سۆسی باربیکیۆ

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2023-02-22-23:43:00 - کۆدی بابەت: 11089
سۆسی باربیکیۆ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سۆسی باربیکیۆ یان باربیکیو یاخود سۆسی برژاندن (بە عەرەبی: صلصة الشواء، بە ئینگلیزی: barbecue sauce) سۆس و خۆشاوێکی بەهاراتی تایبەتە کە گۆشت و مریشکی تێدەکرێت و خۆش دەکرێن پێش برژاندنیان. تامی سۆسەکە لە نێوان ترشێکی مەیلەو شیرینە و تامێکی نیمچە تفتیشی هەیە، ڕەنگەکەس سوورێکی تۆخی مەیلەو ڕەشە یان قاوەییەکی تۆخی مەیلەو ڕەشە. لەگەڵ زۆرێک لە خواردنە خێراکان وەکوو سۆسێکی سەرەکی بەکاردەهێنرێت و خواستێکی زۆری لەسەر هەیە.

مێژووەکەی

بنەچەی سۆسی باربیکیۆ دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەڤدەیەم و بە دیاریکراوی بۆ سەردەمی دروستبوونی داگیرکارە ئەمریکییەکان، سۆسەکە لەلایەن ئەمریکییەکانەوە لەو ناوچانە وەریانگرت کە داگیریان کرد و بە شێوازی خۆیان گۆڕانکارییان تێدا دروستکرد. ئەمریکییەکان سۆسی برژاندنیان بۆ گۆشتی گا و گۆشتی بەراز لە بۆنە و ڤێستیڤاڵەکانیاندا بەکاردەهێنا و کردبوویانە نەریتێکی سەرەکی بۆنەکانیان.

زۆرجار سۆسی برژاندن لە پێکهاتەی سادە دروست دەکرا نموونەی شەکر، سرکە، خوێ، بیبەر، بەڵام دوای بڵاوبوونەوەی هەندێک جار لەگەڵ ئاوی جۆ و خەردەلیش تێکەڵ دەکرا و سۆسەکە بە سۆسی شیرین ناسێنرا، دوای جەنگی جیهانیی دووەم بەکارهێنانی ڕێژەی شەکر و تامی دووکەڵ لە سۆسەکە زیاد کرا و بەو جۆرە خواستێکی زۆر بۆ سۆسەکە زیادی کرد. یەکەم بەرهەمی بازرگانی سۆسی باربیکیۆ لە ساڵی ١٩٠٩ لە ویلایەتی ئەتلانتای ئەمریکا دەرکەوت و ناسێنرا. پاشان کۆمپانیای هاینز کە کۆمپانیایەکی خۆراکی ئەمریکی بوو یەکەم کۆمپانیا بوو کە بە فەرمی لە ساڵی ١٩٤٠ سۆسی باربیکیۆی وەکوو بەرهەمی لەقوتووکراو خستە بازاڕەکانەوە، دوای ئەویش کۆمپانیای کرافت فوود بووە ڕکابەری و لە ساڵی ١٩٦٠ سۆسەکەی بەشێوەیەکی جیاوازتر خستە بازاڕەکانەوە.

جۆرەکانی

  • سۆسی باربیکیۆی خەردەل
  • سۆسی باربیکیۆی تێکساس
  • سۆسی بابریکیۆی کارۆلینای ڕۆژهەڵات
  • سۆسی باربیکیۆی سپی ئەلاباما

پێکهاتەکانی سۆسی باربیکیۆ

پێکهاتەی سۆسی باربیکیۆ لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر دەگۆڕێت و جیاوازە، بەڵام سرکە و کەچەپ و مایۆنیز و خەردەل لە پێکهاتە سەرەکییەکانی باربیکیۆن، هەروەها پێویستە تامێکی شیرینکەر لە پێکهاتەکاندا هەبن نموونەی شەکر یان دۆشاوی شەکر. پێکهاتەی خۆراکی یەک کەوچکی گەورەی سۆسی باربیکیۆ بریتییە لە:

چۆنیەتی دروستکردنی سۆسی باربیکیۆ لە ماڵەوە

پێداویستییەکان

  • نیو کوپ کەچەپ
  • دوو کەوچک گەورە سرکەی سێو
  • یەک کەوچک سرکەی سپی
  • یەک کەوچکی بچووک سۆسی مایۆنیز
  • یەک کەوچکی بچووک سۆسی خەردەل
  • یەک کەوچکی گەورە ئاو
  • یەک کەوچکی بچووک بیبەری ڕەش
  • یەک کەوچکی بچووک خوێ
  • دوو کەوچک گەورە شەکری قاوەیی
  • دوو کەوچکی گەورە شەکری سپی
  • دوو کەوچکی بچووک ئاوی لیمۆ
  • نیو کەوچک تۆزی پیازی 

شێوازی ئامادەکردنی

هەموو پێکهاتەکان تێکەڵ دەکرێت و دەخرێتە سەر ئاگر تاکوو دەکوڵێت، بۆ ماوەی یەک کاتژمێر بۆ دوو کاتژمێر گیراوەکە لەسەر ئاگرێکی کز دادەنرێت و بە بەردەوامی تێکەڵ دەکرێت تاکوو چڕ دەبێتەوە، لە کۆتاییدا گیراوەیەکی خەست و چڕی ڕەنگ تۆخ دروست دەبێت و بە جێدەهێڵرێت تاکوو سارد ببێتەوە، پاشان دەخرێتە دەفرێکەوە و سەرەکەی دادەپۆشرێت و لە ساردکەرە هەڵدەگیرێت.

بەکارهێنانەکانی سۆسی باربیکیۆ

بە گشتی سۆسی باربیکیۆ بە سۆسی برژاندن ناسراوە بۆ خۆشکردنی گۆشتی ئاژەڵی و مریشک و ماسی پێش برژاندن بەکاردەهێنرێت، زۆرجار گۆشت و مریشک دەخرێنە سۆسەکەوە و بۆ ماوەیەکی دیاریکراو خۆش دەکرێن و لە سۆسەکەدا هەڵدەگیرێن، هەندێک کاتیش ڕاستەوخۆ پێش برژاندن سۆسەکە دەخرێتە سەر گۆشت و دەبرژێندرێت. سۆسی باربیکیۆ لەگەڵ زۆرێک لە خواردنە خێراکان بەکاردەهێنرێت نموونەی بەرگر و پەتاتە و کینتاکی و مریشکی برژاو، هاوکات وەکوو سۆسی پیتزا لە دروسکردنی پیتزادا بەکاردەهێنرێت، هەروەها زۆرێک لە ساندویچ و بابۆڵەکان کە بە نان یان سەموون دروست دەکرێت سۆسەکە بە بڕێکی دیاریکراو بەکاردەهێنرێت و تامێکی نیمچە شیرینی ترش دەبەخشێتە خواردنەکان، هەروەها لە هەندێک جۆری زەڵاتەی تەندروستیشدا سۆسی باربیکیۆ بەکاردەهێنرێت.


سەرچاوەکان



309 بینین