کونجی

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2022-12-20-19:35:00 - کۆدی بابەت: 10690
کونجی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا


کونجی (بە عەرەبی: سمسم، بە ئینگلیزی: Sesame، ناوی زانستی: Sesamum indicum) جۆرە تۆوێکی ڕەنگ سپییە بەکارهێنانی هەمەجۆری هەیە. ڕووەکی کونجی گەڵاکانی سەوزێکی تێرە و لە کاتی پێگەیشتندا گوڵێکی سپی یان پەمەیی دەگرێت، گوڵەکان دوای پێگەیشتنیان تۆوەکانی کونجی لەخۆدەگرن و هەموو گوڵەکان پێکەوە گەشە دەکەن. وڵاتانی کیشوەری ئەفریقی نموونەی نەیجیریا، سوودان و ئەسیوبیا پێشەنگی بەرهەمهێنەری کونجیین لە جیهاندا. لە وڵاتانی کیشوەری ئاسیاش نموونەی چین و هیندستانیش بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرهەم دەهێنرێت.

پێکهاتەی خۆراکی
وزە ٥١٫٥ کالۆری
پرۆتین ١٧ گرام
کاربۆهیدرات ٢٦ گرام
ڕیشاڵ ١٧ گرام
ئاو ٥ گرام
شەکر ٠٫٤٨ گرام
چەوری ٤٨ گرام
ئاسن ٧٧٨ میلیگرام
کالسیۆم ١٣١ میلیگرام
مەگنیسیۆم  ٣٤٦ میلیگرام
پۆتاسیۆم ٤٠٦ میلیگرام
سۆدیۆم ٣٩ میلیگرام
فسفۆر ٧٧٤ میلیگرام
زینک ٧ میلیگرام

شێوازی چاندنی کونجی

لە جیهاندا لە ناوەڕاست یان کۆتایی مانگی شوبات تاکوو ناوەڕاستی مانگی ئازار کونجی دەچێندرێت، خاکەکەی پێویستە خاکێکی خۆڵاوی بێت و هاوکات پێویستی بە کەشوهەوایەکی خولگەیی مامناوەندە. زەوییەکەی پێویستە فراوان بێت و پێویستە ڕووەکە زیانبەخشەکانی سەر خاکەکەی لێ بکرێتەوە، بەشێوەی پرژاندن یان چاندنی هێڵدار تۆوەکەی دەچێندرێت.

دوای گەشەکردن درێژی ڕووەکەکە نزیکەی ١٥٣ سانتیمەترە و ڕەنگی گوڵەکانی سپی مەیلەو پەمەییە، لەکاتی چرۆکردنی گوڵەکان بەرەکەی تۆوێکی توێکڵدار ئەگرێت یان ڕەنگیان سپی یان قاوەیی یان ڕەشە و لەناو توورەکەیەک شۆڕ دەبنەوە، درێژی هەر چرۆیەک کە بەرەکەی گرتووە لە نێوان دوو بۆ پێنج سانتیمەترە و نزیکەی سەد تۆوی کونجی زیاتر لە هەر چرۆیەک بوونیان هەیە. لە سەرەتای چاندنی ئاودانی بەشێوەیەکی کەم‌ کەمە و بەپێی جۆری خاکەکە و کەشوهەوای ناوچەکە کات و بڕی ئاودانی دەگۆڕدرێت.

جۆرەکانی کونجی

لە جیهاندا جۆرەکانی کونجی بە سی جۆر پۆلێنکراوە، ئەم سی جۆرە پۆلێن کرانەتە سەر دوو بەشی سەرەکی کە بریتیین لە: ـSesamum indium L Sesamum oriental L. ئەم دوو جۆرە بەزۆری لە ناوچەکانی ئەفریقا دەچێنرێت و بەردەستە، هەردوو جۆرەکە پۆلێنی تریان هەیە بریتیین لە:

- کونجی ڕەنگ سوور: تۆوی ئەم جۆرەی کونجی سوورێکی تۆخە، بەخێرایی گەشە دەکات و درێژی ڕووەکەکە ١١٥ سانتیمەترە، بەرهەمی ئەم جۆرە بۆ هەر چوار دۆنمێک ٢٤٠ بۆ ٥٢٥ کیلۆگرامە.

- کونجی ڕەنگ سپی: تۆوی ئەم جۆرەی کونجی ڕەنگی سپییە، درێژی ڕووەکەکە ١٤٠ سانتیمەترە و بەرهەمی کونجی ئەم جۆرە بۆ هەر چوار دۆنمێک ٥٢٥ کیلۆگرامە.

