فینیکس

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر سازگار عومەر - به‌روار: 2023-01-06-11:51:00 - کۆدی بابەت: 10853
فینیکس

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فینێکس (بە ئینگلیزی: Phoenix، بە عەرەبی: فينيكس، بە ئیسپانی: Fénix یان Fínix)، پایتەخت و قەرەباڵغترین شاری ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریکایە، ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٫٦٠٨١٣٩ کەس بوو. فینیکس پێنجەم قەرەباڵغترینی شاری ئەمریکایە و لەگەڵ شاری ئۆستن لە ویلایەتی تەکساس تاکە دوو پایتەختی ویلایەتی ئەمریکان کە ژمارەی دانیشتووانەکەیان زیاتر لە یەک ملیۆن کەسە. فینیکس لەنگەری گەورەناوچەی فینیکسە کە بە دۆڵی خۆر ناسراوە. لەڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە گەورەناوچەی فینیکس ١١ـهەمین گەورەترین ناوچەیە لە ئەمریکا و لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا نزیکەی ٤٫٨٥ ملیۆن کەسی تێدا بوو. هەروەها لەڕووی ڕووبەرەوە ئەم شارە گەورەترین شاری ویلایەتەکەیەتی، ڕووبەرەکەی ١٫٣٤١ کیلۆمەتر دووجایە و ١١ـهەمین گەورەترین شاری ئەمریکایە.

مێژووی شارەکە

مێژووی نیشتەجێبوون لە شاری فینیکس دەگەڕێتەو بۆ ساڵی ١٨٦٧، کاتێک وەک کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵی لە نزیک ئەو شوێنەی کە تێیدا ڕووبارەکانی سۆڵت و گیلا یەک دەگرن مرۆڤەکان نیشتەجێ بوون. فینیکس لە ساڵی ١٨٨١ وەک شارێک یەکخرا و لە ساڵی ١٨٨٩ـدا بوو بە پایتەختی ناوچەی ئەریزۆنا. سەرەڕای ئەمەش، سیستمی کەناڵەکانی شارەکە بووە هۆی گەشەسەندنی کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵی و بەرهەمە ڕەسەنەکانی دانیشتووان بۆ ماوەی دەیان ساڵ وەک بەشێکی گرنگی ئابووری شارەکه مانەوە، وەکو وێنجە، دار لیمۆ و پرتەقاڵ و کا. هەروەها لۆکە، ئاژەڵ، کەشوهەوا و مس لە ناوچەکەدا پاڵپشتی ئابووری فینیکسیان کرد. ئەمانە تا دوای جەنگی جیهانیی دووەم و دەرکەوتنی کۆمپانیاکانی تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو وەک هێزە بزوێنەرەکانی شارەکە مانەوە. تێکڕای ڕێژەی گەشەی دانیشتووانی ساڵانەی شارەکە لە ماوەی ٤٠ ساڵی نێوان ناوەڕاستی شەستەکان تا ناوەڕاستی ٢٠٠٠ـەکان لەسەدا چوار بوو. ئەم ڕێژەیە لە ساڵی ٢٠٠٧-٢٠٠٩ خاو بووەوە و دواتر بە هێواشی بەرزبوویەوە. فینیکس ناوەندی ڕۆشنبیری ویلایەتی ئەریزۆنای ئەمریکایە و لە سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٤٢٫٦٪ـی دانیشتووانەکەی بە هیسپانی و ٤٢٫٥٪ـی بە "سپی پێست" خۆیان ناساند.

