پشکنینی تاقیگەیی بۆ هەوکردن بە بەکتریا

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2023-12-15-20:06:00 - کۆدی بابەت: 11733
پشکنینی تاقیگەیی بۆ هەوکردن بە بەکتریا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی تاقیگەیی بۆ هەوکردن بە بەکتریا (بە ئینگلیزی: Laboratory tests for bacterial infection، بە عەرەبی: فحوصات مختبریة لعدوی بکتیریة) کەسی تووشبوو بە هەوکردنی بەکتریایی کاتێک دەنێردرێتە تاقیگەکان کۆمەڵێک ڕێکار و پشکنینی تایبەتی بۆ ئەنجامدەدەن. پشکنینەکان بۆ پشتڕاستکردنەوەی بوونی بەکتریا و دیاریکردنی جۆری بەکتریاکەیە هەروەها بۆ دیاریکردنی ئاستی هەوکردنی نەخۆشەکەش.

بۆچی پێویستمان بە پشکنینی تاقیگەیی هەیە بۆ هەوکردنی بەکتریایی؟

پشکنینی جۆراوجۆر لە تاقیگەدا ئەنجام دەدرێت بۆ دەستنیشانکردن یان پشتڕاستکردنەوەی دەستنیشانکردنی هەوکردنی بەکتریایی. هەرچەندە مێژوویەکی تەواو و پشکنینی نەخۆشەکە زۆر گرنگن، بەڵام پشکنینی تاقیگەیی دەتوانێت یارمەتی  پزیشک بدات بۆ گەیشتن بە دەستنیشانکردنی دروست.

چاندنی جۆرەکانی بەکتریا لەگەڵ پشکنینی هەستیاری دژە بەکتریا بە پشکنینی تاقیگەیی ستانداردی زێڕین دادەنرێت بەرامبەر بە هەوکردنی بەکتریایی.

پشکنینە تاقیگەییەکان

وەرگرتنی نموونەی پێست بۆ پشکنینی بەکتریا

دەتوانرێت نموونەی پێست کۆبکرێتەوە بەم ڕێگایانەی خوارەوە.

  • سوابێکی وشکی لۆکەی خاوێنکراو لە پێستی گومانلێکراودا دادەنرێت و دەخولێنرێتەوە، بۆ نموونە، برینە وشکەکانی پێست یان زیپکە و دومەڵی پێست.
  • سوابێکی شێدارکراو لە ڕووە لینجەکانەوە وەردەگیرێت، وەک لەناو دەم.
  • هەڵمژینی شلە و هەوکردن لە برینی پێستەوە بە بەکارهێنانی دەرزی و سرنج (ئەمە ئەگەری زیاترە لە سوابێک بۆ بواردان بە زیندەوەرەکە).
  • وەرگرتنی نموونەی شانەیی پێست، نموونەیەکی بچووک لە پێست وەردەگیرێت لە ژێر ئەنجامدانی پرۆسەی بێهۆشی ناوخۆیی.

چاندنی بەکتریا 

چاندنی بەکتریا یان گەشەکردنی بەکتریا بە شێوەیەکی گشتی ئەنجام دەدرێت بە کڕاندنی پێست و دانانی لەسەر قاپەکانی گیراوەی خۆراکی خوێنی مەڕەکان (sheep blood agar) و بەرکەوتنیان بە بارودۆخی جیاواز. کام بەکتریا گەشە دەکات پشت دەبەستێت بەو ناوەندەی کە بەکاردێت بۆ چاندنی نموونەکە، هەروەها پلەی گەرمی ماوەی چاندنەکە و ڕێژەی ئۆکسجینی بەردەست.

هەروەها میدیای تایبەت هەن کە تەنها بۆ جۆرێکی دیاریکراوی بەکتریا بەکاردەهێنرێن، بۆیە پێویستە لە کاتی بە کارهێنانی ڕەچاوی ئەوە بکرێت کە چی بەکتریایەک توانای گەشەکردنی لەسەر ئەم میدیایەی هەیە.

