شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری

له‌لایه‌ن: - بەڵێن سامان بەڵێن سامان - به‌روار: 2021-03-29-21:53:00 - کۆدی بابەت: 3907
شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

شۆڕشی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری (بە عەرەبی: ثورة الشيخ عبيد الله، بە ئینگلیزی: The revolution of Sheikh Obeid Allah لە ساڵی ١٨٨٠ـدا لە ناوچەی شەمزینان و هەکاری و مەهاباد، شۆڕشێکی ڕێکخست کە بە دەستی سوپای عوسمانییەکان و قاجارەکان سەرکوتکرا.

سەرەتای سەرهەڵدان

لە سەرەتای سەدەی نۆزدەیەمدا کاتێک دەوڵەتی عوسمانی دەسەڵات و حکومڕانییەکەی گۆڕی بۆ شێوازێکی ناوەندی. شێخ عوبەیدوڵڵا یەکێک بوو لەو سەرکردە ئایینییانەی کە توانی یاسا و هێز بۆ شوێنەکە بگەڕێنێتەوە. سەرەڕای هەبوونی چەند شۆڕشێک بۆ بەدەستهێنانەوەی ئەو زەوی و زارانەی کە لەژێر دەستی عوسمانییەکاندا بوون، شێخ عوبەیدوڵڵا وەکو یەکەم سەکردە ناوی هاتووە بۆ دامەزراندنی ویلایەتێکی سەربەخۆ بۆ نەتەوەی کورد.

شێخ عوبەیدوڵڵا لە بنەماڵەیەکی دەسەڵاتدار بووە کە خاوەن زەوی و زارێکی زۆر بوون لە ناوچە کوردییەکانی ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان. دوای دەسپێکردنی شەڕی ڕووسیا و عوسمانییەکان لە ساڵانی ١٨٧٧–١٨٧٨، شێخ عوبەیدوڵڵا ئەو بۆشاییە سیاسییەی پڕکردەوە کە لە دوای جەنگ ڕووی لە ناوچەکە کردبوو، وەکوو سەرکردەیەکی کوردی ناوچەکە دەسەڵاتی بەدەستهێنا.

شۆڕش

لە شەڕی ١٨٧٧–١٨٧٨ لە نێوان ڕووسیا و عوسمانییدا یارمەتی سوپای عوسمانی داوە، چونکە چاوەڕوانی ئەوەی کردووە کە سوود لە ئەنجامەکانی شەڕ وەربگرێت و هەوڵبدات لەو شەڕەدا ببێ بە سەرکردەی ئەو کوردانەی کە بەناوی "غەزاوە" کۆبوونەتەوە. هەتا بتوانێت لە کاتی پێویستدا ئەو هێزە بۆ بەرژەوەندیی کورد بەکاربهێنێت. بەشداریکردنی شێخ عوبەیدوڵڵا لەو شەڕەدا هۆشیاریی سیاسیی قووڵتر کرد و لە ڕاستی و سروشتی ئایینی دەوڵەت و ڕواڵەتەکەی و مەبەست و تێگەیشتنە جیهادییەکەی عوسمانییەکان گەیشتووە، زۆرتر لەگەڵ کوردانی تردا ئاشنایەتی پەیداکرد و هەر لەو شەڕەدا هەندێ چەکیشی دەستکەوت.

لەو ساتەدا خەڵک لەژێر باری نەبوونی و ناهەمواریی ژیاندا بوون، بۆیە پەنایان بۆ شێخ عوبەیدوڵڵا برد، چونکە وەک ڕابەرێکی ئاینیی و ڕزگارکەر تەماشایان کردووە، ئەویش لەسەر داوای خەڵک نوێنەری خۆی نارد بۆ ئیستەنبووڵ، تاکوو سنوورێک بۆ ئەو ناڕەواییانە دابنێن، بەڵام ئەم هەوڵانە بێ ئەنجامبوون.

