چۆن نەخۆشی شەکرە دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ؟

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-11-21:28:00 - کۆدی بابەت: 12866
چۆن نەخۆشی شەکرە دەبێتە هۆی نەخۆشییەکانی دڵ؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەیوەندی نێوان نەخۆشی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ (بە ئینگلیزی: The relationship between diabetes and heart disease، بە عەرەبی: العلاقة بين مرض السكري وأمراض القلب) نەخۆشی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ زۆرجار بەیەکەوەن. یەکێک لە ئاڵۆزییە دیارەکانی نەخۆشی شەکرە لەپاڵ چەندین ئاڵۆزی و مەترسی تەندروستی تووشبوونە بە نەخۆشییەکانی دڵ. چەندین ڕێگا هەیە کە دەتوانیت لە ڕێیانەوە تەندروستی دڵت بپارێزیت بۆنموونە گۆڕانکاری سادەی شێوازی ژیان کە دەتوانێت یارمەتیشت بدات بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی شەکرە.

نەخۆشی دڵ زۆر باو و مەترسیدارە. هەروەها هۆکاری سەرەکی مردنە بۆ هەردوو ڕەگەزی ژن و پیاو لە ئەمریکا. ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە، ئەگەری تووشبوونت بە نەخۆشی دڵ یان جەڵتەی مێشک دوو هێندە زیاترە بەراورد بەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان نییە و لە تەمەنێکی بچووکتردان. تا زیاتر نەخۆشی شەکرەت هەبێت، ئەگەری تووشبوونت بە نەخۆشی دڵ زیاترە.

بەڵام هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە دەتوانیت مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەم بکەیتەوە و تەندروستی دڵت باشتر بکەیت بە گۆڕینی هەندێک خووی ڕۆژانەی شێوازی ژیان. کە بەهەمان شێوە ئەم گۆڕانکارییانە یارمەتیت دەدەن نەخۆشی شەکرە باشتر بەڕێوە ببەیت.

نەخۆشی دڵ چییە؟

نەخۆشییەکانی دڵ چەند جۆرە کێشەیەکن کە کاریگەرییان لەسەر دڵ هەیە. دەستەواژەی "نەخۆشییەکانی کۆئەندامی سوڕان" یش هاوشێوەیە و بۆ نەخۆشییەکانی دڵ بەکاردێت بەڵام لەگەڵیدا هەموو جۆرەکانی نەخۆشی لوولەکانی خوێن و جەڵتەی دڵیش دەگرێتەوە. باوترین جۆری نەخۆشییەکانی دڵ نەخۆشی خوێنبەری کۆرۆنەرییە، کە کاریگەری لەسەر چوونی خوێن بۆ دڵ هەیە.

نەخۆشی خوێنبەری کۆرۆنەری بەهۆی کۆبوونەوەی پلاک یان پەپکەی خوێنەوە دروست دەبێت لە دیواری خوێنبەرەکانی کۆرۆنەری، کە ئەم خوێنبەرانە لوولەکانی خوێنن و ئۆکسجین و خوێن بۆ دڵ دابین دەکەن. پەپکەکە لە کۆلیسترۆڵ دروست دەکرێت، کە ناوەوەی خوێنبەرەکان تەسک دەکاتەوە و ڕۆیشتنی خوێن کەم دەکاتەوە. ئەم پرۆسەیە پێی دەوترێت ڕەقبوونی خوێنبەرەکان. هەروەها کەمبوونەوەی خوێن بۆ دڵ دەبێتە هۆی جەڵتەی دڵ و کەمبوونەوەی خوێن بۆ مێشک دەبێتە هۆی جەڵتەی مێشک.

هەروەها لەوانەیە ڕەقبوونی خوێنبەرەکان لە بەشەکانی تری جەستەدا ڕووبدات. لە قاچەکان و پێیەکان، پێی دەوترێت نەخۆشی خوێنبەری چێوەیی، یان PAD. زۆرجار یەکەم نیشانەی ئەوەیە کە کەسێکی تووشبووی نەخۆشی شەکرە نەخۆشی دڵیشی هەیە.

