چۆن خۆم ئامادە بکەم بۆ پشکنینە تاقیگەییەکان؟

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-10-22-19:40:00 - کۆدی بابەت: 11506
چۆن خۆم ئامادە بکەم بۆ پشکنینە تاقیگەییەکان؟

ناوه‌ڕۆك

 ناساندن

چۆن خۆم ئامادە بکەم بۆ پشکنینە تاقیگەییەکان (بە ئینگلیزی: How do I prepare for laboratory exams؟، بە عەرەبی: كيف أستعد للفحوصات المختبریة؟) پشکنینە پزیشکی و تاقیگەییەکان بریتین لە پرۆسەیەک کە تیایدا کارمەندی چاودێری تەندروستی نموونەیەک لە خوێن، میز، شلەی تری جەستە، یان شانەی جەستە وەردەگرێت بۆ وەرگرتنی زانیاری دەربارەی تەندروستی. زۆرجار پشکنینی تاقیگەیی بەکاردێت بۆ یارمەتیدان لە دەستنیشانکردن یان پشکنینی نەخۆشییەکی دیاریکراو.

پشکنینە تاقیگەییەکان یارمەتی دەستنیشانکردنی نەخۆشی دەدەن پێش دەرکەوتنی نیشانەکان. پشکنینی دیکە هەن کە بەکاردێن بۆ چاودێریکردنی نەخۆشییەک یان بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا چارەسەرەکە تا چەنێک کاریگەرە. هەروەها دەکرێت پشکنینی تاقیگەیی ئەنجام بدرێت بۆ پێشکەشکردنی زانیاری گشتی زیاتر دەربارەی ئەندامەکان و کۆئەندامەکانی جەستە.

ئامادەکارییەکان بۆ پشکنینی تاقیگەیی

بۆ هەر پشکنینێکی پزیشکی و تاقیگەیی، پێویستە خۆت ئامادە بکەیت بەم جۆرە:

  • هەموو ئەو ڕێنماییانە جێبەجێ بکە کە لەلایەن کارمەندی چاودێری تەندروستییەوە پێت دەدرێت.
  • بە کارمەند یان پسپۆڕی تاقیگە بڵێ ئەگەر بە تەواوی ئەم ڕێنماییانەت جێبەجێ نەکردووە. گرنگ ئەوەیە ڕاستگۆ بیت. تەنانەت گۆڕانکارییەکی بچووک لە ڕێنماییەکان دەتوانێت کاریگەرییەکی گەورەی هەبێت لەسەر ئەنجامەکان. بۆ نموونە، هەندێک دەرمان ئاستی شەکری خوێن بەرز دەکەنەوە یان کەمی دەکەنەوە.
  • بە کارمەندی تاقیگەکە بڵێ دەربارەی هەر دەرمانێک، ڤیتامین، یان تەواوکەری خۆراکییەک کە وەریدەگریت.

گرتنەبەری ئەم هەنگاوانە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەنجامەکان ڕاست و دروست دەبن.

ئایا پێویستە هەنگاوی تر بنێم بۆ ئامادەکاری بۆ پشکنینی تاقیگەیی؟

بۆ زۆرێک لە پشکنینەکانی تاقیگە، پێویست ناکات هیچ شتێک بکەیت جگە لە وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی کارمەند و/یان پسپۆڕی تاقیگە. بەڵام بۆ هەندێکی تر، لەوانەیە پێویست بە هەندێک ئامادەکاری دیاریکراو بکات پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە.

یەکێک لە باوترین ئامادەکارییەکان بۆ پشکنینە تاقیگەییەکان بریتییە لە ڕۆژووگرتن. واتە نابێت هیچ شتێک بخۆیت یان بیخۆیتەوە جگە لە ئاو بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک یان شەوێک پێش ئەنجامدانی پشکنینەکە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە خۆراک و پێکهاتەکانی ناو خۆراک لە خوێندا دەمژرێن. ئەمە لەوانەیە کاریگەری هەبێت لەسەر هەندێک لە ئەنجامەکانی پشکنینی خوێن. درێژی ماوەی ڕۆژوو دەتوانێت بگۆڕێت. بۆیە ئەگەر پێویست بە نەخواردنی خواردن  و خواردنەوە بکات، دڵنیابە لەوەی کە پرسیار لە کارمەندی تاقیگە بکەیت دەربارەی ئەوەی بۆ ماوەی چەنێک بە ڕۆژوو بیت و خۆت لە خواردن و خواردنەوە بگریتەوە.

