پیسبوونی بایۆلۆجی

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2023-09-22-14:17:00 - کۆدی بابەت: 11351
پیسبوونی بایۆلۆجی

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پیسبوونی بایۆلۆجی (بە ئینگلیزی: biological pollution، بە عەرەبی: التلوث بايولوجية)، مەبەست لە پیسبوونی بایۆلۆجی هەبوونی هەندێک بوونەوەری زیندووی یەکجار وردە لە ژینگەی دەورووبەردا، ئەوەش دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە و تووشبوونی مرۆڤ و ئاژەڵ بە نەخۆشی جۆراوجۆر، دەکرێت پیسکەرە بایۆلۆجییەکان بە هەموو ژینگەدا بڵاوببنەوە لە ڕێگای هەوا، ئاو و خاک، ئەمانەش پیسکەری سروشتین  زۆر بە زەحمەت کۆنتڕۆڵ دەکرێن. 

سەرچاوەکانی پیسبوونی بایۆلۆجی

سەرچاوەی زۆر هەن بۆ پیسبوونی بایۆلۆجی لەوانە: 

دەنکۆڵەی هەڵاڵە و تۆوەکان

ئەم دەنکۆڵانە یەکێکن لە سەرچاوەکانی پیسبوون لە کاتی گوڵکردنی ڕووەکە سەوزەکاندا بە هەوادا بڵاو دەبنەوە، ئەم دەنکۆڵانە مرۆڤ تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر دەکەن بە تایبەت منداڵان چونکە بەرگری لەشیان لاوازە لە بەرانبەر ئەم دەنکۆڵانەدا وەک نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسەدان، تەنگە نەفەسی، هەستەوەری، بۆیە هەندێک لە حکومەتەکان بیر لەوە دەکەنەوە ئەو ڕووەکانە ببڕن کە ئەم نەخۆشییانەی لێ دەکەوێتەوە. 

ڤایرۆسەکان 

بە شێوەیەکی گشتی ڤایرۆسەکان دابەش دەبەن بەسەر دوو بەشدا ئەوانیش، ڤایرۆسی ڕووەکی و ڤایرۆسی ئاژەڵین، ئەمانە مەترسیدارترین بوونەوەی بچوکن کە مرۆڤ تووشی نەخۆشی جۆراوجۆر دەکەن، زۆرینەشیان بە زەحمەت کۆنتڕۆڵ دەکرێن لە ڕێگەی پەتاوە بڵاو دەبنەوە ئەم ڤایرۆسانە لە هەموو ژینگەیەکدا دەژین جا لە هەوادا بێت یان لە ئاودا یان لە خاکدا، ئەم بوونەوارانە مرۆڤ تووشی نەخۆشی زۆر تایبەت دەکەن، مەبەست لە تایبەتی لێرە ئەوەیە کە هیچ بوونەوەرێکی زیندووی تر ناتوانێت مرۆڤ تووش بکات بەو نەخۆشیانە وەک: نەخۆشی ئەنفلۆزا، کە بەهۆی ڤایرۆسێکەوە تووشی مرۆڤ دەبێت، یان نەخۆشی ئیفلیجی منداڵ کە بەهۆی ڤایرۆسێکەوە تووشی دەبێت، ڤایرۆسی سمۆرەیی، یان وەک نەخۆشی ملە خڕێ. 

بەکتریا 

لە ژینگەی دەورووبەرماندا ژمارەیەکی زۆر بەکتریا هەن دابەش دەبن بەسەر ئەم بەشانەدا:

  • بەکتریای ڕاستەقینەیی خاوەن دیواری خانەیی نەرێنی بۆیاخی گرام. 
  • بەکتریایی ڕاستەقینەیی خاوەن دیواری خانەیی ئەرێنی بۆیاخی گرام. 
  • بەکتریایی ڕاستەقینەی ئەوانەی دیواری خانەیان نییە (دیواری خانە دروست ناکات).
  • ئەو بەکتریایانەی کە لە بارودۆخێکی نائاسایی زۆر سەخت و گراندا دەژین وەک ئەوانەی کە لە کورە گەرمەکاندا دەژین کە پلەی گەرمی ئەم کورانە زۆر بەرزە، یان ئەوانەی لە ناو بەفر و ناوچە بەستەڵەکەکانی جەمسەری باکووری زەویدا دەژین. 