لەڕووی دیمۆگرافییەوە

دانیشتووان

ژمارەی دانیشتووانی شاری فینیکس لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ١٫٦٠٨٫١٣٩ کەس بوو، بەمەش بوو بە پێنجەم قەرەباڵغترین شاری ئەمریکا. لە ساڵی ٢٠١٦ـدا، شارەکە بوو بە خێرا گەشەسەندوترین شاری ئەمریکا. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە بەنزیکەی بە یەکسانی لە نێوان ژن و پیاودا دابەش بووە و پیاوان ٥٠٫٢٪ـی دانیشتووانی شارەکە پێک دەهێنن. چڕی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی ٢٠٢٠ـدا ٣٫١٠٢٫٩٢ کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا و تەمەنی مامناوەندی دانیشتووان ٣٢٫٢ ساڵییە، تەنها ١٠٫٩٪ـی دانیشتووانی شارەکە لە سەرووی ٦٢ ساڵییەوەن. لەگەڵ ئەوەشدا ٢١٫٨٪ـی دانیشتووان لەژێر هێڵی هەژاریدان کە تەمەنی ٣١٫٤٪ـیان لە خوار ١٨ ساڵییەوەیە و تەمەنی ١٠٫٥٪ـیان ٦٥ ساڵی و سەرووترن.

بەپێی سەرژمێری ساڵی ٢٠٢٠، پێکهاتە ڕەگەزییەکانی شارەکە بریتین لە:

  • سپی پێست: ٤٩٫٧٪ (٤٢٫٢٪ـیان نا هیسپانین)
  • ڕەش پێست یان ئەفریقیی ئەمریکی: ٧٫٨٪
  • ئەمریکی ڕەسەن: ٢٫٦٪
  • ئاسیایی: ٤٫١٪
  • هاوایی ڕەسەن یان دوورگەنشینی زەریای هێمن: ٠٫٢٪
  • ڕەگەزەکانی تر: ٢٠٫١٪
  • ئەوانەی دوو نەتەوە یان زیاتریان هەیە: ١٥٫٥٪
  • هیسپانی: ٤١٫١٪

لەڕووی مێژووییەوە دانیشتووانی فینیکس زۆرینەیان سپی پێست بوون. لە ساڵی ١٨٩٠ تا ١٩٧٠ زیاتر لە ٩٠٪ـی هاووڵاتییان سپی پێست بوون. لەم ساڵانەی دواییدا ئەم ڕێژەیە دابەزی و لە ساڵی ٢٠١٠ـدا گەیشتە ٦٥٪ـی دانیشتووان. دەتوانرێت بەشێکی زۆری ئەم کەمبوونەوەیە بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو ڕێنماییە نوێیانەی کە لەلایەن نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکاوە لە ساڵی ١٩٨٠ـدا دەرکران و پرسیارێک سەبارەت بە ڕەچەڵەکی هیسپانی زیادکرا بۆ پرسیارنامەی سەرژمێرییەکە. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە هەندێک گرووپ چیتر خۆیان وەک سپی پێست نەناسێنن و لەبری ئەوە خۆیان وەک "ڕەگەزەکانی تر" پۆلێن بکەن.

لە ساڵی ٢٠١٠ـدا ٢٠٫٦٪ـی دانیشتووانی شارەکە لەدایکبووی بیانی بوون، ٦٣٫٥٪ـی دانیشتووان تەنها بە زمانی ئینگلیزی، ٣٠٫٦٪ لە ماڵەوە بە زمانی ئیسپانی، ٢٫٥٪ بە زمانێکی تری هیندستان-ئەورووپی، ٢٫١٪ بە زمانی ئاسیایی یان زمانە دوورگەییەکان و ١٫٤٪ـی دانیشتووان بە زمانەکانی تر قسەیان کرد. گەورەترین ڕەچەڵەکە نیشتیمانییە ڕاپۆرتکراوەکان بریتین لە:

  • مەکسیکی: ٣٥٫٩٪
  • ئەڵمانی: ١٥٫٣٪
  • ئێرلەندی: ١٠٫٣٪
  • ئینگلیز: ٩٫٤٪
  • ڕەش پێست: ٦٫٥٪
  • ئیتاڵی: ٤٫٥٪
  • فەڕەنسی: ٢٫٧٪
  • پۆڵەندی: ٢٫٥٪
  • هیندی ئەمریکی: ٢٫٢٪
  • سکۆتلەندی: ٢٪

هیسپانییەکان یان لاتینییەکان ٤٠٫٨٪ـی دانیشتووان پێکدەهێنن، لەم ڕێژەیەش ٣٥٫٩٪ مەکسیکی، ٠٫٦٪ پورتوگالی، ٠٫٥٪ گواتیمالای، ٠٫٣٪ سەلڤادۆری و ٠٫٣٪ـیان کوباین.