جگە لەوەش شێخ گومان و ترسی هەبوو لە پەیمانی بەرلین، کە دەرئەنجامی شکستی عوسمانییەکان بوو لە شەڕی ١٨٧٧–١٨٧٨ لەگەڵ ڕووسدا، بەپێی ماددەی ٦ـی ئەو پەیمانە هەموو دەوڵەتانی ئەورووپی بەیەکەوە داوای پاراستنی مافی کۆمەڵی ئەرمەنییان کردبوو. بۆیە شێخ عوبەیدوڵڵا کەوتە یەکخستنی خێڵەکان بۆ بە ئەنجام گەیاندنی ئامانجەکانی و نوێنەری نارد بۆ لای شەریفی مەککە و میسر، هەروەها بۆ لای کونسوڵەکانی ڕووس لە وان و ئەرزەڕۆم تاکوو بزانێت دەوڵەتی ڕووس هەڵوێستی بەرامبەر بە کورد چییە. هەوڵیشی دا خۆی لە ئینگلیزەکان نزیک بکاتەوە و نامەیەکی ناردووە بۆ دکتۆر کوهران.

شێخ پێیوابوو تاکە دەرمانی چارەسەرکردنی کێشەی کورد دامەزراندنی کوردستانێکی گەورەیە، ئەویش بە یەکخستنی کوردەکانی ئێران و کوردەکانی سنووری عوسمانییەکان، پاشان شێخ نوێنەری ناردە لای پیاوە چالاکەکان و زانایانی کوردستان لە شارەکان ڕەواندز و مووسڵ و هەولێر و وان و دیاربەکر و بەدلیس و ورمێ و سنە و سابڵاخ و سەرۆک هۆزە گەورەکانی کوردی بانگ کرد و لە ساڵی ١٨٨٠ـدا دوو کۆنفرانسی بۆ سەرانی خێڵە کوردەکان گرێدا و کۆمەڵەیەکی کوردی دروست کرد، کە ناوی «ئەنجوومەنی کورد» بوو، پێکهاتبوو لە نەتەوەپەروەرانی کوردی. نزیکەی ٢٢٠ سەرۆک هۆز و پیاوی ئایینی لە شەمزینان کۆبوونەوە، تاکوو نەخشە بۆ دەستپێکردنی بزووتنەوەیەکی شۆڕشگێڕی دابنێن. ئینگلیزەکان پێیان ناخۆش بوو شێخ ئەو هەنگاوانەی ناوە، بەتایبەت کەوتنە مەترسی دروستکردن لەسەر ئەنجوومەنی کورد.

دواجار شێخ لە بەردەم ئامادەبوواندا وتارێکی گرنگی خوێندەوە، کە ڕۆڵێکی گەورەی لە یەکخستنی ڕیزەکاندا هەبوو، لەو وتارەدا دەڵێت دەوڵەتی عوسمانی لە ڕێگای ئیسلام لایداوە و ستەممان لێدەکات و ئەمڕۆ فارسەکان بە شەڕی تورکمانەکانەوە خەریکن و هەموو هێزەکانیان بۆ شەڕ ناردووە، کەواتە هەڵگیرساندنی جووڵانەوەیەک دژی دەوڵەتی ئێران گونجاوە. لەبەر ئەوەی بەشێکی بەپیت و دەوڵەمەندی کوردستان لەژێر دەسەڵاتی ئێراندایە، ئێمە لە سەرەتادا دژی دوژمنی بێهێز جووڵانەوە دەکەین و لە ئەنجامدا دەتوانین براکانمان و وڵاتە هەرە بەپیت و دەوڵەمەندەکەیان ڕزگاربکەین، ئەمەش وادەکات سەرچاوەیەکی گرنگمان دەست بکەوێت، دەتوانین بەم سەرچاوە شەڕ لەگەڵ تورکە عوسمانییەکان بکەین.