کەڕوو

کەڕووەکان ئەو بووونەوەرە زیندووانەن کە هەزارەها ساڵە مرۆڤ دەیان ناسێت هەندێک لەو مشەخۆرە قەبارە گەورانە وەک خۆراک لەلایەن مرۆڤەوە بەکاردەهێنرا وەک جۆرەکانی قارچک بەڵام جۆرە وردەکانیان نەناسراوبوون هەتا کاتی داهێنان و دروستکردنی مایکرۆسکۆب، لە ڕاستییدا کەڕوو لە کۆمەڵەیەکی نەگونجاو لە یەکنەچووی بوونەوەری ورد پێکدێن. لە هەموو جۆرە ژینگەیەکدا دەژین، ئەوانەی لە کەرەستەی ئەندامی ڕووەکی و ئاژەڵی و زیندوو بێت یان مردوو بێت هەن. ژمارەی کەڕووەکان بە ١.٥ ملیۆن جۆر مەزەندە دەکرێت، میسرییە کۆنەکان مەترسی زیان و مەترسییەکانی کەڕوویان زانیوە بۆ ئاژەڵ و مرۆڤ گەر بمانەوێت پێناسەی کەڕووەکان بکەین دەڵێین: بوونەوەری زیندووی سیانین، ناوک ڕاستەقینەن، خۆیان خۆراک بۆ خۆیان دروست ناکەن، چونکە پلاستیدی سەوزیان تێدا نییە، تاک خانە و فرە خانەن، لە شێوەی داوی ڕێک و ناڕێکدان، دیوارە خانەیان هەیە کە شێوەکانیان دیاری دەکرێت.

لە لایەکی ترەوە کەڕوو هەیە کە گرنگی زۆریان هەیە بۆ مرۆڤ و ئاژەڵ و ڕووەک ڕۆڵێکی گەورە دەگێڕن لە بوارەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵی، پزیشکی و ژینگەی، هەندێک جۆری کەڕوو لەلایەن مرۆڤەوە وەکو خۆراک بەکاردەهێنرێت، هەندێک جۆری تریان هەویری ترشیان لێ بەرهەم دەهێنرێت، لەبەرهەم هێنانی نان و ئیش هەویردا سوودی زۆریان لێوەردەگیرێت هەندێکی تریان سوودیان لێ وەردەگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی هەندێک جۆری ڤیتامین، بە تایبەت کۆمەڵەی ڤیتامینەکانی B. 

مشەخۆرەکان 

ئەمانە بە گوێرەی قەبارە، شێوە و تووشبوون دابەش دەبەن بەسەر چەند کۆمەڵەیەکی جیاوازدا مەترسیدارترین بوونەوەرە کە مرۆڤ و ئاژەڵ تووشی چەندین نەخۆشی دەکات لەوانە:
١- مشەخۆری نەخۆشی نوستن، ئەوەی مێشولەی تسی تسی دەیگوێزێتەوە تووشی مرۆڤی دەکات، ئەم نەخۆشییە لە وڵاتەکانی ئەفریقا زۆر بڵاو بە تایبەت باشووری ئەفریقا، سەنگال
٢- مشەخۆرە کرمییەکان، وەک کرمی ئەسکارس، بەلهازریا و ئەنگلۆستۆما، هێلکەکانیان لە ناو ئاو و خاک و هەوادا بڵاو دەبێتەوە.

