چۆنیەتی خوێندنەوەی ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکان

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-11-11-21:14:00 - کۆدی بابەت: 11623
چۆنیەتی خوێندنەوەی ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆنیەتی خوێندنەوەی ئەنجامی پشکنینە پزیشکییەکان (بە ئینگلیزی: How to read the results of medical exams، بە عەرەبی: كيف تقرأ نتائج الفحوصات الطبية) پشکنینی پزیشکی (تاقیگەیی) زانیاری دەربارەی تەندروستی کەسەکان دەدات بە پزیشک. لە کاتێکدا ئەم پشکنینانە یارمەتیدەرن بۆ ئەوەی بیرۆکەیەکی ڕوون بدەن لەسەر ئەوەی لە جەستەدا ڕوودەدات، بەڵام لەوانەیە بۆ تۆ وەکو کەسێکی ئاسایی ئەنجامەکان سەرلێشێواوت بکەن لەوەی ئایا مانای ئەنجامەکان چییە؟ هەواڵێکی خۆشە یان هەواڵێکی خراپ؟ بە شێوەیەکی سەرەکی پزیشکی تاقیگە و پزیشکی گشتی دەتوانن ئەنجامی پشکنینە تاقیگەییەکان بخوێننەوە. هەروەها ئەوانەی کارمەندی تەندروستین زیاتر لە زمانی پزیشکی تێگەن و زیاتر دەتوانن ئەنجامەکان بخوێننەوە. بەڵام کۆمەڵێک ڕێنمایی هەیە گەر شارەزایی لەسەر کۆبکەیتەوە تۆش وەک کەسێکی ئاسایی دەتوانیت باشتر لە ئەنجامی پشکنینە تاقیگەییەکان تێبگەیت.

ئەگەر چاوەڕێی ئەنجامەکانی تاقیگەیت و هێشتا وەرتنەگرتۆتەوە، پەیوەندی بکە بە نوسینگەی پزیشکییەوە. کارمەندەکان زۆرجار دەتوانن وەڵامی پرسیارەکانت بدەنەوە یان پێت بڵێن لەکوێ ئەنجامەکان وەردەگریتەوە. هەندێک پشکنین زیاتر لەوانی تر دەخایەنێت. دەتوانیت پرسیار بکەیت کە چەنێک چاوەڕوانی ئەنجامەکان بکەیت، بەهۆی ئەمەوە دواتر بیرۆکەیەکت دەبێت بۆ ئەوەی چەند چاوەڕێ بکەیت.

بۆچی پشکنینەکان ئەنجام دەدرێن؟

چەندین هۆکار هەن بۆ پشکنینی تاقیگەیی. لەوانەیە هەست بە باشی بکەیت و هێشتا پشکنین بکەیت، وەک کاتێک کە پشکنینی جەستەیی ساڵانەت هەیە. لەوانەیە پشکنین ئەنجامبدرێت بۆ:

  • دۆزینەوەی هۆکاری نیشانەکان.
  • دەستنیشانکردنی نەخۆشی.
  • پشتڕاستکردنەوەی دەستنیشانکردنی نەخۆشی.
  • چاودێریکردنی نەخۆشی.
  • زانینی نەخۆشییەک کە تا چەند مەترسیدارە.
  • زانینی ئەوەی ئایا چارەسەرەکە کار دەکات.
  • دڵنیابوونەوە لەوەی کە دەرمانەکان کێشە دروست ناکەن.

ئەنجامەکان مانایان چییە؟

دەتوانیت زیاتر بزانیت دەربارەی ئەنجامی پشکنینەکانت بە چەند ڕێگایەک. داوا لە پزیشک بکە کە ڕوونی بکاتەوە کە ئەنجامەکان مانایان چییە. پێش ئەوەی سەردانی پزیشک بکەیت، پرسیارەکان ئامادە بکە بۆ ئەوەی لەبیریان نەکەیت. مەترسە لە پرسیارکردن. ئەگەر لە وەڵامەکە تێنەگەیشتیت، دووبارە پرسیار بکەوە.

