ئایا بەکارهێنانی دەرمانی بەسەرچوو زیان بەخشە؟

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2023-09-04-22:06:00 - کۆدی بابەت: 11217
ئایا بەکارهێنانی دەرمانی بەسەرچوو زیان بەخشە؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئایا بەکارهێنانی دەرمانی بەسەرچوو زیان بەخشە؟ (بە ئینگلیزی: Is the use of expired drugs harmful?، بە عەرەبی: هل استخدام الأدوية منتهية الصلاحية ضار؟) ڕێکەوتی بەسەرچوونی دەرمان بەوە پێناسە دەکرێت کە "کۆتا ڕۆژە کە بەرهەمهێنەرەکە دڵنیایی تەواوی توانا و سەلامەتی دەرمانەکە دەدات." بەروارەکانی بەسەرچوون دیاری کراوە بۆ:

  • دەرمانی ڕەچەتەدار
  • دەرمانی OTC
  • ڤیتامینەکان
  • تەواوکەری خۆراک
  • بەرهەمە گیاییەکان

لە ساڵی ۱۹۷۹، بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەستی کرد بە داواکردنی بەرواری بەسەرچوون لەسەر دەرمانی ڕەچەتەدار و OTC بۆ باشترکردنی سەلامەتی دەرمان. بەرواری بەسەرچوون بەشێکی گرنگە لە بڕیاردان لەسەر ئەوەی ئایا بەرهەمەکە سەلامەتە بۆ بەکارهێنان و کار دەکات بەو شێوەیەیی کە مەبەستە. بەپێی بەشێک لە سەرچاوەکان بەکارهێنانی بەرهەمە پزیشکییە بەسەرچووەکان مەترسیدارە و لەوانەیە زیان بە تەندروستیت بگەیەنێت. بە پێچەوانەی بیروباوەڕی گشتی، چەند بەڵگەیەکی کەم هەیە دەربارەی ئەوەی کە دەرمان دوای بەسەرچوونی دەبێت بە ژەهر، بەڵام لە ڕاستیدا و بە پێی زۆرێک لە توێژینەوەکان ئەگەری ئەوە نییە کە دەرمانێک زیانت پێبگەیەنێت ئەگەر دوای بەسەرچوونەکەی وەریبگریت، ئەگەر هاتوو هیچ جێگرەوەیەک بۆ دەرمانەکە نەبوو دەکرێت بەکاربهێنريت و ئەگەر بڕی پێویستی تیا مابێت ئەوا سوودی لێدەبینرێت و ئەگەر نا تەنها سوودی نابێت بێگومان ئەمەش بەپێ جۆر و پێکهاتەی کیمیایی دەرمانەکان دەگۆڕێت. ئەوەی سەلمێنراوە تەنها تێتراسایکلین (دژە بەکتریا) زیانبەخشە دوای ئەوەی بەسەردەچێت. لە چەند حاڵەتێکی ڕاپۆرتکراودا، بەسەرچوونی تێتراسایکلین بووەتە هۆی نەخۆشی فانکۆنی، ئەمە جۆرێکی دەگمەنی زیانی گورچیلەیە کە ڕێگری دەکات لە هەڵمژینی ئەلیکترۆلیتەکان لەلایەن جەستەوە. لەبەر ئەم هۆکارە، نابێت هەرگیز تێتراسایکلینی بەسەرچوو وەربگریت (لە ئێستادا ئەم جۆرە لە بازاڕەکانی دەرماندا قەدەغەیە).

بەڵام تەنانەت ئەگەر دەرمانە بەسەرچووەکان مەترسیدار نەبن، لەوانەیە پێویست بکات دووجار بیر بکەیتەوە پێش ئەوەی وەریبگریت. هەندێک کەس پێیان وایە دەرمانەکان هێشتا کاریگەرن دوای ئەوەی بەسەرچوون، لەوانەیە هەندێک ڕاستی هەبێت بۆ ئەمە. بەڵام FDA بە ڕوونی دەڵێت نابێت دەرمانە بەسەرچووەکان بەکاربهێنیت بەهۆی مەترسییەکانەوە، بۆ هەندێک لە دەرمانەکان، وەک تەنککەرەکانی خوێن کە بەکاردێن بۆ خوێنی مەیوو، کاریگەری کەمیشی دەبێتە هۆی ئاڵۆزی تەندروستی.

وەک یاسایەکی گشتی، دەرمانە ڕەقەکان، وەک حەبەکان، جێگیرترن لە شلەکان دوای ئەوەی ڕێکەوتەکەیان بەسەرچوو. بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە پێویستە هیچ دەرمانێک وەربگریت دوای ئەوەی کە بەسەرچوو بەتایبەت ئەو دەرمانانەی پەیوەستن بە ژیانەوە و زوو تێکدەچن وتەمەنیان کورتە باشتر وایە و پێویستە بەکارنەهێنرێن، وەک: فینۆباربیتاڵ، سایۆفیڵین، نایترۆگلیسرین، دەرمانی گەشە، وارفارین، ئینسولین، دەرزی کوتان و هەندێک دەرمانی غوودە.