لە کۆنگرەدا خێڵە کوردەکان بەوە گەیشتن کە بەرەنگاری هەردوو لەشکری عوسمانی و ئێران لە یەک کاتدا مەترسیی لێدەکرێت، بۆیە بڕیاریان دا سەرەتا هێزەکانیان لە ئێران بدەن، چونکە لەو کاتەدا ئێران بە شەڕی خێڵی تورکمانەوە خەریک بووە و هەندێ لە هێزەکانی تری ناردووە بۆسەر سنووری ئەفغانستان. لەگەڵ ئەوەشدا شێخ عوبەیدوڵڵا چەندین گوندی لە کوردستانی ئێران بە میرات لە باوکییەوە بۆ مابووەوە و دانیشتووانەکەی خۆیان بە پشتیوانی شێخی نەهری دادەنا.

دابەشکردنی هێزەکان

بەم جۆرە شۆڕشی چەکدارانەی شێخ عوبەیدوڵڵا لە تشرینی یەکەمی ١٨٨٠ دەست پێ دەکات و هێزەکانی خۆی دابەش کرد بەسەر چەند بەرەیەکدا:

  • بەسەرکردایەتیی شێخ عەبدولقادر و هەمزە ئاغای مەنگوڕی و مامەش، بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکانی موکری، سابڵاغ و میاندواو و مەراغە.
  • بەسەرکردایەتیی محەمەد سدیق کوڕی شێخ عوبەیدوڵڵا بوو، بۆ ڕزگارکردنی شاری ورمێ.
  • بەسەرکردایەتیی خەلیفە محەمەد، بۆ ڕزگارکردنی ناوچەکانی خۆی و سەڵماس.

لەگەڵ سەرهەڵدانی شۆڕش، عەرەبەکانی ویلایەتی بەغدادیش ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ بەشداریکردن لە شۆڕشدا، بە مەرجێک شێخ عوبەیدوڵڵا ویلایەتی مووسڵیان بۆ ڕزگار بکات. لەو کاتەدا زۆربەی هێزە کوردییەکانی کوردستانی ئێران و عێراق، خۆیان دایە پاڵ بزووتنەوەکەی شێخ عوبەیدوڵڵا و شێخ ئیدارەیەکی کاتی پێکهێنا و توانیان ناوچەکانی سابڵاغ و میاندواو و مەراغە ئازاد بکەن. بەهۆی نەبوونی هەماهەنگی لە ڕیزی شۆڕشگێڕاندا و نەبوونی شارەزایی سەربازی لە لای سەرکردەکان، جگە لەمە هەر خێڵێک هێزەکانی لەژێر سەرکردایەتیی ڕابەرەکانی خۆیدا هێشتبووەوە و چەکی پێویستیان نەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هێزانە کەم مەشق بوون و خواردن و ئازوقە، هەر هۆزێک دەبوایە خۆی دابینی بکردایە، لەگەڵ ئەمەشدا ژمارەیەک لە خەڵکی هۆزەکان بە مەبەستی تاڵانکردن و زەوتکردن چووبوونە پاڵ بزووتنەوەکەی شێخ، ئەوان بارودۆخەکەیان بە هەل زانیبوو، بۆ فەرهودی گوندە ئازەری و شیعەکان و سەروەت و سامانی گاورە نەستوورییەکانی ناوچەی ورمێ، کە کەوتبوونە ژێر دەسەڵاتی ئیدارەی کاتیی کوردەوە، ئەمەش خاڵی لاوازیدا بە دەست دوژمنانی کوردەوە.

شێخ عوبەیدوڵڵا کاتێک نزیکی شاری ورمێ بوویەوە، چەند نوێنەرێکی خۆی ناردە ناو شار بۆ دانووستان بە مەرجی خۆبەدەستەوەدان. حاکمی شاریش فەرمانیدا کە نوێنەرەکان بکوژرێن. ئەمەش ڕقی کوردی ورووژاند و چوونە شارەکە و بەپێی هەندێک سەرژمێری نزیکەی ٣٠٠ کەسیان کوشت و گەورەترین هەڵە بوو کە هێزەکانی شێخ کردیان و حکوومەتی ئێرانیش خراپ سوودی لێوەرگرت بۆ ناشرینکردنی جووڵانەوەکە لە ناوەندە فەرمییەکاندا. بەڵام خەڵکی شار بە سەرۆکایەتیی ئیقبالوددەولە بەرگرییەکی سەختیان لە شارەکە کرد و نەیاندا بەدەستەوە.