ئەو کەسەی باسی ئەنجامەکانت بۆ دەکات لەوانەیە پزیشک نەبێت. هەروەها دەتوانیت زانیاری وەربگریت لە پەرستارێک یان یاریدەدەری پزیشکی. نوسینگەی پزیشک لەوانەیە ماڵپەڕێکی هەبێت کە تیایدا دەتوانیت یارمەتی وەربگریت بۆ ئەنجامی پشکنینەکانی تاقیگە. هەروەها دەتوانیت سەیری ماڵپەڕێکی باوەڕپێکراوی پزیشکی بکەیت.

دوو جۆر ئەنجامی پشکنینی پزیشکی هەیە:

  • ئەو پشکنیانەی کە وەڵامی "بەڵێ" یان "نەخێر" دەدەنەوە (زۆرجار بۆ مەبەستی دەستنیشانکردن) بەکاردێن.
  • ئەو پشکنینانەی کە ئەنجامی ڕێژەیی دەدەن (بۆ پێوانی بەها بەرزەکان یان نزمەکان بە بەراورد لەگەڵ مەودایەکی ئاسایی).

مەبەست لە ئەنجامی ئەرێنی یان نەرێنی چییە؟

ئەنجامەکانی پشکنینی تاقیگەیی لەوانەیە ئەرێنی، نەرێنی، یان لە نێوانا بن. پزیشک باس لەوە دەکات کە ئەنجامی پشکنینەکەت چ مانایەکی هەیە بۆ تۆ و تەندروستیت.

ئەنجامی ئەرێنی پشکنینێک مانای ئەوەیە کە ماددەکە یان حاڵەتەکە دۆزراوەتەوە کە تاقیکراوەتەوە و پشکنینی بۆ ئەنجامدراوە. هەروەها ئەنجامی ئەرێنی پشکنینەکە لەوانەیە مانای ئەوە بێت کە بڕی ئەو ماددەیەی کە تاقی کراتەوە بەرزترە یان کەمترە لە ئاسایی.

ئەنجامی تاقیکردنەوەی نەرێنی واتە ئەو ماددە یان مەرجەی کە تاقیکراوەتەوە یاخود پشکنینی بۆ کراوە نەدۆزراوەتەوە. هەروەها ئەنجامە نەرێنییەکان لەوانەیە مانای ئەوە بێت کە ئەو ماددەیەی کە پشکنینی بۆ کراوە بە بڕێکی ئاسایی بوونی هەیە نەک ئەوەی زیاد یان کەمی هەبێت.

ئەنجامی ئەرێنی لاواز ئەو ئەنجامانەن لە پشکنینەکان کە بە ئاشکرا ئەرێنی یان نەرێنی نین. بۆ نموونە، هەندێک پشکنین ئاستی دژەتەنەکان بۆ هەندێک بەکتریا یان ڤایرۆس لە خوێن یان شلەی تری جەستە دەپێون بۆ گەڕان بەدوای هەوکردن. هەمیشە ڕوون نییە کە ئایا ئاستی دژەتەنەکان ئەوەندە بەرزە کە نیشانەی هەوکردن بێت یاخود نا بەمەش نیشانەی ئەرێنی دەرناکەوێت. بەڵام هێشتا ئەوەندە لاواز نییە نیشانەی نەرێنیش دەربکەوێت. لەم کاتەدا بەزۆری داوادەکرێت دوای ماوەیەکی تر پشکنین ئەنجامبدرێتەوە بۆ دەرکەوتنی ئەنجانی ڕوونی ئەرێنی یاخود نەرێنی پشکنینەکە.

ئەنجامی پشکنینی نەرێنی هەڵە یاخود ئەرێنی هەڵە چییە؟

ئەنجامی پشکنینی ئەرێنی هەڵە ئەوەیە کە نیشانی دەدات کە هۆکاری نەخۆشییەک یان حاڵەتێک هەیە کاتێک کە بوونی نییە لە ڕاستیدا. واتا ئەنجامی پشکنینی ئەرێنی هەڵە لەوانەیە پێشنیاری ئەوە بکات کە نەخۆشی یان حاڵەتی تەندروستی هەیە کاتێک کە لەڕاستیدا بەو جۆرە نییە. بۆ نموونە، ئەنجامی پشکنینی دووگیانی ئەرێنی دەردەکەوێت بە دۆزینەوەی ئەو ماددەیەی کە دووگیانی پشتڕاست دەکاتەوە، لە کاتێکدا لە ڕاستیدا ژنەکە دووگیان نییە.

