پشکنینی فۆسفۆڕ

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2024-04-21-22:40:00 - کۆدی بابەت: 12606
پشکنینی فۆسفۆڕ

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی فۆسفۆڕ( بە ئینگلیزی: Phosphorus Test، بە عەرەبی: فحص الفوسفور) بریتیە لە پێوانەکردنی ڕێژەی توخمی فۆسفۆڕ لە خوێندا. فۆسفۆڕ کانزایەکی گرنگە و بەشداری دەکات لە چەندین پێکهاتە و فرمانی لەشدا، وەک بەرهەمهێنان و پاشەکەوت کردنی وزە لە شێوەی ئەدینۆسینی سێ فۆسفات ATP، بەهێزی ددان و بەهێزی و تەندروستی ئێسکەکان لەگەڵ کالسیۆمدا Calciumphosphate پێکدێنن و ڕاگرتنی هاوسەنگی ترشێتی و تفتێتی لە لەشدا و چەندین فرمانی دیکە. توخمی فۆسفۆڕ دەگۆڕێت بۆ فۆسفەیت و پاشان بەژداری لە زیندەچالاکییەکاندا دەکات. فۆسفۆڕ لە پیشەسازی خۆراکدا بەکاردێت بۆ پاراستنی پێکهاتە و ڕەنگ و بۆنی خۆراکەکان.

بەگشتی ڕێژەی فۆسفۆڕ لە منداڵدا بەرزترە بەهۆی گەشەی ئێسکەکانیانەوە. زۆر کات شیکاریەکانی فۆسفۆر لەگەڵ پشکنینەکانی تری وەک کالسیۆم و هۆڕمۆنی پاراثایرۆید (PTH)، و/یان ڤیتامین D داوا دەکرێن، بۆ یارمەتیدان لە دەستنیشانکردن و چاودێریکردنی چارەسەری نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان کە دەبنە هۆی ناهاوسەنگی کالسیۆم و فۆسفۆر. لە کاتێکدا تاقیکردنەوەی فۆسفۆر بەزۆری لەسەر نموونەی خوێن ئەنجام دەدرێت، هەندێک جار لە نموونەی میزدا پێوانە دەکرێت بۆ چاودێریکردنی کردنەدەرەوەی لەلایەن گورچیلەکان.

ڕێژەی ئاسایی

  • پێگەیشتوو: 2.8 بۆ 4.5 mg/dL
  • منداڵ: 4.0 بۆ 7.0 mg/dL

ڕێژەی ئاسایی لەوانەیە کەمێک جیاواز بێت لە نێوان تاقیگە جیاوازەکان. هەندێک لە تاقیگەکان پێوانەی جیاواز یان نموونەی جیاواز بەکاردەهێنن.

فرمانەکانی فۆسفۆڕ

  • بەهێزکردنی ئێسک و ددان
  • یارمەتی بەرهەمهێنان و بەکارهێنان و پاشەکەوت کردنی وزە دەدات
  • یارمەتی جوڵەی ماسولکەکان دەدات
  • کردنە دەرەوەی پاشەڕۆ لە گورچیلەکانەوە
  • یارمەتی گەشەکردن و چاکبوونەوەی شانەکان دەدات
  • دەچیتە پێکهاتەی DNA & RNA
  • ڕاگرتنی هاوسەنگی لە کاری ڤیتامینەکان وەک ڤیتامین بی، ئی و توخمەکانی یۆد، مەگنیسیۆم و زینک.
  • هاوسەنگی لێدانی دڵ ڕادەگرێت

کەی پشکنینی فۆسفۆڕ Phosphorus ئەنجام دەدرێت؟

ناڕێکی (کەم و مامناوەند) لە بڕی فۆسفۆڕدا بە گشتی دەکرێت هیچ نیشانەیەکی نەبێت، هەربۆیە لەکاتی دەرکەوتنی نیشانەکانی کەمی کالسیۆم یان نەخۆشییەکانی گورچیلە، دڵ، شەکرە، شاشبوون و داخورانی ئێسکەکان، ناڕێکی لە کاری ڕژێنی دەرەقی (پاراسایرۆید)، تێکچوونی هاوسەنگی لە لەشدا (ترشێتی و تفتێتی) و وەرگرتنی ئەو دەرمانانەی کە کاریگەری ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆیان لەسەر ڕێژەی کالسیۆم و فۆسفۆڕ هەیە، پێویستە پشکنینی فۆسفۆڕ ئەنجام بدرێت.

زۆری ڕێژەی فۆسفۆڕ (هایپەرفۆسفەتیمیا hyperphosphatemia)

هەرچەندە فۆسفۆڕ توخمێکی گرنگە بۆ لەش، بەڵام بوونی بە ڕێژەیەکی زۆریش لە لەشدا ژەهراوییە و دەبێتە هۆی ژەهراوی بوون، سکچوون، تێکچوونی تەندروستی شانەکان، تەشەنوجی ماسولکە، دڵە کوتێ، شاشبوون و لاوازبوونی ئێسکەکان (Osteoporosis)، کەم بوونی ڕێژەی کالسیۆم وکاریگەری لەسەر ڕێژەی کالسیۆم و توخمەکانی تری وەک ئاسن، مەگنیسیۆم و زینک.

کەمی ڕێژەی فۆسفۆڕ (هایپۆفۆسفەتیمیا hypophosphatemia)

  • کەمی ڕێژەی فۆسفۆڕ لە خوێندا دەبێتە هۆی ئازاری ئێسک، جومگەکان،
  • لاوازی  ماسولکەکان، لەدەستدانی تەرکیز، بێهێزی، بێتاقەتی، زوو
  • توڕەبوون، ناڕێکی هەناسەدان، لاوازی گەشەکردنی ئێسک لە منداڵدا،
  • زیاد بوونی ڕێژەی کالسیۆم و کەمبوونەوەی توانی هەڵمژین لە ڕیخۆڵەکانەوە،
  •  کاریگەری لاوەکیشی دەبێت لەسەر گورچیلەکان.

ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە فۆسفۆڕ

  • بەرهەمە شیرەمەنێکان
  • هێلکە
  • مریشک
  • گوڵەبەڕۆژە
  • Cottage cheese جۆرە پەنیرێکی دەنک سپی خڕە
  • ناوکە کولەکە
  • نیسک
  • گۆشتی سوور
  • ماسی


سەرچاوەکان



217 بینین