چۆن نەخۆشی شەکرە کاریگەری لەسەر دڵ هەیە؟

بە تێپەڕبوونی کات، بەرزی شەکری خوێن دەتوانێت زیان بە لوولەکانی خوێن و ئەو دەمارانە بگەیەنێت کە کۆنترۆڵی دڵ دەکەن. هەربۆیە ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە ئەگەری تووشبوونیان بە چەند حاڵەتێکی تەندروستی زیاترە کە ئەگەری نەخۆشییەکانی دڵ زیاد دەکەن، لەوانە:

  • بەرزە پەستانی خوێن، فشاری خوێن لە ڕێگەی خوێنبەرەکانەوە زیاد دەکات و دەتوانێت زیان بە دیواری خوێنبەرەکان بگەیەنێت. هەبوونی بەرزی پەستانی خوێن و نەخۆشی شەکرە بەیەکەوە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی دڵ زۆر زیادتر دەکات. 
  • زۆر کۆلیسترۆڵی LDL ("خراپ") لە خوێندا دەتوانێت پلاک دروست بکات لەسەر دیواری خوێنبەرەکان.
  • بەرزی ترایگلیسیراید (جۆرێک لە چەوری لە خوێندا) و کۆلیسترۆڵی نزمی HDL ("باش") یان بەرزی کۆلیسترۆڵی LDL وا باوەڕدەکرێت کە یارمەتیدەر بێت لە ڕەقبوونی خوێنبەرەکان.

هیچ کام لەم حاڵەتانە نیشانەیان نییە. پزیشک دەتوانێت پەستانی خوێن بپشکنێت و پشکنینی سادەی خوێن ئەنجام بدات بۆ ئەوەی بزانیت ئایا ئاستی LDL و HDL و Triglyceride بەرزن یان نا.

ئەم هۆکارانە دەتوانن مەترسی توشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ زیاد بکەن:

  • جگەرە کێشان
  • کێشی زیاد یان قەڵەوی
  • ئەنجامنەدانی چالاکی جەستەییبە پێی پێویست
  • خواردنی خۆراکێکی زۆر لە چەوری تێر، چەوری ترانس، کۆلیسترۆڵ و سۆدیۆم (خوێ)
  •  خواردنەوەی کحول

ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی دڵ زیاترە. شکستی دڵ حاڵەتێکی گەورەیە، بەڵام مانای ئەوە نییە کە دڵ لە لێدان وەستاوە. لە کاتی شکستی دڵدا دڵ ناتوانێت خوێن بە باشی پاڵ بنێت. ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی هەوکردنی قاچەکان و دروستبوونی شلە لە سییەکاندا، هەروەها وا دەکات هەناسەدان قورس بێت. شکستی دڵ بە تێپەڕبوونی کات خراپتر دەبێت، بەڵام زوو دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی نیشانەکان و وەستان یان دواخستنی خراپتربوونی حاڵەتەکە.

پشکنین بۆ نەخۆشییەکانی دڵ

پەستانی خوێن، ئاستی کۆلیسترۆڵ و کێشت یارمەتی پزیشک دەدات بۆ تێگەیشتن لە مەترسییە گشتییەکان بۆ نەخۆشی دڵ. پزیشک لەوانەیە پێشنیاری پشکنینەکانی دیکە بکات بۆ پشکنینی تەندروستی دڵ، کە دەکرێت ئەمانە بگرێتەوە:

  • بەکارهێنانی هێڵکاری لێدانی دڵ (ECG یان EKG) بۆ پێوانی چالاکی کارەبایی دڵ. لێدانی دڵ لە ئەنجامی پاڵنەرێکی کارەباییەوەیە کە بە دڵدا دەڕوات.
  • سۆنەری دڵ (echo) بۆ ئەوەی بزانرێت ماسولکەی دڵت چەندە ئەستوورە و چەند بە باشی دڵ پاڵنانی خوێن دەکات.
  • پشکنینی فشاری ڕاهێنان (تاقیکردنەوەی ترێدمیل) بۆ ئەوەی بزانیت دڵ چەند بەباشی کاردەکات کاتێک دووچاری بە سەختی کارکردن دەبێتەوە.