ئایین

بەپێی توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٤ ناوەندی توێژینەوەی پیوو، ٦٦٪ـی دانیشتووانی شارەکە خۆیان بە مەسیحی ناساندووە، ئەمە لە کاتێکدا دێت کە ٢٦٪ـی دانیشتووان سەر بە هیچ ئایینێک نەبوون. هەمان توێژینەوە ئاماژە بەوە دەکات کە ئایینەکانی تری وەکوو ئایینی جوولەکە، بوودی، ئیسلام و هیندۆسی لەلایەن نزیکەی ٧٪ـی دانیشتووانەوە پەیڕەو کران.

ئابووری فینیکس

ئابووری پێشووی شارەکە پشتی بە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و سەرچاوە سروشتییەکان بەستبوو، بەتایبەتی مس، ئاژەڵ، گەشتیاری لۆکە و دار لیمۆ و پرتەقاڵ. لەگەڵ دامەزراندنی هێڵی شەمەندەفەری باشووری پاسیفیک لە ساڵی ١٩٢٦، کردنەوەی وێستگەی یونیەن لە ساڵی ١٩٢٣ و دروستکردنی فڕۆکەخانەی سکای هاربەر لە کۆتایی ئەو دەیەدا، ئاسانکاری بۆ هاتوچۆکردن بە شارەکەدا کرا. سستی ئابووری ساڵی ١٩٢٩ بۆ ١٩٣٩ کاریگەری لەسەر شارەکە هەبوو، بەڵام فینیکس ئابوورییەکی هەمەچەشنی هەبوو و لە ساڵی ١٩٣٤ـدا گەشەی ئابووری دەستی پێکردەوە. لە کۆتایی جەنگی جیهانیی دووەمدا ئابووری دۆڵەکە لەناکاو زیادیکرد، چونکە زۆرێک لەو پیاوانەی کە مەشقی سەربازی خۆیان لە بنکەکانی فینیکس و دەوروبەری تەواو کردبوو لەگەڵ خێزانەکانیان گەڕانەوە. بەهۆی گەشەسەندنی شاری سەن سیتییەوە پیشەسازی بیناسازی زیاتر پەرەی سەند. پاشان و لەگەڵ دەستپێکردنی قەیرانی دارایی نیشتیمانی ساڵی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٠، بیناسازی لە شارەکەدا داڕما و نرخی خانووبەرە دابەزی. ڕێژەی دامەزراندن دابەزی و لە ساڵی ٢٠١٥ـدا جارێکی تر بەرزبوویەوە. لە ساڵی ٢٠١٧ـدا پێنج پیشەسازی سەرەکی شارەکە بریتی بوون لە خانووبەرە، دارایی و بیمە، بەرهەمهێنان، بازرگانی وردە و چاودێری تەندروستی.

کەشوهەوا

شاری فینیکسی پایتەخت کەشوهەوایەکی بیابانی نیمچە خولگەیی هەیە، کەشی شارەکە لە وەرزی زستاندا زۆر مامناوەندە و لە وەرزی هاویندا زۆر گەرمە. شارەکە ٣٥٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە و ٢٥٠ کیلۆمەتر لە کەنداوی کالیفۆرنیاوە دوورە، دەشێت لە وەرزی هاویندا بارستە هەوای شێدار لە کەنداوی کالیفۆرنیاوە بگاتە شارەکە و باران بهێنێت. تێکڕای پلەی گەرمی لە ساردترین مانگی ساڵدا کە کانوونی یەکەمە ١٣٫٢ پلەی سەدییە، تێکڕای پلەی گەرمی لە گەرمترین مانگدا کە تەممووزە ٣٥٫٣ پلەی سەدییە.

