ئەو وڵاتانەی کە پشتگیری خەڵکی فەڵەستین دەکەن

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد جوانە محەمەد - به‌روار: 2023-10-20-11:08:00 - کۆدی بابەت: 11475
ئەو وڵاتانەی کە پشتگیری خەڵکی فەڵەستین دەکەن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەو وڵاتانەی کە پشتگیری خەڵکی فەڵەستین دەکەن (بە ئینگلیزی: Countries in solidarity with Palestinian people، بە عەرەبی: الدول المتضامنة مع الشعب الفلسطیني)، لە هەموو کیشوەرەکانی جیهاندا چەندین وڵاتی جیاواز پشتگیری خەڵکی فەڵەستینن و ئۆپەراسیۆنەکەی حەماس بە پارێزگاریکردن لە خود ناودەبەن، لە یەکەم ڕۆژی جەنگەوە ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە دژی ئیسرائیلن و بە داگیرکاری دەزانن ڕوو لە زیادبوونە.

بەشێک لە کاردانەوە و پاڵپشتییەکان

ئەمانەن:

کیشوەری ئەمریکای باکوور

  • حکومەتەکانی کوبا، ڤەنزوێلا، کۆڵۆمبیا و نیکاراگوا بەیاننامەی فەرمییان بڵاوکردەوە دەربارەی دۆخی فەڵەستین، لە نووسراوەکانیاندا پشتگیری خەڵکی غەززەیان ڕاگەیاند، هەروەها باوەڕیان وابوو کە ئەو جەنگەی حەماس بەرپای کردووە مافی خۆیانە و خودپاراستنە، لە پێناو ئازادکردنی خۆیان و خاکەکەیاندا ئەنجامیانداوە.
  • دانیشتوانی پایتەختەکانی ئەرجەنتین، کۆڵۆمبیا و بەڕازیلیش بەمەبەستی پشتگیری خۆپیشاندانیان ئەنجامدا، کە خۆپیشاندانەکان لە ڕێگەی ڕێکخراو و بۆچوونی خەڵکییەوە ڕێکدەخرا.
  • وەزارەتی دەرەوەی بۆلیڤیا ڕاگەیاندراویان بڵاوکردەوە کە تێیدا بەشێوەیەکی نائاشکرا خەمخۆرییەکی گەورەی خۆیان دەرخستووە، بەهۆی ئەوەی کە شەڕی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین لە غەززەدا ڕوودەدات.

وڵاتە عەرەبییەکان

  • وەزارەتی دەرەوەی میسڕ ڕایگەیاند کە پێویستە بە هاوکاری وڵاتەکانی تر جەنگی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین بوەستێنرێت.
  • وەزارەتی دەرەوەی ئوردن لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە پێویستە جەنگ لە غەززە و دەوروبەریدا بوەستێنرێت.
  • وەزیری دەرەوەی لوبنان لە نووسراوێکدا ڕایگەیاند کە ئەو جەنگەی ڕووبەڕووی ئیسرائیل بووەتەوە لە ئەنجامی داگیرکاری خۆیەوە بووە، ئەوان ڕۆژانە خەڵکی موسوڵمان و مەسیحی قودسیان ئازارداوە، لە لایەکی ترەوە حیزب اللەی لوبنانی جووڵانەوەکەی حەماسی بە کردەیەکی پاڵەوانی ناوبرد.
  • وەزیری دەرەوەی سعوودیە ڕایگەیاند کە جەنگەکە لە ئەنجامی شەڕی هەمیشەیی نێوان داگیرکارەکانی ئیسرائیل و خێڵە فەڵەستینییەکانەوە دروستبووە، هەروەها ڕایگەیاند کە سعودییە نێوەندگیرە و پێویستە خەڵکی مەدەنی پارێزراوبێت لە جەنگەکەدا.
  • هەریەک لە وڵاتەکانی قەتەر، عێراق، ئیمارات، جەزائیر، سووریا، مەغریب، کوەیت، تونس و عەمان، بەیاننامەی فەرمییان دەربارەی دۆخی غەززە بڵاوکردەوە، بەجۆرێکە کە زۆرینەیان هاوخەمییان بۆ خەڵکی فەڵەستین دەردەبڕی و بەمافی ڕەوای خۆیانی دەزانن بجەنگن، چونکە دەوڵەتی ئیسرائیلی داگیرکەر ساڵانێکی زۆرە ئازاریان دەدات و دەیانچەوسێنێتەوە، هەروەها زۆرینەیان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە پێویستە بە شێوەیەکی نێودەوڵەتی نێوەندگیری بکرێت لە نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ئەوەی خەڵکی مەدەنی پارێزراوبن و کەمترین قوربانی لە جەنگەکەدا هەبێت.

کیشوەری ئاسیا

  • هەر لە یەکەم ڕۆژی تۆفانی ئەقساوە تەواوی دەزگا هەواڵگرییەکانی ڕووسیا گرنگی تەواویان دا بە ڕووماڵکردنی دۆخەکە، هەروەها وتەبێژی دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند کە دەبێت لە ماوەیەکی کەمدا کێشەکە چارەسەربکرێت، جەختیکردەوە لەسەر ئەوەی کە ئەم جەنگەی بۆ ماوەی دەیان ساڵە بەردەوامە بە شەڕ یەکلایی ناکرێتەوە، بەڵکو پێویستی بە هەلومەرجی سیاسی و دیبلۆماسییە.
  • سەرۆکی تورکیاش ڕایگەیاند کە پێویستە جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە بوەستێنرێت، لە کاتێکدا خەڵکی وڵاتەکەی خۆپیشاندانیان ڕێکدەخست لە دژی ئیسرائیل و پشتگیری فەڵەستینیان دەکرد.
  • وڵاتی چین و وتەبێژی پەکینی پایتەخت بەیاننامەی فەرمیان بڵاوکردەوە، تێیدا داواکاربوون کە بەزوترین کات جەنگ بوەستێت، هەروەها ئاماژەیان داوە بە ئەوەی کە بەردەوامی شەڕ لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستیندا نیشانەی ئەوەیە کە چیتر بواری پێکەوە ژیان بە شێوەیەکی ئاشتی بوونی نییە، چارەسەریش ئەوەیە کە وڵاتی فەڵەستینی سەربەخۆ ڕابگەیەنرێت.


سەرچاوەکان



358 بینین