ئەو بەکتریایانەی بە ناچاری هەوایین تەنها لە ئامادەبوونی ئۆکسجیندا دەتوانن گەشە بکەن. هەروەها ئەو بەکتریایانەی بە ناچاری ناهەوایین بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت لە کاتی بوونی ئۆکسجیندا گەشە بکەن. پێویستە ئەمە بە وردی ڕەچاوبکرێت لە کاتی چاندنی بەکتریادا.

چاندنی بەکتریا بەکاردەهێنرێت بۆ:

  • گەشەکردنی بەکتریاکە و جیاکردنەوەی کۆڵۆنی تاکی بەکتریاکە و لە پشکنینەکانی دیکەدا وەک (بۆیەی گرام، پشکنینی ئەزیمی خوێن مەیاندن، پشکنینی ئەنزیمی شیکەرەوەی ژوورئۆکسیدی هایدرۆجین).
  • گەشەکردنی بەکتریاکە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی هەستیاری دژە بەکتریا.
  • گەشەکردنی بەکتریاکە بۆ ئەنجامدانی زنجیرەی کاردانەوەی پۆلیمەرەیز.

پشکنینی هەستیاری دژە بەکتریا

پشکنینی هەستیاری بەرامبەر دژە بەکتریاکان ئەوە دیاری دەکات کە کام دژە بەکتریا ڕێگری لە گەشەی ئەو بەکتریایە دەکات کە چاندنی بۆ کراوە. ئەم زانیارییە ڕێگە بە هەڵبژاردنی گونجاوترین دژە بەکتریا دەدات بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکی تایبەت. پشکنینی هەستیاری دژە بەکتریا بەکاردێت بۆ دیاریکردنی:

  • کاریگەری دژە بەکتریای تایبەت دژی بەکتریایەکی تایبەت.
  • دیاریکردنی ئەوەی کە ئایا بەکتریایەکی دیاریکراو تا چەند بەرگری دژی دژە بەکتریایەکی دیاریکراو هەیە.
  • بۆ دیاریکردنی شێوازی بەرگری دژە بەکتریا.

بۆیەی گرام

بۆیەی گرام زنجیرەیەک خاڵ یان ڕەنگ بەکاردەهێنێت لەسەر نموونەیەک، بەدوایدا پشکنین لە ژێر مایکرۆسکۆپی ڕووناکی ئەنجامدەدات بۆ دۆزینەوە و ناسینەوەی بەکتریا وەک بەکتریای گرام ئەرێنی یان بەکتریای گرام نەرێنی. دەتوانرێت لەسەر نموونە ڕەسەنەکە ئەنجام بدرێت، بەڵام بە زۆری لەسەر بەکتریای چاندراو ئەنجام دەدرێت دوای گواستنەوەی کۆلۆنییەک لە بەکتریاکە لە تەختی ئەگارەوە (ئەو میدیایەی بۆ چاندن و گەشەی بەکتریا بەکارهێنراوە) بۆ سلایدی مایکرۆسکۆپی شوشەیی.

بەکتریایەکی گرام ئەرێنی بە ڕەنگی مۆر دەردەکەوێت لە ژێر مایکرۆسکۆپ بەهۆی بوونی بۆیەی کریستاڵی ڤیۆلێت کە پابەند دەبێت بە دیواری خانەی بەکتریای گرام ئەرێنییەوە.

بەکتریایەکی گرام نەرێنی بە ڕەنگی سوور دەردەکەوێت لە ژێر مایکرۆسکۆپ، چونکە بۆیەی ڕەنگ سووری وەک سەفرانین بەکاردێت و بەکتریا گرام نەرێنییەکان ڕەنگەکەی وەردەگرن.

بۆیەی گرام هەروەها دەتوانێت شێوەی بەکتریاکە و هەڵسوکەوتی بەکتریاکە دیاری بکات.