لە ئەمریکا، شاری فینیکس بەوە ناسراوە کە شارێکی زۆر گەرمە و لەڕاستیدا گەرمترینی نێو شارە گەورەکانی ئەمریکایە. لە ساڵێکدا ١٧٣ ڕۆژ پلەی گەرمی لە سەرووی ٣٢ پلەی سەدییەوەیە، سەرەڕای ئەوەش پلەکانی گەرما لە مانگی ئایار تا ئەیلوول لە ٤٠ پلەی سەدی تێدەپەڕن، لە ڕۆژە زۆر گەرمەکانیشدا پلەکانی گەرما ٤٥ پلەی سەدی تێ دەپەڕێنن و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٠ـدا پلەی گەرمی گەیشتە ٥٠ پلەی سەدی. سەرەڕای ئەوەش مانگی حوزەیران هێشتا وشکە، لە مانگی تەممووزدا ڕێژەی شێ کەمێک بەرز دەبێتەوە و کەشە گەرمەکە ناخۆشتر دەکات، تێکڕای ڕێژەی شێ لە مانگی حوزەیراندن ١٦٪ و لە مانگی تەممووزدا بەرز دەبێتەوە بۆ ٢٧٪ و لە مانگی ئابدا دەگاته ٣٢٪.

هەرچەندە کەشی شارەکە لە وەرزی زستاندا بەگشتی مامناوەندێکی خۆشە، بەڵام هەندێک جار دەشێت کەمێک سارد بکات و دەکرێت پلەکانی گەرما بۆ دەوروبەری پلەی بەستن یان تەنانەت کەمێک خوارتریش داببەزن، بەرزترین پلەی گەرمی لە دەوروبەری ١٠ پلەی سەدییدایە. نزمترین پلەی گەرمی تۆمارکراو لە کانوونی دووەمی ١٩٧٨ـدا ٣٫٥- پلەی سەدی، لە کانوونی یەکەمی ١٩٩٠ـدا ٣- پلەی سەدی و له مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠١٣ـدا ١٫٥- پلەی سەدی بوو. بارینی بەفر لەم شارەدا زۆر دەگمەنە، هەرچەندە ناوبەناو بەفربارینی سووک بەدی دەکرێت، بەشێوەیەکی گشتی ئەوەندە نابارێت کە کەڵەکە بێت. بەدرێژایی ساڵ کەمێک با هەڵ دەکات بەتایبەتی لە وەرزی بەهاردا کە پێکدادان لە نێوان بارستە هەواییەکان زیاترە، هەروەها لە هاویندا دەشێت ڕەشەبای لماوی هەڵ بکات.

بەو پێیەی ساڵانە تەنها ١٨٥ مللیمەتر باران دەبارێت ئەوا ڕێژەی دابارین نزمە. لە مانگی کانوونی یەکەمەوە تا ئازار بارانێکی باش دەبارێت و لە مانگی نیسانەوە تا مانگی حوزەیران زۆر بە کەمی باران دەبارێت. هەروەها بڕی تیشکی خۆر لە شارەکەدا بەدرێژایی ساڵ نایابە، ئاسمانی شار بەنزیکەیی هەمیشە ڕوونە. ساڵانە ٣٫٨٧٠ کاتژمێر تیشکی خۆر بەسەر شارەوە دەدرەوشێتەوە و فینیکس یەکێکە لە خۆرەتاوترن شارەکانی جیهان.

باشترین کات

باشترین کات بۆ سەردانکردنی شاری فینیکس لە مانگی تشرینی یەکەم تا مانگی ئازارە. وەرزی زستان، لە مانگی کانوونی یەکەم تا شوبات، بەگشتی وەرزێکی مامناوەندە و خۆرەتاوە، بەڵام هەندێک جار باران دەبارێت یان کەش کەمێک سارد دەکات، بەتایبەتی لە مانگەکانی کانوونی یەکەم و دووەمدا. بۆیە دەتوانن مانگەکانی ئازار و تشرینی دووەم هەڵبژێرن.


سەرچاوەکان



184 بینین