کڵێسا مێژووییەکانی ئیستەنبووڵ

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2023-09-18-00:00:00 - کۆدی بابەت: 11331
کڵێسا مێژووییەکانی ئیستەنبووڵ

ناوه‌ڕۆك


سەرەتا 

کڵێسا مێژووییەکانی ئیستەنبووڵ (بە عەرەبی: الكنائس التاريخية في اسطنبول، بە ئینگلیزی: Historical Churches in Istanbul) لە شاری ئیستەنبول یاخود ئەستنبول ڕێژەیەکی زۆر کەنیسە هەیە کە شوێنی پەرستشی ئایینی مەسیحییە. شارەکە دابەشبووە بەسەر دوو ناوچەدا بەشی ئاسیا و ئەورووپا. بەشی ئەورووپی زۆرینە موسڵمانن و مزگەوتەکان کەوتوونەتە ئەو ناوچەیە. بەشی ئاسیاش پەیڕەوانی ئایینی مەسیحین لەگەڵ ئەو دەستانەی ئایین ڕەت دەکەنەوە. 
شارەکە چەندین کەنیسەی مێژوویی تێدایە کە مێژووەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی حووکمی ڕۆمە بێزەنتییەکان، هەندێک لەم کەنیسانە کراون بە مزگەوت لە سەردەمی حووکمی عوسمانییەکان، هەندێکی تریان لەم سەردەمەدا بوونەتە شوێنی گەشتیاری و پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی لە هەموو شوێنێکی جیهانەوە سەردانی دەکەن. 

گرنگترین کەنیسەکانی شاری ئیستەنبول 

کڵێسای فەنەر (قەشە جۆرج) 

کڵێساکە دەکەوێتە ناوچەی فەنەر لە ئیستەنبول، لەلایەن یۆنانییەکان لەسەر کەناری "هۆرنی ئاڵتوونی" دروستکراوە. کڵێساکە بە کڵێسای دایک ناسراوە لای ئەرسەدۆکسییەکان. مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پێنجەمی زایینی

ئەیا تریادا 

ئەم کڵێسایە دەکەوێتە تەقسیم کە ناوچەیەکی گرنگ و گەشتیاری شارەکەیە و بە شەقامێکی جەنجاڵ دادەنرێت و بازاڕێکی بەرفراوانە. شوێنەکەی بە دیاریکراوی لەسەر شەقامی ئیستقلالە لە تەقسیم. ساڵی ١٨٨٠ زایینی نۆژەنکراوەتەوە. ئەم کڵێسایە لە ڕابردوودا شوێنی پەرستشی یۆنانییە ئەرسەدۆکسییەکان بووە. 

کڵێسای قەشە ئەنتۆنی (ئەنتۆنی پادوا) 

کڵێسای کاسۆلیکییەکانە دەکەوێتە سەر شەقامی ئیستقلال لە ناوچەی تەقسیم. بە یەکێک لە کڵێسا سەرنجڕاکێشەکان دادەنرێت لە ڕووی نەخشەی تەلارسازی و دیزاینەوە. ساڵی ١٩١٢ لەلایەن ئیتاڵییەکان لەسەر شێوازی نیۆ گۆسیک دروستکراوە. بە یەکێک لە کڵێسا گەورەکانی ئیستەنبول دادەنرێت. 

کڵێسای قەشە پیری 

دەکەوێتە ناوچەی قەرەقۆی لە خوارووی تاوەری گەڵتەیە. لە نێوان ساڵانی ١٨٤١-١٨٤٣ دروستکراوە بە شوێنی پێگەیاندنی قەشە دۆمەنیکەکان دادەنرێت. لەم سەردەمەدا بووەتە مزگەوت و پێی دەڵێن "مزگەوتی عەرەب". 

کڵێسای بوڵگارییە ئەرسەدۆکسییەکان (کڵێسای ئاسن، ئەیا ئیستیفانۆس) 

ئەم کڵێسایە دەکەوێتە ناوچەی فەنەر لە ئیستەنبول، بە کڵێسای بوڵگارییە ئەرسەدۆکسییەکان ناسراوە هاوکات پێشی دەڵێن کڵێسای ئاسن و ئەیا ئیستافانۆس. نزیکە لە کەناری دەریا، کڵێساکە لە ڕووی بنیادنان و پێکهاتەی دروستکاری ئاسن تیایدا بەکارهاتووە هەر بۆیە پێی دەڵێن کڵێسای ئاسن. ئەم پێکهاتەیە ساڵی ١٨٧١ لە ڤییەنا پایتەختی نەمسا هێنراوە و کڵێساکەی پێ دروستکراوە. کڵێساکە بۆ بوڵگارییەکان دروستکراوە کە لەناوچەی فەنەر نیشتەجێ بوون. 