ئەنجامی پشکنینی نەرێنی هەڵە ئەوەیە کە ئەوە تێیدا نادۆزرێتەوە کە تاقی دەکرێتەوە هەرچەندە بوونی هەیە. ئەنجامی پشکنینی نەرێنی هەڵە لەوانەیە پێشنیاری ئەوە بکات کە کەسێک نەخۆشی یان مەرجێکی تەندروستی نییە کە پشکنینی بۆ بکرێت کاتێک کە خۆی لە ڕاستیدا ئەوەی هەیە. بۆ نموونە، ئەنجامی پشکنینی دووگیانی نەرێنی هەڵە ئەوەیە کە ئەو ماددەیە نادۆزرێتەوە کە دووگیانی پشتڕاست دەکاتەوە لە کاتێکدا ژنەکە بەڕاستی دووگیانە.

هەندێک لە پشکنینەکانی تاقیگە دەتوانن زانیاری تایبەتت پێ بدەن. بۆ نموونە، پزیشک لەوانەیە گومان بکات کە تۆ هەوکردنی قوڕگت هەیە. بۆیە پزیشکەکە داوای ئەنجامدانی کەڵچەڕی (چاندنی بەکتریا) قوڕگ دەکات بۆ ئەوەی بزانێت ئایا بەکتریای سترێپتۆکۆکۆس بوونی هەیە یاخود نا. پشکنینی تاقیگەیی ئەرێنی ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە تۆ هەوکردنی قوڕگت هەیە و یارمەتی پزیشک دەدات بۆ هەڵبژاردنی چارەسەری گونجاو بۆت.

بەڵام هەندێک لە پشکنینەکان تەنها ئاماژەیەک دەدەن کە پێویستە لەگەڵ زانیاری دیکەدا ڕەچاو بکرێت بۆ پشتگیریکردنی دەستنیشانکردن، دیاریکردنی مەترسی، یان یارمەتیدان لە هەڵبژاردنی چارەسەر. بۆ نموونە، پزیشک ئاستی کۆلیسترۆڵ و شتی تر بەکاردەهێنێت، وەک پەستانی خوێن و تەمەن، بۆ دیاریکردنی مەترسی جەڵتەی دڵ.

ژمارەکان مانایان چییە؟

زۆرێک لە ئەنجامەکانی پشکنینی تاقیگەیی وەک ژمارەیەک دەردەبڕدرێن کە دەکەونە نێو مەودای سەرچاوە. لێرە هەر کەسێکی ئاسایی کە توانای خوێندەوەی ڕاپۆرتی تاقیگەیی هەبێت دەتوانێت لە ئەنجامی پشکنینەکان تێبگات، بە خوێندنەوەی ژمارەکان و بەراوردکردنی بە ئەنجامە ئاساییەکانی سەر ڕاپۆرتی پشکنینەکان.

ئەنجام ئاساییەکان لە مەودایەکی سەرچاوە دێن کە دەدۆزرێتەوە بە پشکنینی کۆمەڵێکی گەورەی خەڵکی تەندروست بۆ دۆزینەوەی ئەوەی کە ئاساییە بۆ ئەو گروپە. بۆ نموونە، کۆمەڵێک پیاوی تەمەن سی بۆ چل ساڵ پشکنینێکی تایبەتیان پێدەدرێت. دواتر ئەنجامەکان دەبێت تێکڕا بکرێن بۆ دروستکردنی مەودای ئاماژە بۆ ئەو گروپه.