دەرکەوتنە جیاوازەکانی بەکتریاکان ئەمانەن:

  • بەکتریایی گۆیی (Cocci) ئەوانەن شێوەیان گۆییە.
  • بەکتریایی چیلکەیی (Bacilli) ئەوانەن شێوەیان چیلکەییە.
  • هەندێک لە بەکتریاکان بە شێوەی دووانی دەردەکەون و هەندێکیان کۆمەڵە دروست دەکەن لە کاتێکدا هەندێکی تریان زنجیرە دروست دەکەن.

پشکنینی ئەنزیمی خوێن مەیاندن

پشکنینی ئەزیمی خوێن مەیاندن یان کۆئەگیولەیز (Coagulase test) ئەنزیمێکە کە لەلایەن هەندێک بەکتریاوە بەرهەم دەهێنرێت کە فایبرینۆجین دەگۆڕێت بۆ فایبرین و وەک تۆپەڵبوونی خانەکان لە پلازمادا دەردەکەوێت و تێبینی دەکرێت کاتێک نموونەیەک لە بەکتریاکە وەردەگیرێت و لەسەر سڵایدی شووشە دادەنرێت لەگەڵ دڵۆپێک لە گیراوەی دیاریکراو. پشکنینی ئەزیمی خوێن مەیاندن جیاوازی دەکات لە نێوان ئەو بەکتریایانەی ئەنزیمەکەیان هەیە و ئەو بەکتریایانەی نییانە واتا بەکتریای کۆئەگیولەیز ئەرێنی ستافیلۆکۆکەس لە بەکتریای کۆئەگیولەیز نەرێنی ستافلۆکۆکای جیادەکاتەوە.

جۆرێکی دیاریکراوی بەکتریای ستاف ئەنزیمی خوێن مەیاندنیان هەیە ئەویش پێیدەوترێت coagulase positive Staphylococcus aureus  بەڵام جۆرەکانی تری بەکتریای ستاف ئەنزیمەکەیان نییە بۆیە پێیاندەوترێت  coagulase negative staphylococci.

پشکنینی ئەنزیمی شیکەرەوەی ژوورئۆکسیدی هایدرۆجین

پشکنینی ئەنزیمی شیکەرەوەی ژوورئۆکسیدی هایدرۆجین یان پشکنینی ئەزیمی کاتالەیس (Catalase test) ئەنزیمێکە کە ژوورئۆکسیدی هایدرۆجین لێدەکاتەوە بۆ هایدرۆجین و ئۆکسجین. بەشێک لە بەکتریاکان ئەم ئەنزیمەیان هەیە و بەشێکی تریشیان نییە هەربۆیە پشکنینەکە بەکاردێت بۆ جیاکردنەوەی نێوان ئەو بەکتریایانەی ئەنزیمەکەیان هەیە لەگەڵ ئەو بەکتریایانەی کە ئەنزیمەکەیان نییە. نموونەی بەکتریاکە زیاد دەکرێت بۆ بۆرییەکی پشکنینی ئەنزیمی ژوورئۆکسیدی هایدرۆجین. دواتر بەرهەمهێنانی بڵق (ئۆکسجین) لە ناو بۆڕییەکەدا ئەنجامێکی ئەرێنی نیشان دەدات.

نموونەی ئەو بەکتریایانەی کە ئەنزیمی شیکەرەوەی ژوورئۆکسیدی هایدرۆجینیان هەیە بریتین لە مایکرۆکۆکای (بەکتریا وردە گۆییەکان) و ستافیلۆکۆکای (بەکتریا تۆپەڵە گۆییەکان).

نموونەی ئەو بەکتریایانەی کە ئەنزیمی شیکەرەوەی ژوورئۆکسیدی هایدرۆجینیان نییە بریتین لە جۆرەکانی بەکتریای ستریپتۆکۆکای (بەکتریا زنجیرەییە گۆییەکان).