ئاگات لە دڵت بێت

ئەم گۆڕانکارییانەی شێوازی ژیان دەتوانن یارمەتیت بدەن مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ کەم بکەنەوە یان ڕێگری بکەن لە خراپتربوونیان، هەروەها یارمەتیت دەدات لە بەڕێوەبردنی نەخۆشی شەکرە، کە بریتین لە:

پەیڕەوکردنی ژەمە خواردنی تەندروست: میوە و سەوزەی تازە و پرۆتینی لاواز و دانەوێڵەی تەواو بخۆ. هەروەها خواردنی کەمتری پرۆسەکراو بخۆ (وەک چیپس و شیرینی و خواردنی خێرا) و خۆت بەدووربگرە لە چەوری ترانس. ئاوی زیاتر بخۆرەوە، لەگەڵ کەمتر خواردنی شەکر و وازهێنان لە خواردنەوە کحولییەکان.

پاراستنی کێشێکی تەندروست: ئەگەر کێشت زیاد بێت، تەنانەت دابەزاندنی کێشێکی کەم دەتوانێت ترایگلیسیرید و شەکری خوێن کەم بکاتەوە. دابەزاندنی کێشی کەم واتە ٥٪ بۆ ٧٪ی کێشی لەش، تەنها ١٠ بۆ ١٤ پاوەند بۆ کەسێکی ٢٠٠ پاوەند.

چالاک بوون: چالاکبوون لە ڕووی جەستەییەوە جەستە هەستیارتر دەکات بەرامبەر ئەنسۆلین (ئەو هۆرمۆنەی کە ڕێگە بە خانەکانی جەستە دەدات شەکری خوێن بەکاربهێنن بۆ دەستکەوتنی وزە)، کە یارمەتی بەڕێوەبردنی شەکرە دەدات. هەروەها چالاکی جەستەیی یارمەتی کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن دەدات و مەترسی نەخۆشییەکانی دڵ کەم دەکاتەوە. هەوڵبدە بەلایەنی کەمەوە هەفتەی ١٥٠ خولەک چالاکی جەستەیی مامناوەند بەدەست بهێنیت، وەک پیاسەکردنی خێرا.

بەڕێوەبردنی ئەی بی سیەکانت:

  • A: پشکنینێکی ئاسایی A1C (پشکنینی شەکرەی سێ مانگی) ئەنجام بدە بۆ پێوانی تێکڕای شەکری خوێن لە ماوەی دوو بۆ سێ مانگدا. بۆ ئەوەی لە مەودای ئاساییدا بمێنیتەوە تا ئەوپەڕی توانا.
  • B: هەوڵبدە پەستانی خوێنت لە خوار ١٤٠/٩٠ ملم جیوە بپارێزیت (یان ئەو ئامانجەی پزیشکی پسپۆڕ دایناوە).
  • C: ئاستی کۆلیسترۆڵ کۆنترۆڵ بکە.
  • S: واز لە جگەرەکێشان بهێنە یان هەرگیز دوای نەخۆشییەکانی دڵ دەست بە جگەرە کێشان مەکە.

فشاری دەروونی بەڕێوە ببە: فشاری دەروونی دەتوانێت پەستانی خوێن بەرز بکاتەوە و هەروەها دەبێتە هۆی هەڵسوکەوتی ناتەندروست، وەک زۆر خواردنەوەی کحول یان زۆر خواردنی خواردن. لەجیاتی ئەوە، سەردانی ڕاوێژکاری تەندروستی دەروونی بکە، هەوڵبدە ڕامانی قووڵ ئەنجام بدەیت یان هەناسەیەکی قووڵ بکەیت، هەندێک چالاکی جەستەیی بەدەست بهێنیت، یان پشتگیری لە هاوڕێ و خێزانەکەت وەربگریت. پزیشک دەکرێت دەرمانێک بنووسێت کە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ هێشتنەوەی شەکری خوێن و پەستانی خوێن و کۆلیسترۆڵ و ترایگلیسیراید لە ئاستی ئاساییدا.

پزیشکی پسپۆڕی شەکرە ببینە: کارکردن لەگەڵ پسپۆڕی چاودێری نەخۆشی شەکرە و پەروەردەی تەندروستی بۆ یارمەتیدان لە دوورکەوتنەوە لە ئاڵۆزییە تەندروستییەکانی وەک نەخۆشییەکانی دڵ. یارمەتی و چارەسەر وەردەگریت و دەربارەی دوایین پێشکەوتنەکانی بەڕێوەبردنی نەخۆشی شەکرە دەبیستیت. زیاتر بزانە دەربارەی ئەوەی کە چۆن زانیاری دەربارەی نەخۆشی شەکرە یارمەتیت دەدات تا باشترین چاودێری خۆت بکەیت.


سەرچاوەکان



3471 بینین