چەند ڕێگایەک بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی چەوری جگەر

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-03-14-23:42:00 - کۆدی بابەت: 12118
چەند ڕێگایەک بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی چەوری جگەر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چەند ڕێگایەک بۆ ڕێگریکردن لە دروستبوونی چەوری جگەر (بە ئینگلیزی: some way to prevent fatty liver disease) جگەر دەکەوێتە بەشی سەرەوەی لای ڕاستی سک. گەورەترین ئەندامی ناوەوەی جەستەی مرۆڤە، فرمانی لابردنی ژەهرەکانە لە جگەر. خوێنی کۆئەندامی هەرس پێش ئەوەی بۆ هەر بەشێکی تری جەستە بگوازرێتەوە بە جگەردا تێپەڕ دەبێت. نەخۆشیی چەوری جگەر بریتییە لە کۆبوونەوەی چەوری زیادە لە خانەکانی جگەردا، لە ناوچەکانی ڕۆژاوادا یەکێکە لە کێشە باوەکانی جگەر یەکێک لەهەر ١٠ کەسێک بەم نەخۆشییە کاریگەر دەبێت. ئاساییە ئەگەر چەوری جگەر بەڕێژەی ئاسایی خۆی هەبێت، بەڵام کاتێک چەورییەکە ٪١٠ی کێشی جگەر زیاتر بێت ئەو کاتە دەتوانرێت دەستنیشان بکرێت کە کەسەکە تووشیی نەخۆشیی چەوری جگەر بووە. باوترین هۆکاری دروستبوونی ئەم حاڵەتە بەکارهێنانی ئەلکحول یان کێشەی مێتابۆلیزمە وەک نەخۆشیی شەکرەی جۆری ٢ یان زۆری کێش. دەکرێت ڕێگری لەم هۆکارانە بکرێت ئەوەش بەهۆی شێوازێکی ژیانی ڕۆژانەی گونجاو.

ڕێگاکانی خۆپارێزی

خواردنی تەندروست، ڕاهێنانی گونجاو و کەمکردنەوەی ئەلکحول، ئەو شتانەن کە پێویستە هەموو کەسێک ئاگاداریان بێت. بەشێوەیەکی گشتی چاودێریکردنی بەکارهێنانی شەکری سادە لە خواردنەوە شیرینکراوەکان یان خواردنە شیرینەکاندا ڕێگەیەکی گونجاوە. زیادبوونی شەکر هۆکارێکە بۆ دروستبوونی چەوری جگەر و پێویستە خۆپارێزی لێ بکرێت.

کەسانی تووشبوو بە نەخۆشیی چەوری جگەر بە دەگمەن نیشانەیان تێدا دەردەکەوێت تاکوو دەگەنە کۆتا قۆناغی نەخۆشییەکە کە پێی دەوترێت سیرۆسیس (cirrhosis)، لەبەر ئەوە گرنگە خەڵکی دەربارەی ئەم نەخۆشییە و ڕێگاکانی ڕێگریکردن لێی هۆشیار بن.

کەمکردنەوەی کێش

یەکێک لە ڕێگە باشەکان بۆ ڕێگریکردن لەم حاڵەتە هەبوونی کێشێکی ئاسایی یان کەمکردنەوەی کێشە. کاتێک کەسێک چەوری لە لەشیدا کەم دەکاتەوە واتە کێشی دادەبەزێنێت چەوری لە هەموو بەشەکانی جەستەیدا کەم دەکات، ئەمەش واتە بەهەمان شێوە چەوری لە جگەریشدا کەم دەکات.

دوورکەوتنەوە لە ئەلکحول

کەمکردنەوەی فشار لەسەر جگەر بە کەمکردنەوە یان نەخواردنەوەی ماددە کحولییەکان. پێویستە لەگەڵ پزیشک گفتوگۆ بکەیت ئەگەر هەر دەرمانێکی تر بەکاردەهێنینت تاکوو دڵنیاببیت کە کاریگەرییان لەسەر باری تەندروستیت نابێت.

خواردنی تەندروست

ئەگەر پێویستت بە دابەزاندنی کێشیش نەبێت، ئەنجامدانی هەندێک گۆڕانکاری تەندروست دەتوانێت بڕی چەوری جگەر کەم بکاتەوە. میوە و سەوزەی زۆر بخۆ و خۆت بە دوور بگرە لە زیادکردنی شەکر، خواردنەوە کحولییەکان و ئەو خۆراکانەی ڕێژەیەکی زۆر چەوری تێریان تێدایە.

ئەنجامدانی وەرزش

ئەنجامدانی وەرزش ڕۆژانە ڕۆڵێکی گرنگی لە لابردنی چەوری جگەردا هەیە، ڕۆژانە ٣٠ خولەک وەرزشکردن ڕێگەیەکی گونجاوە بۆ دابەزاندنی کێش ئەمەش ڕۆڵی لە کەمبوونەوەی چەوری جگەردا دەبێت.

ئەنجامدانی پشکنین

بەهۆی ئەوەی نیشانەکانی هەبوونی چەوری جگەر بەکەمی دەردەکەوێت، پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت و پشکنینەکانی تایبەت بە جگەر ئەنجام بدرێت.

دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان

جگەرەکێشان هۆکارێکە بۆ کەڵەکەبوونی چەوری و زیادبوونی چەوری جگەر. دوورکەوتنەوە لە جگەرەکێشان یەکێکە لە ڕێگاکانی خۆپارێزی.

 خواردنەوەی قاوە بە شێوەیەکی تەندروست

ڕۆژانە خواردنەوەی بڕێکی گونجاو قاوە یارمەتی پارێزی لە چەوری جگەر دەدات. هەروەها یارمەتی کەمکردنەوەی ئەنزیمە نائاساییەکانی جگەر دەدات.

ماسی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی هەوکردن و کەڵەکەبوونی چەوری

ماسی ترشی چەوری ئۆمێگا سێ (omega 3) ی تێدایە، ئۆمێگا سێ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی چەوری جگەر، زیادکردنی چەوری HDL کە بە چەوری باش ناسراوە هەروەها دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی چەوری سیانی یان سیانە گلیسیراید (Triglycerides).


سەرچاوەکان



105 بینین