سوودە تەندروستییەکانی کونجی

کونجی لەو خۆراکانەیە کە ئەگەر بەشێوەیەکی تەندروست و هاوسەنگ بەکارهێنرا سوودی زۆری هەیە بۆ مرۆڤ، لە گرنگترین سوودەکانی: 

ڕێکخستنی پەستانی خوێن

خواردنی کونجی لە بەیانیان یارمەتی ڕێکخستنی پەستانی خوێن دەدات، هاوکات بەهۆی بوونی مەگنیسیۆم لە پێکهاتەکەیدا بەرزی پەستانی خوێن دادەگرێت، بوونی لیگنەکان Lignans و دژەئۆکسانیش لە پێکهاتەی کونجی هۆکارێکی ترن بۆ ئەوەی ئاستی پەستانی خوێن ڕێکبخات.

پارێزگاریکردن لە تەندروستی دڵ

نیوەی زیاتری پێکهاتەکانی کونجی و زەیتەکەی لە ترشە چەورییە ناتێرەکان و ئۆمیگا شەش پێکهاتوون، ئەم جۆرە ترشە چەورییانە بۆ تەندروستی دڵ زۆر بەسوودن و ڕۆڵیان هەیە لە ڕێگریکردن لە تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ.

ڕێکخستنی ئاستی هۆڕمۆنەکان

خواردنی کونجی بەتایبەتی لە بەیانیاندا یارمەتیدەری ڕێکخستنی هۆڕمۆنەکانی لەشە، بوونی ماددەی سیلینیۆم Selenium لە پێکهاتەی خۆراکی کونجی هۆکاری سەرەکییە بۆ ڕێکخستنی هۆڕمۆنەکان. هەروەها بوونی ماددەی سیسامین Sesamin لە کونجی یارمەتیدەرە بۆ ڕیکخستنی هۆرمۆنەکانی ژنان.

داگرتنی ئاستی کۆلیستڕۆڵ

یەکێکی تر لە سوودەکانی خواردنی کونجی لەسەر گەدەی بەتاڵ بەتایبەتی لە بەیانیاندا ئەوەیە کە ئاستی کۆلیسترۆڵ لە لەشدا کەم دەکاتەوە، چونکە پێکهاتەی ڕووەکی تێدایە وەک: لیگنەکان، فیتۆسترۆلەکان کە ئاستی کۆلیسترۆڵی خراپ و چەوری سیانی لەش کەم دەکەنەوە و سیستمی بەرگری لەش بەهێز دەکەن.

ڕێگریکردن لە تووشبوون به هەوکردن

بەهۆی پێکهاتەکانییەوە سەلمێندراوە که خواردن و بەکارهێنانی کونجی بەشێوەیەکی بەردەوام و هاوسەنگ، دەکرێت هەوکردن کەم بکاتەوە و ڕێگری لە تووشبوون بە هەوکردن دەکات.

ڕێگریکردن لە شێرپەنجە

توانای ڕێگریکردن لە شێرپەنجە یەکێکە لە سوودەکانی خواردنی کونجی بەتایبەتی لەسەر گەدەی بەتاڵ لە بەیانیاندا، چونکە ماددەی سیسامۆڵ (Sesamol)ـی تێدایە کە تایبەتمەندییەکانی دژە شێرپەنجەی تێدایە، وەک توانای ڕێکخستنی پرۆسەی مردنی خانەکان کە دەبێتە هۆی دروستبوونی خانەی شێرپەنجەیی.

یارمەتی هەرس دەدات

بەهۆی بوونی بڕێکی زۆر لە ڕیشاڵ لە پێکهاتەی کونجیدا، یارمەتی کرداری هەرس دەدات و ڕێگری لە نەخۆشییەکانی هەرس و ڕێخۆڵە دەکات، هاوکات بەهۆی بوونی بڕی چەوری لە پێکهاتەکەیدا هەستی تێربوون دەبەخشێت و یارمەتی کەمکردنەوەی کێش دەدات.

لە بەرهەمەکانی جوانکاری بەکاردەهێنرێت

کونجی و زەیتی کونجی لە دروستکردنی بەرهەمەکانی جوانکاری و گرنگیدان بە پێست و گرنگیدان بە قژ بەکاردەهێنرێت، چەندان بەرهەمی جۆراوجۆر و جیاوازی  لێ دروستدەکرێت.

زیانەکانی کونجی

ئەگەر زیادەڕۆیی بکرێت لە خواردنی کونجی و بەشێوەیەکی هاوسەنگ بەکارنەهێنرێت، زیان بۆ کەسی بەکارهێنەر دروست دەکات نموونەی زیانەکانی کونجی:

- زۆر بەکارهێنانی کونجی بە بەردەوامی و بە بڕێکی زۆر زیان بە کۆڵۆن و گەدە دەگەنێت.

- ئەو کەسانەی بەردی گورچیلەیان هەیە باشترە بەکارهێنانی کونجی سنووردار بکەن، چونکە کونجی بڕێکی زۆر لە ماددەی Oxalate لە پێکهاتەکەی هەیە، بۆیە بۆ ئەو کەسانە خراپە.