کاردانەوەی زنجیرەی پۆلیمەرەیز (PCR)

پشکنینی زنجیرەی کاردانەوەی پۆلیمەرەیز  بریتییە لە جیاکردنەوە و گەورەکردنی درێژی دی ئێن ئەیی بەکتریا لە نموونەی پێست، خوێن یان شانەی ترەوە. ئەو دی ئێن ئەییەی لەوێدا دەستدەکەوێت بەراورد دەکرێت بە دی ئێن ئەی بەکتریایی زیندەوەرە ناسراوەکان. لەم ڕێیەوە توخمەکانی بەکتریاکان دەناسێنرێن. ئەمەش بەسوودە بۆ بەکتریای هێواش گەشەکردوو وەک بەکتریای ناهەوایی و مایکۆبەکتریا (ئەو بەکترایەیە دەبێتە هۆی سیل و جۆرەکانی تری مایکۆبەکتریا)، چونکە ئەمانە ناتوانرێت بە ڕێگای ستاندارد چاندنیان بۆ بکرێن.

پشکنینی ماددەی بەرگری کیمیایی بەستراو بە ئەنزیمەوە (ELISA)

پشکنینی ماددەی بەرگری کیمیایی بەستراو بە ئەنزیمەوە یاخود ئیلایزا دەتوانێت پشکنین بۆ زیندەوەرە دیاریکراوەکان بکات بە دۆزینەوەی دژەپەیداکەری بەکتریا لە کاتی هەوکردن یان دژەتەنی بەکتریاکە. دۆزینەوەی دژەتەنەکە پەیوەندی لەگەڵ زیندەوەرێک پشتڕاست دەکاتەوە لە هەندێک کاتدا، بەڵام مەرج نییە ئەمە هۆکاری تووشبوونی هەنووکەیی بێت.

ئیلایزا بە دەگمەن بەکاردێت بۆ دۆزینەوەی بەکتریای پێست. دەکرێت بەکاربهێنرێت بۆ دۆزینەوەی:

  • بەکتریای Borrelia burgdorferi له نەخۆشی زەردوویی جۆری دەلتا.
  • بەکتریای ترایپۆنیما پالیدەم لە نەخۆشی سیفلزدا.

پشکنینی خوێن و هەوکردنی بەکتریا

چی پشکنینێکی خوێن لە کاتی هەوکردنی بەکتریادا ئەنجام دەدرێت؟

پشکنینی خوێن پێویستی بە نموونەی خوێن هەیە کە لە ڕێگەی دەرزییەکەوە لە خوێنهێنەرێک دەست دەکەوێت و دواتر دەخرێتە تیوبە دیاریکراوەکانەوە. نموونەی ئەو پشکنینانەی کە داوا دەکرێن لە کاتی هەوکردنی بەکتریاییدا بریتین لە:

پشکنینی تێکڕای خانەکانی خوێن: لە هەوکردنی بەکتریا زۆرجار ژمارەی خڕۆکە سپییەکان بەتایبەت خڕۆکە سپییە هاوکێشەکان زیاد دەکات.

پشکنینی پڕۆتینی پەرچەپێدەرەوەی سی: ئەم پڕۆتینە بەرز دەبێتەوە بۆ سەرووی ٥٠ لە هەوکردنی بەکتریای قورس.

پشکنینی پرۆکالسیتۆنین: نیشانەی ژەهراویبوونی گشتییە بەهۆی هەوکردنی بەکتریاوە.

پشکنینی سێرۆلۆجی: پشکنین دەکرێت لە دە بۆ چواردە ڕۆژی جیا بۆ دیاریکردنی وەڵامی بەرگری جەستە بەرامبەر زیندەوەرێکی دیاریکراو.

پشکنینی پلازمای خێرا (RPR) و ئەوانی تر ئەنجامدەدرێن ئەگەر سیفلز گومانلێکراو بێت.

چاندنی خوێن: ئەگەر تایەکی بەرز هەبێت وەکو بەرزتر لە ٣٨ پلەی سیلیزی، ئەو کاتە داوای چاندنی خوێن دەکرێت.


سەرچاوەکان



616 بینین