لە خوارەوە بە وردی باس لەوە دەکرێت کە چی ڕوودەدات دوای ئەوەی ئەم دەرمانانە لە کاتی بەسەرچوونیان تێدەپەڕن:

  • بەكارهێنانی ئەو دەرمانانەی كە بەبێ ڕەچەتەی پزیشک دەفرۆشرێن وەكو دەرمانی دژە ئازار كە بەسەردەچن ئەگەرچی زیانێكی ئەوتۆی تەندروستیشیان نەبێت، بەڵام بێگومان كاریگەرییەكەیان یان سوودەكەیان كەم دەبێتەوە.
  • دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەكانی وەكو نەخۆشییەكانی دڵ، پەركەم و نەخۆشی درێژخایەنی كۆئەندامی هەناسە، ئەگەر بەسەربچن ئەوا بەكارهێنانیان مەترسییە بۆ تەندروستی.
  • دەرمانی نایترۆگلیسرین كە بۆ بن زمان بۆ سینگەكوژێ و سەکتەی دڵ بەكاردێت، لە دوای بەسەرچوونی زۆر هەستیار دەبێت بۆ گەرمی و شێداری، بە خێرایی تێکدەشکێت و ناتوانێت جەڵتەی دڵ بوەستێنێت.
  • بە هەمان شێوە دەرزی ئینسولین پاش بەرواری بەسەرچوون هیچ كاریگەری نامێنێت و ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی شەکری خوێن.
  • دەرمانی کۆنتڕۆڵکردنی دووگیانی: کە بۆ ڕێگریکردن لە دووگیانی (حەپی مەنع)، ڕێکخستنی سووڕی مانگانە، زیپکە و نەخۆشییەکانی تری پەیوەندیدار بە هۆرمۆن بەکاردێن. بەکار هێنانیان دوای بەسەرچوونیان کاریگەری کەم دەبێتەوە و لەوانەیە ببێتە هۆی دووگیانی نەخوازراو و خوێنبەربوون.
  • بەخاخ یاخود هەڵمژ Inhalers كە بۆ نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسە و هەستەوەری بەكاردێن، كە بەسەردەچن نەك هەر كاریگەرییان نابێت، بەڵكو بەكارهێنانیان مەترسیدارە. بەكارهێنانی دڵۆپی چاو كە ئێكسپایەر بووبێت، لەوانەیە ببێتە هۆی گەشەكردنی بەكتریا و هەوكردنی مەترسیداری چاو.
  • دژە بەکتریای شل: بەکاردێن بۆ چارەکردنی هەوکردنی بەکتریایی. لەوانەیە بە بەکتریا پیس بێت دوای ئەوەی بەسەرچوون و نەخۆشترت بخات و نەتوانێت چارەسەری نەخۆشییەکەت بکات. هەندێک دەرمانی بەسەرچوو لە مەترسی گەشەی بەکتریادان و دژە بەکتریای کەمێک بەهێز لەوانەیە شکست بهێنێت لە چارەسەرکردنی هەوکردن، کە دەبێتە هۆی نەخۆشییەکی قورستر و بەرگری دژی دژە بەکتریاکە.

‎کەواتە دەرمانەکانی بارە کت و پڕەکان و ترسناکەکان پێویستە پێش ماوە بەسەرچوونیان بەکاربهێنرێت و ‎دەرمانی حالەتە سووک و ناوەندییەکانیش تا ڕاددەیەک سەلامەتە بەکارهێنانیان ئەگەر هاتوو هیچ چارەسەریەکی ترت نەبوو. ‎بۆیە، ناتوانین بڵێن دەرمانی ماوە بەسەرچوو دەبێتە هۆی مردن یان گەیاندنی زیانێکی گەورە بە نەخۆش.

ئەو هۆکارانەی دەبنە هۆی تێکچوونی دەرمانەکان پێش بەرواری بەسەرچوونیان و وادەکات نەخۆش سوودی لێ نەبینێت:-

  • پلەی گەرما
  • شێ
  • جوان هەڵنەگرتنی دەرمان لە کۆگا و دەرمانخانەکاندا

چۆن بزانین دەرمانێک بەسەرچووە ئەگەر بەرواری بەسەرچوونەکەشی تەواو نەبووبێت؟

هەندێک جار بەشێک لە دەرمانەکان پێش ئەو ڕێکەوتەی بۆیان دانراوە تێک دەچن لەبەر چەند هۆکارێک: 

  • بۆن، تام و ڕەنگەکەی دەگۆڕێت.
  • ئەگەر کەپسوول بێت بە دەستەوە دەتەقێت.
  • حەب بێت بە دەستەوە ورد ورد دەبێت.
  • دروست بوونی نیشتوو و نەتوانەوەی لە گیراوەکەدا.
  • جیابوونەوەی ڕۆن ئاو.

ماوەی بەکارهێنانی هەندێک لە دەرمانەکان

  • حەب و کەپسولی ناو قتوو باشتر وایە دوای شەش مانگ لە هەڵبچڕین بەکار نەیەت.
  • گیراوەی سکچوونی منداڵ (تۆز) بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بەکاردێت.
  • مەڵهەم و قەترەی چاو دوای یەک مانگ لە کردنەوەی بەکاری مەهێنە.
  • ئەو دژە زیندەییانەی تۆزن و خۆت دەیگریتەوە بۆ ماوەی ١٤ ڕۆژ بەکاردەهێنرێت.
  • ئەمپولی (دەرزی) ئەنسولین ٤ هەفتە (٢٨ ڕۆژ) لە هەڵپچڕینی دەتوانرێت بەکاربێت.


سەرچاوەکان



647 بینین