دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی تالاسیما

له‌لایه‌ن: - پەیوەست غەفوور پەیوەست غەفوور - به‌روار: 2023-09-10-20:12:00 - کۆدی بابەت: 11264
دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی تالاسیما

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی تالاسیما (بە ئینگلیزی: Thalassemia Diagnosis and Treatment، بە عەرەبی: تشخيص وعلاج الثلاسيميا). تالاسیمیا نەخۆشییەکی بۆماوەیی خوێنە، کاریگەری لەسەر توانای جەستە هەیە لە بەرهەمهێنانی هیمۆگلۆبین و خڕۆکە سوورەکانی خوێن بەشێوەیەکی تەندروست، جۆرەکانی بریتین لە ئەلفا و بێتا تالاسیمیا، تالاسیمیا نیشانەکانی هاوشێوەی کەمخوێنین کە لە سووکەوە دەست پێدەکات تا توند بەپێی جۆری تالاسیماکە.

دەستنیشانکردنی تالاسیما

ئەگەر پزیشک گومانی هەبوو کە منداڵێک تووشی تالاسیمیا بووە، ئەوا دەتوانێت بە پشکنینی خوێن پشتڕاستی بکاتەوە. پشکنینی خوێن دەتوانێت ژمارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و نائاسایی لە قەبارە، شێوە یان ڕەنگیاندا ئاشکرا بکات، هەروەها دەتوانرێت پشکنینی خوێن لە شیکاری DNA بەکاربهێنرێت بۆ گەڕان بەدوای جینە گۆڕاوەکاندا.

پشکنینی پێش لەدایکبوون

دەتوانرێت پێش لەدایکبوونی منداڵ پشکنینی بۆ بکرێت بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا تالاسیمیا هەیە یاخود نا. ئەو پشکنینانەی کە بۆ دەستنیشانکردنی تالاسیمیا لە کۆرپەدا بەکاردەهێنرێن بریتین لە:

  • نمونەگرتنی ڤیلۆسی کۆریۆنی (Chorionic villus sampling): بەزۆری لە دەوروبەری هەفتەی ١١ی دووگیانی ئەنجام دەدرێت، ئەم پشکنینە بریتییە لە لابردنی پارچەیەکی بچووکی منداڵدان بۆ هەڵسەنگاندن و گەڕان بەدوای جینی گۆڕاودا.
  • ئامنیۆسێنتێسز (Amniocentesis): بەزۆری لە دەوروبەری هەفتەی ١٦ی دووگیانی ئەنجام دەدرێت، ئەم پشکنینە بریتییە لە پشکنینی نمونەیەک لەو شلەیەی کە دەوری کۆرپەلەی داوە.

پشکنینی دوای لەدایکبوون

زۆرجار تالاسیمیای مامناوەند و توند لە منداڵیدا دەستنیشان دەکرێت چونکە بەزۆری نیشانەکانی لە دوو ساڵی یەکەمی تەمەنی منداڵەکەدا دەردەکەون. پزیشکی پسپۆڕ داوای چەند پشکنینێکی جۆراوجۆری خوێن دەکات بۆ دەستنیشانکردنی تالاسیمیا لەوانە: 

  • ژماردنی تەواوی خوێن (CBC): پێوەرەکانی هیمۆگلۆبین و بڕ و قەبارەی خڕۆکە سوورەکانی خوێن لەخۆدەگرێت.  ئەو کەسانەی تووشی تالاسیمیا بوون، خڕۆکە سوورەکانی خوێنیان کەمترە و هیمۆگلۆبینیان کەمترە و هەروەها لەوانەیە خڕۆکە سوورەکانی خوێنیان بچووکتر بێت بە بەراورد بە کەسی ئاسایی.
  • شیکاری فێریتین: دیاریکردنی ڕێژەی فێریتین بۆ دەستنیشانکردن و جیاکردنەوەی تالاسیما لە کەمی ئاسن کە زۆرجار لە تالاسیمادا ڕێژەکەی زۆرە یاخود ئاساییە بەپێچەوانەی کەمی ئاسن کە ڕێژەی فێریتین کەمە.
  • ئەلکترۆفۆڕێسی هیمۆگلۆبین: بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی بێتا تالاسیمیا.
  • ژمارەی تۆڕی خانەکان (ژماردنی خرۆکە سوورە نوێییەکان): لەڕێگەی ئەم شیکارییەوە دەردەکەوێت گەر مۆخی ئێسک خڕۆکەی سووری پێویست بەرهەم نەهێنێت.
  • پێوانەی ئاسنی خوێن: توێژینەوەکان لەسەر ئاسن ئاماژە بەوە دەکەن کە ئایا هۆکاری کەمخوێنیەکە کەمی ئاسنە یان تالاسیمیا.
  • پشکنینی بۆماوەیی: بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەلفا تالاسیمیا.

چۆن چارەسەری تالاسیمیا دەکرێت؟

  • گواستنەوەی خوێن: بریتییە لە وەرگرتنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن لە ڕێگەی خوێنهێنەرێکەوە، بۆ گەڕاندنەوەی ئاستی ئاسایی خڕۆکە سوورەکانی خوێن و هیمۆگلۆبینی تەندروست لە جەستەدا.
  • کیلاسیۆنی ئاسن: بریتییە لە لابردنی ئاسنی زیادە لە جەستەدا، مەترسی گواستنەوەی خوێن ئەوەیە کە دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی ئاسن لە خوێندا، زۆر بوونی ئاسن لەوانەیە زیان بە ئەندامەکان بگەیەنێت، ئەگەر زۆرجار خوێن گواستنەوە بۆ نەخۆش  بکرێت، چارەسەری کیلاسیۆنی ئاسنیش وەردەگرێت.
  • تەواوکەری فۆلیک ئەسید: دەتوانێت یارمەتی جەستە بدات خانە خوێنی تەندروست دروست بکات.
  • چاندنی مۆخی ئێسک و خانە بنەڕەتییەکان: لە بەخشەرێکەوە کە پەیوەندی خزمایەتی نزیکی بە نەخۆشەکەوە هەبێت و خانەکانی بەتەواوی هاوشێوەی خانەکانی نەخۆشەکەبێت و بگونجێت، تاکە چارەسەرە بۆ چارەسەرکردنی تالاسیمیا.
  • لوسپاتێرسێپت: دەرزییەکە کە سێ هەفتە جارێک لە نەخۆشەکە دەدرێت و یارمەتی جەستە دەدات لە دروستکردنی خڕۆکەی سووری خوێنی زیاتر.

ئایا دەتوانرێت ڕێگری لە تالاسیمیا بکرێت؟

ناتوانرێت ڕێگری لە تالاسیمیا بکرێت، بەڵام پشکنینی بۆماوەیی پێش هاوسەرگیری دەتوانێت ئاشکرای بکات کە ئایا تۆ یان هاوبەشەکەت هەڵگری جینەکەن یان نا. زانینی ئەم زانیاریانە پێشوەختە دەتوانێت یارمەتیدەربێت گەر باوانێک ببنە خاوەنی منداڵێکی توشبوو بە تالاسیما.


سەرچاوەکان



861 بینین