چۆن خۆمان دەپارێزین لە مەترسییەکانی پیسبوونی بایۆلۆجی؟ 

مرۆڤ دەتوانێت تا ڕادەیەکی زۆر خۆی بپارێزێت لە پیسبوونی بایۆلۆجی لە ڕێگەی پەیڕەوکردنی هەنگاو و شێوازی دیاریکراوەوە کە ئەمانەی خوارەوە هەندێکیانن: 
١- کەمکردنەوەی چاندنەوەی ئەو دار و دەوەنانەی کە بەر و هەڵاڵەکانیان دەبنە هۆی هەستیاری مرۆڤ بە تایبەتی بۆ منداڵان. 
٢- پیسایی نەکردن لە چۆڵەوانی و نزیک ڕووبەرە ئاوییەکان. 
٣- کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لە کیسەی تایبەتدا داخستنی بە شێوەیەکی باش و گواستنەوەی بۆ زبڵدان. 
٤- سەر نەبڕینی مەڕ و ماڵات لەسەر شەقام و لە ناو گەڕەکەکاندا، دەبێت ببرێتە کوشتارگەکان و پشکنینی پزیشکی بۆ بکرێت. 

پەیوەندی نێوان پیسبوونی بایۆلۆجی و پیسبوونی کیمیایی

پەیوەندییەکی بەهێز هەیە لە نێوان پیسبوونی بایۆلۆجی و کیمیاییدا، بوونەوەرە ئاوییەکان ــ ڕووەکی، ئاژەڵی، بوونەوەری ورد، دەکەوێتە بەر کاریگەری ئەو پیسبوونە کیمیاییەی لە ژینگە ئاوییەکەدا هەیە جا بە هەر وێنە و شێوەیەک بێت، بۆیە پیسکەرە کیمیاییەکان بە جیاوازی شێوەکانیان لەو کاریگەرییە گرنگ و کارایانەن لەسەر گەشە کردن و زۆربوونی بڵاوبوونەوە و دابەشبوونی بوونەوەرە ئاوییەکان لە ژینگەکەیاندا. بە شێوەیەکی گشتی ڕەنگە بە یەک گەشتن و بەیەکدا چوون پەیدا ببێت لە نێوان پیسبوونی بایۆلۆجی و پیسبوونی کیمیای لە چەند خاڵێکی گرنگدا لەوانە:

یەکەم: ڕەنگە پیسبوونی کیمیایی  توخمێک بخاتە سەر ژینگە ئاوییەکە، کە ببێتە هۆی زۆربوون و بڵاوبوونەوەی پیسبوونی بایۆلۆجی بوونەوەرە وردەکان و ڕووەکە ئاوییەکان. 
دووەم: هەندێک پیسکەری کیمیایی ئەندامی هەیە، دەبێتە هۆی زۆربوونی زاوزێی بوونەوەرە زیندووە وردەکان، ئەمانەی نەخۆشییان پێوەیە یان پێیانەوە نییە، ئاوێتە ئەندامییەکان ئەوانەیی لە ڕووی بایۆلۆجییەوە شیاوی شیبوونەوەن، لە سەرچاوە زیندووەکەی کاربۆنن کە یەکجار بچوکن بە تایبەت ئەوانەی نەخۆشی بڵاودەکەنەوە، دواتر دەبێتە هۆی پیسبوونی بایۆلۆجی ژینگە ئاوییەکە، ئەوەی ئەم پیسکەرە کیمیاییانەی تێدا هەیە. 
سێیەم: پیسبوونی بایۆلۆجی کەرەستەی ژەهراوی دەدات بە ژینگە ئاوییەکە، ئەوەی بوونەوەرە وردەکان وەک بەکتریا و کەڕووەکان و ڤایرۆس و مشەخۆرەکان دەریدەدەن، هەروەها هەندێک جۆری قەوزە هەیە، کەرەستەی ژەهراوی یان زیانبەخش دەردەدات کە زیان دەگەیەنێت بە هەموو ئەو بوونەوەرە زیندووانەی لە ژینگەکەدا لەگەڵی دەژین. 
چوارەم: ڕەنگە پیسبوونی کیمیایی پڕۆسەکانی پاککردنەوە و خۆ پاکردنەوەی ڕووبەرە ئاوییەکان وەک دەریا ڕووبەری جۆگا ئاوییەکان کەم بکاتەوە ئەمەش دەبێتە هۆی کەڵەکەبوونی هەندێک پیسکەر کە کار لە تێکڕای گەشەکردن و زۆربوونی هەندێک بوونەوەری ئاوی دەکات وەک ماسی


سەرچاوەکان



833 بینین