە و لەناکاو ڕووبەڕووی بووبێتەوە. دەتوانرێت لەسەر کۆرپە بگوترێ كە زوو زوو دایبیەکانیان پیس دەکەن.

هەستکردن بە تینوێتی

کاتێک منداڵ زیاتر میز دەکات، ئاستی ماددە تواوەکان لە جەستەدا بەرز دەبێتەوە و ئارەزووی خواردنەوەی ئاو بەشێوەیەکی ناسروشتی زیاد دەکات. ئەم كێشەیە بە وشکبوونەوەی دەم و تینوێتی زۆر خۆی دەردەخات.

کێش دابەزاندن

دوای تینوو بوون و خواردنەوەی ئاوی زۆر، ئیتر منداڵ ئارەزووی خواردنی نابێت، بەمەش کێشی لەشی دادەبەزێت. خوران لە ناوچەی زاوزێ و دەوروبەری، هەستکردن بە ماندوێتی، نەبوونی ئارەزووی یاریکردن، سەرئێشە، كێشەی بینین و چاکبوونەوەی برین بە ماوەیەکی زۆر، نیشانەکانی تری نەخۆشی شەکرەن لە منداڵاندا.

چ هۆكارێك مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە لە منداڵاندا زیاد دەکات؟

نەخۆشی شەکرە لە چ تەمەنێکەوە لە منداڵان دەست پێدەکات؟

نەخۆشی شەکرە تەمەنێکی دیاریکراوی نییە. جۆری یەکەم دەتوانێت کاریگەری لەسەر منداڵەکە هەبێت هەر لە لەدایکبوونەوە. نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم دەتوانێت لە هەر تەمەنێکدا ڕووبدات، ئەمەش بەپێی هۆکارەکانی مەترسی. نەخۆشی شەکرەی منداڵان لە جۆری دووەم بەزۆری لە سەرەتای تەمەنی هەرزەکاریدا دەستنیشان دەکرێت. ئەمەش بەهۆی ئەو هۆرمۆنانەیە کە لە کاتی باڵغبووندا دەردەچن. بەکارهێنانی ئەنسۆلین قورستر دەکەن. ئەم بابەتە لە کچاندا گرنگترە.

ئایا چارەسەرێکی دیاریکراو بۆ نەخۆشی شەکرە لە منداڵاندا هەیە؟

هیچ چارەسەرێکی دیاریکراو بۆ نەخۆشی شەکرە لە منداڵان و گەورەکاندا نییە. بەڵام هەواڵە باشەكە ئەوەیە کە دەتوانیت بە ئاسانی کۆنتڕۆڵی بکەیت و ژیانێکی ئاسایی بژیت. بۆ ئەم مەبەستە تەنها دەبێت هەوڵ بدەیت بە تەندروست بژیت. پسپۆڕانی هەناوی و خۆراک دەتوانن لەم بوارەدا یارمەتیت بدەن.

كێشەكانی نەخۆشی شەکرە لە منداڵاندا چین؟

نەخۆشی شەکرە لە منداڵان لە درێژخایەندا دەبێتە هۆی ئەم کێشانەی خوارەوە:

  • زیانگەیاندن بە سیستمی دڵ و خوێنبەرەکان
  • نەخۆشییەکانی چاو
  • زیانگەیاندن بە گورچیلە و ئەندامە گرنگەکانی تری لەش وەک جگەر
  • بەرزبوونەوەی ئاستی شەکر لە خوێندا دەبێتە هۆی تێکچوونی دەمارەکان (نەخۆشی دەمار).
  • وشکبوونەوەی پێست
  • نەخۆشیەکانی دەم و ددان

ئەگەر منداڵێکی نەخۆشی شەکرەت هەیە دڵنیابە كە ئەم چەند خاڵە پەیڕەو بكەیت

١.هۆشیاریتان بەرز بکەنەوە

ئەگەر منداڵێکی نەخۆشی شەکرەت هەیە، هەنگاوی یەکەم بەرز کردنەوەی ئاستی هۆشیارییە لەم بوارەدا. نیشانەکانی مەترسی و ڕێکارەکانی فریاگوزاری بزانە بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا یارمەتی منداڵەکەت بدەیت. 

٢.گرنگی بە خۆراكەكانی بدە

یەکێک لە خاڵە گرنگەکان لە چارەسەرکردن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی شەکرە لە منداڵاندا بریتییە لە هەبوونی خۆراکی تەندروست و جۆراوجۆر. لەبیرت بێت جگە لە جۆری خواردنەکە، بڕی ئەو خواردنەش گرنگە.

٣.گرنگی بە باری دەروونی منداڵەكەت بدە

بەبەراورد لەگەڵ منداڵانی تر، منداڵانی تووشبوو بە شەکرە سنووردارن لە خواردنی هەندێک خواردنی بەتام وەک ئایسکرێم و هەموو جۆرە شیرینییەک. ئەم بابەتە لە كۆبوونەوە خێزانییەكاندا دەبێتە هۆی ئازاری دەروونییان. كەشێك دروستبكە كە منداڵەکەت هەمیشە بتوانێت لەسەر ئەم پرسانە قسەت لەگەڵ بکات.

٤.باسی نەخۆشی شەکرە لە منداڵان بۆ کەسانی تر بکە

ئەگەر منداڵەکەت چووە باخچەی ساوایان یان قوتابخانە دڵنیابە لەگەڵ ڕاهێنەر و مامۆستاکان باسی نەخۆشییەکەی بکەیت. بەم شێوەیە دەزانن کە منداڵەكە دەبێت لە کاتی دیاریکراودا ئەنسۆلین وەربگرێت.


سەرچاوەکان



809 بینین