هەڵوێستی وڵاتان

هەر لەو کاتەدا دکتۆر جۆزێف کاکرن کە لە کۆمیسیۆنی موژدەبەرانی ئەمریکا کاری دەکرد، چووە لای شێخ و تکای لێکرد مەرجەکانی خۆبەدەستەوەدان ڕوون بکاتەوە و ئاگاداریی پێدا کە نابێت هیچ زیانێک بە فەلەکان و گاورەکانی شار بگات. داوای لێ کرد پێویستە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر هەڵمەتەکەیان بۆ سەر شارەکە ڕابگرن تاکوو کات بە خەڵک بدرێت لە شارەکە بچنە دەرەوە، بەڵام ئەمە پلانێکی نێوان دوکتۆر کاکرن و فەرماندەی سەربازیی ئێران بوو. ئەوان دەیانزانی یارمەتیی ئێرانی بەڕێوەیە و ویستیان ئەم دەرفەتە وەربگرن، هەتا لە ئازەربایجان ئەو هێزە بەکاربهێنن بۆ تێکشکاندنی گەمارۆی سەر ورمێ، ئەمەش بە کردەوە ڕوویدا و شێخیش ئەو دەرفەتە مێژوویییە گرنگەی لەدەستدا. دواجار شەڕەکە لە بەرژەوەندیی ئێران شکایەوە، چونکە هێزەکە گەیشت و چەکی بەسەر جەنگاوەراندا دابەش کرد. ئیتر بۆ ماوەی دە ڕۆژ شەڕ بەردەوامبوو بەبێ ئەوەی هێزەکانی شێخ بتوانن سەرکەوتنی تێدا بەدەست بهێنن و بگرە بەپێچەوانەوەی شێواوی و لێکترازان بەئاشکرا بە هێزەکانیانەوە دیاربوو. ئەو هێزەی هاتبوو بۆ فریاکەوتنی شارە ئێرانییەکە لەسەر دەستی ئەفسەرانی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و نەمسا و ڕووسیا مەشقیان پێکرابوو. بەمشێوەیە سوپای ئێران توانی سەرکەوتن بەدەستبهێنێت و بکەوێتە ڕاوەدوونانی شۆڕشگێڕانی کورد. چونکە ئەو هێزانەی کە بۆ تاڵانی هاتبوون، مەیدانی شەڕەکەیان بەجێهێشت، ئەمەش کاریگەریی لەسەر ورەی هێزەکان هەبوو.

لەلایەکەی ترەوە عوسمانییەکانیش کەوتنە ئامادەکردنی خۆیان و هێزەکانی خۆیان لە کوردستان بەهێزتر کرد و دەستیانکرد بە گەمارۆدانی هێزەکانی شێخ. بەم جۆرە شێخ عوبەیدوڵڵا بینی هێزەکانی کەوتوونەتە نێوان بەرداشی هێزەکانی عوسمانی و شا و خێڵە کوردە نەیارەکانی شێخ، ئەوجا فەرمانیدا بە سەرکردەکان کە لەشکر لەناو ئێران بکێشێتەوە. لەدوای گەڕانەوەی شێخ بۆ بارەگاکەی خۆی، داوای لە پاشماوەی هێزەکەی کرد کە بڵاوەی لێبکەن و ئەوکات حکوومەتی ئێرانی داوای لە حکوومەتی عوسمانی کرد سەرانی شۆڕش دەستگیربکات، لەوانەش شێخ عوبەیدوڵڵا. هەریەک لە حکوومەتەکانی نەمسا و بەریتانیا لەم داوایەدا پشتگیریی ئێرانیان کرد، لەگەڵ ئەوەدا ئەم داوایە سەرینەگرت، چونکە عوسمانییەکان دەیانویست لە کاتی ئالوگۆڕی سیاسیدا لەگەڵ ئێران وەک کارتی فشار بەکاریبهێنن. شێخ عوبەیدوڵڵا لەو کاتەدا داوای لە کونسووڵی ڕووسیا کرد بۆ یارمەتی، بەڵام وەڵامیان نەدایەوە و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە شێخ خۆی بخاتە بەردەم دەوڵەتی عوسمانی، چونکە ئەو کاتە پەیوەندیی نێوان ڕووسیا و عوسمانییەکان باشبوو.