کڵێسای سارپ کریکۆر لوسەرۆڤیچ (کڵێسای ئەرمەنییە ئەرسەدۆکسییەکان) 

دەکەوێتە قەرەقۆی، لەسەر شەقامی کەمارەلتی ساکیزجیلەر. کۆنترین کڵێسای ئەرمەنییەکانە، ساڵی ١٤٣١ دروستکراوە. کڵێساکە منارەیەکی هەیە کە زەنگێکی گەورە لە لوتکەکەی دانراوە کە لەو سەردەمەدا لە کاتژمێرە تەواوەکاندا خەڵکی ناوچەکەی ئاگادار کردووەتەوە. لە شارەکەدا تەنها چەند کڵێسایەک بەم جۆرە زەنگیان هەبووە. 

کڵێسای سارپ ڤەرڤۆتس ڤۆرۆدمان 

دەکەوێته ناوچەی کومکاپی، مێژوونووسان و پەیڕەوانی ئایینی مەسیحی ڕاڤەی ناوی کڵێساکەیان کردووە کە بە واتای "منداڵەکانی ڕووناکی"دێت کڵێساکە لەلایەن بێزەنتییەکان دروستکراوە. دوای فەتح کردنی شارەکە لەلایەن عوسمانییەکان، لەلایەن کۆمەڵەی ئەرمەنییەکان بەکارهاتووە. بە یەکێک لە سێ کڵێسا گرنگەکەی ئەرمەنییەکان دادەنرێت. 

کڵسای خوێناوی 

دەکەوێتە ناوچەی بەلات، بە کڵێسای دایکی مەغۆلەکانیش ناسراوە. لە سەدەی ١٣یەمی زایینی دروستکراوە. کڵێساکە لەسەردەمی عوسمانییەکان داخرا و تا ئەم سەردەمەش نەکراوەتەوە و بووە بە شوێنێکی مێژوویی. کڵێساکە تا هاتنی عوسمانییەکان شوێنی پەرستشی یۆنانییە ئەرسەدۆکسییەکان بوو. 

کڵێسای ئەیا ئفیمیا 

بە کڵێسای یۆنانییە ئەرسەدۆکسییەکان ناسراوە. دەکەوێتە ناوچەی قەدیقۆی لە ئیستەنبول، لە گۆڕەپانێکی چوار ڕیاندایە، ناوچەکە لەم سەردەمەدا بازاڕە. مێژووی کڵێساکە دەگەرێتەوە بۆ ساڵی ١٦٩٤ زایینی و ساڵی ١٨٣٠ نۆژەن کراوەتەوە. بەپێی مێژووی کڵێساکە "ئەیا ئیفیمیا" خانمێکی پاکیزە بووە کە بانگەشەی یەکتاپەرستی و ئایینی مەسیحی کردووە ساڵی ٣٠٥ لە ئەنجامی ڕەتکردنەوەی بڕیارێکی میری کوژراوە. هەر بۆیە کڵێساکە بەناوی ئەم خانمەوە کراوە. 

ئەیا ئێرنی

لە ناوچەی سوڵتان ئەحمەدە، لەم سەردەمەدا مۆزەخانەیە، ساتی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی چوارەمی زایینی. مۆزەخانەکە دیاریکراوی لە ناو کۆشکی تۆپقاپی و نزیک هەردوو مزگەوتی شین و مزگەوتی ئەیا سۆفیایە. لە ڕابروودا ئەیا ئێرنی یەکێک بووە لە کڵێسا گرنگەکانی نیمچە دوورگەی مێژوویی لە ئیستەنبول و جێگەی بایەخ بووە لای بێزەنتییەکان. لەم ڕۆژگارەدا کراوە بە مۆزەخانەی کەلوپەل و کولتووری بێزەنتییەکان و جلوبەرگ و تابلۆ و کەلوپەلی جەنگی ئەوانی تێدا نمایش کراوە کە یەکێکە لە سێ مۆزەخانەکەی کۆشکی تۆپ قاپی و دەکەوێتە نهۆمی یەکەمی کۆشکەکە.


سەرچاوەکان



1329 بینین