هەر بازنەیەک جیاوازە. لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵەیەکی دیاریکراوەوە دروستکراوە. بۆ نموونە، خشتەی خوارەوە مەودای سەرچاوە نیشان دەدات بۆ پشکنینی تێکڕای نیشتنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن. ئەم پشکنینە یارمەتیدەر دەبێت بۆ دۆزینەوەی ئەوەی کە ئایا کەسێک هەوکردنی هەیە، یان نەخۆشییەکی بەرگری خۆیی.

ڕێژەی نیشتنی خڕۆکە سوورەکانی خوێن

بۆ پیاوان: سفر بۆ پانزە میلیمەتر لە کاتژمێرێکدا (mm/hr)

بۆ ژنان: سفر بۆ بیست ملم/کاتژمێر

بۆ منداڵان: سفر بۆ دە  ملم/کاتژمێر

بۆ منداڵی تازە لەدایکبوو: سفر بۆ دوو ملم/کاتژمێر

چی دەبێت ئەگەر ئەنجامەکان جیاواز بن لە مەودای سەرچاوەکە؟

لەوانەیە ئەنجامێک هەبێت کە جیاواز بێت لە مەودای سەرچاوەکە هەرچەندە هیچ شتێک لە تۆدا هەڵە نییە. هەندێک جار هەندێک شت دەتوانێت کاریگەری لەسەر ئەنجامەکانی پشکنین هەبێت، وەک دووگیانی، دەرمانێک کە دەیخۆیت، خواردنی ڕاستەوخۆ پێش پشکنینەکە، جگەرە کێشان، یان لەژێر فشاری دەروونیدا بیت.

کاتێک ژمارەی ئەنجامی پشکنینەکەت کەمتر یان بەرزترە لە ژمارەکان لە مەودای سەرچاوەکان، لەوانەیە پێویستت بە پشکنینی زیاتر بێت. پزیشک لەوانەیە بیەوێت پشکنینەکە دووبارە بکاتەوە یان داوای پشکنینی تر بکات بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامەکان.

بۆچی بەها یان مەودای سەرچاوەکان لە تاقیگەیەکەوە بۆ تاقیگەیەکی تر دەگۆڕێت؟

تاقیگەکان لەوانەیە جۆری جیاواز لە ئامێر و مەوادی پشکنین بەکاربهێنن. هەندێک جار ئاماژەکانی خۆیان دیاری دەکەن. ڕاپۆرتی تاقیگە مەودای سەرچاوە لەخۆ دەگرێت کە تاقیگەکە بەکاری دەهێنێت. هەر بۆیە ئەنجامی تاقیگە جیاوازەکان بەراورد مەکە بەیەکتر. تەنها چەند پشکنینێکی کەمی وەک شەکری خوێن، مەودای سەرچاوەی ستانداردیان هەیە کە هەموو تاقیگەکان بەکاری دەهێنن. ئەمەش بەو مانایە دێت کە گرنگ نییە ئەو پشکنینانە لە کوێ ئەنجام دەدرێن، ئەنجامەکان بەراورد دەکرێن بە هەمان مەودای سەرچاوە.

پشکنینی ماڵەوە

دەتوانیت هەندێک جۆری پشکنین لە ماڵەوە ئەنجام بدەیت، وەک پشکنینی شەکری خوێن، دووگیانی، و هەوکردنی ڕێڕەوی میز. هەندێک لە پشکنینەکانی ماڵەوە یەکسەر ئەنجامەکانت پێ دەبەخشێت، وەک پشکنینی دووگیانی. هەندێکی تر ڕێگەت پێ دەدەن کە نموونەیەک بنێریت بۆ تاقیگە بۆ پشکنین. دواتر تاقیگەکە ڕاپۆرت دەدات لەسەر ئەنجامەکان.

کوالیتی و باوەڕپێکراوی پشکنینەکانی ماڵەوە زۆر جیاوازە. داوا لە پزیشک یان شیکار بکە کە پێشنیاری براندێکی باوەڕپێکراوت بۆ بکات. ڕێنماییەکان جێبەجێ بکە و لەگەڵ پزیشک پشکنین بکە ئەگەر نیگەرانبوویت لە ئەنجامەکان. پزیشک بە گشتی پشکنینی زیاتر دەکات بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامەکان.


سەرچاوەکان



979 بینین