لە کۆتاییدا شێخ ناچار کرا بچێتە لای سوڵتان و لەگەڵ گەیشتنی شێخ عوبەیدوڵڵا بە پایتەختی عوسمانی، ئیدی جەنگی دیپلۆماسیی توند لەنێوان دەوڵەتی عوسمانی و ئێران هەڵگیرسا. ئێران بە ڕێنمایی ڕووسیا دەیویست زیانی ئەو هێرشەی شێخ (عوبەیدوڵڵا)ـی بۆ ببژێرن. شێخ لە گەرمەی ئەو جەنگە دیپلۆماسییەدا لە ئیستەنبووڵ ڕای کرد بە بەرگی بازرگانی و پاسپۆرتێکی دروستکراو سواری پاپۆڕێکی شەڕکەری فەڕەنسی دەبێت و خۆی دەگەیەنێتە پۆتێ و لەوێوە دەچێتەوە کوردستان و هەرکە هەواڵی گەیشتنی بڵاودەبێتەوە، کوردستان جووڵەی تێدەکەوێت. چەند هۆزێک چەکدارەکانی خۆیان کۆ کردەوە و پێشوازیان لە شێخ کرد. شێخ عەبدولقادری کوڕی بە هێزێکی چەند هەزار کەسییەوە چوو بەپیری باوکییەوە. کە ئێران بەمە دەزانێت، ڕایدەگەیەنێت کە حکوومەتی عوسمانی خۆی لەپشت هەڵاتنی شێخەوەیە.

کۆتایی شۆڕشەکە

شێخ لەو کاتەدا ویستی سوود لە کات وەربگرێت و سەرۆکە کوردەکان ئامادە بکات بۆ ڕاپەڕینێکی نوێ و لە لایەکی تریشەوە دەستێک بەسەر قەڵاکانی ناوچە دراوسێکانی بهێنێتەوە و نۆژەنیان بکاتەوە. کاتێک حکوومەت بەمە دەزانێت (کۆڵۆنێڵ یووسف بەگ)ـی نارد بۆ ئەوەی بەڕەسمی داوا لە شێخ بکات کە واز لە شەڕکردن بهێنێت. بەڵام لەو هەوڵەیدا سەرکەوتوو نەبوو. دواجار (کەمال بەگی سێیەم) سکرتێری سوڵتان چووە وان بۆ ئەوەی داوا لە شێخ بکات لە یەکێک لە شارە پیرۆزەکانی عەرەب نیشتەجێ ببێت. بەرامبەر بەوەش دەوڵەت خەرجییەکەی دەخاتە ئەستۆی خۆی و مانگانە بڕی ١٥٠ هەزار لیرەی بۆ دەبڕێتەوە. بەڵام شێخ ئەم داوایەی ڕەتکردەوە و چووە قەڵای ئۆرمار و خۆی قایم کرد. ئینجا عوسمانییەکان بەپەلە هێزەکانی خۆیان گەیاندە قەڵاکە و ئابڵووقەیاندا. شێخیش بۆ ئەوەی خوێن نەڕژێت، ناچار خۆی بەدەستەوەدا. ئەوە بوو گرتیان و دوورخرایەوە بۆ شاری مەککە. لە تشرینی یەکەمی ١٨٨٣ـدا بە دوورخراوەیی کۆچی دوایی کرد.


سەرچاوەکان



3598 بینین