- ئەوانەی هەستیاری یان بەرگەنەگرتنی خۆراکییان هەیە، نموونەی هەستیاری بادەم یان فستق، پێویستە دڵنیابن کە کونجی بۆیان گونجاوە یان نا.

- ئەو کەسەی هەستیاری بە کونجی هەیە نابێت بە هیچ شێوەیەک کونجی بخوات.

- نەخۆشانی شەکرە پێویستە بەشێوەیەکی سنووردار کونجی بەکاربهێنن، چونکە بۆ هەندێک کەس کاریگەری نەرێنی هەیە لەسەر ئاستی شەکرەی خوێن.

زەیتی کونجی

کونجی لە بەروبوومە زەیتییەکانە، زەیتەکەی لە تۆوەکەی دروست دەکرێت و لەو زەیتانەیە کە لە دانەوێڵە بەرهەم دەهێنرێت و لە زۆر بواری هەمەجۆر بەکاردەهێنرێت، زەیتی کونجی سروشتی ڕێژەیەکی بەرز لە پرۆتین و ترشە چەورییەکان و دژە ئۆکسان لەخۆدەگرێت.

زەیتی کونجی بەتایبەتی لە بواری پزیشکی و دروستکردنی دەرمان و بەرهەمەکانی جوانکاریی پێست و قژ و ئارایشت بەکاردەهێنرێت. هەروەها بەهۆی ئەوەی زەیتی کونجی تام و بۆنێکی خوازراوی هەیە لە دروستکردنی خواردن و شیرینی هەمەجۆریشدا بەکاردەهێنرێت. زەیتی کونجی دوو جۆری سەرەکی هەیە، زەیتی کونجی برژاو کە ڕەنگێکی تێر و تاریکی هەیە و بۆن و تامی تیژترە، زەیتی کونجی نەبرژا و یان زەیتی کونجی کاڵ کە ڕەنگێکی کەم و ڕوونی هەیە و تام و بۆنی تیژ نییە.

بەکارهێنانی کونجی لە خواردندا

کونجی تامێکی تایبەتی و خوازراوی هەیە، بەتایبەتی دوای برژاندنی بۆ زۆرێک لە خواردن و شیرینییەکان وەکوو جوانکاری و پێدانی تام بەکاردەهێنرێت. تۆوی کونجی لە دروستکردنی زۆرێک لە بابەتەکانی هەویرکاری نموونەی نان و کولێرە و تۆست، کێک، بسکیت و چۆرەک، لەگەڵ چەندان جۆر بابەتی هەویری هەمەجۆر بەکاردەهێنرێت.

تەحین یان ڕاشی بەرهەمێکی تری کونجییە، گیراوەیەكە لە گوشینی تۆوی كونجی دروست دەكرێت لە زۆر بواری خواردن و شیرینیدا بەكاردەهێنرێت و بڕێكی زۆر ڤیتامین و كانزای گرنگی تێدایە، دوو جۆر تەحین هەیە یەكێكیان كونجییەكە دەبرژێنرێت و دواتر دەكرێت بە تەحین، بەڵام جۆری دووەمیان راستەوخۆ لە كونجی سپییەوە دروست دەكرێت، هاوکات دروستکردنی تەحین ئامێری تایبەتی خۆی هەیە.

کونجی لە زۆرێک لە خواردن و زەڵاتە و ژەمە تەندروستەکانی تایبەت بە چەند جۆرێک ڕیجیمی تەندروست بەکاردەهێنرێت، چونکە هەستی تێربوون دەبەخشێت و پێکهاتەی خۆراکییەکانی دەوڵەمەندە بە چەورییەکان، بۆیە یارمەتیدەرە لە دابەزاندنی کێش.

چۆنیەتی هەڵگرتنی کونجی

کونجی لە هەموو کاتەکانی ساڵ بەردەستە، کونجی سپی یان قاوەیی یان سپی زەردباو لە نێو پاکەتی داخراوی خاڵی لە هەوا بە قەبارەی جیاواز بەردەستن. بەهۆی ئەوەی لە پێکهاتەی خۆراکیی کونجیدا چەوری هەیە بۆیە پێویستە لە پاکەتێکی داخراو هەڵبگیرێت و هەوای بەرنەکەوێت، چونکە تێکدەچێت و دەگەنێت. هاوکات کونجی کاڵ ماوەیەکی زیاتر دەمێنێتەوە وەک لە کونجی برژاو، کونجی پێویستە لە شوێنی تاریک هەڵبگیرێت و سەرەکەی داخراو بێت و هەوای بەرنەکەوێت، بەوشێوەیە بۆ ماوەیەکی زۆر بە تازەیی دەمێنێتەوە، بەڵام کونجی کوتراو پێویستە لە ساردکەرە هەڵبگیرێت.


سەرچاوەکان



1477 بینین