ئامادەکارییە باوەکانی تر بریتین لە:

  • دوورکەوتنەوە لە خواردن و خواردنەوە دیاریکراوەکان وەک گۆشتی کوڵاو، چای ڕووەکی یان کحول.
  • دڵنیابە لەوەی کە ڕۆژی پێش پشکنینەکان زیاد لە پێویست خواردن ناخۆیت و ناخۆیتەوە.
  • جگەرە نەکێشان.
  • خۆ بەدوورگرتن لە هەڵسوکەوتی دیاریکراو وەک ڕاهێنانی قورس یان چالاکی سێکسی.
  • دوورکەوتنەوە لە هەندێک دەرمان و زیادکراوی خۆراکی. دڵنیابە لەوەی قسە لەگەڵ کارمەندی تاقیگە دەکەیت دەربارەی ئەوەی دەیخۆیت، لەوانە دەرمانی سەرووی کۆنترۆڵ، ڤیتامین و تەواوکەرەکان.
  • بۆ هەندێک پشکنینی خوێن، لەوانەیە داوات لێبکرێت ئاوی زیادە بخۆیتەوە بۆ ئەوەی یارمەتیت بدات شلەی زیاتر لە خوێنبەرەکانتدا بهێڵیتەوە. هەروەها داوا دەکرێت پانزە بۆ بیست خولەک پێش ئەنجامدانی پشکنینی میز ئاو بخۆیتەوە.

چی جۆرە پشکنینی تاقیگەییەک پێویستی بە ئامادەکاری تایبەت هەیە؟

هەندێک لە پشکنینە باوەکانی تاقیگە کە پێویستیان بە ڕۆژوو گرتن (نەخواردن و نەخواردنەوە) هەیە، ئەوانیش بریتین لە:

  • پشکنینی گلوکۆزی خوێن
  • پشکنینی ئاستی کۆلیسترۆڵ
  • پشکنینی ترایگلیسیراید
  • پشکنینی کالسیتۆنین

هەندێکی دیکە لە پشکنینە باوەکان پێویستیان بە ئامادەکاری تایبەت هەیە، ئەوانیش بریتین لە:

  • پشکنینی کریاتینین: کە لەوانەیە پێویستی بە ڕۆژووگرتن یان دوورکەوتنەوە لە گۆشتی کوڵاو هەبێت
  • پشکنینی کۆرتیزۆل: بۆ ئەم پشکنینە، لەوانەیە پێویست بکات کەمێک پشوو بدەیت پێش ئەوەی نموونەکەت لێ وەربگیرێت. هەروەها لەوانەیە پێویست بکات خۆت بەدووربگریت لە خواردن، خواردنەوە، یان شوشتنی ددانەکان بۆ ماوەیەکی دیاریکراو پێش پشکنینەکە.
  • پشکنینی خوێنی شاراوەی ناو پیسایی: بۆ ئەم پشکنینە، لەوانەیە پێویست بکات خۆت بەدووربگریت لە هەندێک خۆراک یان دەرمان.
  • پشکنینی 5-HIAA (ماددەیەکی تێکشکاوە لە سیرۆتۆنینەوە و یارمەتی دیاریکردنی لووی شێرپەنجەیی دەدات): بۆ ئەم پشکنینە، لەوانەیە داوات لێبکرێت کە خۆت بەدووربگریت لە خواردنی جۆراوجۆر لەوانە ئەڤۆکادۆ، مۆز، ئەناناس، گوێز و هێلکە دەگرێتەوە.
  • نموونەی پاپ (پشکنینی پاپیشی پێ دەوترێت، بەکاردەهێنرێت بۆ پشکنینی زێ و ملی منداڵدان لە ئەگەری بوونی شێرپەنجە): ئافرەت لەوانەیە ڕێنمایی بکرێت کە سانتی بەکارنەهێنابێت (واتا نابێت کاتی سووڕی مانگانە ئەم پشکنینە بکات)، یان سێکس نەکات بۆ ماوەی ٢٤ بۆ ٤٨ کاتژمێر پێش ئەم پشکنینە.

ئایا هیچ شتێکی دیکە هەیە کە پێویستە بیزانم دەربارەی ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی تاقیگە؟

ئەگەر پرسیار یان نیگەرانیت هەیە دەربارەی ئامادەکارییەکانی پشکنینە تاقیگەییەکان، قسە لەگەڵ کارمەندی چاودێری تەندروستی بکە. دڵنیابە لەوەی کە لە ڕێنماییە ئامادەکراوەکان تێدەگەیت پێش کاتی ئەنجامدانی پشکنینەکان. بەو جۆرە دەتوانیت ڕێنماییەکان جێبەجێبکەیت و پێویست بە نیگەرانی ناکات.


سەرچاوەکان



269 بینین